چەپ و ئازادیخوازانی کۆمەڵگە، پێـویستە ببنە پارێـزەری دەنـگی هاوڵاتیـان لە ریفرانـدۆمـدا !

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

ئەوە ڕۆشنە کە لەساڵی٢٠٠٣ وە ستەمی نەتەوایەتی سەرخەڵکی کوردستان کۆتایی هاتووە، بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی ستەمی نەتەوایەتیدا کێشەی کورد بە کۆتا نەگەیشت… کێشەی کورد بەوێنەی منداڵدانی ستەمی میللی لە کوردستانی عێراقدا، وەڵامێکی شیاوی وەرنەگرتەوە… نە دەسەڵاتێکی مۆدێرن لەبەغدا هاتە سەرکار و نە جیایی بەکردەوەی کوردستان، رەسمیەتی نێودەوڵەتی پێدرا. لەجێگای ئەوانە فیدرالیزمی قەومی، کە خۆی ژینگەی سروشتی بەرامبەرکێ و قوڵبونەوەی ململانێی قەومییە، بووە مایەی ململانێێەکی نەبراوەی نیوان هەرێم و بەغدا… لەسەر چەندین دۆسیەو کێشەی چارەسەرنەکراو و هەڵواسراو. ئەو ململانێیەی نیوان هەولێر و بەغدا، پەیوەندی نیوان هەریم و بەغداو سازانیان لەسەر بنەمای فیدرالی، تەنها لەسەر کاغەز مایەوەو لە دنیای واقعیدا، پەیوەندی دەسەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئیران و تورکیا نزیکتر بوو تا لەگەڵ بەغدا، و پەیوەندی بەغداش بە ئاخوندەکانی ئێرانەوە زۆر زیاتر بوو لەگەڵ دەسەڵاتی برا بەشی ناسیونالیزمی کورد.

تا ئەو جێگایەش بە کوردستان دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، زۆر لە پێشترو لە ساڵی ١٩٩١وە، بوونە میراتگیری دەسەڵاتی بەعس، بە کوردی.  ستەم و زوڵمی قەومی گۆرا، بە زوڵم و ستەمی هەزارسەرەی دەسەڵاتی کوردی، لەدژی خەڵکی هەژارو نەداری و ستەم دیدەی چەندین دەهەی دەسەڵاتی رەشی بەعس. لە کوردستان خەڵک کیشەی کوردبوونی نەما، لە خوێندن و نووسین و پەروەردەوە بۆ پۆشینی جل و بەرگ و لە میدیاو راگەیاندن و تا پیادەکردنی بۆنەو رێ ورەسمی کۆمەڵایەتی و تا دەگات بە دام دەزگای ئیداری و بەڕیوەبەری… هەموویان بوونە کوردی و کەس لەسەر کورد بوونی هەرەشەی لەسەر نەما. خەلکی کرێکارو نەداری کوردستان، لەساڵی ١٩٩١ وە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرەو روون و لەساڵی ٢٠٠٣ وە، هەڕەشەی دەسەڵاتی بەعس بە یەکجاری کۆتایی هاتوە.

لە ئیستادا، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، بۆ رزگاربوون نییە لە ستەمی نەتەوایەتی، بۆ سەربەخۆیی وئابوری و دەست راگەیشتن بە بازاری ناوخۆییش نییە… هەم ستەمی نەتەوایەتی نەماوە، هەم ئابوری و داهاتی کوردستان لەدەست بۆرژوای دەرەکیدا نییە و هەموو سامان و داهاتی کوردستان لەژیر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددایە. کەواتە پرسیار ئەوەیە ریفراندۆم بۆ چییە؟ هۆکار چییە لە ئیستادا ئەو پرسە هێنراوەتە مەیدان؟ پارتی بۆ دەستپێشخەری لەو دۆسیەیەدا کرد و ئامانجی چییە؟ رۆڵی خەڵکی کوردستان چی دەبێت؟

لەچەند وتاری تردا ئاماژەم پێداوە، کۆتاییهاتنی شەری داعش، هاتنەوە ئارای کیشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نارەزایەتی قوڵی جەماوەری لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بنبەستی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بەگشتی، دارمانی پەیوەندی نیوان حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، جڵەوکردنی نارەزایەتی جەماوەری… تاد، هۆکار گەلێکن کە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان دەخاتە بەردەم بژاردەی تر. ریفراندۆم ئەو دۆسیەو بژاردەیە کە دەتوانێت هەموو ئەو کیشەو دۆسیانەی تر بخەوێنێت و لەریزبەندیدا، پلەی خوارتریان پێ ببەخشێت. بە‌هێزی بژاردەی ریفراندۆم لەوەدایە کەلەروانگەی خەڵکی کوردستانەوە وابەستەو پەیوەندیدارە بە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە، کە ویست و خواستێکی بەرینی کۆمەڵایەتییە. بۆرژوازی کوردیش کە پارتی لە ئیستادا هێزی بریادەرو باڵادەستی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردە، کەڵک لەو دۆسیەیە وەردەگرێت و بەدوای چەندین ئامانجی دیاریکراویشەوەیە لەو ریگایەدا. پاشەکشەکردن بە بەغدا و خستنی بۆ ناو حاڵەتی پاشەکشێ وە، خۆ بەخاوەن زانینی ویستی خەڵک و نیشاندانی ئەوەی ئەو هێزی بڕیادەرە. یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و کۆکردنەوەی ‌هیزەکانی لە ژێر ناوی پرسی نیشتیمانیدا. پاشەکشەکردن بە نارەزایەتی جەماوەری. ئامادەکاری بۆ ئابدیت کردنەوەی خۆی. زۆرکردنی کورسیەکانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. بەهیزکردنی زۆتری جی پێی خۆی لە ناوچەکە. بەدەستەوەگرتنی سوکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ دەورەیەکی تر… هەموو ئەوانە و زۆر مەسەلەی تریش پارتی بەدواوەیەتی. دیارە ئەوە راستیەکی ئاشکرایە، هەر هێزو حزبێک کە دەبێتە هەڵگری بژاردەو دۆسیەیەکی گرنگ و چارەنووساز و گشتی هاوکات لەگەڵیدا بەدوای تەماحە ئاشکراو نهینیەکانی خۆشیەوە دەبێت، بیگومان پارتی بەنەخشەوە تەماحەکانی لەگەڵ پرسی ریفراندۆمدا تیکەڵاو دەکات. هەروەها پرسی ریفراندۆم ئامرازو میکانیزمە، بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. ئەو میکانیزم و ئامرازە، دەشێ راست یان چەپ… یان ناوەندێکی نێودەوڵەتی یان تەنانەت ئیلیتیك بەدەستیەوە بگرێت. جیاوازیەکەی تەنها ئەوە دەبێت، کە ئەگەر چەپ و ئەو میکانیزمە بەدەستەوە بگرێت، پرۆسیسی ئەنجامدانەکەی ڕۆشنتر و بەشداری خەڵک تیایدا ساناتر و دۆخی ئازادی بۆ ئەو حزب و لایەنەسیاسیانە ئاوەڵاتر دەبێت، تا هەڵسورانی خۆیان و ئەجندای خۆیان و نەخشەو بەرنامەو دروشمی خۆیان، بە ئازادانە بەیان بکەن و بەگشتی کەشێک دەبێت، کە بەڕیوەچوونی ریفراندۆمەکە ئارام و ئازاد و بەشداری و نەخشی خەڵک و ئەحزاب فەراهەم دەبێت… بەڵام کاتێک ئەمە چەپ یان لایەنی تر نەیکرد، نابێتە مایەی ئەوەی کە ریفراندۆم رەتبکرێتەوە بەو بیانوەی کە لایەنێکی سیاسی راست لە پشتیەتی. لە گشتییەتی خۆیدا ریفراندۆم ریفراندۆمە، چەپ بیکات یان راست بیکات، راپرسیەکە بۆ وەڵامدانەوەی بە پرسیاری پرسێکی گرنگ و چارەنووساز. “بەڵی” یان “نەخێر”… دیارە ئەوەش ئاشکرایە ئەو لایەنەی ئەو ریفراندۆمە یان ئەو میکانیزمە سەرپەرشتی دەکات و بەدەستیەوە دەگرێت، باڵانسی هێز بە قازانجی خۆیدا، پەلکیش دەکات و هەوڵیش دەدات ئەسپی خۆی بۆ ئەو ئامانجە تاو بدات کە خۆی هەیەتی.

پارتی ئێستا هەم ریفراندۆمی بەدەستەوە گرتوەو هەم هەولیش دەدات هەموو یان زوربەی هێزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، رابکێشێت بۆ بەشداریکردن لەم ریفراندۆمەدا…   هاوکات ئامانجی دوای ریفراندۆمی خستۆتە روو،  کە مەرج نییە یەکسەر سەربەخۆیی بەدوادا بێت و نایشارنەوە کە ئەم هەنگاوەیان کاردانەوەیەکە لەبەرامبەر پابەندنەبوونی بەغدا بەرامبەر بە خواستەکانی ناسیونالیزمی کورد. ئەنجامدانی ریفراندۆمیش رێگەی گەڕانەوەی و پاشگەزبوونەوە لێی یان نییە یان زۆر لاوازە. ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و بەهەموو پێودانگێکیش دەنگی بەڵی سەردەکەوێت، چونکە خەڵکی کوردستان، بە ئەنگیزەی سەربەخۆیی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بەشداری لە ریفراندۆمدا دەکەن.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئایا خەڵکی کوردستان دەچنەوە ماڵەوە یان لە پرۆسەکەدا دەمێننەوە؟ حزب و لایەنە سیاسیەکانی تر چ نەخشێک دەگرنە بەر؟ چەپ و بەرەی پێشکەوتنخوازی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاکامی ریفراندۆم دەکەن؟ وەڵامی بەکردەوەی ئەو پرسیارانە دەتوانێ پرۆسیسەکەو ئایندەی ئەو ریفراندۆمە، ئاراستە بکات.

بێگومان ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مەسەلەیەکەو بەدەستەوە گرتنیشی بۆ گوشارهێنان بۆ بەغداو بەدەستەوە گرتنی بۆ سات و سەوداو بۆ چاکسازی فیدرالیزمی قەومی لە عێراقدا، مەسەلەیەکی ترە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستیە ناگۆرێت کە خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و کۆتاییهینان بەدرۆی فیدرالیزم و جیابوونەوە لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بەشداری ریفراندۆم دەکەن. ئەمەش مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە. وەستانەوە بەرووی ئەو ئیرادەیەدا، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. نە بیانوی ئەنتی پارتی بوون و نە پاساوی ئامادەنەبوونی ژینگەو هەلومەرجەکەو نە درزی ناوماڵی کورد!!” ناکۆکی نێوان حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد” نە رێگری وڵاتانی ناوچەکە، نە پاساوی گرانی و برسێتی و… نە نەبوونی زەمینەسازی پێویست و …تاد، ناتوانن ببنە هۆکار یان پشتیوانیەک بۆ نا وتن بە ریفراندۆم و رەتکردنەوەی. هەموو ئەو لایەن و هێزانە، بەتایبەتیش بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگە، دەبێ بەشێکی کاریگەر بن، لەناو گشت ئەو پرۆسیەیەدا، پێویستە بە نەخشەوە بێنە ناو ئەو ململانێیەوە. لە نیوان ویستی بۆرژوازی کورد و ویستی جەماوەری کوردستاندا، خواستی خەڵکی کوردستان و بژاردەی ئاکامی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەنە هیزێکی گەورەی لەشکان نەهاتوو. بکەنە ویستێک کە هەموو دنیای ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان ناچار بن پشتیوانی لە پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بکەن. بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی، نە ئابوری بەهێز و سەربەخۆ و نەسوپای نیزامی، پیش مەج نین. پێچەوانەکەی راستە، لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیاییدا دروستکردنی هیزی نیزامی و دەوڵەتی وەهمە. لە ژێر چەتری دەسەڵاتی ئەحزبدا، یاسا درۆیەکی پوچە.

هیچ لەوە رۆشنتر نییە، جیابوونەوەی کوردستان و پیكهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، دەتوانێ بۆ هەتاهەتایە درۆی فیدرالیزمی قەومی توڕ بدات. کیشەی کورد و دوبارە سەرهەڵدانەوەی ستەمی نەتەوایەتی لەبەین ببات. کۆتایی بە سیناریۆی درۆزنانەی حکومەت و پەرلەمانی میلیشیایی بهێنێت. حکومەت و پەرلەمان بێ مافی فەرمی حکومەتداری و چوارچیوەو قەوارەی دەوڵەتی درۆیەکە پێویستی بە باس نییە و خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ وە، شاهیدی زیندون. ناکرێ چاوەروانی ئەوە بیت یاسا” هەر یاسایەک” میلیشیا بەرگری لێبکات و پێی پابەند بێت. بۆیە بەسادەیی، دەوڵەت بەلاوازیش و لە دەسەڵاتی میلیشیایی باشترە. یاسا بە هەر ناوەرۆکێکەوە لە بێ یاسایی و چەتەگەری و ببڕەو ببرێ میلیشیایی ئەحزب، لە پێشترە. وە وەڵامدانەوە بە بۆشایی دەوڵەت و قەوارەیەکی دەوڵەتی، دەتوانێ ئەو چەکە لەدەستی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی دەربهێنێت کە مێژوویەکی دورودرێژە بەدەستیانەوە گرتووە… لەوانەش  بوونی ستەمی نەتەوایەتی، جێبەجێ نەبوونی فیدرالیزمی قەومی، هەڕەشەی دەرەکی، تێنەپەرین لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانی!!…

بەهەندگرتنی ئەو راستیانە ئەرکی چارەنووساز دەخاتە سەر بەرەی ئازادیخوازو چەپی کۆمەڵگە… چەپ و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە بە ئیدانەکردن و مەحکوم کردن، هیچ جوڵەیەک و کردەیەکی نەکردووە، بەشداریەکی نیشان نەداوە. پێویستە لەچاوی کۆمەڵگەی کوردستان و ویستی دانێشتوانەکەیەوە بڕوانێتە ریفراندۆم و سەربەخۆیی. بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە رێنوینی و سازدان و رێکخستنی جەماوەری هەیە، پێویستی بەدەستپێشکەری رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەیە، پێویستی بە نەخشەو پلاتفۆرمی رۆشن و کردەنی هەیە، پیویستی بە ئامادەیەکی مەیدانی رۆژانە هەیە. پیویستی بە پێکهێنانی ناوەند و دەستە و ئەنجومەن و لیژنەی کارا هەیە لەهەموو شارۆ شارۆچکەو ناحیەو دێهاتیکدا هەیە… کە ببنە پارێزەری دەنگی هاوڵاتیان لەم ریفراندۆمەدا. ببنە زەمانی بەدەستەوەگرتنی دەنگی هاوڵاتیان بۆ سەربەخۆیی و پیکهێنانی دەوڵەت لەکوردستاندا. وە ببنە هیزیکی گەورە بۆ رووبەرووبونەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت دەنگی هاوڵاتیان و ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەدەستەوە بگرێت. ئەم حزورە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانی دەوڵەتی داهاتوو و ناوەرۆکەکەی. ئەم لە مەیدان دابوونە دەتوانێ زەمانی شیوەی حکومرانی داهاتووش بکات و مۆری خۆی بدات لە ئایندەی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ ئەمە نەبەردە هەمە لایەنەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە پێویستە ئامادەبین.

سەرەتای ئابی ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *