دژی موزایەدەی پێنج حزبەکە

حەمە غەفور:

پرسی ڕیفراندۆم لە لایەن پێنج حزبەکەوە کراوەتە مەیدانی ململانێی حزبی و هەمو لایەکیان وەکو کارتێکی سیاسی بەرانبەر یەکتر سەیری دەکەن، وە بۆ موزایەدە کردن بەسەر بۆ نمونە، مەسەلەی بڕینی موچە و نەبونی خزمەتگوزارییەکانەوە و کەمتر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەکو مەسەلەیەکی جددی خەڵکی کوردستان وێناکراوە لە گوتاری سیاسییاندا. ئەم حزبانە هەمویان کەم تا زۆر بە ئێستاشەوە لە حکومەتی هەرێمدا بەشدارن و ڕۆڵیان بوە لەو بارودۆخە خراپەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێنراوە و ناتوانن بە خەتابارکردنی پارتی بێ بەری بونی خۆیان لەم ڕۆڵە خراپەیان پاساوبدەن. هەر پێنج حزبەکە هەر یەکەیان بە گوێرەی ڕۆڵیان لەم ئەزمونە ٢٦ ساڵەدا هاوبەشن و لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێ خۆدزینەوەیان بۆ بچێتەسەر.

خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و زەرەرمەندی دەستی دەسەڵاتی گەندەڵ و شکستخواردوی ئەم حزبانە موزایەدەی هیچ لایەکی ئەم حزبانە قبوڵناکەن. بەڵکو بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بۆ بەدیهێنانی مافەکان و خواستەکانیان درێژەئەدەن چ ئێستا و چ دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆییش. وە لە هەمان کاتیشدا بە جددییەتێکی پێویستەوە دەڕواننە ڕیفراندۆم و چۆنێتی ئەنجامدانی و دواتریش بە وردی چاودێری هەڵس و کەوتی ئەم حزبانە و شێوازی دەستپێکردنی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن.

بەمپێیە خەڵکی کوردستان مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییان لە دیدگای ئەو حزبانەوە وەرنەگرتوە و چەندین نەوەی ئەم کۆمەڵگایە قوربانی گەورەیان داوە لەو پێناوەدا و بێگومان سوک و ئاسان نە دەستبەرداری مەسەلەی سەربەخۆیی دەبن و نە ڕێگاش ئەدەن پرسی ڕیفراندۆم بکرێتە کارتی سیاسی دەستی ئەم حزبانە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان. کێشە و ناڕێکی ئەم حزبانە تەنیا خۆیان لێی بەرپرسیارن و نابێ ڕێگابدرێ پێیان ڕاستکردنەوە و چاککردنەوەی ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی سازدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.

لە پرسی ڕیفراندۆمدا سەرجەمی حزبەکان و حکومەتی هەرێمیش دەبێ ملکەچی بڕیاری خەڵکی کوردستان بن و جەدەلی سیاسی و جیاوازییەکانی نێوان ئەو حزبانە نابێ ببێتە کۆسپ و ڕێگری بەردەم سەرخستنی ڕیفراندۆم و هەوڵە دروستەکان لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا.

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *