ڕیفراندۆم پێشنیاری ئێمە بوو نەک مەسعود بارزانی  

نووسینی: رۆژ عەزیز

زیاتر لە ٢٠ساڵە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و دواتریش حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ڕیفراندۆمیان مەترەح کردوە، کەچی ئەمرۆ ناسیونالیزمی کوردو خودی مەسعود بارزانی بەناچاری پەنا دەبەنە بەر ڕیفراندۆم و دەنگی خەڵکی کوردستان، چونکە لە فیدراڵیەکەیاندا هیچیان بەدەست نەهێنا. بیرۆکەی ڕیفراندۆم لە ساڵی ١٩٩٥دا مەنسوری حیکمەت هێنایە گۆڕێ ئیتر لەو ڕۆژەوە کۆمۆنیستەکان بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کورد و رێگەچارەی کێشەی نەتەوایەتی لە کوردستانی عێراقدا ڕیفراندۆمیان بەرێگە چارەیەکی کارساز، زانیوە.

تا ئەو کاتەی ڕژێمی سەدام حسین مابوو زەمینەکان لەبارتر بوون و بەدڵنیایەوە خەڵک لە ڕیفراندۆمدا دەنگی بە بەڵێ دەدا بۆ سەربەخۆی لەکوردستانی عێراقدا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣داو دوای روخانی ڕژێمی بەعس دیسان زەمینەکان لەبارتر بوون و کۆمۆنیستەکان پێشنیاری ڕیفراندۆمیان کردو خوازیار بوون کوردستان سەربەخۆ بێت و پەلکێش نەکرێتەوە بۆ مەرکەزو لە شەڕو کیشە بەدوور بێت، بەڵام سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی خۆیان بە فیدراڵیزمەوە گرێداو چونەوە پاڵ مەرکەز. ئێستا دوای ١٤ساڵ کە فیدڕاڵیەکەیان شکستیان هێنا دەگەرێنەوە بۆ بۆ بەدەستەوەگرتنی ڕیفراندۆم و ریفراندۆم بەرێگاچارە دەزانن، لەکاتێکدا هەر ئەم حیزبانە بوون دەورانێک بوو کۆمۆنیستەکانیان قەدەغە دەکردو زیندانیان دەکردن و بگرە لە ١٤ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٠دا بەم بیانوە کەوتنە هێرشکردنە سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق لە سلێمانی و لەم هێرشانەدا پێنج کادری ئەو حیزبە بەدەستی میلیشیاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خەڵتانی خوێنکران کە خواستی ڕیفراندمۆیان بەرز کردبوو وە ئەمەش لای سەرانی یەکێتی و ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی ئاسایشی نەتەوەی دەخاتە مەترسیەوە.

هەموو ئەمانە و چەندین کێشەی دیکە بەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و کۆمۆنیستەکانی گرت لەسەر ڕیفراندۆم کەچی هەر ئەمرۆ خۆیان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد ڕیفراندۆم بەدەستەوە دەگرن. کۆمۆنیستەکان بۆ مەسەلەی کێشەی نەتەوایەتی گەرانەوە بۆ راو ئیرادەی خەڵکی و ڕیفڕاندۆم بە رێگایەکی گونجاو، دەزانن خوازیاریشین خەڵک دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات، چونکە حکومەتی عەبادی لەسەر ئەساسی حکومەتێکی قەومی مەزهەبی و تائیفی دامەزراوەو خەڵکی کوردستانیش ناتوانن لەگەڵ ئەم حکومەتەدا پێکەوە بژین. ئەگەر لە عێراقدا حکومەتێکی غەیرە قەومی غەیرە مەزهەبی هەبوایە و وە حکومەتێکی عادلانە بوایە، وەیان حکومەتێکی سۆسیالیستی بە وجود بوایە بێگومان نە مەنسوری حیکمەت ئەم تەرحەی دەکرد وە نە کۆمۆنیستەکانیش وە نە خەڵکی کوردستانیش دەنگیان بەجیا بوونەوەدا لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزدا. بەداخەوە کەسانێک هەن پێمان دەڵێن دوای ڕیفراندمۆمەکەی پارتی کەوتون، بەڵام بیریان چووە حیزبی کۆمۆنیست زیاتر لە ٢٠ ساڵە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان ڕیفراندۆم بە رێگاچارە دەزانن. ئاخر حیزبێک زیاتر لە ٢٠ساڵ بێت باس لە ڕیفراندۆم بکات و خودی تەرحەکەش هی ئەوان بێت، سەیر نیە کەسانێک هەبن بڵێن دوای مەسعود بارزانی سەرانی بورژوازی کورد کەوتون.

لەو رەخنەگرانە دەپرسم بەڕاست مەسعود بارزانی پێشنیارەکەی ئێمەی دوای زیاتر لە ٢٠ساڵ قبوڵ کردوە یان ئێمە؟ بەراست بارزانی دوای پێشنیاری ئێمە کەوتوە یان ئێمە. ئاخر کارەساتە مەسەلەیەکی چارەنوس سازی پێنج ملیۆن ئینسانی بکەیتە قوربانی سیاسەتی دژە حیزبیت و مادام بارزانی پێشنیاری ڕیفراندۆمی کردوە تۆ موخالیف بیت بە ڕیفرانۆدمەکەی. لەخۆتان دەپرسم ئێمە خوازیاری ڕیفراندۆمی راستەقینەین بۆ خەڵکی کوردستان وخوازیاری جیابونەوەین کە خواستێکی گشتیە نەک بارزانی کەچی پێمان دەڵێن بوونەتە پارتی، ئەی باشە خۆ بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان لەگەڵ ڕیفڕاندۆمدا نین ئەی خۆتان مادام موخالف بە ڕیفراندۆمن مانای وایە بوونەتە پاشکۆی گۆڕان وئیسلامیەکان.

بزوتنەوەی گۆڕان وئیسلامیەکان بگرە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش چونکە  ململانێیانە لەگەڵ پارتیدا نایەنە پاڵ مەسەلەیەک کە چارەنوس سازە بۆ خەڵکی کوردستان و خەڵکیان کردۆتە قوربانی سیاسەتی خۆیان و وە بەو کەس و هیزو لایەنانەش دەڵێن ئیوە بوونەتە پاشکۆی پارتی و ئەم ڕیفراندۆمەی پارتی تەنها فشارە بۆسەر دەوڵەتی مەرکەزی. دەپرسین ئەی خەڵکی کوردستان کۆمۆنیستەکان ئەرکیان چیە کە ئەم ڕیفراندۆمە قانونی بکەن و پشتیوانی نێو خۆی ودەرەکی بۆ پەیدا بکەین و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بێنە پاڵ خواستی خەڵکی کوردستان و پشتیوانی لەخەڵکی کوردستان بکەن، چونکە مەسەلەی سەربەخۆیی بێ پشتیوانی کارێکی قورسەو بەربەستەکانی بوونیان هەیە، بەڵام مادام مەسەلەیەکی چارەنوس سازەو پەیوەندی بە کێشەی خەڵکی کوردەوە هەیە و بێگومان خەڵک لەم ڕیفڕاندۆمەدا دەتوانن بریاری خۆیان بدەن و کێشەی خەڵکی کوردستان کە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە چارەسەر بکرێت و جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان مەترسیان بۆ دروست نەبێتەوە، هەرچەندە لەدوای نەمانی داعش هەم سوپای عێراق بەهێز بووەو وە هەم حەشدی شەعبی مەترسین بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێت  زەمانی دوبارە نەبوونەوەی ستەمی نەتەوایەتی بکات.

لەلایەکی دیکەوە رەخنەگران کە رەخنە لەئێمە دەگرن دەڵێن ستەمی نەتەوایەتی بوونی نیەو شتێک نەماوە بەناوی ستەمی میللیەوە، بەلام پێمان ناڵێن چ گرەنتیەک هەیە کە ستەمی نەتەوایەتی دوبارە نەبێتەوە. ئەوەی من بەدی دەکەم لەبەشێکی دیکەی خەڵکدا کە موخالفن بە ڕیفڕاندۆم ئەوەیە کە زۆر بێزارن لەدەسەڵاتی کوردی و دەڵێن ئەمانە ٢٦ساڵە حوکمرانی دەکەن بزانن چ بەڵاو موسیبەتێکیان بەسەر خەڵکدا هێناوە، من لەنیگەرانیەکانیان تێدەگەم بەڵام داخۆ ئەگەر حەشدی شەعبی و سوپای عبادی هەرەشە بێت بۆ سەر خەڵکی کوردستان بۆی بکرێت بێتە کوردستان بۆ ئەوان لە سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی باشترن؟ بۆ سوپاکەی عەبادی دەسەڵاتی بارزانی تاڵەبانی لا دەبات و ئیتر ئەوان کۆتاییان دێت یان شەڕێکی خوێناوی دیکە روو لە کوردستان دەکات؟ بەبروای من مادام کیشەی کورد چارەسەر نەکراوە و وە حکومەتی مەرکەزی عێراق حکومەتێکی قەومی مەزهەبی ناسیونالیستیە هەموو ئەگەرەکان مەوجودن کە مەترسیەک دەبێت لەسەر خەڵکی کورد لە کوردستانی عێراق، بەڵام هەلومەرجی سیاسی دیاری دەکات کە داخۆ مەترسیەکان نزیکن یان دوور .

ئێستا ئەوانەی رەخنە لە ڕیفراندۆمەکە دەگرن پێیان نەوتین بەدیلی ئەوان چیە بۆ کێشەیەک کە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە ئەویش کێشەی کوردە، ئەوان هیچ بەدیلێکیان نیە لەبەرامبەر ڕیفڕاندۆمدا کە ئەمرۆ لە دنیادا وەک رێگەچارەکان دیاری کراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان هەر دەڵێن ڕیفڕاندۆمەکەی بارزانیەو ناسیونالیستانەیەو هیچ قازانج وبەرژەوەندیەکی تێدانیە بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و خۆ مەشغوڵکردنە و ئەمە بۆئەوەیە خەڵک سەرقاڵ بکەن تا خواست وداواکاریان بیربچێتەوەو دەڵێن کۆمۆنیستەکان دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە دژی حکومەتی قەومین. من دەمەوێت پرسیار لەو رەخنەگرانە بکەم باشە چارەسەرنەکردنی کیشەی خەڵکی کورد پەیوەندی نیە بە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشەوە؟ باشە سبەینێ ناسیونالیستی عەرەب هێرش بکاتەوە سەر کوردستان وستەمی میللی دوبارە بێتەوە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستان ناکوژرێن  ئەوانیش نابنە قوربانی شەڕی قەومی؟ باشە خەباتکردن لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی ژیانێکی باشترو عادلانەدا کاری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و کۆمۆنیستەکان نەبووە؟ یان ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت کاری کۆمۆنیستەکان قورستر دەبێت یان سوکتر؟ بەبروای من خەباتکردن بۆ ئازادی وبەرابەری ئینسانەکان چ ئێستاو چ دوای ڕیفراندۆم وسەربەخۆیەکەش بەردەوام دەبێت و ئەرکی بەرەی ئازادیخوازیی و کۆمۆنیستەکانە لەخەبات بەردەوام بن تا دەسەڵاتی بورجوازی لەکوردستان وەدەر دەنێن و خۆیان حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان بەدی دەهێنن .

ئێستا لێگەرێن با ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت با کێشەیەک هەیە کە پێی دەوترێت کیشەی کورد چارەسەر بێت ئەوسا مەجال فراوانتر دەبێت بۆ خەباتکردن بۆ ئازادی بەرابەری، چونکە هەم ناسیونالیستەکانی کورد ناتوانن بە دەولەتانی مەنتیقەکەو هەم بە هەرەشەکانی حکومەتی مەرکەز بمانترسێنن… دەوڵەتانی ناوچەکەش ناتوانن بە ئاسانی تەراتێنی کوردستان بکەن ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت. ئێستا بارزانی حیزبەکانی کوردایەتی هاتونەتە پای مەسەلەیەکەوە کە مەسەلەی کوردو چارەسەرەکەیەتی بەڕیفراندۆم کە ساڵانێک بوو خۆیان دژایەتیان دەکرد ئەمرۆ ناچار بوون بریاری خەڵکی کوردستان وەربگرن و پەیوەندی بەژیانی هەموومانەوە هەیە نەک بارزانی حیزبەکانی کوردایەتی، وەرن با پشتیوانی لەخواستی سەربەخۆیی چارەسەری کێشەی کورد بکەینەوە کە هێشتا لە ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆنی شەڕو خوێن ڕشتنی لێ دێت وهەر رۆژێک بێت ئاگری شەڕ بەرۆکی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگرێت کە هێشتا چارەسەر نەکراون و بەهەڵواسراوی ماونەتەوە. من دڵنیام حەشدی شەعبی و حکومەتەکەی عبادی لەسەر هیچ شەڕ بە خەڵکی کوردستان نەفرۆشن لەسەر ناوچە دابراوەکان شەڕ دەفرۆشن. بۆیە مادام ناوچە جێ ناکۆکەکان چارەسەر نەکراون بێگومان کێشەی خەڵکی کورد چارەسەر نەکراوە.

لەکۆتاییدا ماوە ئەوە بڵێم ڕیفڕاندۆم لەم سەردەمەدا باشترین ئامرازە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دەبێت ئەم مەسەلەیە قانونی بکرێت و رێگە نەدرێت ڕیفڕاندۆم لەلایەن ناسیونالیستەکانی کوردەوە مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت، هەر کەس و لایەنێک ئەم کارە بکات دەبێت خەڵکی کوردستان رێگەی پێ نەدات و هەر ئێستاش خەڵکی کوردستان مەترسی گرتنی سنورەکانیان هەیە کە کەلوپەل نەیەتە کوردستان وگرانی بێت و بەشێک لەخەڵکیش دەڵێن ئەگەر سەربەخۆیی راگەیاندرا ئەوسا دەوڵەتانی ناوچەکە سنورەکان دەگرن، بەبروای من مادام کوردستان نەوتی هەیەو سەرمایەی هەیە ئەگەر سەربەخۆیش بەدی بێت و کوردستان سەربەخۆ بێت ئەوە بەدڵنیایەوە وڵاتانێک چونکە قازانج و بەرژەوەندیان لە کوردستانە ناچار دەبن هەم پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکەن هەم کوردستان سەربەخۆ دەبێت وئەوانیش گرێ بەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی سەربەخۆی کوردستان ئیمزا دەکەن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *