یەکی ئایار بۆنە و ڕۆژێکی تایبەتە لە خەباتی نەپساوەی چینی کرێکار!

عەبدوڵا مەحمود:

یەکی ئایار، رۆژی سەربەخۆیی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە. رۆژی هیچ دین و مەزهەبێک و یادی هیچ پەیامبەرێكی خودایی!! و رۆژی هیچ جەژن و بۆنەیەکی ئیسلامی و مەسیحی و… نییە. رۆژی سەرۆک و کاریزمای هیچ وڵاتێک و رەمزی تیکۆشانی هیچ بزوتنەوەو سەرکردەیەکی هیچ کام لە شۆرشەکان نییە. رۆژی ریزەکانی گەل و یەکگرتوویی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی نییە. رۆژی رێزگرتن لە هیچ رەمزێکی حزب و نەتەوەیی و دینی، نییە. رۆژی بەپیرۆز راگرتنی هیچ مقەدەساتێک!! نییە. رۆژی هیچ شاو شاژن و پاشاو پاشازادەکان، مەلیک و سەرۆکەکان و تاج لەسەر نانیك، نییە. رۆژی رێزلێنان لەهیچ تیۆریسیۆن و داهێنەرێكی لۆکاڵی و جیهانی، نییە. رۆژی هیچ حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی و جەماوەری و پیشەیی، نییە. یەکی ئایار رۆژی نیشاندانی هاوپشتی و هاوچارەنوسی و جیهانی و رۆژی نەفرەتی چینی کرێکارە، لەدژی نیزامی دیلی هێنەری سەرمایەداری. رۆژی چینێکە کە بێ لەبەرچاوگرتنی سنورەکان، بێ گوێدانە قەوم و دین و مەزهەب و وڵاتەکان، بێ گوێدانە دووری و نزیکی لە یەکتری، بێ گوێدانە رەنگی پێست و رەگەز و کەلتورو و جیاوازی رەنگی ئاڵاکان، بێ لەبەرچاوگرتنی زمان و دیالێکتەکان، بێگویدانە ئەو هەموو هەڵاوردن و جوداسازی و ئەو هەموو رەمزو نیشانەو ئاماژە قەومی و دینی و رەگەزی و جنسیەکان. بێگوێدانە ئەو دەزگا زەبەلاحەی راگەیاندن و ئەو سوپاو دەزگا سەرکوتکەرە ئاشکراو نهێنییە تایبەت و پەروەردەکراوە، بێپەردەو ئاشکرا و دژی کرێکارییەی بۆرژوازی، چینی کرێکار لە یەکی ئایاردا، دەرژێنە سەر شەقامەکانی دنیا و مارشی نەفرەتی چینایەتی خۆیان بە دژی نابەرابەری ئابوری و زوڵمی هەزار سەری سەرمایەداریدا، رادەگەیەنن… دێنە مەیدان و توانایی خۆیان نمایش دەکەن و دنیا دەکەنە شانۆی خۆ دەرخستنی توانایەکانیان و نیشانی دەدەن، کە ئەوان بەرهەمهێن و خاوەنی واقعی هەموو ئەو سەروەت و سامانە بێ سنورو ئەو گەشە لە پێشرەوی هەمەلایەنەی کۆمەڵگادان… نیشانی دەدەن کە ئەوان زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگاو شادەماری بزوتن و چەرخاندنی ئەم گۆی زەویەن. لە یەکی ئایاردا درۆی یەکریزی نیشتمانی، درۆی بەرژەوەندی گشتی، درۆی ئاڵای وڵاتی، درۆی ناسنامەی نەتەوەیی، درۆی ئاپارتایدی رەگەزی، سیمای قێزەونی جودا سازی جنسی، درۆی سنور و دوورو نزیکی سنوری، درۆی کەلتور و مالتی کەڵچەریزم… جێگای خۆی دەدات بە یەکرێزی و هاوچارەنوسی و هاوپشتی جیهانی….

چینی کرێکار، کەخوڵقێنەری هەموو سەروەت و سامانی بێ شوماری دنیایەو خۆی بێبەشترین چینی کۆمەڵگایە لە بەرهەمی ئەفریدەو دەست رەنجی خۆی. بۆیە هەرکاتێک چینی کرێکار یەکگرتوانە ئیرادە بکات و هێزی واقعی و سەربەخۆی خۆی بێنێتە مەیدان، بە کار راگرتن و کوژاندنەوەی چەرخەکانی بەرهەم هێنان و دەتوانێ کۆمەڵگا لە جوڵە بخات. دەتوانێ سەرسەخترین و پر تواناترین دەسەڵات و رژێم و دەوڵەت، توشی شەلەل بکات… یەکی ئایار هێشتا گۆشەیەک لە ریزی کرێکاران، هەر بەشێک لەتوانایی ئۆردویەک، هەر نمایشێک لە توانایەکانی، هەر کەمێک لە داخوازیەکانی، هەر بڕێک لە ئامانجەکانی، لەنارەزایەتی و ئایارەکاندا، خستۆتە روو … چینی کرێکار ئەو کاتەی بەتەواوی پەی بەلاوازیەکانی خۆی و پەرش و بڵاوی ریزەکانی و پلان و نەخشەکانی بورژوازی دەبات، خۆی لە حزب و رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی سەربەخۆی خۆیدا ساز دەدات و ئاسۆی کۆمۆنیستی دەکاتە، پەرچەمی خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دنیای سەرەوخواری ئێستا، نەک هەر خۆی وەکو چینێکی سەرەکی بەرهەمهێن و خوڵقێنەری سامان و بەرهەمی دنیا، بەڵكە تەواوی کۆمەڵگا لەدەست نیزامی دیلی هێنەری سەرمایەداری رزگار دەکات و خاوەنانی واقعی کۆمەڵگا دەکاتەوە بە خاوەنی راستەقینە…چینی کرێکار بە شۆرشی کۆمۆنیستی خۆی و بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی کارو بەرهەم‌هێنانداو کردنی بەموڵکی گشتی… هەم دابەش بوونی چینایەتی کۆمەڵگا کۆتایی پێدهێنێت و هەم بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانجدا دەگۆرێت بە بەهرەمەند بوونی ئینسانەکان لە پێداویستیەکانی ژیانێکی تەسەل و خۆشگوزەراندا… یەکی ئایار بۆنە و رۆژێکی تایبەت لە خەباتی نەپساوەی چینی کرێکارە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی…

بژی یەکی ئایار

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٥/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوەwww.bopeshawa.net 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *