ڕیفراندۆم، بۆ سەربەخۆیی نەک بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەو دنیا!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم گەرمە، گەرمی ئەو پرسە هێندە کۆمەڵگە داگرە، کە زۆرێک لە پرس و کێشەکانی کۆمەڵگەی داپۆشیوەو دادەپۆشێت. ئەوەی وای کردووە ئەم دۆسیەیە کۆمەڵگە تەکان بدات و ببێتە سەرەکیترین مەسەلەی رۆژ، هەستیاری پرسەکەیە. کۆمەڵگە بەدەست هەژاری و نەداری و بێ موچەیی، بێكاری و گرانی، نابەرابەری و سەرکوت، ستەم لەسەر ژنان و لاباکی بەرامبەر لاوان و خانەنشینان، دزی و تاڵانی دەسەڵاتی میلیشیایی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، داروخانی خوێندن و پەروەردە… دەیان گرفتی تر گیرۆدەیە، کەچی پرسی ریفراندۆم کە ماوەیەکە هێزی سەردەستەی دزی و تاڵانی و بلۆکی دەسەڵات بەدەست لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا” پارتی” هێناویەتە ئارا، سەرجەم گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگەی بەرەوهەڵپەساردن و خەواندن پەلکێش کردووە، ئەمە ئەگەر خۆی یەکێک لە ئامانجەکانی هێنانە ئارای ریفراندۆم بێت لە ئێستادا، ئەوا هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە پرسی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان، ریشەیەکی قوڵی مێژووی سیاسی و ناوچەیی و حقوقی هەیە، کە وەکو سەرچاوەی زوربەی کێشەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستان، لەدیدی خەڵکی کوردستاندا، ریشەی داکوتاوە. ئەم راستیە سادەیە وای کردووە، کە هەمیشە پرسی سەربەخۆیی ببێتە مەسەلەیەکی هەستیارو سەنتیز و سەرەکی. بۆ پارتی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش کێشەی خەڵکی کوردستان، نیعمەتێکی خودایی و کەیسێک بووە بۆ کەلەسەر بنەماکەی پێکهاتوون و ستراکتۆری سەرەکیان بووە. لە غیابی بزوتنەوەو حزبی شۆرشگێر و چەپ و کۆمۆنیستی بە‌هێزدا، حزبەکانی بۆرژوازی کورد توانیویانە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان و شۆرشگێڕانەکەی لەگەڵ مێژووی سیاسی خۆیاندا ئاوێزان بکەن و بیکەن بە دۆسیەیەکی سەرەکی خۆیان، بۆ ئامانجی تر و ویستی تر و خەڵکەکەشی بکەنە زەخیرەی هێزی خۆیان و بزوتنەوە کۆنەپەرستانەکەیان. بە ناوی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستانەوە هاتوونەتە مەیدان و کارنامەی کردەنیشیان سات و سەودا بووە بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی مەرکەزیدا. مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی مێژووی “شەڕ، مفاوەزات ،شەر” بووە، بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی مەرکەزیدا، نەک مێژووی تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ و کۆتاییهێنان بە زوڵمی نەتەوایەتی و چارەسەری کارسازی کێشەی خەڵکی کوردستان.

لەو کاتەشەوە کە بەکردەوە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان نەماوە، دیسان حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ ئەوەدا بەشدار بوون لە حکومەتی ناوەندیدا و بە خەونی خۆیان گەیشتوون، بەڵام دیسان بۆ بەشی زۆرتر و بەشداری زیاتر و پچرینی داهاتی قەبەتر و هەر بەکەیسی خەڵکی کوردستانەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە سەراسەری عێراقدا لە ململانێدا بوون. لە کوردستانیشدا خاوەنی دەسەڵات و داهات و سامان و بەریوەبردن، هەر خۆیان بوون و لە ساڵی ٢٠٠٣ وە، خەڵکی کوردستان نەک لەگەڵ دەوڵەتێک لە ناوەند بەڵکو لەگەڵ دەسەڵاتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بەرەو روون و دەسەڵاتیش بە پلەی یەکەم لەگەڵ ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا بەرەو رووبووە. بەو راستیە سەلماوانەوە، دوبارە حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، بۆ شان خاڵیکردنەوە لەهەموو بەرپرسیاریەتیەک، دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەویستراو و ناهەموار و گرانی و بێکاری و هەژاری و بێ موچەیی و بێمافی…تاد هەریمی کوردستانیان بەستۆتەوە بە هەرەشەی دەرەکی، لاباکی دەسەڵاتی ناوەند، تێنەپەرین لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانی!!.

لەناو دڵی دۆخێکی ئاوادا، بەدەستەوە گرتنی پرسی ریفراندۆم، لەلایەکەوە بۆتە مۆتۆری دوبارە بەرهەمهێنانەوەی توخمەکانی ناسیونالیستی و لەلایەکی تریشەوە بۆتە هۆی وەجۆش و خرۆش خستنی خەڵکی کوردستان و رازی کردنی هاوڵاتیان بە خەواندنی داخوازی و مافەکانیان، لەناو هەراو هۆریای کۆمەڵگەداگری پرسی ریفراندۆمدا.

دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان لەگەڵ ئەوەدا لەبەردەم نەفرەت و تورەیی قوڵی جەماوەریدایە. لەگەڵ ئەوەدا لەدیدی خەڵکی کوردستاندا ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرو موچە بر و تاڵانچی و مافیایی و میلیشیایی و بنەماڵەیی و نابەرپرس و گرێدراوی وڵاتانی ناوچەکە و کۆنەپەرست و دژی ئازادییە، بەڵام پرسی ریفراندۆم ئەگەر نەبێتە لینکی بێدەنگکردنی جەماوەر و رەواندنەوەی تورەیی هاوڵاتیان، بەڵام دەتوانێ ببێتە لینکی هاوبەشی هەر ئەو دەسەڵاتە چەتەو میلیشیایی و سەرکوتکەرە، لەگەڵ هاوڵاتیانی لەسەر پرسی سەربەخۆیی… تەنانەت دەبێتە لینکی رێکخستنەوەی حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد “ماڵی کورد”. ئەوە کە وای کردووە ئەم پرسە دەیان دۆسیە هەڵپەسێرێت و چەند دۆسیەی تر وەجوڵە بخات، هەستیاری پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەت سازییە، لەبەرامبەر مێژوویەکی دڵرەق و سیخناخ لەسەرکوت و بێمافی و لکاندنی بەزۆرو پلەیی دووییدا.

ریفراندۆم، کە ماشێنێکی گەورەو زەبەلاحی راگەیاندنی بۆ وەرێخراوە، لەبنەرەتدا بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستی کورد، هێشتا بۆسەربەخۆیی نییە، هێشتا بۆ کارکردن بە ئاکامی ریفراندۆمەکە نییە، بەڵکو بۆ بەدەستەوەگرتنی ئاکامی ئەو ریفراندۆمەیە وەکو رێگاچارەیەک لەگەڵ بەغدا و دەسەڵاتی ناوەندی.

خەڵکی کوردستان، کە بەشداری ریفراندۆم دەکەن و دەنگیش دەدەن بە سەربەخۆیی، بەدوای خەونی لەمێژینەی خۆیانەوەن، هەروەکو چۆن دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لەریگای ریفراندۆمەوە بەدوای خەونی خۆیانەوەن. دوو خەونی جیا…. خەڵک بە ئومێدی سەربەخۆیی و دەستراگەیشتن بە دەوڵەتی خۆیان و دەسەڵاتیش بە ئومێدی بەشی دڵخواز لە داهات و بەشداری سیاسی لەدەسەڵاتی عروبی ئیسلامیدا.

بۆ ئەوەی خەونی خەڵکی کوردستان، بێتە دی و خەونی ناسیونالیزمی کورد، بەشوێنێک نەگات، پێویست بەوە دەکات خەڵکی کوردستان بەهای دەنگی خۆیان بەهەند وەربگرن و رێگەنەدەن بێرێزی بە دەنگ و بریاریی زۆرینەیان بکرێت. پێویستە خواستی کارکردن بە ئاکامی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکرێتە کردەو پرۆژەیەکی کردەنی و دەستبەجێی دوای ریفراندۆم. وە لەبەرامبەر هەر سات و سەوادیەک کە بەو دۆسیەوە بکرێت، پێویستە بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری وەرێبخەن و دنیا لە ویستی خۆیان و دوورووی دەسەڵات بێداربکەنەوەو دەسەڵات ناچار بکەن، رێز لە بریارو ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرێت. بۆ ئەو مەبەستە هەر لە ئێستاوە دەبێ رابەرانی بزوتنەوە جەماوەرییەکانی وەک و کرێکاران و لاوان و ژنان و خوێندکاران و کەسایەتیە سیاسیە سەربەخۆکان و هەر کۆرو کۆمەڵ و لایەنێکی سیاسی و جەماوەری بە چاویکی کراوەو بەنەخشەوە ئامادەیی بۆ ئەو نەبەردەی دوای ریفراندۆم ئامادەبکەن و پەرچەمی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و وڵاتێکی سەربەخۆیی سکیولاری ناقەومی، بەدەستەوە بگرن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٧/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *