لە ساڵیادی ١٤/٧/٢٠٠٠دا: نەوشیروان مستەفا ڕۆیشت و قەرزەکەی نەدایەوە!!

طاهرحسن:
ئەمڕۆ ساڵێکی تریش دەچێتەسەر ساڵەکانی ئەو کارەساتەی کە سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕابەریی نەوشیروان مستەفا بەناڕەوا بەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا هێنای.

حەڤدە ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای جمهوری ئیسلامی ئێران و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی “نەوشیروان مستەفا” دوای زیاتر لە دوو هەفتە گەمارۆدانی سەربازیی بارەگاکانی کۆمیتەی ڕابەری و کۆمیتەی سلێمانی و بارەگای ڕادیۆی حزب و بڕینی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن و دەستگیرکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هاوڕێیان و دۆست و هەوادارانی حزب، سەرەنجام لەم ڕۆژەدا و دروست لەو چرکەساتەدا کە ئێمە لەگەڵ “نەوشیروان مستەفا”دا لە گفتوگۆدا بووین، هێرشی سەربازییان بۆسەر حزب دەستپێکرد و بەڕۆژی ڕوناك و بەپێش چاوی خەڵکەوە و لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا، پێنج هاوڕێی دڵپڕ لەهیوای ئێمەیان گولـلەباران کرد!!

هێشتا خوێنی هاوڕێیانمان وشك نەببووەوە، کە “ڕەمەزانزادە”ی پارێزگاری ئەوکاتەی شاری سنە، بە “محمدی حاجی محمود”دا سوپاسنامە و دەستخۆشی جمهوری ئیسلامی بۆ تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا نارد و ڕۆژنامەی “کەیهان”ی چاپی تارانیش بڵاوی کردەوە!!

جیاوازییەك کە ساڵیادی ١٤/٧ی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی پێشوودا هەیەتی، ئەوەیە کە نەخشەداڕێژەر و بڕیاردەری خوڵقاندنی ئەو کارەساتە (نەوشیروان مستەفا) نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی قەرزەکەی لە دادگای ئینسانییەتدا بداتەوە.

من و خەڵکێکی ئێجگار زۆر دەزانین کە “نەوشیروان مستەفا” تەنیا قەرزاری ئێمە نەبوو، بەڵکو وەکو بەشی هەرەزۆری، ئەگەر نەڵێم هەموو سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی، بەهۆی بوونی سەدان لاپەڕەی تاوان لە ژیانی سیاسییاندا، بە هەق قەرزاری کۆمەڵگا و ئینسانییەتن، وە هەر دەبێت باجی تاوانەکانیان بدەن، ئەگەر لەژێر خاکیشدابن.

کارەساتی قڕناقا و پشتئاشان و شەڕی ناوخۆ و قەتڵ و عامی حەمەی حەلـلاق و هاوڕێکانی تا کارەساتی ١٤/٧/٢٠٠٠، مشتێکن لە دۆسیەگەلێکی تاوان، کە “نەوشیروان مستەفا” پشکی شێری لە خوڵقندنیاندا هەیە!! بەڵام ئەمە هێشتا نیوەی ڕاستییە تاڵ و پڕسوێکەیە، نیوەکەی تری ئەوەیە کە “نەوشیروان مستەفا” و “مەلا مستەفا” و کۆمەڵێك ناوی تر کە ڕیزیان گرتووە بۆ چوونە ژێرگڵ، نەك هەر خەبەرێك لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە تاوانیان نیە، کە بەچاوی کراوە و بە مەیل و ئیرادەی خۆیان و بەدەستی خۆیان نوسیویانە نیە، بەڵکو وەکو ئینسانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ، کە کۆمەڵگا قەرزاریانە، خراونەتە ژێر گڵ!! ئەگەر بە زیندوویی دەوریان بووبێت لە برسیکردن و سەرکوتکردنی ئازادی و زیندوو ڕاگرتنی کۆنەپەرستی و قەتڵ و عامی نەیارانیان و نانەوەی شەڕ و کوشتار و نائارامکردنی کۆمەڵگا و…، ئەوا بە مردووییش مەزارگە و تەکییەیان بۆ دروست دەکرێت و سبەینێ دەکرێنە وانەی خوێندنی مناڵانی کۆمەڵگە!

ئەمەش دەتوانێ تەنیا یەك ڕاستی بسەلمێنێتەوە. ئەگەر هەر ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی توانیبێتی مێژووی خۆی بکات بە مێژووی کۆمەڵگا و بەناخی کۆمەڵگادا بردبێتیە خوارەوە، ئەوا مەترسی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی بەدەستی خەڵك، بۆ ئایندەیەکی نادیار دوور خستۆتەوە. خۆ ئەگەر ئاڵوگۆڕێکی بە ناچارییش ڕووبدات، تەنانەت سەربکێشێ بۆ ڕووخاندنی حکومەتێك، ئەوا هێزێکی تری ئامادەی هەمان ڕەوتی بۆرژوازی زۆر بەخێرایی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دەبێت و جڵەوی توڕەیی کۆمەڵگا دەکات و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی سەرمایە دەپارێزێ و ئومێد بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی، دووبارە ڕەوانەی ئایندەیەکی نادیار دەکاتەوە.

١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، هەوڵدانێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بوو، بۆ دەستپێکی مێژوویەکی تر. هەوڵدانێك بوو بۆ بەخۆدا هاتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەدوای نزیکەی چارەکە سەدەیەك لە دەسەڵاتی کوردایەتی. بەڵام “نەوشیروان مستەفا” بەزمانی خۆی دژی خەڵك بوو، بەزمانی خۆی وتی خۆپیشەندەران گێرەشێوێنن و ئامادەیی خۆی و بزووتنەوەکەی نیشاندا بۆ هاوکاری دەزگا سەرکوتگەرەکانی ئاساییش، تا کۆنترۆڵی ناڕەزایەتی خەڵك بکەن. بەڵام دواتر بەناڕەوا توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بێت و وەکو قسەکەر و خاوەنی بزووتنەوەی ١٧ی شوبات جێگا بگرێت!! ئەگەر کەسێك دەیەوێت بزانێت بۆچی ئەو گوڕوتینەی ناڕەزایەتی خەڵك لەدوای ١٧ی شوباتەوە لاواز بووە، لەکاتێکدا ژیانی خەڵك و بێمافییەکانیان سەد بەرابەر زیادی کردووە، ئەوە باجێکی گرانبەهایە، کە لە ئاکامی خۆشباوەڕیی خەڵکەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، دەیدەن. بزووتنەوەی گۆڕان وتی: ئێوە لێگەڕێن، تەنیا دەنگ بە ئێمە بدەن و ئێمە بنێرنە پەرلەمان بزانن چیتان بۆ دەکەین؟ دوای گەیشتنیان بە دیوەخانەکەی پارتی “نەوشیروان مستەفا” وتی هیوادارین ٤ ساڵی ئایندەی دەسەڵاتمان ٤ ساڵی ئارامیی شەقام بێت!!

سەرانی دەسەڵاتداری بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد، لە چارەکە سەدەی ڕابردووی دەسەڵاتی ڕەش و پڕ لەتاوانیاندا، تەنیا داهات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان تاڵان نەکردووە، بەڵکو مێژووشیان تاڵان کردووە. ملیۆن ملیۆن دۆلار لە داهات و پارووی دەمی خەڵك بۆ سپی کردنەوەی مێژووی ڕەش و پڕ لە تاوانیان سەرف دەکەن. تێدەکۆشن ئەم مێژووە ڕەشەیان لەبیری خەڵك و کۆمەڵگا ببەنەوە و لە جێگایدا مێژووی قارەمانییەتی و دڵسۆزی و شۆڕشگێڕی بۆ خۆیان بنووسنەوە. ئەوان تەنیا دەرمان و مەوادی خۆراکی بەسەرچوو ناکەن بە قوڕگی کۆمەڵگادا، بەڵکو مێژووی ژەهراوی خۆیان لەجێگای بەها جوانەکانی کۆمەڵگا دادەنێن. ئەم تاڵانییە زۆر لە تاڵانی داهاتی کۆمەڵگا مەترسیدارترە. ئەم تاڵانییە چارەنووسی ئایندەی کۆمەڵگا هێندە تاریك دەکات، کە ئومێد بە ئایندەیەکی ڕوناك دەکاتە کارێکی ئەستەم.
تەماشاکەن، بکوژانی قوربانییانی جەنگی چوارساڵەی ناوخۆ، بکوژانی ١٤/٧ و ١٧ی شوبات و سەدان ئینسانی تێکۆشەر و دڵپڕ لە هیوا، یان دەسەڵاتدارن و تەواوی مقەدەراتی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، یان لەژێرخاکدان و لەناوجەرگەی شارەکاندا گۆڕەکانیان کراوە بە مەزارگا و دەبێ خەڵك سەرشۆڕ و لەسەر چۆك لەئاست مێژووی سەرتاپا درۆ و هەڵبەستراویاندا، بچەمێنەوە!

من باوەڕم وایە کە هەر کەسێك بە تەواوی مافی خۆیەتی، کە هەر کەس و حزب و بیروباوەڕێك بە سیمبولی خۆی بزانێ و شەو و ڕۆژ بە قەدوباڵایدا هەڵبدات و ماڵەکەی پڕ بکات لە وێنەکانی ئەو و بانگەوازیش بکات کە خەڵکی وەکو ئەو بیر بکەنەوە، بەڵام کردنی سیمبول و بیروباوەڕی هەر حزبێك بە سیمبول و ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگا، خەتایەکی گەورەیە و بەدرێژایی مێژوو، دەسەڵاتداران بۆ مانەوەی دەسەڵاتی نایەکسانیان بەسەر سەری خەڵکەوە بەشێوەیەکی سیستماتیك بەڕێوەیان بردووە، تا بیرکردنەوە و ئاسۆی ناڕەزایەتی خەڵك لەدژی دەسەڵاتیان بەدەوری ئاسۆی خۆیان بهێڵنەوە و بوار بۆ کەوتنە ڕێی ڕەهەندێکی تر لە بیرکردنەوە و مێژوویەکی تری بەخۆداهاتنەوەی چینایەتی کۆمەڵگا بەرتەسك بکەنەوە. بەو هۆیەوە کە مێژووی کۆمەڵگای ئینسانی تەنیا دەسەڵاتداران و سەرکەوتووان نوسیویانەتەوە، بۆیە لێوانلێوە لە درۆ و تەزویر و هەڵبەستنی ناڕەوا، مێژووی کوردستانیش لەم ڕاستیە بەدەر نیە.

تەنیا نیگایەکی کورت بە چاوێکی کراوەوە لە مێژووی تەنیا چارەکەسەدەی ڕابردووی دەسەڵاتی بۆرژوا-ناسیونالیزمی کورد لە کوردستان، گومانێك لەسەر ئەو ڕاستییە ناهێڵێتەوە. بەڵگە هێنانەوەی ناوێ. ئەگەر کەسێك دەمارگیری قەومی و حزبی چاوی کوێر نەکردبێ، یان ویژدانی بە بەرژەوەندییەك نەفرۆشتبێ، تەنیا ئەوەندە بەسە تەماشا بکات و ورد بێتەوە لەوەی کە سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی، خۆیان بە زمانی خۆیان لە یاداشتەکانیاندا، لەسەر یەکتری چی دەڵێن؟ چۆن باسی پیلانگێڕی و ئینسانکوژی و چەمانەوەی یەکتری لەبەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتداری دەستی چەندەمی وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەن. کەچی کاتێك کەسێکی دەرەوەی خۆیان باسی لانی کەمی هەر ئەو ڕاستییانە بکات، بە ئاژاوەگێڕ ناوزەدی دەکەن و دەیان جنێوفرۆش و دەمپیس بەر دەدەنە گیانی.

بێگومان شەخسییەت و کەسە دیارەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە خرانەژێر گڵیان، نەك هەر دۆسیەکانیان داناخرێ، بەڵکو زۆرجار کاریگەرییان بەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگاوە لەکاتی زیندووبوونیان زیاترە! بەشێکی گرنگ لە ئامرازەکانی ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی نایەکسانی بۆرژوازی لەپاڵ پۆلیس و ئاسایش و سەرکوت و زینداندا، چنینی دۆسیەی نوێ و داستانسازی هەڵبەستراوە بۆ سەرانیان و کردنە خوارەوەیەتی بە گەرووی کۆمەڵگادا.

مەلا مستەفا مردووە، بەڵام مەسرەفی لە زیندوو بوونەکەی زیاترە! نەوشیروان مستەفا مرد، تاڵەبانی و مەسعود بەرزانیش دەمرن، بەڵام هەروەك چۆن بەلای لایەنگرانیانەوە نامرن و پەیکەریان بۆ دادەتاشرێ، بەڵای ئێمە و جەماوەری بەرینی کۆمەڵگاشەوە هێشتا خوێن لە لاشەی زیاتر لە دەهەزار لاوی بە ناهەق کوژراوی جەنگی ناوخۆوە، دەچۆڕێ! هێشتا جەرگی دایكان و باوکانیان قرچەی دێت! هێشتا زریکە و هاواری دەیان هەزار ژنی لەخوێن هەڵکێشراوی کوشتنی نامووسی لەسایەی دەسەڵاتی ڕەشیاندا، ویژدانی ئینسانییەت کەڕ دەکات!

“نەوشیروان مستەفا” بە لاشە ڕۆیشت، بەڵام بەلای ئێمەوە هێشتا دەرگای دادگا دانەخراوە. ئەو بڕیاریدا پێنج هاوڕێی ئێمە گولـلەباران بکرێن، تا سەرانی جمهوری ئیسلامی ڕازی بن. لەمەش تاوانتر نەیهێشت دایك و باوك و خوشك و برا و هاوڕێیانیان بۆ دواهەمین جار چاویان بەچاوی لێکنراویان و لاشەی ساردی ئازیزەکانیان بکەوێت و لەو مافە هەرە سەرەتاییە بێبەشی کردن. تەنانەت هەتا زیاتر لە دوو مانگ ئاسایشی بەدیار گۆڕەکانیانەوە دانابوو، تا کەس نەیەتە سەر گڵکۆیان و نەکا کۆبوونەوەی خەڵك ڕووبدات! ئەم تاوانە لە ئەرشیفی بەعسیشدا دەبێ زۆر بە وردی بۆی بگەڕێی.

بەلای ئێمەوە هێشتا دەرگای دادگایی تاوانی ١٤/٧ لەسەرپشتە. ئەمە تەنیا بەجێگەیاندنی مافێکی یاسایی نیە، یان تەنیا گێڕانەوەی مافێك نیە بۆ مافخوراوێك، بەڵکو ئەمە پەیوەندی بە چارەنووسی ئێستا و ئایندەی کوردستانەوە هەیە.

ئەگەر لە سبەنێیەکی نزیکدا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان وئاستی هوشیاری ئەو بزووتنەوەیە هێندە باڵای کرد، دەبێ تەواوی مێژووی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بکێشێتە دادگا و لە جێگای شایستەی خۆیان، کە بوون، دابنێ و مەحکومیان بکات.
ئەمە هەم مێژووی ڕابردووی کۆمەڵگا لە تاڵانی ڕزگار دەکات و هەم ئایندەی بیروهۆش و فەرهەنگی منداڵانی کوردستان لە بت و پەیکەری پوچ و درۆ و ناڕەوا دەپارێزێ.

١٤/٧/٢٠١٧

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *