ژووری عەمەلیات…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی میدیایی و لێدوانی چەند ئەندام پەرلەمان و نووسەران… پارتی ژورێکی عەمەلیاتی بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهێناوە. ئەم ژووری عەمەلیاتە کارەکەی ئەوەیە کە ناوی نووسەران و رۆشبیران و ئەو کەسایەتیە سیاسیانەی کە ناکۆکن بە سیاسەتی پارتی و بەدیاریکراوی لەگەڵ ریفراندۆمەکەی پارتی نین، یان روانین و دیدی تریان لەسەر ریفراندۆم هەیە، بزرێنن و سوکایەتیان پێ بکەن و لە کەسایەتیان بدەن. دیارە لیستێک لە وینەی ئەو نووسەر و کەسایەتیانەش بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا پارتی هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو ژووری عەمالیاتە رانەگەیاندووە، بەڵام نووسەران و جڵەو ئازاد و موچەخۆر، مۆڵەتپێدراو کڕدراو، لەگەڵ زۆریك لە کادرو بەرپرسانی پارتی بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پرانسیبێکی سیاسی و رۆژنامەوانی، هەوسارپچڕاوانە هیرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی رەخنە لە ریفراندۆم دەگرن و یان لەگەڵ ئەم شیوازەی پارتیدا نین بۆ ریفراندۆم… بە ئاشکرا دەڵێن هەر کەس لەگەڵ ریفراندۆم نەبێت خائینە، “جاشە”!!، بەعسیە، نۆکەری بیگانەن و وڵاتانی ناوچەکەن، دژی سەربەخۆین… تاد، ئەم فەرهەنگە کە بەراستی فەرهەنگی رەسەنی بزوتنەوەی کۆنەپەرستانەی ناسیونالیزمی کوردە، سەرچاوەکەی لەبەعسیزم لیخنترو سەرکوتکەرانەترە. ئاخر ئەگەر ریفراندۆم خۆی کردەیەکی دیموکراتی باوی دنیا بێت، هیچ لەوە ئاسایی تر نییە کەسانێک دژی ریفراندۆم بن، یان لە ریفراندۆمدا دەنگی “نا” بدەن. هەروەکو چۆن دەنگدان مافی هەرکەسێکە، ئاواش دەنگ نەدان مافی هەرکەسێکە. هەروەکو چۆن دەنگی بەڵی مافی ئازادانەی هەر تاکێکە، ئاواش دەنگی “نا” مافی هەر تاکێکە، بەڵام ئەو خێڵە لە نووسەرو سیاسیانە، نەک ئەو مافانە لە هاوڵاتیان دەسەنەوە، بەڵکو تۆمەتی جۆرارجۆریان ئاراستە دەکەن و بە خائین و خۆفرۆش ناوزەدیان دەکەن. ئەو مامەڵەیە کە میراتی چەپەڵی حزبی قائید و سەرۆکمان زێرەیە، بۆتە میراتی پارتی و کادرو بەشێکی زۆر لە نووسەرانیان.

پارتی دەیەوێت ریفراندۆم بکات، بەڵام مۆڵەتێکی ٦ مانگی نادات بە حزبە سیاسیەکان، تا ئازادانە بەر لە کاتی هەڵبژاردن، دیدو بەرنامەو بوچوونی سیاسی خۆیان بەیان بکەن. پارتی ریفراندۆم دەکات، بەڵام بەرپرسان و سەران و کادرانیان نایشارنەوە، کە ریفراندۆمیان راستەوخۆ بۆ سەربەخۆیی نییە و کاتێکی دیاریکراو بۆ سەربەخۆیی نەک ناخەنە روو، بەڵکە بەهێشتنەوەی فۆرمی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی وەکو فۆرمۆلبەندیەکی گشتی و نادیار، پرسی سەربەخۆیی بە ئایندەیەکی نادیار دەسپێرن. وە پرۆسەیەکی سات و سەودا لەگەڵ بەغداو بە شیوەی تایبەتی و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش بەگشتی دەخەنە روو. بۆ ئەم سات و سەودا و گفتوگۆیەش ئاکامی ریفراندۆم وەکو کارتێک بەدەستەوە دەگرن. واتە پرسی ریفراندۆم وەکو پرسێک کە دوای ئەنجامدانی دەگات بە پرۆسەی کارکردنی عەمەلی و یاسایی و حقوقی بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی، دەسپێرن بە ئاکامی کفتۆگۆکانیان. بەمەش نەک رێز لە ئیرادەو دەنگی خەڵکی کوردستان ناگرن، کە لە بنەرەتدا خەلکی کوردستان لە ریفراندۆمدا بۆیە بەشداری دەکات و دەنگی بەڵی هەڵدەبژێری تا بە سەربەخۆیی بگەن و لە دەوڵەتی دڵخوازی خۆیان بەهرەمەند بن، بەڵام پارتی ئاکامی ئەم دەنگدانە، دەکاتە پردە بازی دەستراگەیشتن بە تەماحەکانی لەگەڵ بەغدا.

بە جیا لەوانە پارتی تەنانەت بۆ بریاردان لەسەر ریفراندۆمیش، جگە لە پرسە گورگانەیەک، ئامادە نەبووە نییە، حزبەکانی تری کوردستان بکاتە، خاوەنی بەشدار لە بریاردا و سەرانیان نایشارنەوە کە ئەگەر بە تەنهاش بن ریفراندۆم ئەنجام دەدەن.

هەموو ئەم دۆسیانە، کە جیگای لێرامان و رەخنەو بیروبۆچوونی جیاوازە، پارتی لە جیاتی هەڵبژاردنی رێگایەکی تەندروست بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەکرێت، دەچیت ژووری عەمەلیات بۆ دادگایی و شکاندنی رەخنەگران و نەیارانی دادەنێت.

پارتی کە خاوەنی دەیان دەزگای جاسوسی وەکو پاراستن و دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و هەزاران نۆکەرو جاسوسەی ئاشکراو نهێنی و باندی هەمە رەنگی ئیستیخباراتییە، بەوە راناگات، هەموو ئەو دەنگە رەخنەگرو ئازادانە کە رەخنەیان لە پارتی و ریفراندۆم هەیە، ناو نووس بکات، دەچیت کەمپەینی شکاندن و سوکایەتی کردن لەدژیان وەرێدەخات، بۆیە دەستی بردووە بۆ پیكهێنانی ژووری عەمەلیات.

ئەم هەوڵەی پارتی، هەوڵێکی بێهودەیە. نووسەرانی ئازاد و پێشکەوتنخواز کە شکۆی ئینسان و ئازادی بەمانای وشە، خەمێکی گەورەیانە، بەدەزگای جاسوسی و ژوری عەمەلیات، ناتوانرێت چاوترسێن بکرێن. دنیای ئەم سەردەمە زۆر لەوە فراوانترو زەمینەی زیاترە، جاریكی تر ئەزموونی بەعس دوبارە دەمەزەرد بکەنەوە. وە لە بنەرەتدا پیکهینانی ئەم ژووری عەمەلیاتە، زیاد کردنی دەزگایەکی جاسوسی تر و گەورەتر و قەبەترە، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بەتایبەتیش دەسەڵاتی پارتی، لە راسانی جەماوەری سبەینێ. ئەرکی هەموو قەڵەم و نوسەرو رۆژنامە نووس و هەموو ئینسانێکی پێشکەوتنخوازو ئازادیخواز و ئازادە، کە ئەم هەوڵەی پارتی بەشیوەیەکی زۆر فراوان ریسوابکەن و ژوری عەمەلیاتەکەش وەکو دەزگای ئەمنی سەردەمی بەعس سوک بکەن، تا خەڵکی کاراکتەرو نۆکەرانی ئەو دەزگایە وەکو ئەمن و ئیستیخباراتەکانی سەردەمی بەعس، تەماشا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. ریفراندۆم پێویستی بە ژووری عەمەلیاتە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی و بەڕیوەچوون  ئامادەیی خیرا بۆ هەر پێشهاتێک کە بێتە پێشەوەو پاشان بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لەوەی سات و سەودا بە ئاکامی ریفرانۆمەوە بکرێت، نەک دروستکردنی وەکو دەزگایەکی جاسوسی بۆ کردەیەکی دیموکراسی و ئیرادە نواندنی ئازادانەی تاکەکانی کۆمەڵگە و شکاندن و چاوسورکردنەوە لە نوسەران و رەخنەگرانی ئازادیخواز.

ناوەراستی تەموزی ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٧ دا، بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *