گۆشەی ژن…. بەرپرسی گۆشە نازەنیین سالح

دیمانە لەگەڵ بەهار مونزیر…

بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چییە؟

بەهار مونزیر: کۆمەڵگەیەکی دژ بە ژن! تووندوتیژی دژ بە ژنان، لە کۆمەڵگەی کوردییدا، بۆچی؟ ئەگەر ئێمە باس لە تووندوتیژی دژ بە ژنان بکەن، لە کۆمەڵگەیەکی وەکو ئەم کۆمەڵگەیە؛ دەبێت بەراوردی جێگەو ڕیگای ژنان بکەین لەم کۆمەڵگەیە و لە کۆمەڵگەکانی تر. بەڵام دەبێت ئەوە لە پێشچاو بگرین، کە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا، ژنان گەشتوون بە مافەکانی خۆیان، ئەمەش بە خەبات و هەوڵ و ماندووبون و چالاکی چەندین ڕێکخراو بوە، لەوێ ژنان خاوەن پێگەن ، ڕۆڵ و جێگەی خۆیانیان هەیە. هەرچی وڵاتانی ناوچەکەیە، کە لە کلتورو  ،تەقالید و ئاییندا وەکو یەکن دۆخی ژنانیش خراپە. لەم وڵاتە، بە کوردستانیشەوە، چەندین دیاریدەی قێزەون دژ بە ژن، وەکو: (هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی، پلە دوو بینیی ژنان، فرەژنی، نەبوونی مافی پۆشین، ئیهانەو سوکایەتی “، و هتد). برەویان پێدراوە. لە دوای ڕاپەڕین، کە حیزبە کوردییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، نەك هەر ئەو دیاریدە قێزەونانەی دژ بە ژنان بنەبڕنەکران، بەڵکو تۆختکرانەوە. لەژێر دەسەڵاتی ئەماندا چەندین ژن کوژرا بەناوی شەرەف و نامووسەوە، بکوژەکانیش بە ئازادانە دەسوڕینەوە  حیزبەکانش داڵدەیان دەدان.

حیزبە کوردییەکان، ئەوەی گرنگ نەبوو بۆیان و بەلایدا نەچوون، هەمواری یاساکانی ڕژێم بوو، یان ئەگەر بەشێکیشی هەموار کرابیت، بە هەوڵ و خەباتی ژنان و پیاوانی پیشکەوتوی کۆمەڵگای کوردستان بوە،  ئەو یاسایانەی کە هۆکارێکن بۆ تووندوتیژی دژ بە ژنان و لەسەر بنەمای  شەریعەتەوە دانروان، بەڵام گەر یاسای نوێ و سەردەمیانە جێی یاسا کۆنەکانی بگرتایەتەوە ئەوا دۆخی ژنیش بەم جۆرەی ئێستا نەدەبوو. ئەو ژنانەی بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان هانایان بۆ شێڵتەرەکان دەبرد [هەمووان ئاگادارین، کە شێڵتەرەکان، بە فشاری چەندین ڕێکخراوی ژنان و کەسانیی مەدەنی دانران]، ئەو شێڵتەرانە ڕۆڵی باشیان بینی؛ بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی دامودەستگاکانی حکومەتەوە، ژنانێك کە پێویستیان بە داڵدەدانە متمانەیان بەم شێڵتەرانە نەبوو، (لە هەموو وڵاتێك گەر ژنان بزانن گیانیان پارێزاودەبێت ئەوە بەم ڕیژە زۆرە پەنا نابەنە بەر خۆکوشتن).

بڵاوبوونەوەی دید و تێڕوانینی کۆنەپەرستانە بەرامبەر بە ژن، لەم کۆمەڵگەیەدا بەردەوام لە گەشەکردندایە و، دەسەڵاتیش نەك خۆی ناکاتە خاوەنی بەڵکۆ برەوی پێدەدات ! پاڵپشتی لە گرووپە ئیسلامییە کۆنەپارێزەکان دەکات، لەبەرگی جیاجیادا؛ کە ڕۆژانە لە مینبەر و تی ڤی و کەناڵەکانی ترەوە ژەهر دەڕێژن و بەناوی مەلا و بانگخوازەوە ئەوەی ئیهانە بێت بە ژنی دەکەن و، مێشکی گەنجان (نەوەی داهاتوو)، دەشۆنەوە بە خورافە دژ بە ژن و، ڕق لێبونەوە لە ژن دەکەنە مێشکیانەوە بە پلە دووکردن و  لاوازی ژنان کار لەسەر دەکەن، لەو قسە باوانەی ئەم ڕەوتە کۆنەخوازانە دەیڵێنەوە بەردەوام: (ناقیس عەقڵ  و شەرەف و نامووسی کۆمەڵگەن و نابێت ژنان بە تەنها بڕۆنە دەرەوە و، لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا بە تەنها بن،… ئەمان چەند سووکایەتی تر). بێگومان بەم هەوڵە چڕوپڕانەیان دەیانەوێت، کوردستان وەکو وڵاتانی خەلیج لێبکەن، هەر ئەوەشە کە فتوا کۆنەکانی ئەوێ و کتێبەکانیان لێرە وەردەگیڕن و، کتێبی( حەرامێتی شۆفێریکردنی ژنان)، گەواهیدەری ئەمەیە کە لە چەند هەفتەی پێشوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو بوویەوە  لە بەرامبەردا ئازادیخوازان و کەسانی پێشکەووتو کەمپین لە دژی ئەم کتێبە بەڕیخراو دەنگدانەوەی هەبوو..

بڵاوبوونەوەی دیدی دواکەوتوانە بەرامبەر بەژنان وەك کارگەیەک لەکۆمەلگەی کوردستاندا ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێتەوە، هیچ کەسیك و دەزگایەك نەك لایان گرنگ نییە بەڵکو پاڵپشتیان لێدەکریت، لەلایەکی ترەوە بەهێزبوونی ڕەوتە ئيسلامیەکان لە بەرگی جیاوازدا، ئیهانە بە ژنان دەکەن. لە مزگەوت و قوتابخانە ئاینیەکان مێشکی گەنجان پڕدەکەن لەوەی کە ژنان ناقسن و ژنان پلە دوون و دەبێت پیاوان بەسەر سەریانەوە بیت. ژنان ئازاد نین لەوەی بچنە دەرەوە ئەگەر پرس بە هاوسەرو نێرینەکانی خێزان نەکەن. ژنان نابێت بچنە پارک، دەبێت خۆیان داپۆشن، ئەمانە پاڵپشتی ناوخۆی و دەرەکی لێدەکرێت، بۆیە ئەم دەنگە لە کوردستان ئێستا ڕەواجی هەیە، ئەم دەنگەیە ژیانی ڕۆژانەی ژنان بڕیار لەسەر دەدات… لەلایەکی ترەوە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا هێزی نییە، ڕیکخراو نییە، نەبوەتە ئەلتەرناتیڤیکی دیار و کارا، وە ژنانی لەدەور نییە، ئەمەش کاریگەری سەلبی داناوە، لە کاتێکدا لەسەرەتای نەوەدەکان ئەم بزوتنەوەیە کاری جدی لەسەر یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو دەکرد و ڕوبەڕوو بوو لە بەرامبەر باڵى کۆنەپارێزان  لە کوردستان و داوای یاسای یەکسانی ژن و پیاوی دەکرد، ئێستا ئەم بزوتنەوەیە لەکوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری نەرێنی داناوە. ئەم بۆشاییە زۆرە لە مەیدانی ژناندا هەیە، دەتوانێت یەکێک بێت لەهۆکارە سەرەکیەکان بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە، ئەم هەموو توندوتیژیە بۆچێ؟

بە باوەڕی من، هۆکارێکی تری تووندوتیژی دژ بە ژن، ئەو شەڕەیە کە زلهێزەکانی دنیا لەم ناوچەیە دەیکەن و، خەڵکی ئەم ناوچەیە بوون بە قوربانی شەڕ وململانیکانیان. بە دڵنیاییەوە لەو قوربانییەی کە بەر خەڵکی سڤیلی ئەم ناوچەیە دەکەوێت، ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە. ئەو شەڕە، بوو بە هۆی هەڵتۆقینی چەندین گروپی تیرۆریستی نموونەکەیان وەك داعش و قەتڵ عامی خەڵكی سڤیل و دەستدرێژی و تۆقاندن ئەجەندا و پلانی ئەم گروپە بوو هەر لە سەرەتاوە. ئەم گروپە تیرۆریستییە، پاش داگیرکردنی چەندین، شاروشارۆچکە! دۆخی ژنان لەژێر سایەی ئەو گروپەدا لە تراژیدی بووندا بێوێنەیە. داگیرکردنی شەنگال و بە (سەبایە)کردنی ژنان و کچانی ئێزدی و کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا، ترس و خۆفێکی زۆری لای ژنانی کوردستان و ناوچەکە دروست کرد بە چەندین ساڵ بزوتنەوەی ژنان و خەباتی چەند ساڵە و پرسەکانی ژنانی بۆ دواوە برد، هەر ئێستا هاوسەرگیری منداڵ و کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤەوە لە کوردستان بوونی هەیە، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە شەڕو ئاوارەبونەوە هەیە.

بۆپێشەوە: رێگاچارە چییەو دەبێ چ بکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەم و توندوتیژییەی، دژ بەژنان لە ئارادایە؟

بەهار مونزیر: چارەسەر چییە؟ بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەم و تووندوتیژییانە دژ بە ژنان؟ بە بۆچوونی من، وەکو پێویستمان بە بوونی بزووتنەوەیەکی یەکسانیخواز و ژنان هەیە، کە بتوانێت بەگژ تەواوی ئەو دیاردە کۆنانەدا بچێتەوە، کە هۆکاری سەرەکین بۆ تووندوتیژی و کەشێك دەخوڵقێنن دژ بە ژن بێت. بۆئەوەی ڕێگربین لەوەی، کە هێزە کۆنەخوازەکان، تەواوی کۆمەڵگە بەو جۆرە لێنەکەن کە خۆیان دەیانەوێت، با فریا کەوین و ڕێگەیان نەدەین. ئەوەی وایکردووە، ئەم گروپانە دەرکەون، نەبوونی ئەو جۆرەیە لەجوڵانەوەی یەکسانیخوازو، ئەم گرووپە کۆنەخوازانەش لە مێژوودا هەر وابوون کە هەلپەرستن و لاوازی هەبێت ئەمان بۆی دەچن و دەیقۆزنەوە. دەبێت ڕێگە نەدەین، ئەو گروپانە وەکو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت کۆمەڵگە بەرەو دواوە بەرن، کە زەرمەندی یەکەم ژنانە و وە ژنانە دەبێت باجەکەی بدات.

ڕیگاچارە لە ئیستادا بە باوەری من بەهێزبوونی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە کە دەتوانیت دیدی دواکەوتوانەی کۆمەلگە بگۆڕیت. دەتوانیت کار لەسەر گەنجان بکات و گەنجان لەسەر دیدیکی مرۆڤ دۆستی و دوور لە توندوتیژی  و جیاکاری پەروەردە بکات. خویندو وانەی تایبەت بە پرسی ژن ومافی یەکسان بخوێندرێت. منداڵی کچ و کور لەسەر بنەمای جیاکاری پەروەردە نەکرێن، بەڵکو هەر لە باخچەی ساوایانەوە لەسەر بنەمای یەکسانی پەروەردە بکرێن. بلاوبوونەوەی ئەو دیدەی کە ژنان بەهێز بکات، ژن لە پلە دوویی دەربکیشێت و بزوتنەویەکی بەهێز دەتوانی ئەم قەتل عام و بێ حورمەتیە بە ژنان دەکرێت بیوەستێنێت.

بە باوەری من زۆرن ئەو ڕیگایانەی کە کاریان لەسەر بکریت بۆ باشکردنی ژیانی ژنان لە کوردستان، بەڵام یەکێکى تر لەخاڵە گرنگەکان ئەوەیە گرنگی بە ڕێکخراوەکانی ژنان بدرێت و ئاستی توانایان بۆ کارکردن لەسەر پرسەکانی ژنان بە هێز بکرێ و ئەم فشارە زۆرەی لەسەر ڕیکخراوەکان هەیە نەمێنێت بە ناوی جیاوازەو سوکاتی و ئیهانە بە چالاکاوانیان ژنان بە یاسا قەدەغە بکرێت، نەوەک هەر کەس و لایەنێك بە ئاسانی بتوانێت ئیهانە و سوکایەتی بە ژنان و چالاکوانانی بواری ژنان بکات. ئەوەی کە لێرەدا بەم پرسیارە کۆتايی پێ بهێنم، ئایا حکومەتی ئێستا کە دەسەلاتی هەیە دەتوانێت ئەمانە بکات؟ ئایا هیچ کات بۆی گرنگە ژنان ژیانیان باش بێت؟ یان دەبێت فشاری ناوخۆی و دەرەکی دروست ببێت کە هیچ بەهانەیەک یەکسان نەبێت بە بەردەوامی ئەم کوشتن و زۆری توندوتیژییە..

تێبینی: ئەم دیمانەیە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٦ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *