كەلتوری تەخوین، کەلتوری ناسیۆنالیزم!

“هێرشێکی نارەوا بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان”

موحسین کەریم:

ماوەیەکە هەندێك کەس کەوتونەتە هێرشێکی بێبنەما و بگرە کوێرانە لەدژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە پەیوەند بە پرسی ریفراندۆمەوە. وەکو چۆن پارتی، نەیارانی ریفراندۆم بە خیانەتکار ناوزەد دەکات، ئەوانیش ئێمە بە لایەنگری پارتی و بگرە خزمەتکاری پارتی تەخوین دەکەن! ئەگەرچی بەرەکان وادەردەکەون کە جیاوازو بگرە دژ بەیەکن، بەڵام لەهەمان تەقلیدی سیاسی ئاو دەخۆنەوە.

ئەو بەڕێزانە زەحمەتیان نەکێشاوە بەیاننامەکەی حزب بخوێننەوە، جەدەلێکی سیاسی هوشیارانە بکەن و رەخنەکانی خۆیان بۆ ئێمەو بۆ کۆمەڵگاو کرێکارو زەحمەتکێش روون بکەنەوە. بێگومان کارێکی لەوچەشنە کۆمەكی دەکرد بە روونبونەوەی جیاوازیەکان و خەڵکیش بەرچاوی زیاتر روون دەبوەوە. بەپێچەوانەوە ئەوان لەسەر بنەمای راگەیاندنی “ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان” کە لەلایەن کۆمەڵێك کەسەوە راگەیەنراوەو چەند هاورێیەکی ئێمەی تێدایە، سەرەتای هێرشی خۆیان دەست پێکردوە. تەنانەت رەخنەکانیش لە راگەیاندنەکەی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان هیچ بنەمایەکی رەخنەیی و زانستی تێدا نیە، بەڵکو لەو دەروازەوە کەوتونەتە تۆمەت بەخشینەوەو تەخوین کردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری. یەکێك لەسەرئەوەی ئەو شوێنەی راگەیاندنی ناوەندکەی بڵاوکردۆتەوە ئاڵایەکی کوردستانی لەپاڵ راگەیاندنەکەدا داناوە موحاسەبەی ئێمە دەکات! یەکێك پێی وایە چاومان بڕیوەتە مەرحەمەتی پارتی بەڵکو بەخشیشێکمان بداتێ! و ئیتر بەوجۆرە!

ئەم تەقلیدە سیاسیەی کوردایەتی هیچ زەحمەتی ناوێ! هەرئەوەندەی دژی یەکێك بوویت بەئارەزوی خۆت پێناسەو تەعریفی بۆ بدۆزەرەوە. سەلماندنی هیچ بەڵگەیەکی ناوێ، هەر ئەوەندە بەسە کە لەگەڵ بیرو بۆچوون و هەڵوێستی تۆدا نەهاتەوە، ئیتر بیکە بە دێوو درنج، بیکە بە شەیتان! بەپێی ئەم لۆژیکە مادام پارتی باسی ریفراندۆم دەکات ئیتر هەرکەس باسی ریفراندۆم بکات لە بەرەی پارتیە و خائینە! ئەم بەڕێزانە بەشێکیان لەژێر کاریگەری گۆڕاندا کە شەڕی بەشە پەرلەمان و وەزارەتی خۆی دەکات، دژایەتی ریفراندۆم دەکەن و بە هەڵوێستێکی زۆر شۆرشگێڕانەو بەرهەقی دەزانن! بەڵام من دڵنیایام دەکەم کە وەستانەوە دژی ریفراندۆم، لەبەرئەوەی پارتی ئێستا پێشنیاری کردوە، هیچ حەقانیەتێکی سیاسی شۆرشگێڕانە بەوان نابەخشێت.

با سەرەتا ئەوە بیر بەشێك لەو بەڕێزانە بخەمەوە کە:

یەکەم: پێشنیاری ریفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەی کوردو هەلومەرجی سیاسی کوردستان لەلایەن کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە تەرح کراوە نەك هیچ حزبێکی دیکە. ئەوکاتە پارتی و حزبەکانی کوردایەتی سەرگەرمی گەڕانەوە بۆلای سەدام و دواتریش لە بەرەکەتی فیدراڵزیمی نەتەوەیی دوای داگیرکردنی عێراق، خەریکی لوشدانی پارەی بودجە وداهاتی نەوت بوون.

دووەم: فیدراڵیزمی ئێستا لەسەر بنەمای پێناسەی نەتەوەیی و مەزهەبی دامەزراوە و ئەوانەی دەسەڵاتیان لە هەرێم و لە عێراقدا بەدەستەوەیە وەکو نوێنەرانی کوردو عەرەب و کلدان و تورکمان و ئاشوری و شێعەو سونە حوکم دەکەن نەك وەکو نوێنەرانی هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان. کێشەی کوردیش وەکو خۆی ماوەتەوەو بەردەوام کەرەستەیەکی سیاسی باش دەداتە دەستی هێزە بۆرژواییەکانی کوردایەتی بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان.

سێهەم: ئەوانەی کە دژی ریفراندۆمن ئایا دەیانەوێ ئەم بارودۆخەی ئێستا واتە فیدراڵیزمی نەتەوەیی بمێنێتەوە!؟ دەیانەوێ تا هەتا هەتایە کۆمەڵیك مافیاو بەناوی نوێنەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداربن و لە عێراقیش مووچەی ئەندام پەرلەمانی و سەرۆك کۆماری و وەزیری بەشێوەی خەیاڵی وەربگرن!؟ هەرکاتێکیش خەڵکی کوردستان بە حکومەتەکەیانی ووت نانی کەمئەندام و خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و کرێکارو کارمەند مەبڕن، پێیان بڵێن ئاخر مالکی و عەبادی و لیستێکێ درێژ لە دەسەڵاتدارانی ناوەند بودجە نانێرن! ئایا بەرگری لە فیدراڵیزمی نەتەوەیی ئێستا دەکەن!؟ ئایا فیداڵیزمی نەتەوەیی و دانی مۆری نەتەوەیی لە دانیشتوانی کوردستان و عێراق و هەر بەو پێیەش دیاریکردنی نوێنەران و سەردارو فەرمانڕەواکانیان هەلومەرجێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی پێشرەوو پێشکەوتوانەیە!؟ ئایا پێیانوایە ئەم بارودۆخەی ئێستا هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە، یان ئەم بارودۆخە سیاسیە ئەوەندە جێگای دڵخۆشی خەڵکە کە وەکو دەستی لێنەدرێ؟ ئایا دەتوانن ئەوەندە دووربینی سیاسیان هەبێت کە لەوە تێبگەن ئەم بارودۆخە سیاسیە وەکو هێلکەیەك وایە بەسەر تەنافێکەوە هەرکاتێك بێت دەکەوێتە خوارەوە!

ئەگەر کەسێكی سیاسی جدی و بەتایبەتی خۆ بەچەپ زان و کۆمۆنیست بەراستی دەیەوێ ئەو دومەڵە شیرپەنجەییەی ناوی کێشەی کوردە و ساڵانێکی زۆرە مافیاکانی کوردایەتی نانی لێدەخۆن، هەر بەوهۆیەوە سواری ملی خەڵکیش بوون و بڕیارە نەوە دوای نەوە خۆیان حاکم و سەرداربن، خەڵکیش رەعیەتیان بێت، لەرەگەوە دەربکێشێ، پێویستە وەڵامی ئەو گرفتە سیاسیە بداتەوە. ئایا لەگەڵ فیدراڵیزمی نەتەوەیدایە یان لەگەڵ ئەوەدایە کە بەشێوەیەکی دیموکراتیك کێشەی کورد یەکلا بکرێتەوە؟ ریفراندۆم ئەو رێگایەیە کە بەشێوەیەکی دیموکراسی ئەوکێشەیە چارەسەر بکات.

ئەگەر ئێستا پارتی ملی بەوە داوە کە بۆ بەرژەوەندی خۆی ریفراندۆم وەکو پێشنیارو تەرحێکی سیاسی قبوڵ بکات، ئەوا حکمەت لەوەدا نیە دژی بوەستیتەوە، بەڵکو دەبێ رێگا لەوە بگیرێ کە پارتی ریفراندۆم بکات بە کاریکاتێر! ریفراندۆم مافی خەڵکی کوردستانە و نابێ بەناوی ئەوەی پارتی ئێستا تەرحی دەکات، دژایەتی بکرێ. دەبێت خەڵك بەرگری لەو مافەی خۆی بکات و هەوڵ بدات مەرجەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی ئازاد بەسەر پارتی و هەر لایەنێکی دیکەدا بسەپێنێ. ئەوانەی بەراستی بەرگری لە نان و کەرامەتی خەڵکی زەحمەتكێشی کوردستان دەکەن، پێویستە وەکو چۆن لە مەیدانی وەستانەوە دژی مافیاکانی کوردایەتی بۆ تاڵانکردنی نانی سەر سفرەی خەڵک دەوەستنەوە، دەبێ نەیەڵن پارتی و حزبەکانی کوردایەتی ریفراندۆمەکەشی لێ تاڵان بکەن. هەڵوێستی دژایەتیکردنی ریفراندۆم ئەگەر بۆ کەسێکی سادەی کۆمەڵگای کوردستان رقێك بێت بەرامبەر بە پارتی، بەڵام بۆ سیاسیەکی هوشیارو جدی و چەپ و کۆمۆنیست بنیاتنانی هەڵوێستی سیاسی لەسەر بنەمای رق، نەخوازەڵا لە پرسێکی بەوجۆرە هەستیاردا، کارەساتە! شەڕی خەڵك و پارتی و حزبەکانی دیکەی بۆرژوازی کورد لەپێناو یەکسانی و ژیانێکی ئاسودەو شکۆمەند لەپێش و لەکات و لەدوای ریفراندۆمیش بەردەوام دەبێت.

ئەو بەڕێزانەی لە پرسی ریفراندۆم دا مۆری خیانەتکاریان ئێمەوە کوتاوە، خۆیان هیچ بەدیلێکی سیاسیان پێنیە بۆ دەربازبوون لەم هەلومەرجە سیاسیە پڕ لەگێژاوەی ئێستاو بۆ چارەسەری ئەو کێشە سیاسیەی بە کێشەی کورد ناسراوەو بوەتە خۆرە لەگیانی کۆمەڵگای کوردستان و عێراق و دوژمنایەتی نەتەوەیی و دابڕزانی لەنێوان چینی کرێکاردا. ئەو بەڕێزانە بەو هەڵوێستەیان سەبارەت بە ریفراندۆم خزمەت بە پارتی دەکەن بەوەی کە شانازی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لەسەر ئەو تۆمارو تاپۆ دەکەن. لەلایەکی دیکەوە راستەوخۆ دەکەونە دژایەتیکردنی مافێکی خەڵکی کوردستان و بیانەوێ و نەیانەوێ بەناوی دژایەتی کردنی پارتیەوە لە کەیسی ریفراندۆمدا دەچنە پاڵ پڕوپاگەندی شۆڤێنیزمی عەرەبی- ئیسلامی کە هەرئێستا بەناوی دژایەتیکردنی بارزانیەوە دژایەتی و رق و کینەی نەوەتەپەرستی خۆیان دژی خەڵکی کورد زمان هەڵدەڕیژن!

٢٣/٧/٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *