لەگەڵ ئین ئار تی، تەوەرەی ١٩/٦/٢٠١٧

 

ئایا بە ڕێککەوتنی دوو لایەنی سیاسی پەرلەمان کارا دەبێتەوە؟

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەمانای دوبارە دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی و گەرانەوەی ئەندامەکانی بۆ بینای پەرلەمان، کارێکی سادەو پێشبینیکراوە. بێگومان دولایەن کە ژمارەی ئەندام پەرلەمانەکانیان نیوە زیاتر بێت، بەپێی خودی یاسای پەرلەمان دەتوانن پەرلەمان کارا بکەنەوە، بەڵام لەدۆخی هەرێمی کوردستاندا پەرلەمان بەبێ بەشداری حزبە دەسەڵات بەدەستەکان ئەگەر بکەوێتە گەریش هیچی پێناکرێت و ناتوانێ هەنگاوێ بنێت و هیچ یاسایەک دەربکات بۆ کارپێکردن… بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا پەرلەمانی حزبی لە کوردستاندا حزبە دەسەڵات بەدەستەکان وەکو ئامرازێک بەدەستیانەوەیەو هەر ئەوانیش دەتوانن شەلەل یان دایبخەن و بیکەنەوە. دیارە  پارتی و یەکیتی دەتوانن بەیەکەوە پەرلەمان بخەنەوە ئیش، بەڵام پارتی کە هێزی یەکەمی دەسەڵات بەدەستی کوردستان و هێزی وەجوڵەخستن و راگرتنی دۆسیەو فایلەکانە، بریاری یەکلاکەرەوەش لەدەستی خۆیدایە. هەر کاتێک پەرلەمانی پێویست بوو دەتوانێ دەرگاکەی بکاتەوە و هەرکاتێکیش لە مەئموریەتی پارتی سەربزێوی کرد و گوێ رایەڵ نەبوو دایدەخات.

لە ئێستادا کردنەوەی دوبارەی دەرگای پەرلەمان، بۆتە پێویستیەک بۆ پارتی، دیارە دەتوانێ لەگەڵ یەکێتی و یان دوو حزبی تری هاوبازنەی خۆی پەرلەمان بخاتەوە گەر، بەڵام پارتی نایەوێ دەست بۆ کارێکی لەوچەشنە ببات، و دەیەوێت بەرپرسیاریەتی پەرلەمان دابەشی سەر زوربەی هێزە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بکات، بەتایبەتی ئەو حزبانەی لەجەنگ و دەعوای پەرلەماندا، رۆڵیان بینیوە. لە ئێستادا کە پرسی ریفراندۆم لەلایەن پارتییەوە هێنراوەتە گۆڕ، پارتی دەیەوێت کەڵک لەو فایلە وەربگرێت و لەرێگایەوە پەرلەمان بخاتەوە گەر و هێزەکانی تریش تیایدا بەشداری پێ بکات، بە تایبەتیش بزوتنەوەی گۆران. مەبەستیشی ئەوەیە دەنگی “نا” بزوتنەوەی گۆران بکات بە “بەڵێ” و لەرێگای پەرلەمانەوە بریار لەسەر ریفراندۆم بدرێت و بەو هەنگاوەش هەموو حزبەکانی کوردستان بکاتە بەشدار لە پرسێکدا کە سەرەداوە سەرەکیەکە لەدەستی خۆیدایە. وە بەرپرسیاریەتی هەر پێشهات و روداوێک بخاتە سەر شانی هەموویان و بەرپرسیاریەتی خۆی لەبەرامبەر رای گشتی و فەرمیدا، رەسم بکات. پرسی ریفراندۆمیش، کە پرسێکی هەستیارە و ریشەی لە کیشەی خەڵکی کوردستاندایە، پەیوەستە بە یان پرۆسیسێکە لە چوارچێوەی هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتدا، هیچ حزب و لایەنێک نەک لەدژی ناوەستێتەوە، بەڵکو هەموویان بە هەر ئەمماو ئەگەرێکەوە، دەچنە پشتی. دیارە کاتی ریفراندۆمیش بەو جۆرەی راگەیەنراوە، چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمە، بۆیە وەستانەوە بە رووی ریفراندۆمدا خۆکوژی سیاسییە، دیارە پارتی بۆیە ئەو کاتەی لا گونجاو بووە، بۆ ئەوەی دوبارە هیزی خۆی سازبداتەوە و بە فایلی ریفراندۆم و دەنگی بەڵی خەڵکی کوردستاندا لەو ریفراندۆمەدا، پایەی نفوزی خۆی زیاتر بکات و لەو رێگایەشەوە دەسەڵاتدارێتی خۆی بۆ دەوریەکی تر قایمتر بکات و حزبەکانی کوردستانیش لەدەورو فەلەکی سیاسەتەکانی خۆیدا، رابگرێت. لەگەڵ ئەوەدا پارتی لەگەڵ یەکێتی دەتوانی پەرلەمان کارا بکاتەوە، بەڵام تەماحەکانی پارتی لەوە گەورەترە پەرلەمان بە بێ بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکان دەست بۆببات. بۆیە لەژیر چەتری بانگەشەی ریفراندۆمدا هەموویان پەلکێشی، چادری دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی خۆی، لە رێگای پرسێکی هەستیارەوە دەکات. کارا کردنەوەی پەرلەمانیش لە لایەن پارتییەوە کە هەر خۆی پێشتر دەرگاکەی کڵۆم دا، ئەو راستیە نیشان دەداتەوە، کە پەرلەمان لە جیگای دەزگاو دامەزراوەیەکی یاسایی و حقوقی، کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵ، ماشێنێکی تەواو عەیار حزبی و بوكەڵەیەکە بۆ ویستی رۆژ و حزبی… ئەم جارە بۆ ریفراندۆم پێویستیانە و پاشانیش دیار نییە کەی دەرگاکەی دادەخەنەوە، یان چۆن دەیکەنەوە بە گوێڕایەڵی بریارو هەڵوێستی حزبی دەسەڵات بەدەستە خۆسەپێنەکان. لەکۆتایدا ماوە پێداگری لەو راستیە بکەمەوە، کە هەرگیز کۆمەڵگەی کوردستان و هەرێم پەرلەمانی یاسایی و واقعی تیا نەبووە، و سەرباری هەڵبژاردنەکان و بوونی ئەندام پەرلەمانەکان، پەرلەمان تەنها دەزگایەکی فریوکاری و چەواشەکارییە بۆ شێواندی رای گشتی و دنیای فەرمی دەرەوە. ئەندام پەرلەمانەکانیش ئەندامی پەرلەمانێکن کە لە دنیای واقعیدا بوونی نییە و تەنها موچەخۆرن بە تامی پەرلەمان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٧/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *