کۆیلەیەتی سامان، ناوبانگ یان دەسەڵات…!

نووسینی: کەریم کەریم

لەم جیهانەی کە ئێستا تێیدا دەژین پڕ بووە لەخەڵکی خوو گرتوو یاخود شێت و شەیدا بە سامان، ناوبانگ یان بەدەسەڵات بەتایبەتیش لەو هەرێمەی ئێمەدا کە پێی دەڵێن (کوردستان). دەسەڵاتی بۆرژوازی میلیشیای کوردستان چەندەی نیشانەکانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوەندەش زیاتر دەردەکەون و سەروەری و گەورەبوونی خۆیان نمایش دەکەن و پیشانی خەڵک دەدەن کە پێویستیان پێیەتی و هەزار و یەک منەت بەسەر سەری خەڵکەوە دەکەن بەبیانووی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا خۆماڵی و کوردایەتییە و دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان ئەم ئەزموونە مۆدێرن و دیموکراتییە وەکو بیلبیلەی چاوەکانمان بپارێزین لەدژی ناحەزان و دوژمنانی نەتەوەی کورد لەهەرێمی کوردستاندا. ئەو کەسانە بە ‌غەیری چاوچنۆک، چڵێس، جاهیل، گەمژە، گەندەڵکار، زاڵم، زۆردار، خوێنمژ، فاشیست و دکتاتۆر هیچ ناوێکی تریان لێ نانێم کە لەژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا هیچ شتێکیان نەبینیووە و نەچەشتووە. هەر یەکێک لە پیاوان و ئاغایەکانی دەسەڵاتی میلیشیای بۆرژوازی کوردستان هەر لەخوارەوە تاوەکو سەری سەرەوە دەبینین و هەستی پێدەکەین کە لەهەموو بنەما و یاسا و بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان دەستی خۆیان شوشتووە و دەستی خۆیان ناپارێزن لەهیچ کار و کردەوەیەکی دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەگەر بەقازانج و سوود و بەرژوەندییەکانی ئەوان نەبێت. کەرەستە جیهانییەکانی خۆیان کردۆتە قیبلەیەکی نەگۆڕ و موتلەق هەر بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوانن. ئەو کەسانە هەر لەچوارچێوەی بێ مێشک و گەمژەیی دەمێننەوە، بێ ئاگابوون و بێ ئاگاش دەبن لەوەی کە دەبنە کۆیلەیەکی بەردەوامی ئەو شتانەی کە بەدوایەوەن. سەرەڕای ئەوەش بەتاڵانبردن و دزی و بردنی قووتی نانی ناو دەمی خەڵکی کرێکار و هەژار و کەم دەرامەت کە بەئاشکرا و بەنهێنی دەوری شەرمەزاری و ڕیسوایی و بێ ئابڕوویی خۆیان لەبەرامبەر خەڵکدا نمایش دەکەن. نازانم ئێوە بەچ ڕووییەکەوە لەناو خەڵک دەردەکەون و چۆن شەرم و شوورەیی داتان ناگرێ هەتاوەکو ئێستا درێژە بە ژیانی نەفرەتی و نەعلەتی خۆتان داوە کە لەلایەن هەموو خەڵکەوە نەک هەر بێزاری و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن، بەڵکو هەموو کاتێک نەفرەتی و نەعڵەتیتان لێ دەکرێت. بوون بەدەرد و بەڵا بەسەر سەری ئەم خەڵکە هەژار و خێر لەخۆنەدیووە. بوون بەڤایرۆسێکی زوڵم و زۆرداری هەمیشەیی لەناو هەناوی تەواوی خەڵکی کوردستاندا. کوا هەیبەت و قورسایی ئێوە کەهەمیشە تەبلیغاتی چەواشەکاری و فریودان و ریاکاری و ژەهراوی خۆتان دەرخواردی هاووڵاتیانی کوردستان دەدەن بەبیانووی ئەوەی لەهەرێمی کوردستاندا ئازادی و سیستەمی دیموکراتی بەرقەرارە و پیادە دەکرێت و هیچ کێشە و گرفتێکی ئەتۆی تێدا نییە؟ ئەگەر وایە و ئێوە ڕاست دەکەن بۆچی هەر کەسێک بەئاشکرا دەنگی بێزاری و ناڕەزایی خۆی بەرز بکاتەوە و لەبەرامبەر دەسەڵاتی میلیشیایی و بەربەرییەت و وەحشیگەری ئێوە بوەستێتەوە، ئەوا بەتوندترین و بەدڕندەترین شێوازی غەیرە ئینسانی و ئەخلاقی وەڵامی دەدرێتەوە و سەرکوت و سزا دەدرێت؟ بەجیا لەوەش زیاتر لەکار و کردەوەکانی ڕژێمی فاشیزمی بەعس ئاسا ڕەوانەی ژوورە تاریکەکانی زیندان دەکرێ و روبەڕووی جۆرەها ئازار و ئەشکەنجە دەبێتەوە و بێسەر و شوێن و تیرۆر دەکرێت. هەروەکو چۆن بینیمان دەنگە ناڕەزایەتییەکانی هاوڕێیان ( نەزیر عومەر، بەکر عەلی(شاعیر)، شاپوور و قابیل، ڕٶوف ئاکرەیی، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان و چەندەها لەهاوڕێیانی تێکۆشەر و شۆڕشگێر تر) بەئاشکرا و بەنهێنی سەرکوت کران و تیرۆر کران. بەڵام خەڵکی کوردستان بەگشتی و چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەتایبەتی سۆز و بەڵێنیان بەهاوڕێیانی گیان بەختکردووی خۆیان داوە کەهەمیشە بەردەوام دەبن لەدرێژەپێدان بەکاروانی خەبات و تێکۆشان، بەئامادەبوون و بەشداری کردنیان لەهەر کار و کردەوەیەکی شۆرشگێریدا بەمەبەستی گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی دونیایەکی باشتر بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. جا لێرەدا زۆر بەئاشکرایی و ڕوونی بەدەنگی بەرز پێتان دەڵێین ئیتر بەسە. چۆن تاوەکو ئێستاکە ئێوەی ستەمکار و زۆردار توانا و بەرگەی ئەو هەموو بێ مافی و ناعەداڵەتی و شەرمەزاری و ڕیسواییەی خۆتان دەگرن؟ تاکەی درێژە بەکار و کردەوەی بەربەرییەت و وەحشیگەری خۆتان دەدەن و لەدژی داخوازی و داواکارییەکانی خەڵک دەوەستنەوە؟ ئیتر بەسە تاکەی ئێوە بەچاوی خۆتان نابینن و چاوەکانتان داخستووە و گوێ ناگرن و گوێیەکانی خۆتان کەڕ کردووە لەبەرامبەر دەنگی بێزاری و تووڕەیی و ناڕەزایی و نەفرەتی خەڵک؟ ئێوەش باش دەزانن و باش هەستی پێدەکەن کەدەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵکاری و زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و ناعەدالەتی دامەزرابێت، دەسەڵاتێک کە دوور بێت لەهەموو بنەما و بەهاییەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، ئەوا ئەو دەسەڵاتە هەتا سەر نەک هەر بۆ ئێوەی گەندەڵکار و ستەمکار و زۆردار نامێنێت، بەڵکو بۆ هیچ کەس و بزووتنەوە و لایەنێک بەردەوامی نابێت لەهەموو شوێن و کونجێکی ئەم جیهانەدا و ئەمرۆ یان بەیانی هەر دەبێت بەدەنگی بێزاری و تووڕەیی و بەدەست و بازووی شەپۆڵی جەماوەری ناڕەزایی و ڕاپەڕیوو بڕوخێنرێت و کۆتایی پێبهێنرێت. هەر وەکو چۆن لەڕابوردودا بینیمان سیستەمە یەک لەدوایەکەکانی دیکتاتۆر و فاشیستەکان کەوتنە ژێر چەپۆک و شەلاقی نەعرەتەی جەماوەری زوڵم لێکراو و شۆڕشگیرییەوە تائەبەدی دەور و دەسەڵاتیان لەسەر زەوی سڕانەوە و تاهەتا هەتایی خرانە ناو زبڵدانی مێژووییەوە..

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *