شکاتنامەی  یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەدژى حیزبمان            

لێرەدا وەرگێڕدراوى کوردى دەقى شکاتنامەى 5/3/2000ى وەزارەتى ناوخۆى یەکێتى بڵاودەکەینەوە. کە دەیانوویست بەم شکاتنامەیە و لەڕێگە دادگا کارتۆنیەکەى خۆیانەوە چالاکى حیزبمان قەدەغە بکەن. ئەوە بوو بۆیان نەچووە سەرو کەوتنە بەر ناڕەزایەتى قووڵى ئازادیخوازان لە ناوەوەو دەرەوەى کوردستان و ئەم پیلانەیان ریسواو ناکام مایەوەو ناچاربوون بیپیچنەوە.

بەڕێز حاکمى دادگاى سەرەتایى سلێمانى

شکاتکەر: بەڕێز وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان/عێراق،

وەکیلەکەى لیواى پۆلیسى مافناسس نەزەر عەلى ئەکبەر، وەکیلى وەزیرى ناوخۆ سەربارى وەزیفەکەى

شکات لێکراو: حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق

لایەنى شکاتکەر:

شکات لـێکراو بەپێچەوانەى بڕگەکانى یاساى ژمارە (17)ى ساڵى 1993-ى حیزبەکان لە هەرێمى کوردستانى عێراق و، بەتایبەتى ئەو بڕگانەى کە لە ماددەى 14دا هاتووە، جوڵاوەتەوە. بەجۆرێک کە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق هەستاوە بە کۆمەڵێک کارو چالاکى کە هەندێکیان تێکدەرن و ناکۆکن لەگەڵ نیزام و ئادابى گشتى، هەروەک لە خوارەوەدا بە بەڵگەى ماددى ڕوونەوە هاتووە:

1-ئەم حیزبە بەردەوام هەستاوە بە بڵاوکردنەوەو پەخشکردنى بەیاننامەو بڵاوکردنەوەى وتار لە ڕادیۆو ڕۆژنامەکەیانەوە (پێشڕەو) کە هەموویان تەشهیرى تێدایە بە حکومەتى هەرێمى کوردستان/عێراق. وە ئەم سەرپێچىیەیان بریتىیە لە سەرپێچى ئەو بڕگانە کە لە ماددەى (14)ى یاساى حیزبەکانى ژمارە (17)ى ساڵى 1993دا هاتووە، کە لەسەرەوەدا ئیشارەى پێ کراوە. هەندێک لەو بەیاننامانە دەکەینە هاوپێچى ئەم شکاتنامەیە.

2-چاپکردنى نامیلکەیەک لەژێرناوى یاساى یەکسانیى ژن و پیاودا، وەکو بەدیلى ئەو یاساى ئەحوالى شەخسىیەى کە لەعێراقدا کارى ثی دەکرێت و، گرتنى کۆڕى فراوان لەسەر ناوەڕۆکى ئەو ماددانەى کە لەو یاسایەدا هاتووە. هەروەها لەو کۆڕەو لەجێگەى دیکەدا بەئاشکرا وتویانە کە ئەگەر پێویست بەزۆر بکات، ئەم یاسایە بەزۆر دەخەنە جێگاى یاساى کار پێکراو. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ناوەڕۆکى ئەم یاسایە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستووردا چونکە دەقێکى ئاشکرا لە دەستووردا هەیە کە ده‌ڵێ: “ئیسلام دینى رەسمیى دەوڵەتە”، وە ئەم سەرپێچىیە گەورەیە، ئاکامەکانى خەتەرناک دەبێت لەسەر کۆمەڵگاى کوردستان ئەگەر یاسا چارەسەرێکى خێراى بۆ دانەنێت. نوسخەیەکى ئەم نامیلکەیەش هاوپێچە.

3- ئەم حیزبە هەستاوە بە کۆکردنەوەى کۆمەک لە هاووڵاتیان بەشێوەى ئاشکراو بەبێ وەرگرتنى مۆڵەتى ڕەسمیى لەدەزگا بەرپرسەکان. چەند پسووڵەیەکى کۆمەک کە مۆرى ئەم حیزبەى پێوەیە هاوپێچ کراوە.

4-ئەم حیزبە هەستاوە بەناچارکردنى هاووڵاتیان و بەتایبەتى نەخوێندەوارەکان بۆئەوەى دەنگ بەجیابوونەوە لەعێراق بدەن، لەکاتێکدا ئەم جۆرە هەڵسووکەوتە زۆر مەترسى دەبێت لەسەر ئایندەى بزووتنەوەى کوردى لە کوردستانى عێراقدا کە ئامانجى یەکەم و بنەڕەتیى جێبەجێکردنى یەکێتىیەکى فیدراڵىیە کە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە عێراقىیەکانیش تەئییدیان کردووە، نەک جیابوونەوە.

5-دروستکردنى پسووڵەى هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیان بەمەبەستى پەڕینەوە لەخاڵەکانى پشکنین بەرەو جمهورى ئیسلامى ئێران یان پارێزگاکانى ناوەڕاستى عێراق یان بەرەو هەولێرو لەوێشەوە بۆ تورکیا، ئەم جۆرە کارانەش پێچەوانەى ئەو ڕێنماییانەیە کە لەمبارەیەوە دەرچوون و بەم پێیەش مەترسى بۆ سەر ئاسایشى ناوخۆیى و دەرەکى هەرێم دروست دەکات و ئەحکامەکانى ماددەکانى کتێبى دووەم لە بابى یەکەم و بابى دووەمى یاساى سزاکانى عێراقى ژمارە 111ى 1969ى تەعدیلکراو بەسەر ئەم سەرپێچىیەدا دەگونجێ.

6-هەندێ لە ئەندامانى حیزب و بەئامۆژگارى حیزبەکەیان بەرگى تایبەت بەهێزى ئاسایشى ناوخۆ لەبەردەکەن، بۆ جێبەجێکردنى هەندێ مەرامى تایبەتى خۆیان کە پەیوەندى بە ئاسایشى ناوخۆى هەرێمەوە هەیە، بەمەبەستى خۆدەربازکردن لە دەستى پیاوانى یاسا لە کارمەندانى هێزى ئاسایشى ناوخۆو بەتایبەتیش لە بازگەکانى پشکنیندا.

7-پەیوەندى گرتن لەگەڵ بێگانەو ڕێکخستنى خۆپیشاندان بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى ئسوڵى و ڕەسمیى و ئەو ڕێنماییانەى کە لەم بوارەدا ڕەچاو دەکرێت.

8-هەندێ لەکادرەکانى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق لەناو خەڵکدا ئەوە ڕادەگەیەنن کە ئەم واقیعە بۆگەنە دەگۆڕن و ئەگەر پێویست بکات هێزیش بەکار دەهێنن. هەتا کار بەوە گەیشتووە کە یەکێک لە کادرەکانیان بەناوى وەستا مەهدى، کە کادرێکى نەقابى و مەسئولى نەقابەى بیناسازىیە لەسلێمانى، لەدیوانى وەزارەتەکەماندا بڵێ کە ئەم نیزامە دەگۆڕن و ئەگەر پێویست بکات، بەهێز ئەمە دەکەن، ئەمەش لەبەرچاوى دوو کەس لەهاوڕێکانى و لەبەرچاوى منداو لەژوورى ڕاوێژکارى یاسایى و لەکاتى دەوامى ڕەسمیدا، بەدڵخوازى خۆى ڕاگەیاندو کاتێکیش موناقەشەى لەگەڵدا کرا چەند جار دووبارەى کردەوە. ئەم جۆرە هەڵسووکەوتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە ئەگەر ئیجرائاتى یاسایى لەدژى ئەم حیزبە و بەتایبەتى هۆیەکانى ڕاگەیاندنى بینراو و  بیستراو و نووسراوى ئەنجام نەدرێ ئاکامەکانى خەتەرناک دەبێ لەسەر سەلامەتیى ئاسایشى ناوخۆى هەرێم.

9-هەندێ لەئەندامانى سەرکردایەتى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق، عێراقى نین و ئەمەش سەرپێچىیەکى ئاشکراى یاسایە کە دەلێ هەرگیز ناکرێ کەسانێکى غەیرە عێراقى بچنە ناو حیزبە عێراقىیەکانەوە بەهۆى نەگونجانى لەبارى یاساییەوە، وە ئەوەمان بۆ سەلماوە کە ئەندامانێکى سەکردایەتى لەڕیزەکانى حیزبى ناوبراودا هەن، هەروەکو لەخوارەوە ڕوونکراوەتەوە:

1/موزەفەرى محمەدى- مەسئولى مەکتەبى عەسکەرى حیزبەکەیان.

2/ڕەحمان حوسێنزادە- ئەندامى سەرکردایەتى.

3/ئەسەد گوڵچینى- ئەندامى سەرکردایەتى و کادرى ڕاگەیاندنى حیزب.

له‌سه‌ر بنەماى ئەوانەى لەسەرەوە نووسراون و بەڕەچاوکردنى خەتەرناکیى ئەو هەڵسووکەوتانەى کە ئەندامەکانى ئەم حیزبە و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى بیستراوو نووسراویان و ڕێکخراوە پیشەییەکانى سەر بەوان پێی هەڵدەستن و، ئەم مەترسىیەش پەیوەندى بەبەرژەوەندى گشتى و بگرە وجودى کیانى ئیدارەى ئێستاى هەرێمەوە هەیە، کە بەرهەمى خوێنى شەهیدانە لە ڕۆڵەکانى گەلەکەمان، بۆئاگاداربوونى بەڕێزتان داوا لە دادگا بەڕێزەکەتان دەکەین کە به‌ثێی بڕگەى یەکەم و دووەم لە ماددەى (17)ى ساڵى 1993 ئیجرائاتى یاسایى لەدژى ئەم حیزبە بکەن، ئەویش بەداخستنى هەموو نووسینگەکانى ئەم حیزبە لە هەرێمدا. چونکە ئەگەر ئیجرائاتى پێویست بۆ قەدەغەکردنى چالاکىیەکانیان لە هەرێمدا نەگیرێتە بەر ئەم حیزبە دەبێتە مەترسىیەکى تێکدەر بۆ سەر ئاسایشى ناوخۆ و دەرەوەمان.  ئاگادارمان بکەنەوە لەگەل ڕێزماندا.

نەزەر عەلى ئەکبەر

لیواى پۆلیسى مافناس

وەکیلى بەڕێز وەزیرى ناوخۆ/ سەربارى وەزیفەکەى

5/3/2000

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *