لەیادو بیرەوەری پڕ شکۆداری راپەرینی دووەمی ١٧/٧/١٩٩١ لەشاری هەولێردا

نووسینی: کەریم کەریم

کات ئێوارە بوو، ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ڕێکخراو بوون و لە ئامادە باشی دابوون بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوان و خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە شاری هەولێردا، لەگۆڕەپانی پاسەکانی پشت پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان ئەویش لەبەر دوو هۆکار بوو:

یەکەمیان: ئیسپات وجودی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی لەگۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا.

.دووەمیان: دەرکردنی هەموو هێز و دام و دەزگایەکانی ( حزبی بەعسی فاشیزمی عێراق ) لەکوردستاندا.

ڕابەران و هەڵسوراوانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە زۆربەیان پێکهاتبوون لە ئەندامانی (یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاری، ڕەوتی کۆمۆنیست، سەرنجی کرێکار، بزووتنەوەی شورایی، یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی ئەەدەب و هونەری کرێکاری و …هتد ). لەپێش وەختدا چەندین لافیتە و بەیاننامە و چەندین کاری جدی و عەمەلی بۆ ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکە ساز و ئامادە کرابوو. هەر لەگۆڕەپانی پاسەکان بەسەدان خەڵکی شاری هەولێر شانبەشانی ڕابەڕان و هەڵسواڕاوانی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکە حوزور و ئامادە ببوون. لەکاتی دیاریکراودا دەسکرا بەڕێپێوان و خۆپیشاندان بەناو شەقامی(شێخ اللە)دا. خەڵکی کرێکار و کاسبکار و جەماوەری شاری هەولێر بەجۆش و خرۆشێکی زۆر گەرمەوە بە شەپۆل دەهاتنە نێو ڕیزی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکە و چەندین هوتاف و دروشم و شیعاری لەجەشنی بژی (ئازادی، یەکسانی ، حکومەتی کرێکاری) لەنێو خۆپیشاندەران دەوترایەوە. تا کار بەوە گەیشت نەسەرەتا و نەکۆتایی خۆپیشاندانەکە دەبینرا و بەهەزارەها خەڵک لەدەوری ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکە ئامادەییان هەبوو لەنزیک چواڕیانی باغی شاردا. ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەردەوام بوو لەڕۆیشتن و هەنگاوی دەنا بەرەو شەقامی بازاڕی سیروان و تا  لەچواڕیانی کۆتری سەلامدا روبەڕووی هێزێکی چەکداری زۆر گەورەی (ینک) بوونەوە بەناوی هێزی ١٠ی دەشتی هەولێر کە لەلایەن (ڕێباز) لێپرسراو و فەرماندەی ئەو هێزە بوو. ئەو هێزەی (ینک) ویستی ڕێگری لەڕێپێوان و خۆپیشاندەرانی بگرێت و خودی فەرماندەی هێز( ڕێباز) قسەی لەگەڵ ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی کرد و وتی(( ئەگەر ئێوە بەردەوام بن لەڕێپێوان و خۆپیشاندان، ئەوا حکومەتی عێراقی بەهەموو جۆرە چەکێک روبەڕووتان دەبێتەوە و لەم نێوەدا تووشی کوشتن و بریندارێکی زۆر دەبن. ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگری لەئێوە ناکەین و خۆتان ئازادن لەبەردەوام بوونتان)). بەڵام ڕابەران و هەڵسوڕاوان و جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری هەولێر هیچ گرنگی و گوێیان بەقسەکانی (ڕێباز) نەداو و ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەردەوام بوو بەناو شەقامی باتا بەتین و گڕێکی زۆرەوە هەنگاوی دەنا. کاتێک ڕێپێوان و خۆپیشاندەران ویستیان بەناو شەقامی قەڵا هەنگاو بنێن، ئەوا یەکسەر دەستکرا بەغازی فرمێسک ڕشتن بەنێو خەڵکدا کە لەلایەن هێزەکانی حزبی بەعسی فاشیزمی عێراق و بەپاڵپشتی هێزە چەتەکانی بەرەی کوردستانی بەکارهێنرا، بەڵام جەماوەری خۆپیشاندەران بەحەماسەتێکی شۆڕشگێر و لەخۆبووردییەوە هەر بەرەو پێشەوە هەنگاوی دەنا و تا لەئەنجامدا دەست کرا بەشەڕ و تەقەکردنێکی زۆر سەخت و دژوار لەنێوان جەماوەری خۆپیشاندەران و هێزەکانی دکتاتۆری (سەدام حسێن)دا بەیارمەتی هێزە چەتەکانی بەرەی کوردستانی. ئامانج و داخوازی ڕێپێوان و خۆپیشاندەران ئەوە بوو بەهەر شێوەیەک بێت بگەنە بینایەی نوێی پارێزگای هەولێر چونکە لەبینایەی نوێی پارێزگای هەولێردا دانووستان و کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورە هەبوو لەنێوان سەرانی بەرەی کوردستانی و گەورە لێپرسراوانی حکومەتی دیکتاتۆری (سەدام حسێن)دا. وەهەروەها مەبەستی خۆپیشاندەرانی شاری هەولێر ئەوە بوو هەردوو بینایەی ئاسایشی گشتی و بینایەی نوێی پارێزگای هەولێر بەچەک و ئەفرادەکانییەوە دەستی بەسەردا بگیرێت و تەسلیم بەئیرادەی جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری هەولێر ببێت، بەڵام لە بینایەی پارێزگای هەولێردا بەچەکی (بی کەی سی و دۆشکە و جۆرەها چەکی تر) لەدژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا بۆئەوەی بەرگری لەخۆیان بکەن و خۆیان دەرباز بکەن و ڕابکەن لەناو بینایەکەدا. سەرەڕای ئەوەش چەندین سەیارەی سەربازی و تانک و زریپۆش لەپێش بینایەی پارێزگای هەولێر وەستا بوو بەمەبەستی ئەوەی لەلایەک دەسڕێژی لەخۆپیشاندەرانی دەکرد و لەلایەکی ترەوە دەیانویست بەرگری لەلێپرسراوانی سەرانی بەرەی کوردستانی و کاربەدەستانی حزبی بەعسی فاشیزم بکەن و دەربازیان بکەن. تا لەئەنجامدا ئەفرادەکانی ناو بینایەکەدا بەدەرگای پشتەوە ڕایانکرد و دەربازیان بوو. هەردوو بینایەکە لەلایەن جەماوەری شاری هەولێرەوە دەستی بەسەردا گیراو و کۆنترۆڵ کرا. بەڵام دەبێ بۆ مێژوو ئەو ڕاستییە بڵێین کە مەفرەزەیەک لەپێشمەرگەکانی (حزبی شیوعی عێراق)ی دەور و کاریگەرێکی بەرچاوی بینی کەهاتنە نێو ڕیزەکانی خۆپیشاندەران و بەچەکی (ئار بی جی و بی کەی سی و دۆشکە و جۆرەها چەکی تر) بۆردومانێکی زۆر خەستی بینایەی پارێزگای هەولێری کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی شاری هەولێر لەلایەن جەماوەری شاری هەولێرەوە حکومەتی فاشیزمی عێراق دەستی کرد بەبۆردومانکردنی ئەم شارە بەتۆپ و هاوەن لەسەربازگەی فەیلەقی (٥)دا. تا لەکۆتاییدا حکومەتی دیکتاتۆری (سەدام حسین) بەیەکجاری دام و دەزگاییەکانی خۆی لەکوردستان کێشایەوە. بەڵام زۆر بەداخەوە چەندین ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی و چەندین خەڵک لەخۆپیشاندەران بەدەستڕێژی چەتەکانی سەرانی بەرەی کوردستانی و حزبی بەعسی فاشیزمی عێراق کوژران و بریندار بوون، هاوڕی ئاراس(ئەرسەلان مەولود) یەکێک لەوانە بوو، کە ژیان و ڕوح و خوێنی بەخشی لەپێناوی ئازادی و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕۆژی دواتر (جەلال تالبانی) سکرتێری(ینک) هاتە سەرسەکۆی بینایەی پارێزگای هەوڵێر و وتاری خۆیدا و بەدەسکەوت و قازانجی ئەحزابی میلیشیای ناسیونالیستی کوردستان شکایەوە، ئەویش لەدەرئەنجامی غیاب و نەبوونی حزبێکی پێشڕەو و شۆڕشگێر بۆ چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان. ڕۆژی دواتر واتە لەڕێکەوتی (١٩٩١/٧/١٨)دا شاری سلێمانی بەهەمان شێوە لەسەردەستی ڕابەڕان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری سلێمانی ئازاد کرا و  لەهەموو دام و دەزگایەکانی حوکمەتی دیکتاتۆری (سەدام حسێن)دا پاک کرایەوە.

بەرز و بەڕێز بێت لەیاد و بیرەوەری پڕشکۆداری ڕاپەڕینی دووەمی (١٩٩١/٧/١٧،١٨) لەشاری هەولێر و سلێمانی دا.

بەرز و بەڕێز بێت لە هاوڕێیان و خۆپیشاندەرانی گیان بەختکردووی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٧ دا، بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *