ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان!

لە کۆبونەوەی زوربەی حزبەکانی کورستاندا کە بەم دوایانە بەسترا، بریاردرا، ٢٥/٩/٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت… دیارە لەو کۆبونەوەیدا حزبی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریان نەکرد، بەڵام بەشدار نەبوونیان بەمانای رەتکردنەوەی ریفراندۆم نەبوو، بەڵکو لەگەڵ شێوازی ریفراندۆمە ناکۆکیان هەیەو دەیانەوێت لەرێگای پەرلەمانەوە ئەم پرسە بجوڵێت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە پیشمەرجی ریفراندۆم دەزانن.
دیارە پرسی ریفراندۆم، سەبارەت “بە مانەوە لەگەڵ عێراق و جیابوونەوەو پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ” پرسێکی رەواو تەنانەت دواخراویشە… لە ساڵی ١٩٩١ وە، ریفراندۆم زەمینەی سیاسی و عەینی هەیە… لەوکاتەشەوە تا ئێستا ئەم پرسە بەشێوەی جۆراو جۆر هێنراوەتە ئارا. بە دیاریکراویی و لەساڵی ١٩٩٥ دا، مەنسور حیکمەت وەکو یەکەمین کەس لە نوسراوێکدا لە ژێر ناوی “لەپیناو داکۆکی کردن لەخواستی سەربەخۆیی کوردستانی عیراقدا” بەوردی پێداویستی و هۆکارەکانی دەستبردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستنیشان دەکات و ریفراندۆمیش وەکو شێوازو ئەلگۆیەک بۆ خستنەگەڕی ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەخاتە روو، هەر ئەوکاتە و لەبەر رۆشنایی ئەو باسەی مەنسور حیکمەتدا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەبڕیارنامەیەک سەرخەت و هەنگاوە عەمەلیەکان و شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم پەسەند دەکات… ئەو کاتە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەست دەداتە چالاکی بەکردەوە و مەیدانی بۆ پرسی ریفراندۆم، لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە نەک هەر رێگری لێدەکرێت، بەڵکو دادگا!! لە حزب دەگرن و تاوانباری دەکەن بە هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و پارچەپارچەکردنی عێراقی عەزیز!!.
تا ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی رژێمی بەعس لەدەسەڵات، حزبەکانی دەسەڵاتداری بۆرژوازی کورد، بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و رووبەڕووی هەر دەنگ و هەوڵێکی جدی دەبن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ… لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە، کارتی جیابوونەوەی کوردستان، لەلایەن سەرکردایەتی حزبە دەسەڵات بەدەسەتەکانی کوردستان و حزبەکانی پاشکۆیان دەبێتە کارتێکی بەردەوامی گوشار لەسەر بەغدا، بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندو بەشی پۆست و داهات و رەوایەتی وەرگرتن بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا… لەو کاتەوە تا ئەمساڵ، لەگەڵ هاتنە پێشی هەر پێشهاتێکی تازەدا، لەگەڵ قوڵبوونەوەی هەر ناکۆکۆکیەکدا لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر پرسێک بەتایبەتیش پرسی پارەو داهات و پۆستدا، دووبارە هەڕەشەی جیابوونەوەی کوردستانیان بەدەستەوە گرتووە، لە ئێستاشدا کە کۆتاییهێنان بەتوانا سەربازییەکانی داعش لە عێراقدا بەرەو کۆتایی دەروات و ئەمەش بڕگەیەکی تر و نوێ لە ژیانی سیاسی عێراق، بەدوای خۆیدا دەهێنێت… ئەم جارە نەک پرسی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو پرسی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردەوە بەدەستەوە دەگیرێت… هۆکارەکانی هێنانە ئارای ئەم پرسە زۆرن، بەڵام سەرەکی ترینیان بریتین لە: هاتنەوە ئارای کێشە نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە هەڵپەسێردرابوون، لەوانە مەسەلەی( بودجە، سەرژمیری، ناوچەی کێشە لەسەر، یاسای نەوت و غاز، مادەی سەدو چل، سنور و کێشەی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، ..تان). لەدەستدانەمانی فاکتەری قارەمانیەتی پێشمەرگە!! لەجەنگ لەگەڵ داعش و لاوازبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە پێشمەرگە… بنبەستبوونی یەکجاری حکومەت!! وپەرلەمان!! و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو ویستەکانی هاوڵاتیان… خەڵک توانای بەرگریکردنی نەماوەو خەریکە بەتەواوەتی پەتی سەبریان دەپچرێت و دەسەڵاتی سیاسییش بە حکومەتی هاوبەش و زووربەو بنکەفراونەوە، توانای وەڵامدانەوەی بە هیچ کام لە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و توڕەیی جەماوەری بەشوێنێک گەیشتووە، کە خەڵک ئەم دەسەڵاتە وەکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو بنەماڵەیی دزو تاڵانچی و دیکتاتۆر تەماشا دەکەن… هەروەها قڵشتی نێوان ریزەکانی خانەوادی بۆرژوازی کورد، بەرەو قوڵبونەوەو بن بەست پەلکێش کراوە… هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ هێنانە ئارای پرسی ریفراندۆم بۆ رزگارکردنی دەسەڵات و خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لەبەردەم توڕەیی و نەفرەتی پەنگ خواردویی جەماوەریدا… دیارە ئەگەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەت بوایە… ئەو دەوڵەتە ناوەرۆکەکەی هەرچۆنێک بوایە، لە دەسەڵاتی میلیشیایی لە پێشترو باشترە. هەروەها ناوەرۆکی یاساکانی ئەم دەوڵەتە هەرچۆنێک بێت، لە بێ یاسایی باشترو لە پێشترە… واتە جیابوونەوەری کوردستان و پێكهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆ بەجیا لە ناوەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و یاساکانی، هەنگاوێکی لە پێشترو باشترە لە جێگای دەسەڵاتی میلیشیایی و نەبوونی هیچ جۆرە یاسایەک…دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەوڵ و تێکۆشانی زۆر بەکردەوەو ئامانجدارانە نەگێرن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی شارستانی و سەدەمی و یاساو رێسای پێشکەونخواز تیایدا جێگیر بێت و بەرێوەبردنی وڵات پشت بەستوو بێت بە دەسەڵاتی راستەوخۆی ئازادانە جەماوەری… بەڵام راستی ئەوەیە، گوتاری ریفراندۆم لە ئێستادا کە گوتاری پارتییە، بۆ سەربەخۆیی نییە، بۆ پاشەکەوتکردنی ئاکامی ریفراندۆمە بۆ بەدەستەوەگرتنی بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەو، بۆ سازدانەوەی ناو ماڵی کورد!! و لەهەمووشیان گرنگتر، بۆ جڵەوکردنی ناڕەزایەتی و توڕەیی جەماوەری ستەم دیدەی خەڵکی کوردستانە… ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆڕان توانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان جڵەو بکات و سواری شەپۆل و توڕەیی لێوان لێوی جەماوەری بێت دژی دەسەڵات، ئەوا ئەمجارە پارتی دەیەوێت لە رێگای هێنانەمەیدانی پرسی ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری بێت و بۆ دەورەیەک پاشەکشە بە بزوتنەوەو تورەیی جەماوەری بکات. خەڵکی هۆشیارو پێشکەوتنخوازی کوردستان، دەبێ بە درێژەدانیان بە خەبات و خۆرێکخستن و خۆ جیاکردنەوەیەیان لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئەم پلانگیرییە پوچەڵ بکەنەوەو فریوی هاش و هۆشی ریفراندۆم نەخۆن و لە درێژی ئەو خەباتەشیاندا، بزوتنەوەیەکی فراوانی ملیۆنی لەخوارەوەی خەڵک بۆ ریفراندۆم و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە قەومی، وەرێبخەن…
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *