ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له مێژوو!
گێڕانه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی رووداوه‌کانی هه‌فته‌ی دووه‌می ته‌مووزی 2000!
‘شایه‌تحاڵێکی ناو رووداوه‌کان’
محسن کریم:
بەشی یەکەم:
هه‌فته‌ی دووه‌می ته‌مووزی ساڵی 2000، نه‌وشیروان مسته‌فا حاکمی سلێمانی بوو. ئه‌و ده‌مه تاڵه‌بانی له تارانی پایته‌خت له خزمه‌تی ده‌سه‌تدارانی رژێمی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامیی دا چاوه‌روانی فه‌رمان بوو بۆ رزگاربوون له به‌ڵای کۆمۆنیزمی کرێکاری. تاڵه‌بانی په‌یامه‌که‌ی خۆی له ره‌حیمی سه‌فه‌وی، سه‌رۆکی سوپای پاسدارانی رژێمی تیرۆریست و تیرۆرپه‌روه‌ری ئیسلامی وه‌رگرت و بڕیاری جێبه‌جیکردنه‌که‌شی به”کاکه نه‌وه” سپارد!
پیلانه‌که‌ی تاڵه‌بانی- نه‌وشیروان به‌رامبه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ده‌بوایه به‌هه‌ر نرخێك بێت جێبه‌جێ بکرێ! ده‌بوایه بیانویه‌ك په‌یدا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی خۆیان و به‌جۆرێکیش خه‌ڵك چه‌واشه بکه‌ن. بیانوی چونه‌ده‌ره‌وه‌ی باره‌گای چه‌کداری حیزبه‌کان، وه‌کو ئه‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی یه‌که‌مین و گه‌وره‌ترین میلیشیای چه‌کداری له ناوشاردا بڵاوکردبێته‌وه، کرایه ئه‌و بیانوه‌ی که په‌لاماری حیزبی پێبده‌ن.
سه‌ره‌تا نه‌وشیروان مسته‌فا ئا‌وو کاره‌با و هێڵی ته‌له‌فۆنی باره‌گای سیاسی رابه‌ری حیزبی، که دراوسێی ماڵه‌که‌ی خۆی بوو، بڕی. پاشان هی باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانیشیان بڕی. حیزب ویستی که به‌شێوه‌یه‌کی هێمنانه ئه‌و پیلانه‌ی یه‌کێتی پوچه‌ڵ بکاته‌وه، بۆیه له‌گه‌ڵ چه‌ند حیزبێك له‌وانه زه‌حمه‌تکێشان و شیوعی دانیشتین و پێمان راگه‌یاندن که هه‌رچه‌نده ئێمه ده‌زانین ئه‌وه بیانویه‌کی پوچه بۆ هێرشکردنه سه‌ر حیزبی ئێمه، چونکه هه‌ر به‌رپرسیارێکی یه‌کێتی خۆی به ئه‌ندازه‌ی باره‌گایه‌کی ئێمه پاسه‌وانی هه‌یه و خه‌ڵکیشیان هه‌راسان کردوه، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌و کێشه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی سیاسی چاره‌سه‌ر بکه‌ین. هاوکاتیش په‌نامان برده‌به‌ر ئاگادارکردنه‌وه‌ی رای گشتی ده‌رباره‌ی ئه‌و پیلان و شه‌ڕفرۆشیه‌ی یه‌کێتی و چه‌ند خۆپیشاندانیش له‌لایه‌ن ستافه‌کانی باره‌گاکانی حیزبه‌وه ئه‌نجامدران. به‌ڵام “کاکه نه‌وه”ی جێبه‌جێکه‌ری راسپارده‌که‌ی تاڵه‌بانی و قین له‌دڵ له کۆمۆنیزمی کرێکاری، گوێی به‌مانه نه‌دا.
رۆژی 13 و 14ی ته‌مووز، هه‌موو ده‌وروبه‌ری باره‌گاکانی رابه‌ری و کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب به چه‌کداری ئاسایشی یه‌کێتی گیران. سه‌دان چه‌کداری یه‌کێتی له‌ژێر فه‌رمانی راسته‌وخۆی نه‌وشیروندا شه‌قامه‌کانی سه‌هۆڵه‌و کاره‌باکه‌و عه‌لی ناجی و گه‌ره‌کی عه‌قارییان ته‌نی.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 13/7 هێزێکی زۆری ئاسایش له ده‌وروبه‌ری کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب پێشیان به خۆپیشاندانی ژماره‌یه‌ك له هاورێیانی حیزب گرت که بڕیاربوو بۆ پشتیوانی له هاورێیانی ناو باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی خۆپیشاندانێك به‌ره‌و ناوشار و بۆ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆ له سه‌رای سلێمانی به‌رێبخه‌ن و داوا بکه‌ن که گه‌مارۆی ئا‌وو کاره‌با له‌سه‌ر ئه‌و هاورێیانه هه‌ڵبگیرێ. هێزه‌کانی ئاسایش که رۆژی پێشتر نه‌یانتوانیبوو خۆپیشاندانێکی دیکه‌ی هاوشیوه له‌به‌رده‌م باره‌گای وه‌زاره‌تی ناوخۆی تێك بده‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌کاتی قسه‌کردنی تایه‌ر حه‌سه‌ندا بۆ خه‌ڵك ئیستفزازی هاورێیانی پاسه‌وانی تایه‌ریان کردبوو، بۆیه به هه‌موو نرخێك ده‌یانویست ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی دووه‌م هه‌ر له‌یه‌که‌م ساته‌کانیدا سه‌رکوت بکه‌ن. ئه‌وه‌بوو ئاسایش زۆر دڕندانه که‌وته په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران و ته‌قه‌لێکردن و لێدانیان و به‌ره به‌ره له باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی نزیك ده‌بونه‌وه. ئه‌وه‌بوو به‌شێکی به‌رچاو له‌و هاورێیانه گه‌ڕانه‌وه ناو باره‌گای کۆمیته که هه‌ندێکیان برینداربوون. هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیسی یه‌کێتی له‌نزیك باره‌گای کۆمیته‌وه دامه‌زران و ده‌یانویست بێنه ناوباره‌گاکه‌وه‌و داگیری بکه‌ن، به‌ڵام هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گای کۆمیته پێشیان پێ‌گرتن. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو که هه‌ر ئه‌وکاته کاره‌ساتێکی سامناك له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی ئاسایشی یه‌کێتی به سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاو ده‌ستوپیوه‌نده‌کانی بقه‌ومێ ئه‌گه‌ر ئێمه هوشیارانه بارودۆخه‌که‌مان ئارام نه‌کردایه‌ته‌وه.
ئه‌وکاته من به‌رپرسی کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب بووم. له‌کاتی ئه‌و روداوه‌دا له‌ناو کۆمیته‌دابووم. له‌لایه‌که‌وه هاورێیانی خۆمانم هێورکرده‌وه که دان به‌خۆیاندا بگرن و به شه‌ڕه‌نگێزی چه‌کداره‌کانی ئاسایش ئیستفزاز نه‌بن، و له‌لایه‌کی دیکه‌وه داوام له‌وان کرد که به‌رپرسێکیان بێت و له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه قسه بکه‌ین. ئه‌وبوو ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس به‌ناوی عمید ئه‌حمه‌د هات و که‌سێکی دیکه که ئاسایش بوو به ناوی رێبوار له‌گه‌ڵیدا هاته ژوره‌وه. ئه‌گه‌رچی عمید ئه‌حمه‌د که‌سێکی کامڵتر و زۆرتریش متفاهم ده‌هاته پێشچاو، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که‌ی ئاسایش وای ده‌زانی که ئێمه دیلی ئه‌وانین. ئه‌یویست له‌ناو باره‌گه‌که‌ی خۆماندا موحاسه‌به‌ی هاورێیه‌کی ئێمه بکات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دانیشتنه‌که‌ی. ئه‌وه‌بوو من پێم ووت: تۆ بۆت نیه له باره‌گای خۆماندا موحاسه‌به‌ی که‌سی ئێمه بکه‌یت. عمید ئه‌حمه‌د که به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌و هێزه بوو پشتگیری قسه‌که‌ی منی کرد.
عمید ئه‌حمه‌د دیاربوو وا تێگه‌یه‌نرابوو که ئێمه سه‌رکێشی له حوکمی یاسا ده‌که‌ین و به‌م مه‌به‌سته‌ش به‌شداری له‌و چالاکیه‌ی ئاسایش‌دا کردبوو. به‌ڵام کاتێك گوێی له قسه‌کانی من بوو ده‌رباره‌ی بوونی هێزی چه‌کداری حیزبه‌کان له‌ناو ماڵی خه‌ڵکدا، که من ووتم ئێمه یه‌که‌م هێز و حیزب ده‌بین که پشتگیری بردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزی چه‌کداری حیزبه‌کان و نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌کداری له‌ناو شاره‌کاندا ده‌که‌ین، وئاماده‌یی خۆشمان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ی یه‌کێتی دروستی کردبوو راگه‌یاند، عمید ئه‌حمه‌د به‌خۆشحاڵیه‌وه باره‌گای جێهێشت و ئه‌وه‌شی راگه‌یاند که ئه‌و به‌رپرسانی سه‌ره‌وه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه ئاگادار ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه، کاتێك من له باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانیه‌وه به‌ره‌و باره‌گای رابه‌ری له عه‌لی ناجی ده‌گه‌ڕامه‌وه، چه‌ندین ئۆتۆمبیلی پڕ له ئاسایش به‌چه‌ك و دار‌و کوته‌که‌وه به‌ره‌و باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی ده‌چوون. من له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورێیانه‌ی له‌گه‌ڵمدا بوون گه‌ڕاینه‌وه بۆ کۆمیته، چونکه ده‌ترسام له‌وه‌ی که بچنه سه‌ر باره‌گای کۆمیته و له نه‌بونی ئێمه‌دا کاره‌ساتێك بقه‌ومێ. ئه‌وه‌بوو گه‌ڕاینه‌وه بۆلای باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی و پاش ئه‌وه‌ی دڵنیابووم له‌وه‌ی که هێزه‌که‌ی ئاسایش له‌سه‌ر جاده‌ی کاره‌باکه و دوور له باره‌گای کۆمیته‌وه بڵاوبونه‌ته‌وه، گه‌ڕاینه‌وه بۆ باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزب.
سه‌رله‌به‌یانی 14/7 چه‌کداره‌کانی پاسه‌وانی ماڵی نه‌وشیروان ده‌ستیان کرده ئیستیفزازکردنی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزبی ئێمه. هه‌رکه‌سێك بۆ سه‌ردان رووی له باره‌گاکانی ئێمه ده‌کرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستگیر ده‌کرا. ده‌ستیان له که‌س نه‌پاراست و زیندانه‌کانی ئاسایشیان پڕکرد له دۆست ولایه‌نگران و که‌سوکاری هاوڕێیانی ئێمه. پیرومناڵ له‌م ره‌شبگیره‌ی یه‌کێتی و نه‌وشیروان قورتار نه‌بوون!
هاورێیانی ئێمه که له‌ناوباره‌گاکاندا له‌ژێر گه‌مارۆدابوون، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بێ ئاوی خواردنه‌وه و بێ کاره‌با بوون. ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵخراندنی خه‌ڵکی گه‌ره‌ك له دژی ئێمه، ئا‌وو کاره‌بای ئه‌و کۆڵانه‌شیان بڕیبوو که باره‌گای رابه‌ریی ئێمه‌ی تێدابوو! ئێمه وه‌فدێکمان نارده لای خه‌ڵکی گه‌ره‌ک تا مه‌به‌سته‌که‌ی یه‌کێتییان له‌و گه‌مارۆیه بۆ روون بکه‌ینه‌وه.
هه‌رهاورێیه‌کمان ده‌چوه ده‌ره‌وه بۆ کرینی پێداوسیتی ژیانی رۆژانه نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه. ده‌یان قه‌ناسه‌به‌ده‌ستیان له‌سه‌ر بانی ماڵه‌کان و باره‌گاکانی خۆیان و ته‌نانه‌ت باره‌گای حیزبه‌کانی دیکه‌ش بڵاوکرده‌وه. ده‌یان که‌مینیان له‌سه‌ر جاده‌کان وده‌وروبه‌ری هه‌ردوو باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزب له عه‌لی ناجی ته‌نیشت ماڵی نه‌وشیروان وده‌وربه‌ری باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی له کاره‌باکه به بیکه‌یسی یه‌وه بۆ هاورێیانی ئێمه دانابوو.
ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆی 14/7 چه‌کداره‌کانی ئاسایش له‌نزیك باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزبی ئێمه په‌لاماری 2 هاورێی ئێمه ده‌ده‌ن و پاش ئه‌وه‌ی به‌برینداری ده‌ستگیریان ده‌که‌ن، ره‌وانه‌ی زیندانی ئاسایشیان ده‌که‌ن. دوانیوه‌ڕۆی 14ی ته‌مووز به‌ره‌به‌ره چه‌کداره‌کانی پاسه‌وانی نه‌وشیروان له باره‌گای رابه‌ی نزیك ده‌بونه‌وه و ئیستیفزازی هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گه‌که‌یان ده‌کرد. ده‌یانویست ده‌مه‌قاله‌یه‌ك دروست بێت وته‌قه‌یه‌ك بکرێ تا پیلانه‌که‌یان به‌رێوه‌به‌رن! به‌ڵام ئێمه خۆمان گرت و پاسه‌وانه‌کانی خۆمان ئاگادارکرد که ئه‌وپه‌ڕی هێمنی بپارێزن و خۆیان بگرن وهیچ بیانویه‌ك نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
ته‌مووزی 2009
به‌شی دووه‌م
بارودۆخه‌که له‌وه‌زیاتر قابیلی کۆنترۆڵ نه‌بوو. پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیروان ئه‌وه‌نده له هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گای سه‌رکردایه‌تی ئێمه نزیك بووبوونه‌وه که ته‌نها چه‌ند سانتیمه‌ترێك لێکی جیاده‌کردنه‌وه! ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی چاویان ده‌بڕیه چاوی هاورێیانی ئێمه و ئیستفزازیان ده‌کردن!
هاورێیانی پارێزگاری باره‌گای رابه‌ری هاتن و ئێمه‌یان له‌و وه‌زعه ئاگادار کرده‌وه. کاتێك چوومه ده‌ره‌وه و بارودۆخه‌که‌م بینی له‌وه دڵنیابووم که پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیروان بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕێن که بیته‌قێننه‌وه و ئێمه‌ش به ده‌ستپێشخه‌ر تاوانبار بکه‌ن. من هاوڕێیانی مه‌کته‌بی سیاسیم، که ئه‌و کات زۆربه‌یان له‌ناو باره‌گاکه‌دا بوون، ئاگادارکرده‌وه که ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخه‌که له ئانوساتدایه و ده‌بێ کارێك بکه‌ین.
ئه‌وکات نه‌وشیروان له ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه په‌لامارده‌ره‌ی یه‌کێتیی ده‌کرد که ده‌وروبه‌ری باره‌گاکانی ئێمه‌یان گه‌مارۆدابوو. بێگومان له‌ژێر فه‌رمانی خۆیدا پاسه‌وانه‌کانیشی به‌وشێوه‌یه ئیستفزازی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گای ئێمه‌یان ده‌کرد.
بڕیاربوو ئێواره من بچم بۆ گه‌ڕه‌کی ئازادی بۆ کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له نیازی سیاسی یه‌کێتی بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکانی ئێمه له شاری سلێمانی. هاورێیانی دیکه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی سه‌رگه‌رمی ئه‌وه‌بوون که چی بکه‌ن بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلانه‌که‌ی یه‌کێتی. ده‌وری سه‌عات 5 بوو من به‌ره‌و کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب به‌ڕێ که‌وتم تا له‌وێوه به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ئازادی به‌ڕێ بکه‌وم. کاتێك له باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌وه به ئۆتۆمبلێکی حیزب و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کدا هاتینه‌خواره‌وه و به‌ناو پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیرواندا تێپه‌ڕبووین، گه‌یشتینه سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی که به‌ره‌و خه‌سته‌خانه‌ی علی ناجی ده‌ڕۆیشت. له‌وکاته‌دا ده‌یان چه‌کداری ئاسایشی یه‌کێتیمان بینی که له‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌دا بڵاوبوبونه‌وه و کاتێك ئێمه‌یان بینی هه‌ندێکیان هه‌ستانه سه‌رپێ و که‌وتنه مله‌قوتێ! به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر رۆشتنی خۆمان به‌رده‌وام بووین. گه‌یشتینه نزیك کاره‌باکه و ویستمان به‌و فه‌رعه‌دا بڕۆین که به‌ره‌و باره‌گای کۆمیته ده‌چوو، به‌ڵام بینیمان که سه‌رکۆڵانه‌که به به‌رد گیراوه. دیاره بۆ ئه‌وه‌بوو که هیچ ئۆتۆمبیلێك و به‌تایبه‌تی ئۆتۆمبیلی ئێمه نه‌توانێ له‌و فه‌رعه‌وه بڕوات. هاورێ عبدولباسط که ئۆتۆمبیله‌که‌ی لێده‌خوری ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر جاده‌ی سالم، به‌ڵام من پێم ووت که بچینه کۆڵانێکی ئه‌ودیو، چونکه پێموابوو که له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ماندا له دواوه ته‌قه‌مان لێده‌که‌ن.
کاتێك هاوڕێ عبدولباسط به‌خێرایی ئۆتۆمبیله‌که‌ی به‌ره‌و کۆڵانی دووه‌م لێخوری، له‌سه‌ر کۆڵانه‌که توشمان بوو به تووشی دوو چه‌کداری ئاسایشه‌وه، هه‌ر که ئێمه‌یان بینی هه‌ستانه سه‌رپێ و داوایان لێ‌کردین که راوه‌ستین. ئێمه‌ش راوه‌ستاین و هاورێ هاوکار محمد – به‌رپرسی هاورێیانی پارێزگاری- دابه‌زی بۆئه‌وه‌ی قسه‌یانه له‌گه‌ڵ بکات. یه‌کێکیان که دیاربوو به‌رپرس بوو ووتی بۆ کوێ ده‌چن؟ وتمان ده‌چین بۆ ئه‌و مه‌قه‌ڕه‌ی پشته‌وه. دیاربوو ئێمه‌یان ده‌ناسی و ده‌شیانزانی که ده‌چین بۆ باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی. هه‌ردوکیان سه‌یرێکی ئێمه‌یان کرد‌و سه‌یرێکی یه‌کتریان کرد. به‌رپرسه‌که ووتی بڕۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوه‌م دیاربوو که نارازی بوو رێگا بدات بڕۆین، به چاوێکی پڕ له‌پرسیاره‌وه سه‌یرێکی به‌رپرسه‌که‌ی کرده‌وه، به‌ڵام به‌رپرسه‌که دوباره ووتی بڕۆن. هاوکار سواری ئۆتۆمبیله‌که بوه‌وه‌و رۆشتین. به‌هاوڕێیانم ووت ئاگاداربن له دواوه ته‌قه‌مان لێ نه‌که‌ن. به‌هه‌رحاڵ گه‌یشتینه باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی و له‌وێ هاوڕێ زمناکۆ عزیز ، به‌هنام محمد و غه‌ریب حسین له‌گه‌ڵ من مانه‌وه. هاورێیانی دیکه گه‌ڕانه‌وه تا هه‌ندێ که‌لوپه‌ل بۆ باره‌گای رادیۆی حیزب و سه‌رکردایه‌تی حیزب بکڕن و دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ هاورێ کاروان نه‌جمه‌دین بگه‌ڕێنه‌وه بۆلای من تا پێکه‌وه بچین بۆ گه‌ڕه‌کی ئازادی بۆ کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا.
ئێمه له باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی ماینه‌وه. هاورێی به‌رپرسی پارێزگاریی باره‌گای کۆمیته هاته لام و پێی ووتم که ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کداری یه‌کێتی که له‌سه‌ر بانی ماڵی چه‌تۆ حه‌وێزی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که دراوسێی باره‌گاکه‌ی ئێمه بوو، دامه‌زرابوون بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکه‌ی ئێمه، چه‌ند جارێك وه‌کو شه‌رێکی نه‌فسی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا داوایان لێکردبوو که ته‌لسیم بن و باره‌گای کۆمیته‌یان ته‌لسیم بکه‌ن! هاوکات ده‌وروبه‌ری کاره‌باکه‌و خوار کاره‌باکه به‌لای گه‌ره‌کی ئابڵاخدا هه‌مووی به چه‌کداری یه‌کێتی ته‌نرابوو.
نزیکه‌ی سه‌عات و نیوێکی پێچوو ئه‌و هاورێیانه‌ی بڕیاربوو بێنه‌وه به شوێنمدا نه‌گه‌ڕانه‌وه. زۆر نیگه‌ران بووم، چونکه بڕیار نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌یان پێ بچێت! له‌ناو باره‌گای کۆمیته‌دا ده‌هاتم و ده‌چووم و چاودێری بارودۆخی هاوڕێیان و باره‌گاکه‌م ده‌کرد. ئه‌وه‌بوو هاورێ ی به‌رپرسی باره‌گای کۆمیته هاته لام و پێی ووتم که چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی نزیك بوونه‌ته‌وه‌و به‌جۆرێك دامه‌زراون که خۆیان بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکه ئاماده‌کردوه. هێزه‌که‌ی ئێمه که‌م و گه‌مارۆ درابووین. بێجگه له‌وه‌ش ئاسایشی یه‌کێتی هه‌وڵی دابوو که سوود له جاسوس وه‌ربگرێ بۆ چاودێری بارودۆخ و جموجوڵ و رۆحیه‌تی هێزه‌که‌ی ئێمه.
1-2 جار که‌سێک به‌ناوی ئه‌وه‌ی که هه‌واڵ بۆ ئێمه دێنێ هاتبوه ناو باره‌گای کۆمیته‌وه. من لێی به‌گومان بووم و داوام لێکرد کۆمیته جێبهێڵێت ده‌نا ناچار ده‌بین لای خۆمان گلی بده‌ینه‌وه تا ئه‌و بارودۆخه به‌لایه‌کدا ده‌که‌وێ. ئه‌وه‌بو کابرا رۆی. هاوکاتیش که‌سێك له چه‌کداره‌کانی ئێمه که تازه په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه کردبوو، به‌هۆی که‌می ژماره‌ی چه‌کداره‌وه به داخه‌وه چه‌کی درابووه ده‌ست، 2 جار له‌به‌رده‌م ده‌رگای ژوری کۆمیته کاتێك من ده‌هاتمه ده‌ره‌وه بۆ چاودێری هاوڕێیان و ناو باره‌گاکه، به‌جۆرێ ده‌شڵه‌ژا که گومانی لا دروست کردم. هاورێی به‌رپرسی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گام له هه‌ڵسوکه‌ته‌کانی ئه‌و که‌سه ئاگادارکرده‌وه‌و پێم ووت که له جێگایه‌ك دایبنێ ئه‌گه‌ر نیازیشی خراپ بێت هیچی پێنه‌کرێت!
ئه‌وکاته من له گه‌ڕانه‌وه‌ی هاورێیان و سه‌ردانه‌که‌م بۆ گه‌ڕه‌کی ئازادی بێ ئومێدبووم. ئیتر بیرم له‌وه کرده‌وه که ده‌بێ نه‌خشه‌یه‌کی دیکه دابنێین. ئه‌وه‌بوو داوام له هاورێی به‌رپرسی هێزه‌که‌مان کرد نه‌خشه‌یه‌ك دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌لاماریان داین هه‌وڵ بده‌ین به که‌مترین زیانی گیانی ده‌رچین. من ئه‌وه‌شم پێ ووتن که ئێمه بڕیاری شه‌ڕمان نیه‌و ته‌نها به‌رگری له‌خۆمان ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هاتوو په‌لاماریان داین.
ده‌وروبه‌ری سه‌عات 7:20 ی ئێواره له‌کاتێکدا چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی ته‌نها چه‌ند مه‌ترێك له ده‌رگای کۆمیته‌وه دووربوون و ئه‌وانی دیکه‌شیان که له‌سه‌ر بانه‌که‌ی ماڵی چه‌تۆ حه‌وێزی بوون له که‌میندابوون بۆ هاورێیانی ئێمه و چاودێریان ده‌کردن. له‌وکاته‌دا گوێمان له چه‌ند ده‌سترێژی گولله بوو. به داخه‌وه هیچ هۆیه‌کی په‌یوه‌ندیکردن له‌نێوان ئێمه‌و هاورێیانی دیکه‌ی رابه‌ریدا نه‌بوو! نه‌مانزانی ئه‌و ته‌قه و ده‌ستڕێژه له کێ بوو و چی قه‌ومابوو. دوای ماوه‌یه‌کی که‌م له بیستنی ده‌نگی ته‌قه‌کردنه‌که ئه‌و هێزه‌ی ئاسایش که نزیك بوبونه‌وه له ده‌رگای کۆمیته کشانه‌وه دواوه‌و له دووره‌وه چاودێری باره‌گه‌که‌یان ده‌کرد. ئێمه ئه‌وکاته ئه‌و گومانه‌مان لا دروست بوو که ده‌بێ چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی له جێگایه‌کی تر تاوانێکیان کردبێت و کاره‌که‌یان ته‌واوبووبێت بۆیه وا له نزیك کۆمیته کشانه‌وه! واته ئامانجی سه‌ره‌کییان رابه‌ری حیزب بوو به‌ڵام واشیان دانابوو که ئه‌گه‌ر پێویست بکات په‌لاماری ئێمه‌ش بده‌ن!
ته‌مووزی 2009
به‌شی سێیه‌م
پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر ته‌واوکردنی زنجیره‌ی رواداوه‌کان ده‌مه‌وێ بۆساتێك خوێنه‌ر چه‌ند رۆژێك به‌رمه‌وه دواوه! مه‌سه‌له‌یه‌ك که بیرم چوو له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌و نامه‌یه بوو که به ئیمزای عوسمانی حاجی مارف جێگری سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب راسته‌وخۆ ئاراسته‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی کرابوو. له‌و نامه‌یه‌دا که به‌رواری رۆژی 10/7/2000 ی له‌سه‌ره، ئاماده‌یی حیزب بۆ وتووێژ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ی یه‌کێتی دروستی کردبوو نیشان درابوو. به‌ڵام دیاربوو که ئیراده‌ی شه‌ڕخوازی سه‌کردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی له‌وه زیاتر بوو بیه‌وێ رێگای هێمنانه‌ی سیاسی بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه هه‌ڵبژێرێ. بۆیه یه‌کێتی گوێ ی له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه خه‌واندو درێژه‌ی دا به پیلانگێریه‌که‌ی دژی حیزب.
به‌هه‌رحاڵ نه ئه‌و نامه‌یه‌و نه هه‌وڵه‌کانی دیکه‌مان بۆچاره‌سه‌ری هێمنانه‌ی ئه‌و کێشه‌یه سوودێکی نه‌بوو بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی له‌سه‌ر شاخی ملهوڕی و پیلانگێڕی دژی حیزب و کۆمۆنیزمی کرێکاری.
هه‌روه‌کو پێشوتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد کاتێك من له‌کۆمیته‌ی سلێمانی بووم و ده‌وروبه‌ری سه‌عات 7:20 ی ئێواره‌ی 14ی مانگ گوێمان له ده‌ستڕێژی فیشه‌ك بوو. من دواتر به ووردی ئاگاداری ئه‌وه‌بووم که به دوای ئه‌وه‌ی باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری حیزبم به‌جێهێشتبوو چی گوزه‌رابوو.
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌وکاته‌ی که هاورێیان منیان گه‌یانده باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی و خۆیان گه‌ڕانه‌وه بۆ کۆمیته‌ی رابه‌ری، داوام لێکردن که هه‌واڵی ئه‌و که‌مینه‌ی سه‌ر جاده‌ی کۆمیته‌ی سلێمانی و شه‌ره نه‌فسیه‌که‌ی چه‌کداره‌کانی سه‌ربانی ماڵی چه‌تۆ حه‌وێزی له‌گه‌ڵ هاورێیانی ئێمه‌دا بۆ هاوڕێیانی مه‌کته‌بی سیاسی باس بکه‌ن، تا ته‌سویرێکی زه‌مینیتریان بده‌ینێ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که حه‌تمه‌ن یه‌کێتی ده‌یه‌وێ هه‌ر ئه‌ورۆژه په‌لامارمان بدات.
ئه‌وه‌بوو هاورێیانی مه‌کته‌بی سیاسی بڕیار ده‌ده‌ن که راسته‌وخۆ داوا له نه‌وشیروان بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه کۆببنه‌وه‌و به رێگاچاره‌یه‌کی سیاسی بگه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته که‌سێك ده‌نێرن بۆ ماڵی نه‌وشیروان و په‌یامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی‌یان پێ راده‌گه‌یه‌نێ. پاش ماوه‌یه‌ك نه‌وشیروان داواکه‌ی قبوڵ کردبوو. وه‌فدێك له رابه‌رایه‌تی حیزبکه پێکهاتبوو له ئه‌مجه‌د غفور(عثمانی حاجی مارف) و تاهیر حه‌سه‌ن و فوئاد صادق ده‌وروبه‌ری سه‌عات 7ی ئێواره ده‌چن بۆ لای نه‌وشیروان له ماڵه‌که‌ی خۆی. پاش ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه رێك ده‌که‌ون که باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری حیزب که به‌ته‌نیشت ماڵی نه‌وشیروانه‌وه بوو له‌وێ نه‌مێنێ و بیبه‌ینه سه‌ر گرده‌که‌ی زه‌رگه‌ته که باره‌گای رادیۆی حیزبی لێ‌بوو. باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانیش له‌جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه. بۆ مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێکردنی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ش ئه‌وان؛ واته یه‌کێتی هاوکاریی حیزب ده‌که‌ن!
به‌ڵام هێشتا هاورێیانی ئێمه ماڵی نه‌وشیروان جێناهێڵن که گوێیان له ده‌ستڕێژی گولله ده‌بێت. له‌وکاته‌دا ئه‌مجه‌د غفور به نه‌وشیروان ده‌ڵێ ئه‌وه چیتان کرد!؟ نه‌وشیروانیش ده‌ڵێ شه‌ڕه ئه‌وه‌شی تێدا ده‌بێت! هاورێیانی ئێمه پێی ده‌ڵێن ئه‌ی ئێمه ئێستا رێك نه‌که‌وتین، خۆ شه‌رێك رووی نه‌دابوو!؟ به‌هه‌رحاڵ له‌وکاته‌دا بۆ هێورکردنه‌وه‌ی هاوڕێیانی ئێمه ده‌ڵێن که هیچ نیه هه‌ر 2-3 هاورێتان بریندارن!
کاتێکیش وه‌فده‌که‌ی ئێمه ماڵی نه‌وشیروان جێده‌هێڵن به‌ره‌و باره‌گای رابه‌ری حیزب، هه‌ر که ده‌رگاکه‌ی ماڵی نه‌وشیروان جێ ده‌هێڵن ده‌درێنه به‌ر ته‌قه به‌ڵام خۆشبه‌ختانه که‌سیان به‌رناکه‌ون! به‌ڵام به داخه‌وه نزیکه‌ی 70-80 مه‌ترێك له خوار باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ریه‌وه چوار هاورێمان تیرۆر ده‌که‌ن و هاورێیه‌کی دیکه‌مان به ناوی ئومێد نیکبین که خه‌ڵکی شاری سنه‌ی کوردستانی ئێران بوو، له سه‌ربانی باره‌گای سه‌رکردایه‌تی به فیشه‌کی قه‌ناس به‌ده‌سته‌کانی یه‌کێتی گیان له‌ده‌ست ده‌دا.
روداوی کوشتنی ئه‌و چوار هاورێیه‌ی دیکه ئاوا ده‌بێ: چه‌کداره‌کانی ئاسایش له به‌رده‌م کۆمپانیای که‌رکوك و سه‌ربانی کۆمپانیاکه که به‌رامبه‌ر بینایه‌ی ئه‌منه سووره‌که بوو، که‌مینێك بۆ هاورێیانی ئێمه داده‌نێن. کاتێك هاورێیانی ئێمه له‌ناو ئۆتۆمبیلێکی لاندکرۆزه‌ردا له گه‌ره‌کی عه‌قاریه‌وه به‌ره‌و باره‌گای رابه‌ری حیزب سه‌رده‌که‌ون، وه ده‌بوایه به‌و شوێنه‌دا تێپه‌ڕبن، له لایه‌ن چه‌کداره‌کانی ئاسایشی یه‌کێتییه‌وه ده‌درێنه به‌ر رێژنه‌ی گولله و له‌سه‌ر بانی کۆمپانیاکه‌شه‌وه به چه‌کی بی که‌ی سی ته‌قه‌یان لێده‌کرێ! هاورێیانی ئێمه 5 که‌س ده‌بن. ته‌نها یه‌کێکیان به ناوی ئاواره مه‌جید به برینداری ده‌که‌وێته ده‌ستیان که دواتر و دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه له زیندانی ئاسایش ئازاد ده‌کرێ. هاورێیان هاوکار محمد و هاوڕێ لطیف هه‌ر له‌وێدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. هاورێ که‌ریم محمد مسته‌فا به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه دوای ماوه‌یه‌کی کورت گیان له‌ده‌ست ده‌دات. به‌ڵام هاورێ عبدلباسط که شۆفێری ئۆتۆمبیله‌که بوو کاتێك دێته ده‌ره‌وه‌و ده‌ستیش به‌رزده‌کاته‌وه ته‌قه‌ی لێده‌که‌ن و ده‌یکوژن.
ئه‌م تاوانه درندانه‌یه‌ی یه‌کێتی به فه‌رمانده‌یی نه‌وشیروان مسته‌فا به رۆژی رووناك و به‌به‌رچاوی خه‌ڵکی ترساوی گه‌ڕه‌کی عه‌قاری سلێمانیه‌وه ئه‌نجامدرا! به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا که شاره‌زای پیلانگێرێ و کوشتن و پاکتاوکردنی نه‌یارانی سیاسی حیزبه‌که‌ی بوو، وه له‌وباره‌وه هه‌م جێگای متمانه‌و رێز‌و ستایشی تاڵه‌بانی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ئاسه‌وارێك له تاوانه‌که‌یان به‌و شوێنه‌وه جێنه‌مێنێ، هه‌موو پێداویستیه‌کی ئاماده‌کردبوو بۆ پاکردنه‌وه‌و شۆردنی شه‌قامه‌که و دوورخستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌کان وه‌کو ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژاندنه‌وه‌و فریاکه‌وتن! هه‌روه‌کو کامێراشیان ئاماده‌کردبوو بۆ وێنه‌گرتنی ئه‌و کرده‌وه قێزه‌ونه‌یان تا هه‌م له ئه‌رشیفی تاوانه‌کانی خۆیاندا بیپارێزن و هه‌م کۆپیه‌کیشی ئاراسته‌ی ئه‌و لایه‌نانه بکه‌ن که داوایان لێکردبوون بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکه” نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئاینی”یه! هه‌روه‌کو دواتر ده‌رکه‌وت که یه‌کێك له کۆپیه‌کانی ئه‌و وێنانه‌یان بۆ جمهوری کۆنه‌په‌رستی تیرۆرپه‌روه‌ی ئیسلامیی ئێران ره‌وانه کردبوو تا دڵنیایان بکه‌ن له به‌جێ گه‌یاندنی فه‌رمانه‌که‌یان! ئه‌وانیش له رۆژنامه‌ی (کیهان و بهار)ی چاپی ئێرانه‌وه سوپاسی ئه‌و خۆشخزمه‌تیه‌یه‌ن کردن!
به‌مجۆره یه‌کێتی نیشتمانی ئێواره‌ی رۆژی 14/7/2000ی ته‌واوکرد. دوای تێپه‌ڕبوونی 1-2 سه‌عات به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه قێزه‌ونه‌یاندا، وه‌فدێکی ئاسایش لوتبه‌رزانه ده‌چنه باره‌گای رابه‌ری حیزب و داوای ئه‌وه ده‌که‌ن که “هه‌نگاوه‌کانی رێکه‌وتنه‌که”ی نێوان نه‌وشیروان و وه‌فدی حیزب جێبه‌جێ بکه‌ن! به‌ڵام دیاره نه‌وشیروان دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه ئیتر خۆی به سه‌رکه‌وتوو ده‌زانی و خۆی پابه‌ند نه‌ده‌بینی به‌هیچ شتێکه‌وه بێجگه له جێبه‌جێکردنی پیلانه بۆگه‌ن و ره‌زیله‌که‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی حیزب. بۆیه مه‌سه‌له‌ی گواستنه‌وه‌ی باره‌گای رابه‌ری حیزب له گرده‌که‌ی علی ناجی ته‌نیشت ماڵه‌که‌ی خۆی بۆ گرده‌که‌ی زه‌رگه‌ته که باره‌گای رادیۆی حیزبی لێ‌بوو گۆڕابوو به لیستکردنی ژماره‌ی چه‌که‌کانی ناو باره‌گاکانی حیزب و ته‌سلیمکردنی به‌شێك له چه‌که‌کان و دانانی به “ئه‌مانه‌ت!” لای ئه‌وان ، ته‌نها ده‌بوو چه‌ند چه‌کێك بۆ پارێزگاری ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حیزب و هه‌رسێ باره‌گاکه( واته باره‌گای رابه‌ری و کۆمیته‌ی سلێمانی و رادیۆی سه‌راسه‌ری حیزب) لای خۆمان بمێنێته‌وه! ئه‌مه له‌کاتێکدا هێشتا گه‌مارۆی باره‌گانی ئێمه به‌رده‌وامه و هێزه‌کانی ئاسایشی یه‌کێتی له ده‌وری باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری حیزب و مه‌کته‌بی سیاسی و کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب نه کشابونه‌وه.
من ئه‌وشه‌وه له کۆمیته‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ هاورێیاندا مابومه‌وه و هاوکاتیش گه‌مارۆ درابووین له‌لایه‌ن هێزه‌کانی یه‌کێتی و ئاسایشه‌که‌یه‌وه. ئێمه هه‌رچاوه‌رێی ئه‌وه بووین که کاتێك په‌لامارمان بده‌ن و خۆمان بۆ به‌گریکردن له‌خۆمان ئاماده‌کردبوو، هه‌روه‌کو رێگای پاشه‌کشه‌شمان دیاری کردبوو. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی که چه‌ند که‌سمان ده‌یتوانی ده‌ربچێت یان نا، کاتێك ئه‌وان هه‌موو ده‌وروبه‌رو سه‌ربانه‌کانیشیان لێگرتبووین، ئه‌وه که‌س نه‌یده‌توانی پێشبینیی بکات.
دره‌نگانێکی شه‌و هاوڕێ فوئاد صادق هات و هه‌واڵی ئه‌و تاوانه‌ی یه‌کێتی پێ راگه‌یاندم. به‌ڵام هێشتا دڵنیا نه‌بووین له‌وه‌ی که ئایا چه‌ند که‌سیان کوژراون و چه‌ندیان سه‌لامه‌تن! هاوکاتیش ئاگاداری کردم که پاش که‌مێکی دیکه سه‌رکه‌وتی کوبه، به‌رپرسی ئاسایشی سلێمانی یه‌کێتی دێت بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی چه‌که‌کانی باره‌گای کۆمیته لیست بکات. من زۆر ناره‌حه‌ت بووم. راستیه‌که‌ی من چاوه‌رێی ئه‌وه‌بووم ئه‌و هاورێیانه بێنه‌وه به دوامدا نه‌ك هه‌واڵی تیرۆرکردنیان ببیستم! بێجگه له‌وه‌ی که چه‌ند سه‌عاتێك له‌وه‌پێش له‌گه‌ڵ مندابوون و به‌گیان پارێزگاری‌یان لێده‌کردم. چاوم به‌رایی نه‌هێنا سه‌رکه‌وتی کوبه‌و باقی تیرۆریسته‌کانی هاورێی ببینم، بۆیه داوام له یه‌کێك له هاورێیانی دیکه کرد که لیستی چه‌که‌کانی ته‌سلیم بکه‌ن.
رۆژی دواتر، واته 15ی مانگ، من هه‌ر له‌کۆمیته‌ی سلێمانی مابوومه‌وه. هاوڕێ تایه‌ر حه‌سه‌ن و چه‌ند هاوڕێیه‌کی دیکه هاتن بۆ کۆمیته‌ی سلێمانی. که‌سوکاری هاوڕێ (هاوڕێ لطیف) که گومانیان هه‌بوو هاوڕێ شتێکی به‌سه‌ر هاتبێ، هاتبوون بۆ کۆمیته و چاوه‌ڕێی هه‌واڵێکیان ده‌کرد. چه‌ند سه‌خت بوو که به‌وشێوه‌یه ئه‌وانمان ده‌بینی! نه‌شمان ده‌توانی ئه‌و هه‌واڵه سه‌خته‌یان پێبده‌ین. ناخی خۆمان ده‌خوارده‌وه. هه‌ر ئه‌وکاتانه بوو که هه‌واڵی داگیرکردنی (سنه‌ته‌ری به‌رگری له مافه‌کانی مناڵان) یان له لایه‌ن چه‌کبه‌ده‌سته‌کانی ئاسایشی یه‌کێتیه‌وه پێ راگه‌یاندین. چه‌ند مناڵێکی بێسه‌رپه‌رشت که لای سه‌نته‌ر ده‌پارێزران، به شه‌ق ولێدان ده‌رکرابونه ده‌ره‌وه‌و یه‌کێکیان خۆی گه‌یاندبوه باره‌گای کۆمیته! ده‌وری نیوه‌ڕۆی 15ی مانگ من و تایه‌ر و چه‌ند هاورێیه‌کی گروپی پارێزگاری رابه‌ری چووین بۆ باره‌گای رادیۆ له گرده‌که‌ی زه‌رگه‌ته.
شه‌وی 15/16 ئێمه باره‌گای رادیۆشمان جێهێشت و چوینه ماڵی یه‌کێك له دۆسته‌کانی حیزب. به‌شێك له هاورێیانی رابه‌ری هه‌ر له باره‌گای رابه‌ری مابوونه‌وه. هه‌رچه‌نده که گه‌مارۆی سه‌ر باره‌گاکان هه‌ڵنه‌گیرابوو، به‌ڵام رێگای هاتوچۆمان کرابۆوه. هه‌ندێ هاورێ و دۆستی حیزب و که‌سوکاری هاورێیانمان بۆ ئاگاداربوون له وه‌زعی حیزب و زانینی هه‌واڵی حیزب سه‌ردانی باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی و رابه‌رییان ده‌کرد.
سه‌رله‌به‌یانی 16/7، ئاگاداریان کردین که وه‌زاره‌تی ناوخۆ داوای کردوه وه‌فدێکی رابه‌ری ئێمه سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بکات. ئه‌وکات مسته‌فای سه‌ید قادر وه‌زیری ناوخۆی یه‌کێتی بوو. دکتۆر خه‌سره‌و گوڵ محمدیش به‌رپرسی ئاسایشی گشتی بوو، ئه‌م دوو که‌سه ده‌وری سه‌ره‌کییان بینی له‌گه‌ڵ نه‌وشیرواندا له ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه قێزه‌ون و ترسنۆکانه‌یه‌دا!
هه‌رچه‌ند من پێم باش نه‌بوو که وه‌فدی ئێمه بچێت بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، چونکه ئه‌وان بێجگه له‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامیان دابوو هیچ رێزێکیان بۆ قسه‌کانی خۆشیان دانه‌ده‌ناو هه‌موو ئه‌و رێکه‌وتن و قسانه‌یان ده‌خسته ژێر پێ که له‌گه‌ڵ وه‌فده‌کانی ئێمه‌دا کردبونیان، به‌ڵام به داخه‌وه مه‌کته‌بی سیاسی بڕیاری دا که وه‌فدی ئێمه بچێت بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ تاووتوێ کردنی ته‌واکردنی باری عه‌مه‌لی گواستنه‌وه‌ی باره‌گاکان و رێکه‌وتن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ته‌واوکردنی ئه‌و کێشه‌یه.
وه‌فدی ئێمه پێکهاتبوو له هاورێیان تایه‌ر حه‌سه‌ن، سامان کریم و فوئاد صادق که بڕیار بوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ کۆببنه‌وه. کاتێك وه‌فده‌که‌ی ئێمه ده‌گه‌نه وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ده‌یانبه‌ن بۆ شوێنی دیاریکراو، به‌ڵام هه‌ڵسوکه‌وتی مسته‌فای سه‌ید قادر و خه‌سره‌و گوڵ محمد ئاسایی نابێت و بۆ ماوه‌یه‌ك دێن و ده‌چن بێئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵیان دابنیشن. له‌و کاته‌دا دیاره چه‌کداره‌کانی ئاسایش په‌لاماری هاورێیانی پارێزگاری هاوڕێیانی رابه‌ریی ئێمه ده‌ده‌ن و به شێوه‌یه‌کی وه‌حشیانه هه‌وڵی چه‌ك کردنیان ده‌ده‌ن. پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان چه‌ك ده‌که‌ن ئینجا جه‌نابی وه‌زیر به ئه‌ندامانی وه‌فده‌که‌ی ئێمه ده‌ڵێ: “ئێوه لای ئێمه میوانن!” و به‌وشێوه‌یه یه‌کێتی شێوازێکی نوێی هێنایه کایه‌وه له په‌یوه‌ندی گفتوگۆی نێوان ئه‌حزاب، ئه‌ویش به بارمته گرتنی وه‌فدی حیزب بوو!
نه‌ك هه‌ر به‌بارمته‌گرتنی وه‌فدی رابه‌ری حیزب ، به‌ڵکو یه‌کێتی نیشتمانی به فه‌رمانده‌یی مه‌یدانی نه‌وشیروان، پاش تیرۆرکردنی هاورێیانی ئێمه ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌رمه‌کانیشیاندا گرت. ته‌نانه‌ت ته‌رمی هاورێ ئومێد نیکبین که له‌ناو باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزب‌دا گیانی له‌ده‌ستدابوو وه به‌ناوی گه‌یاندنی بۆ (طب عدلی) وه‌ریان گرتبوو، له‌گه‌ڵ ته‌رمی ئه‌و هاورێ یانه‌دا که له‌ناو لاندکرۆزه‌ره‌که‌دا تیرۆریان کردبوون، ده‌ست به‌سه‌ردا ده‌گرن و نایده‌نه‌وه به حیزب و به که‌سوکاریان.
وه‌زیری ناوخۆ و به‌رپرسی ئاسایش به وه‌فده‌که‌ی ئێمه ده‌ڵێن که ئێوه کاتێك ئازاد ده‌بن که هه‌موو باره‌گاو چه‌کدارو رابه‌ری و کارمه‌ندانی ناو باره‌گاو کۆمیته‌کانتان له سلێمانیدا نه‌مێنن! ده‌مه‌و ئێواره فوئاد صادق هات بۆ لای ئێمه‌و له داواکه‌ی یه‌کێتی ئاگاداری کردین. ئه‌ویشیان ته‌نها بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه به رابه‌ی حیزب ئازادکردبوو. ئه‌وه‌بوو مه‌کته‌بی سیاسی بڕیاری دا که سه‌لامه‌تی گیان هاوڕێیانی رابه‌ری حیزب له باره‌گاو بنکه‌کانی حیزب گرنگتره‌و هه‌ر به فوئاددا جوابمان بۆ ناردنه‌وه که ئێمه داواکه‌یان قبوڵ ده‌که‌ین به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه ئازاد بکه‌ن. ئه‌وه‌بوو هه‌ر ئه‌و شه‌وه ئه‌ندامانی وه‌فده‌که‌ی ئێمه ئازاد کران. به‌ڵام هه‌ر له‌وکاته‌دا که ئه‌و هاوڕێیانه ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوون، هێزه‌کانی ئاسایشی یه‌کێتی په‌لاماری باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری و کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب ده‌ده‌ن و ئه‌و چه‌ند هاورێیه‌ی که بۆ پارێزگاریی باره‌گاکان مابونه‌وه دیل ده‌که‌ن و باره‌گاکانیش تاڵان ده‌که‌ن.
هاوکات یه‌کێتی ترسی له توڕه‌یی هاورێیان و دۆستانی حیزب و که‌سوکاری هاوڕێیانی گیان به‌ختکردوو هه‌بوو، له‌ولاشه‌وه ئه‌م تاوانه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئازادیخوازی سلێمانی به تایبه‌تی وکوردستان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی جێگای نه‌فره‌ت و بێزلێکردنه‌وه بوو. بۆیه سه‌رباری ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ته‌رمی هاورێیان له‌ترسی ئه‌وه‌ی که مه‌راسیمی ناشتنیان نه‌کرێته بۆنه‌یه‌کی ئیدانه کردن و ریسواکردنی یه‌کێتی، هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان کرد که ئه‌گه‌ر هه‌ر خۆپیشاندانێك له‌لایه‌ن ئێمه‌وه به‌وبۆنه‌وه ساز بکرێ وه‌کو مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمی عوسمانی قاله منه‌وه‌ری لێده‌که‌ن. ئه‌وه‌بوو له‌و مه‌راسیمه‌دا یه‌کێتی ته‌قه‌ی له خه‌ڵك کرد‌و 13 که‌سی له‌و خه‌ڵکه کوشت که به‌شداربون له مه‌راسیمی ناشتنی ناوبراودا!
ئه‌وه‌بوو ته‌نها 2 رۆژیان دانا بۆ چۆڵکردنی باره‌گای رادیۆ، چونکه باره‌گای رابه‌ری و کۆمیته‌ی سلێمانی داگیرکرابوون و تاڵان کرابوون. هه‌روه‌ها خه‌سره‌و گوڵ محمد ی به‌رپرسی ئاسایشی گشتی یه‌کێتی جوابی ناردبوو که نابێ هه‌ریه‌که له تایه‌ر حه‌سه‌ن و ناسك ئه‌حمه‌د و محسن کریم له سلێمانیدا بمێنن. داواکه‌یان ئه‌وه‌بوو که ده‌بێت ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ باره‌گاو کادرو کارمه‌نده‌کانی باره‌گاکانی حیزب‌دا شار به‌جێ بێڵین! ئه‌مه له‌کاتێکدابوو که زیاتر له 120 کادرو کارمه‌ندی باره‌گاکانی حیزب و دۆستی حیزب که له رۆژانی 13 و14ی مانگه‌وه ده‌ستگیرکرابوون له ناو زیندانی ئاسایشی سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌رکرابوون. دوای چه‌ند رۆژ له داخستنی هه‌موو باره‌گاکانی حیزب و نه‌مانی هه‌ڵسوڕانی عه‌له‌نی حیزب له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی ئینجا ئازادکران!
یه‌کێتی نیشتمانی هه‌ر به داخستنی باره‌گاکانی حیزب و سه‌نته‌ری پارێزگاری له مناڵانه‌وه نه‌وه‌ستا به‌ڵکو له رۆژی 21/7دا په‌لاماری باره‌گای رێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان ده‌ده‌ن و داگیری ده‌که‌ن و که‌لوپه‌له‌کانی تاڵان ده‌که‌ن و ئه‌و ئافره‌تانه‌شی که له ترسی مه‌رگ په‌نایان به رێکخراو بردبوو له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانی باره‌گای رێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تان ده‌ستگیر ده‌که‌ن و ئه‌وانیش ره‌وانه‌ی زیندانه‌کانی ئاسایش ده‌که‌ن. پاشان په‌سه‌وانه‌کانی باره‌گاکه له‌گه‌ڵ باقی هاورێیانی ده‌ستبه‌سه‌ردا ئازاد ده‌که‌ن. ئه‌و ژنانه‌ش که له‌وێ بوون له ئاسایشه‌وه ده‌گوازنه‌وه بۆ رێکخراوێکی ژنانی سه‌ر به‌یه‌کێتی و چه‌ند رۆژ تێنه‌په‌ڕی که یه‌کێك له‌و ژنانه با ناوی نه‌سرین عزیز له‌لایه‌ن که‌سوکاریه‌وه دۆزرایه‌وه‌و تیرۆر کرا!
به‌مجۆره نه‌وشیروان پیلانی قێزه‌ونی یه‌کێتیی له دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تا دوائاکامه‌کانی گه‌یاند! واته قاچاخکردنی حیزب له ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی، ئه‌وه‌ی که پێشتر نه‌یانتوانی له‌رێگای دادگاوه ئه‌نجامی بده‌ن! یه‌کێتی نه‌یتوانی ئه‌وه‌ی که ده‌یوسیت به به‌ردێك دوو چۆله‌که بکوژێ، به‌ئاکام بگه‌یه‌نێت؛ واته هه‌م حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی قه‌ده‌غه بکات وهه‌م روخساری دیموکراتیکی خۆشی دره‌وشاوه بکات! ته‌نها یه‌ك چۆله‌که‌ی بۆ کوژرا به‌ڵام به‌نرخی ره‌شبوونی روخساری ته‌نانه‌ت لای دۆسته‌کانی خۆشی!