پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان!

نووسینی: کەریم کەریم
ڕیفراندۆم بە پڕۆسەیەکی سیاسی، یاسایی، مەدەنی، عەمەلی و پرس پێکردن بەڕای گشتی پێناسە دەکرێت، سەبارەت بە بابەتێکی تایبەت و چارەنووس ساز بەمەبەستی ئەوەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئازادانە دوور لەدەست تێوەردان و یاریکردن بەدەنگەکان سەبارەت بەو بابەتە دەنگی خۆیان پێبدەن. یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی سازدان و بە ئەنجام گەیاندنی هەر ڕیفراندۆمێک دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی ئەم وڵات و هەرێمە بەکۆدەنگی ئامادەیی و ڕەزامەندی خۆیانی تیایدا نیشان بدەن. لەهەمان کاتدا دەبێت ئەم ڕیفراندۆمەش لەکەش و هەوایەکی زۆر ئارام و ئازاد و سەربەخۆیی لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و محافلی دەولی و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوە ببرێت.
لەم کات و ساتەی ئێستادا پرسی ڕیفراندۆم باشترین بژاردەیە و ئەڵەتەرناتییڤێکی لەبار و گونجاوە بۆ نەتەوەی کورد لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا. دەبوایە زووتر ئەم پرۆسەیە کاری بۆ بکرایە و ئەنجام بدرایە بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستان لەبەهاری ساڵی (١٩٩١)دا.
لە ساڵی (١٩٩١)دا هەرێمی کوردستان بەشێوەکی جیاکراوە و سەربەخۆ درێژە بەکاروباری ئیداری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆی دەدات لەژێر دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای ناسیونالیستی و ئیسلامیدا.
یەکێک لەبابەتە هەرە گەرم و گوڕەکانی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا، بابەتی سازدان و بەجێگەیاندنی پرۆسەی ڕیفراندۆمە. پێشتریش ئەم بابەتەی ڕاپرسییە گشتییە بەبەر گوێمان دەکەوت، بەڵام وادیارە ئەمجارەیان وەکو جارەکانی پێشووتر نییە و تین و گڕەکەی بەهەموو لایەک بڵاوەی پێکردووە. دیارە ئەگەر پرسیار لەهەر هاووڵاتییەکی کوردستان بکەی، جا ئەو هاوڵاتییە هەر کارە و لەهەر جێگایەک بێت پێی بڵێی: دەتەوێ ڕیفراندۆم بکرێت و سەربەخۆ بیت و دەوڵەتی خۆتت هەبێت؟ بەدڵنیاییەوە هەر هەمووی لەوەڵامدا دەڵێت: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و دەولەتی سەربەخۆ بۆ کوردستان. بەڵام لێرەدا دەپرسم چ جۆرە ڕاپرسییەک ئەنجام بدرێت؟ کام سەربەخۆیی و کام دەوڵەتی کوردی؟ ئایا هیچ حساب و گرنگی بەدەنگەکانی هاووڵاتیان دەدرێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە دەکرێت روبەڕووی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببێتەوە.
مەسەلەی هێنانەوەی ئارای پرسی ڕیفراندۆم لەم کات و ساتەی ئێستادا چەندین فاکتەر و هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی لەپشتە و سەرەڕای ئەوەش لەو دیوی پەردەشەوە چەندین سیناریۆ و گەمەی سیاسی و دەرهاوێشتەی بەدوای خۆی دەهێنێت، بە دیاریکراویش بە دوای نەمانی شەڕی داعش و کەڵەکە بوونی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان کە روبەوڕووی چینی بۆرژوازی و سەرمایەدارانی جیهانی بوەتەوە.
جالێرەدا دەکرێت هەندێک لەفاکتەر و هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئاماژە پێبکرێت و باسی لێوە بکرێت:
١-دەسەڵاتدارانی بورژوازی ناسیونالیستی لەهەرێمی کوردستاندا دەیەوێت لەڕێگای ئەم ڕیفراندۆمەوە خۆی لەهاووڵاتیانی کوردستان بدزێتەوە و خۆی دەرباز بکات لەبەرامبەر ئەو هەموو قەیران و کێشە و گرفتانەی کەچەندین ساڵە کەلەکە بووە و هاوکات دەیانەوێ زیاتر شەرعیەت بەخۆیان بدەن کە ئەوان نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و خەمخۆری هاووڵاتیانی کوردستانن.
٢ هێنانەوەی پرسی ڕیفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە لە ئێستادا بۆ ئەوەیە بێزاری و تووڕەیی و ناڕەزایی هاووڵاتیانی کوردستان کپ و سەرکوت بکەن و لەدژی خواست و داخوازیی و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بوەستنەوە.
٣-ماوەیەکی دوور و درێژە کێشە و گرفت و ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەنێوان کوردستان و بەغدا تاوەکو ئێستاکە هەموو کێشە و ناکۆکییەکان بەهەڵپەسراوی ماوەتەوە. دەسەڵاتی کوردی دەیەوێت پرسی ڕیفراندۆم وەک کارتێکی فشار و کاریگەر بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بکات تەنازوڵ و مڵبدات بەداخوازی و داواکارییەکانی دەسەڵاتدارانی کوردی. بەتایبەتیش گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێم و گرنگتریان شاری ( کەرکووک) کە بڕبڕەی پشتی ژێرخانی ئابووری عێراق و کوردستانە و خاوەنی سامانە سروشتییەکی بێ ئەندازەی لە نەوتی خاو و کانزا و چەندین سامانی بەپیت و بەنرخترن.
٤- دەسەڵاتی ناسیونالیستی کوردی لەهەرێمدا لەهەوڵی ئەوەدایە کە هاوکاری و پشتیوانی وڵاتانی جیهان بۆخۆی پەیدا بکات بەمەبەستی برەودان و درێژەپێدانی دەسەڵاتی لۆگیستی خۆیان. بەهێناوەی پرسی ڕیفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە دەیەوێ هەر لەم ڕێگاییەوە هەرچی کۆمەکی ماددی و مەعنەوی ووڵاتانی جیهانە بۆ لای خۆیان کێش و مسۆگەر بکات. ئەمانە و چەندین فاکتەر و هۆکارەکانی تر هەیە بۆ خوێنەرانی ((بۆپێشەوە)) بەجێدەهێڵم.
بەدڵنیاییەوە هیچ تاکێک لەهاووڵاتیانی کوردستان نییە لەدژی سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی مۆدرێرن و سکیولاری بوەستێتەوە لەڕێگای بەئەنجام گەیاندنی پرسی ڕیفراندۆمدا. ئێمە هەموومان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییداین، بەڵام بەو مەرجەی پرسی ڕیفراندۆم لەپێش وەختدا چەندین ڕێگا و شوێنی یاسایی مۆدرێرن و پێشکەوتنخوازانەی بۆ ئەنجامدان و ڕێکخستنی بۆ دەربکرێت و لەچوارچێوەیەکی دەستووریی و یاسایی و شارستانییەتیدا بەڕێوە بچێت.
هاووڵاتیانی کوردستان پێویستە بە هۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکانی ئێستا و داهاتوودا بکەن. لەماوەی (٢٦) ساڵی ڕابوردوودا هاووڵاتیانی کوردستان روبەڕووی چەندین تەجروبەی تاڵی و سوێری و گەندەڵی و چەوساندنەوە و ناعەداڵەتی و تراژیدیای مرۆیی بوینەتەوە لەژێر دەسەڵاتی بورژوازی میلیشیای ئەحزابی کوردیدا. بەچاوی خۆیان هەموو کاروکردەوەکانیان بینیوە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری چەندین پڕۆسەی دەنگدانیان کردووە بۆ هەڵبژاردەکان بەتایبەتیش بەشداری کردنیان و دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرڵەمانی کوردستان. هەر خۆتان باش دەزانن و هەستی پێدەکەن پەرڵەمانێک ماوەیەکی کورت کار دەکات و ماوەیەکی درێژیش قوفڵێکی گەورەی لەدەرگایەکەی دەدرێت و هەر کەس دەچێتەوە ماڵەکەی خۆی و هیچ گرنگی و حسابێک بۆ دەنگدەرانی هاووڵاتیانی کوردستان ناکرێت و دەنگەکانیان بەفیڕۆ دەچێت.
ئەگەر بڕیارە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ هاووڵاتیانی کوردستان ئەنجام بدرێت، دەبێ دەنگی هاوڵاتیان ریزی لێبگیریت، نەک سات و سەودای پێبکرێت، بۆ کەیسی تر و مەسەلەی تر، بەدەستەوە بگیرێت. خەڵکی کوردستان شمەک و توخمی تاقیگەی کیمیاوی نین، تا لەسایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بکرێنە ئامانجی تاقیکردنەوە. خەڵکی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی دەوێت، نەک شتێکی تر.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٧/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *