وه‌ڵامێک به‌هاوڕێ سامان که‌ریم
خه‌سره‌و سایه:
به‌رله‌وه‌ی بچمه ناو باسه‌که‌وه هه‌ڵوێسته‌یه‌ک به‌پێویست ده‌زانم:
له‌م وه‌ڵامه‌دا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم نییه پێی هه‌ستم، ده‌ستبردنه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی شه‌خسی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که هاوڕێ سامان له‌په‌یوه‌ند به‌مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌وه، باسی لێوه‌کردوه و له‌ژێر ناوی “سیاسه‌تی کۆمۆنیستی”دا کۆی کردونه‌ته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه، به‌ر له‌هه‌رشتێک به‌شداریکردنه له‌ڕۆشنکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی سیاسه‌تێکی کۆمۆنیستی و هه‌وڵدان بۆ یه‌کگرتووکردنی هێزه‌کانی حزب و جوڵانه‌وه‌که‌مان له‌ده‌وری. به‌مجۆره‌ش بۆچونی فه‌ردی من له‌چاو سیاسه‌تی حزبدا لاوه‌کیه. بە مانایەکی تر من وەکو کۆمۆنیستێک کە لەڕابەری حزبێکدام، بۆچونی شه‌خسیم تا ئه‌و ئاسته گرنگی هه‌یه کەکۆمه‌ك به حزب بکات تا سیاسەت یان تاکتیکێکی دروست هه‌ڵبژێرێ، چونکه حزب ئامڕازی کاره، بۆیە به‌رله‌هه‌رشتێک هەموو هەوڵی من بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی ئەم ئاڕاستەیەیه، نەک بەر لەم هەوڵە لە بیری ئەوە دابم بۆچونی خۆم بەیان بکەم. ئەمە بەشێکە لە سوننەتی حزبی و تەحزوب.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه که‌جیاوازی بۆچوونه‌کان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی تاکتیکی، ئه‌و سوننه‌ته‌شی به‌رهه‌مهێناوه که به‌رله‌وه‌ی حزب هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی خۆی ڕاگه‌یاندبێت، که‌سایه‌تیه‌کان له‌ڕابه‌رایه‌تیدا ده‌ستیان داوه‌ته نوسینی وتار‌و نه‌زه‌ری شه‌خسی خۆیان له‌پێش حزبه‌وه داناوه وهه‌ر که‌سه‌ش له‌باخێک ده‌خوێنێت. ئه‌مه له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدرێ بۆ گه‌یشتن به‌سیاسه‌تێکی یه‌کگرتوو که جوڵانه‌وه‌که‌ی پێ ڕابه‌ری بکرێ .. ئایا سونه‌تێکی ئاوا له‌گه‌ڵ ئه‌وپرسیاره‌دا به‌ره‌وڕومان ناکاته‌وه که هه‌ر که‌سه له‌ئێمه چه‌نده له‌مه‌وقعی به‌رپرسیارێتیه‌وه به‌رامبه‌ر به‌حزبه‌کان و جوڵانه‌وه‌که‌مان خه‌ریکین سیاسه‌ت ڕۆشن ده‌که‌ینه‌وه و هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌شدا بۆچونه شه‌خسیه‌کانی خۆشمان به‌یانده‌که‌ین؟. ئایا خۆمان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین به‌رامبه‌ر به‌مه‌ترسی چه‌نده‌سته بوونی حزب له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌یه‌کی تاکتیکی که‌بایه‌خی له‌چاو یه‌کپارچه‌یی حزبه‌کاندا سه‌د به‌رابه‌ر له‌خواره‌وه‌یه؟ ئایا ڕای شه‌خسی گرنگتر و له‌پێشتره یان حزب وجوڵانه‌وه؟ ئایا باشتر نییه دروستر نییه به‌رله‌وه‌ی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و سکرتێری حزب ڕای شه‌خسی خۆی بڵێت، حزب له‌ده‌وری سیاسه‌تێک کۆبکاته‌وه وپاشان گه‌ر نه‌زه‌رێکی تایبه‌تیشیان هه‌بوو بیده‌ن؟ ئایا به‌یانکردنی نه‌زه‌ری شه‌خسی به‌م شێوه‌یه حزب به‌هێزده‌کات یان ئه‌گه‌ری زه‌ربه‌دان له یه‌کگرتووبوون وتێکدانی ئینسجامی ده‌رونی بزوتنه‌وه‌که‌مان ده‌ڕه‌خسێنێ؟ به‌تایبه‌تی له‌کاتێکدایه که‌ده‌رگای باسێکی گرنگ کراوه‌ته‌وه وئه‌گه‌ر له‌مه‌وقعیه‌تی به‌رپرسیارێتیه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌که‌ین، مومکینه به‌زیانی گه‌وره ته‌واوبێت!. هیوادارم هاوڕێ سامان په‌ی به‌م به‌رپرسیارێتیه بردبێ..
به‌ڵام هه‌رلێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێم شێوازێک له‌باسکردن که‌هاوڕێ سامان گرتویەتیه به‌ر، شێوازێکی ته‌مومژاوی، دورودرێژ وماندوکه‌ر، تێکه‌ڵکردنی چه‌ندین باس، که‌سه‌ره‌ڕای گرنگیان، به‌ڵام ناپه‌یوه‌ند و ڕێ لێ ونکه‌ر.. هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌رامبه‌ر به‌مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی که ده‌کرا له‌چارەکه ژماره‌ی ئه‌ولاپه‌ڕانه‌دا که‌بۆی ڕەشکراوه‌ته‌وه به‌یان بکرایه.. به‌م هۆیه‌وه من ناچارم له‌زۆر مه‌سه‌له خۆپارێزی بکه‌م و وه‌ڵامه‌که‌شم به‌جیاکردنه‌وه‌ی باسی ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی وهێنانه پێشه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌نه‌ی که‌به‌هه‌ریه‌ک له‌م دوو ته‌وه‌ره‌یه‌وه په‌یوه‌سته، ئیکتفا بکه‌م تا منیش هه‌م خوێنه‌ر ماندوونه‌که‌م وهه‌م وه‌ڵامه‌که‌شم ڕۆشنبێت. ئەوەش بڵێم کە لە قەڵەمدانی هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان به‌هه‌ڵوێستێکی ناسیونالیستی لەلایەن هاوڕێ سامانەوە، هۆکاری سەرەکی بوو لە دەست بردنم بۆ ئەم وەڵامە.
ته‌وه‌ره‌ی ڕیفراندۆم
ئه‌نتی پارتی بوون، بنه‌مای دژایه‌تیکردنی ڕیفراندۆم لای هاوڕێ سامان که‌ریم:
خاڵی بنه‌ڕه‌تی لێوه هه‌ستانی دژایه‌تیکردنی ڕیفراندۆم وسیاسه‌تێک که‌هاوڕێ سامان له‌به‌رامبه‌ریدا، به‌سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ناوی بردووه، ڕیفراندۆمێکه که‌له‌لایه‌ن با‌رزانی و پارتیه‌وه بانگه‌وازی بۆکراوه، هه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش ئه‌وی وه‌ک کۆمۆنیستێکی ڕه‌خنه‌گر، له‌فۆڕمێکی ڕادیکاڵ وئۆپۆزسیۆنێکی په‌ڕگردا له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا، داناوه. له‌کاتێکدا بنه‌مای سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ده‌خاله‌تگه‌ری و به‌رپرسیاریه‌تیه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کێشه و گرفتانه‌دا که‌به‌رۆکی به‌کۆمه‌ڵگاو جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش گرتووه، به‌ئاڕاسته‌ی گرتنه‌پێشی ڕێگاچاره‌ی واقعی بۆ ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵگا له‌وکێشه‌و گرفتانه.
هاوڕێ سامان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌دان به‌بوونی مه‌سه‌له‌ی کورددا ده‌نێت و هاوکاتیش ڕیفراندۆم وه‌ک ڕێگایه‌کی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه به‌دروست ده‌زانێت، به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه که‌بارزانی و پارتی ڕای گه‌یاندووه، ڕیفراندۆم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و به‌سیاسه‌تێکی پارتی ده‌یناسێنێ. به‌م پێیه‌ش بنه‌مایه‌ک که‌ئه‌و له‌سه‌ری وه‌ستاوه دژایه‌تی کردنی پارتی و با‌رزانییه نه‌ک ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر گرفێتکی سیاسی که ساڵه‌های ساڵه بۆته برینێک به‌جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگاوه وکۆسپێکی سه‌ر ڕێگای خه‌باتی چینایه‌تی به‌ره‌و سۆشیالیزم. بۆ که‌سێک که بیه‌وێت له مه‌وقعیه‌تی ده‌خاله‌تگه‌رانه و به‌رپرسیارێتیه‌وه به‌رامبه‌ر به‌ژیانی کۆمه‌ڵگا، ڕۆڵبگێڕێ، ده‌بێ خودی کێشه‌که خۆی به‌بنه‌ما وه‌ربگری و له‌ده‌ره‌وه‌ی ململانێی حزبه‌کان و ئه‌وه‌ی که‌کام لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی چییه و بۆچی هاتۆته پای بۆ گرفته‌که بڕوانێ، گرفتێک که‌ده‌یان به‌ڵاو موسیبه‌تی بۆسه‌ر ژیانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا زیاد کردووه. به‌داخه‌وه ئه‌نتی پارتی بوون و بنه‌مایه‌ک که‌هاوڕێ سامان له‌سه‌ری وه‌ستاوه ئه‌وه نابینێ که خودی ده‌ستکێشانه‌وه له فیدراڵیزم و هاتنه پای پارتی و به‌رزانی بۆ ڕێگای ڕیفراندۆم، جا به‌هه‌ر مه‌به‌ست و ئامانجێکه‌وه بێت، نه‌ک هه‌ر به‌زیانی چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه نییه، به‌ڵکو کاڵ بوونه‌وه‌ی به‌ربه‌ستێکه که‌خودی حزبه ناسیونالیسته‌کان له‌سه‌ر ڕێگای ده‌ستبردن بۆ ئه‌م ڕێگایه دایان ناوه، ئه‌مه‌ش ده‌رگای فرسه‌تێکی بۆ ده‌خاڵه‌تگه‌ری کۆمۆنیستی له‌بوعدی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیدا، له‌دژی خودی پارتی وگشت ناسیونالیزم کردۆته‌وه. بێگومان بۆ ئێمه کۆمۆنیسته‌کان وه‌ڵامدانه‌وه به‌هه‌ر سته‌م و نابه‌رابه‌ری و گرفتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیزمه، به‌ڵام له‌غیابی ده‌موده‌ستی ئه‌م شۆڕشه‌دا، ڕیفراندۆم ڕێگاچاره‌یه‌کی سیاسه بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد، ئه‌مه‌ش به‌پێویست ئێمه کۆمۆنیسته‌کان به‌واقعیه‌تێکه‌وه گرێ ده‌دات که‌چۆن له‌کرانه‌وه‌ی فرسه‌ته‌کاندا، ڕیفراندۆم وه‌ک مه‌یدانێک بۆ ده‌خاله‌تگه‌ری سیاسی وچاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی کێشه‌که به‌ده‌سته‌وه بگرین وجه‌ماوه‌ری بۆ بهێنینه مه‌یدانه‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه هاوڕێ سامان ئه‌نتی پارتی بوونه‌که‌ی تا ئاوئاسته بۆته بنه‌ماو پێوانه بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم وجیابوونه‌وه، که‌هه‌م “ڕیفراندۆم ده‌باته نێو مێژووی پارتی و با‌رزانیه‌وه” وه هه‌م جیابونه‌وه وپێکهێنانی دەوڵه‌تیش بۆ کۆتاییهێنان به‌مه‌سه‌له‌ی قه‌ومی نازانێ! ئه‌وه‌تا له‌هه‌ردوک له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:
“باسی ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوە لە پایەیەکی سەرەکیدا، باسی پارتی و با‌رزانی و مێژووی ئەم هێزەیە، هەر لایەن و هێزێک مێژووی ئەم هێزە و سیاسەت و پراتیکی وەک هێزێکی بۆرژوازیی کورد لە بەرچاو نەگرێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، لە بەرانبەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردوستاندا”- به‌شی یه‌که‌م-
” سەربەخۆیی و جیابونەوەی کوردوستان هیچ پەیوەندی نیە بە باسی مان و نەمانی ئەم کێشەیەوە. لە ڕوانگەی منەوە بە گریمانەی ئەوەی کە کوردوستان جیادەبێتەوە پارتی باڵادەستە و با‌رزانی ڕابەریەتی” “مەبەستم ئەوەیە باسێکی لەو چەشنە کە گوایا دوای دەوڵەتی کوردی” کێشەی نەتەوەیی” نامێنێت لە خەیالیش کەمترە “،” بەڵام کەی وە لەکوێ دەوڵەت و سەربەخۆیی ئەم کێشەیەی چارەسەر کردوەو؟! ” به‌شی دووه‌م- هێڵه‌کان هی منن-
له‌ڕاستیدا ئه‌م بنه‌مایه له‌ئه‌نتی پارتی بوون وئه‌م میتۆده‌ی که‌هاوڕێ سامان بۆ مامه‌ڵه‌کردن به‌ڕیفراندۆم و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده‌وه گرتویه‌تیه‌به‌ر، جگه له‌وه‌ی نوێنه‌ره‌وه‌ی بۆچونێکی ناسیاسی و ناکۆمه‌ڵایه‌تیه، هاوکات په‌یڕه‌وی لێکردنی حزب و جوڵانه‌وه‌که‌مان وه‌ک ئه‌حزاب وجوڵانه‌وه‌یه‌کی لاوه‌کی و نا ده‌خاڵه‌تگه‌ر له‌ڕیزی ئه‌حزابێکی ناڕازی به‌پارتیدا داده‌نێ که هوشیارانه مه‌وقعی ڕه‌خنه‌گریان هه‌ڵبژاردووه‌و نایانه‌وێت مه‌سه‌له‌و گرفته سه‌ره‌کیه‌که‌ی سه‌ر ژیانی خه‌ڵک خۆی ببینن وڕێگای نه‌مانی بگرنه‌به‌ر. هاوڕێ سامان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌یان لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌شکردۆته‌وه و تێکۆشاوه ئه‌م میتۆده تیوە‌ریزه بکاو ئه‌نجامه‌کانی به‌سیاسه‌تی کۆمۆنیستی بناسێنی، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئاکامدا به‌کۆمه‌ڵێک ناکۆکی سیاسی و تیوه‌ریه‌وه سه‌ری له‌هه‌ڵه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌دا ده‌ر‌هێناوه.. که‌له‌دوتوێی ئه‌م وه‌ڵامه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ڕاستیه‌که‌ی ده‌رخه‌ین.
ڕیفراندۆم به‌مه‌رجه‌وه
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌به‌درێژایی هه‌ردوو به‌شی باسه‌که‌ی هاوڕێ سامان لیستێکی دوور‌و درێژ له‌ڕه‌خنه‌گرتن له‌پارتی و ئامانجه‌کانی با‌رزانی له‌پشتی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو له‌نموونه‌ی ئه‌وه‌ی که:
“ئه‌م ڕیفراندۆمه هه‌نگاوێکی سیاسی زیره‌کانه‌ی با‌رزانیه بۆ قۆرغکردنی مافی دانیشتوان”، “وه‌ره‌قه‌ی که‌سایه‌تی با‌رزانیه تائاستی سه‌رکرده‌ی (ڕزگاری به‌خش)”،”وه‌ره‌قی گرنگی هه‌ڵبژاردنی داهاتوه”، “بۆ که‌وجکردنی خه‌ڵکو داپۆشینی وه‌زعی نالەبا‌ری خه‌ڵکه”، “بۆ تێپه‌ڕکردنی ئه‌زمه‌ی ناوخۆییه”،” ریفراندۆم یان سیاسەتی پیادەکردنی ریفراندۆم، سیاسەتی سەرنج لابرنە لەسەر ئەم کێشانە و شاردنەوەیەتی لە لایەک و لەلایەکی دیکەشەوە با‌رزانی دەتوانێت وەک وەرەقەیەکی جۆکەر لە هەر کات و هەلومەرجێکی سیاسی دا بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و هێزە موخالیفەکانی و حکومەتی بەغداو هێزە ئیسلامی و قەومیە عەرەبیەکان بەکاریبهێنێت. ئەوانە ئامانجی سەرەکیین”..
له‌مانه‌ش زیاتر لیسته‌که هێنده درێژ ده‌بێته‌وه خه‌ریه‌که بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم پێمان بڵێ که ”ڕیفراندۆم خۆی بارزانیهو با‌رزانی خۆی ڕیفراندۆمه” ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
” لەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردوستان بەسەرۆکایەتی با‌رزانی، ڕیفراندۆم خۆی سیاسه‌ته. یەکێک لە کۆسپ و تەنگەژەکانی ئەم سیاسەتەی با‌رزانی ئەوەیە کە ڕیفراندۆم هەر خۆی کراوەتە سیاسەتێک”، “باسی ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوە لە پایەیەکی سەرەکیدا، باسی پارتی و با‌رزانی و مێژووی ئەم هێزەیە”…
وه‌رن با ببینن به‌م هه‌موو ڕه‌خنانه‌وه که‌چی هاوڕێ سامان هێشتا ڕیفراندۆم به‌گشتی ڕه‌ت ناکاته‌وه‌و مه‌رجی هه‌یه بۆی. یانی ئه‌گه‌ر مه‌رجێک که‌ئه‌و دایناوه قه‌بوڵ بکرێت و بۆ سه‌ر فۆرمی ده‌نگدان زیاد بکرێ ئه‌وا ئاماده‌یه بێته پای. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا تۆ ڕیفراندۆم به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی با‌رزانی هاتۆته پای له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ڕه‌ت ده‌که‌یته‌وه، یان میکانیزمێکه به‌ناته‌واو ده‌بینی ومه‌رجت بۆی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هاوڕێ سامان هه‌ر سوره له‌سه‌ر به‌شی یه‌که‌می ئه‌م پرسیاره‌و ڕیفراندۆم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، ئیتر بۆچی به‌و سه‌ردا با ده‌ده‌یته‌وه ومه‌رج دێنیته کایه‌وه؟! ئایا ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی که هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی هێناوتنه‌وه بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم ناڕاستن وشوێنی خۆیان نه‌گرتووه؟ خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕێ سامان لای دووهه‌می ئه‌م پرسیاره وه‌رده‌گرێ (که‌وه‌ری گرتووه) وده‌یکاته بنه‌مای مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمێکدا که‌خراوه‌ته ڕوو، ئه‌وا به‌پێویست ئه‌و سه‌نتێزگرتنه‌ی له‌ڕیفراندۆم گرتویه‌تی وئه‌و لیسته له‌ڕه‌خنه‌گری ده‌ستی بۆ بردووه، لاوه‌کی وزێده‌ڕه‌ویه. به‌تایبه‌تی که مه‌رج هاته‌کایه‌وه ئیتر ده‌رگا بۆ چاڵنجێکی سیاسی ده‌کرێته‌وه‌و ئیتر نه ”ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی” ونه پاساوه‌کانی مانایه‌کی ئه‌مێنێت. له‌حاڵه‌تێکی ئاوا‌شدا ئیتر هاوڕێ سامان مافێکی ئه‌وه‌ی نییه که‌پێمان بڵێت” هەر لایەن و هێزێک مێژووی ئەم هێزە و سیاسەت و پراتیکی وەک هێزێکی بۆرژوازیی کورد لە بەرچاو نەگرێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، لە بەرانبەر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستاندا”.. چونکه ئه‌گه‌ر جدیه له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی ئاوا به‌مه‌رجه‌وه ڕیفراندۆمه‌که‌ی با‌رزانی قه‌بوڵکردووه. ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌ی نییه که به‌ئێمه کۆمۆنیسته‌کان بڵێت: “ڕاستەوخۆ هوشیارانە یان ناهوشیارانە دەبێتە سیاسەتی دواکەوتنی پارتی…”.
به‌ڵام به‌ده‌ر له‌م ناکۆکیه که‌هاوڕێ سامان تێیکه‌وتووه با بزانین چ مه‌رجێکی هه‌یه‌و چۆن هه‌ڵوێستی لێده‌گرێ؟ ئه‌و ده‌ڵێت:
“خەڵکی کوردوستان، پێویستە بەشداری ئەم یاری یە نەکەن، وە هوشیارانە ڕوبەڕووی ئەم سیاسەتە ببنەوە و لەمبارەوە لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەگەر دەیانەوێت ڕیفراندۆمێک بکرێت کە ڕیفراندۆمی خۆیان بێت و ئەنجامەکەی بەپێی دەنگی ئەوان بێت و نەکرێتە وەرقەیەکی سیاسی بۆ بەند و بەست و سازانی ژێر بەژێری سیاسی ئەوا پیویستە: لەم ریفراندۆمەدا بە مەرجەوە بەشداری بکەن، مەرجێکی رۆشن ئەویش ئەوەیە کە: لە فۆرمی دەنگداندا خاڵێک زیاد بکرێت بەم شێوەیە: دەست بەجێ ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەنجامی ڕیفراندۆم هەر چیەک بێت، ئەوە لەماوەی ٦-١٢ مانگدا ڕادەگەیەنرێت. واتە ئەگەر خەڵک دەنگیان دا بە جیابوونەوە لە عێراق ئەوە لەو ماوەیەدا سەربەخۆیی و دەوڵەت لە کوردوستان ڕادەگەیەنرێت.” – هێڵی ژێر نوسینه‌کان هی منن-
زۆرباشه.. گریمان ئه‌م مه‌رجه واقعیه‌و ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوڕێ سامان له‌سه‌ر ئه‌م بۆچونه‌ی خۆی جدیه‌و چاوی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک بڕیوه وچیتر نایه‌وێت وه‌ک ره‌خنه‌گرێک ده‌رکه‌وێ ده‌بێ پێمان بڵێ که‌چی بکرێ تا ئه‌م مه‌رجه جێگیر بکرێ؟.
له‌وه‌ڵامدا هیچمان پێناڵێت!!. ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت به‌خۆیی و مه‌رجه‌که‌یه‌وه له‌سه‌رو هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و حزب و جوڵا‌نه‌وه‌که‌مانه‌وه وه‌ستاوه و خێرا خێرا دووباره‌ی ده‌کاته‌وه که‌ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ی من دامناوه به‌دی نه‌یه‌ت ئه‌وا ئیتر “ڕیفراندۆمێک هه‌ر له ئارادا نییه”!!.. با بڵێین مەرجەکەشی بەو جۆرە پیادەکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمه‌که‌ی زامن کرد!! بەڵام ئەو لیستێک کێشەی تری ڕیز کردوە و وه‌ک فاکتێک له‌به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمدا بۆ به‌لاڕێدا بردنی سه‌رنجی خه‌ڵک وگه‌وجاندنیان به‌کاری هێناوه. ئەی بۆ ئەوانە چی دەڵێت!؟. به‌ڕاستی ئینسان نازانێ کام قسه‌یه به‌جدی وه‌ربگرێ ئایا بکه‌وێته شوێن ئه‌م لیسته له‌ڕه‌خنه‌گری، یان مه‌رجێک که بۆ ڕیفراندۆم پێشنیارت کردووه!.
له‌واقعدا ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم وه‌ک میکانیزمێک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌کی سیاسی وه‌ک مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ربگرین ئه‌وا دانانی مه‌رج پێویست نییه بۆی، چونکه ڕیفراندۆم خۆی وه‌ڵامه به‌پرسیارێکی ساده‌و سه‌ره‌کی، “ئایا ده‌مانه‌وێ له‌عێراق جیابینه‌وه یان نا ”، (هه‌رچه‌نده هاوڕێ سامان هه‌ر خۆشی ده‌ڵێت” بۆ ڕیفراندۆم مه‌رج دانانرێت – که‌بۆی داناوه-!!”). له‌م په‌یوه‌نده‌شدا، ئه‌وه‌ی گرنگه زامنکردنی هه‌لومه‌رجێکه که‌بڕیاردانی گشتی وئازادانه‌ی خه‌ڵک و وه‌ڵامدانه‌وه به‌پرسیارێکی بنه‌ڕه‌تی، به‌دور له‌زه‌غت و زۆر‌و پشێوی بۆ هه‌موان ده‌سازێنێ. ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ش له‌ڕوانگه‌ی هه‌ر حزبێکه‌وه ده‌توانرێ له‌چه‌ند خاڵدا به‌یان بکرێ. (بۆ نمونه به‌یاننامه‌ی حزب به‌ڕۆشنی له‌م باره‌وه چه‌ند مه‌رجێکی ڕاگه‌یاندووه). به‌ڵام ئه‌وه‌ی هاوڕێ سامان دایناوه دیاریکردنی هه‌لومه‌رجێک نییه له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا تا ئازادانه له‌ڕیفراندۆمێکی گشتیدا به‌شداری بکه‌ن، به‌ڵکو هه‌ڵبڕینی شمشێرێکه هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی “له‌ئارادابون ونه‌بوونی خودی ڕیفراندۆم”ی پێ له‌مه‌نگه‌نه بدات وه‌هه‌م ئه‌وانه‌شی باس له‌به‌شداری کردن له‌ڕیفراندۆمدا ده‌که‌ن به‌م مه‌رجه له‌قاویان بدات. ئه‌مه ناوه‌رۆکی سیاسه‌تێکی کۆمۆنیستیه که‌ئه‌و خستویه‌تیه پێش پای بزوتنه‌وه‌که‌مان. به‌ڵام پێده‌چێت کێشه‌ی هاوڕێ سامان له‌شوێنێکی تربێت، ئه‌ویش “هه‌ویه‌تی” ڕیفراندۆمێکه که‌ئه‌و خوازیاریه‌تی!.
“ڕیفراندۆمی به‌رزانیه‌کان” و “ڕیفراندۆمی کۆمۆنیسته‌کان”
هاوڕێ سامان نایه‌وێت به‌خه‌یاڵاتی ورده بۆرژوازیه‌وه “ڕیفراندۆم له‌سه‌رو چینه‌کانه‌وه” ببینێ، چونکه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که له کۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا هه‌موشتێک ڕه‌نگو بۆی چینایه‌تی هه‌یه وڕیفراندۆمیش لێی به‌ده‌رنییه، بۆیه ئه‌و لایه‌نگری “ڕیفراندۆمی کۆمۆنیسته‌کانه‌و دژی “ڕیفراندۆمی بارزانیه‌کانه”!.. له‌مباره‌وه ده‌نوسێت:
“چۆن ڕیفراندۆمی 1995 خاوەنەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو، وە تا ئێستا باسدەکرێت و لە هەموو بەیان و نوسینەکاندا هەیە، بەهەمان شێوە خاوەنی ئەم ڕیفراندۆمە وڕابەرەکەی با‌رزانی و پارتی یە. ”
“ئەگەر ئەمساڵ ٢٠١٧ ئەو رێفراندۆمە لە جیاتی پارتی، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێشنیازی بکردایە، هێزی هەبوایە کە دەتوانێت لایەنی کەم بیکاتە هێزیکی کۆمەڵایەتی، ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بوایە ئەوکات باسەکە بەتەواوی دەگۆڕا”. – هێڵه‌کان هی منن-
هاوڕێ سامان ڕێک به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌م قسانه‌ی خۆی که له‌سه‌ره‌وه خراونه‌ته ڕوو، هه‌ر خۆی له‌وتارێکدا به‌ناونیشانی “جیابونەوەی کوردستان، سیاسەتێکی کۆمۆنیستی! ” -16/7/2014 – ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه‌و ئه‌م دابه‌شکردنه‌ی ڕیفراندۆم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، که‌پێم وابێت باشترین وه‌ڵامه به بۆچونه‌کانی ئێستای. ئه‌و نوسیویه‌تی:
“لە کۆتاییدا چەند دێڕێک لەسەر ئەوەی کە جیابونەوە و ریفراندۆم سیاسەتی ناسیونالیستەکانە یان پارتییە!! مومکنە وابێت من تا ئێستا وای نابینم ، پارتی خەریکی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداو لە ١٥ی مانگەوە هێزە ئیسلامی و قەومیەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی بەغدا. بەڵام گریمان وایە. ئەوکات یەکەمجار نابێت لە مێژوودا کە سیاسەتی کۆمۆنیستی و سیاسەتی بورژوایی لە پۆینتێکدا یەکبگرن“.. – هێڵه‌کان هی منن-
ئێمه نازانین کام حوکمه وکام بۆچونه به‌ئه‌سڵ وه‌ربگرین، چونکه هاوڕێ سامان له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک دیارده‌دا، دو تیۆری داڕشتووه وهه‌ریه‌که‌شیان هه‌ڵوێستێکی جیای لێوه‌رگرتووه!.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێدا ڕیفراندۆم میکانیزمێکه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌کی سیاسی ودابه‌شکردنی به‌سه‌ر جۆره‌کانی بۆرژوازیی وکۆمۆنیستیدا، مه‌وزوعیه‌تی نییه، تا ئینسان لایه‌نگری ئه‌میان بێ وئه‌وی تریان ڕه‌تکاته‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌روه‌ک وتمان هه‌ڵوێست له‌ڕیفراندۆم له‌وێوه نییه که‌چ حزب و ڕه‌وتێک بانگه‌وازی بۆ کردووه، بۆرژواکان، یان کۆمۆنیسته‌کان. به‌تایبه‌تی که‌له مێژووی وڵاتاندا به‌ده‌گه‌مه‌ن ڕیفراندۆمێک ببینینه‌وه به‌بانگه‌وازی کۆمۆنیسته‌کان و به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌وان ساز درابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌واوی ڕیفراندۆمه‌کانی دونیا له‌سه‌ر کێشه سیاسیه‌کان، له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تان وئه‌حزابی جیاوازی بۆرژوازی وبه‌ڕابه‌ری ئه‌وان سازدراوه‌و کێشه‌کانیش یه‌کلا کراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ک وتمان ئێمه کۆمۆنیسته‌کان له‌هه‌ر ڕیفراندۆمێکدا به‌شوێن ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌وه‌ین که‌بڕیاردانی گشتی و ئازادانه‌ی خه‌ڵک به‌بێ گوشار‌و ئیمتیازادان، زامن ده‌کاو به‌ده‌ر له‌توندوتیژی هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری گرفته‌که ده‌گرێته‌به‌ر. چونکه پێمان وایه ئه‌وه مامه‌ڵه‌و ده‌رکێکی ناکۆمه‌ڵایه‌تی و نا سیاسیه که بڵێین نا بۆ ڕیفراندۆمی ناسیونالیسته‌کان و به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆمی کۆمۆنیسته‌کان. کارێکی وا به‌رخوردێکی ئایدیۆلۆژیگه‌رییه وکۆمه‌ڵگاو ژیانی خه‌ڵک به‌دیار کاره‌ساته‌کانی کێشه‌ی قه‌ومیه‌وه ده‌هێڵێته‌وه وفرسه‌تی زیاتریش ده‌دات به‌ده‌ست ئه‌حزابی ناسیونالیستیه‌وه تا یاری سیاسی خۆیانی پێوه بکه‌ن.
هاوڕێ سامان که‌به‌ته‌نها ڕیفراندۆمی کۆمۆنیسته‌کان به‌ڕیفراندۆم ده‌زانێ وئه‌وانه‌ی تر ڕه‌تده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و حاڵه‌وه که “کۆمۆنیسته‌کانی 2017 هێزی سێهه‌می 1995 نه‌ماون” وله‌مه‌وقعی ڕابه‌ریکردنی ڕیفراندۆمدا نین، بیه‌وێت یان نا که‌وتۆته بازنه‌ی سیاسه‌تێکی نا مه‌سئولانه‌و چاوه‌ڕوانییه. سیاسه‌تێکی چاوه‌ڕوانیه چونکه ڕوو ده‌کاته ئێمه‌و خه‌ڵکی کوردستان وپێمان ده‌ڵێت: “بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه پاشکۆی ناسیونالیزم و ڕیفراندۆمه‌که‌ی مه‌سعود با‌رزانی چاوه‌ڕێ بن تا کۆمۆنیسته‌کان کاتی ڕابه‌رایه‌تیان دێت! نامه‌سئولانه‌یه چونکه گرفت‌و کێشه‌که به‌هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵێته‌وه ودرێژه به‌دۆخی مه‌وجود ده‌دات. گریمان کەسانێک کۆمۆنیزمیان کردوە بە ئایدۆلۆژی خۆیان و لە ڕوانگەی وەفاداریان بە دینەکەیانەوە ڕیفراندۆمیان بەڕابەری کۆمۆنیستەکان لاپەسەنده، بەڵام بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتێکیش کە بەم مانایە کۆمۆنیزمیان هەڵنەبژاردوە، بە چ به‌ڵگه‌یه‌ک دەبێ لەسەر ڕیفراندۆم بە ڕابەری کۆمۆنیستەکان ڕاوەستن؟ له‌م باره‌شه‌وه هاوڕێ سامان هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەوان ڕون نەکردوەتەوە!.
له‌یه‌ک ووته‌دا هاوڕێ سامان ڕیفراندۆمی پۆلێن کردووە بۆ ڕیفراندۆمی کۆمۆنیستەکان و ناسیۆنالیستەکان، ئەمەش پۆلێنکردنێکی ئایدۆلۆژیە و ئەم جۆرە پۆلێنکردنە سیاسی و واقعی نیە. ڕیفراندۆم بە زەمینە و زەرورەتەکەی، بەو پرسیارەی دەیخاتە ڕوو، بە ئەلتەرناتیڤەکان کەخەڵک هه‌ڵیده‌بژێرێ، بەو پرەنسیپانەی که بۆ بەڕێوەبردنی ده‌گیرێته‌به‌ر و بەم جۆرە قابیلی هەڵسەنگاندنە، نەک ئەوەی کێ بانگه‌وازی بۆ کردووه وکێ هاتۆته پای ..
هاوڕێی ئازیزم سامان زۆر به‌ساده‌یی بیهێنه پێشچاوی خۆت وا فه‌رزکه‌ین ڕۆژێک با‌رزانی وتاڵه‌بانی به‌هه‌ر نیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌که‌وه بێت بڕیاربده‌ن و بێنه پای ئه‌وه‌ی بیمه‌ی بێ‌کاری وه‌یا بیمه‌ی ده‌رمانی به‌ڕه‌سمی بۆ بێکاران وبیمارانی ئه‌م وڵاته ده‌ناسێنن، سائیتر به‌هه‌ر که‌مو کوڕیه‌کیشه‌وه بێت، ئایا هه‌ڵوێستی کۆمۆنیستی ئێوه ئه‌وه ده‌بێت که‌به‌خه‌ڵکی بڵێین وه‌ری مه‌گرن چونکه با‌رزانی وناسیونالسیته‌کان مه‌به‌ستیان تێدا هه‌یه!..یان به‌ڕابه‌ری کۆمۆنیسته‌کان نه‌دراوه؟ ئایا دروسته به‌خه‌ڵک بڵێین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌ونه داوی پرۆژه‌ی ناسیونالیسته‌کانه‌وه، چاوه‌ڕێکه‌ن تا کۆمۆنیسته‌کان ڕابه‌ریان ده‌که‌وێته ده‌ست؟ یان دورستر ئه‌وه‌یه ئه‌م هاتنه پاو ئه‌و به‌ڕه‌سمیه‌ت ناسینه به‌فرسه‌تێک بۆ ده‌خاله‌تگه‌ری کۆمۆنیستی وه‌ربگرین و تا ئه‌و شوێنه‌ی پێمان ده‌کرێ وزۆرمان ده‌شکێ بۆ داسه‌په‌ندنی ئاستێکی گونجاو له‌بیمه‌کان تێ‌بکۆشین وجه‌ماوه‌ری بۆ هه‌ڵخڕێنین، تابتوانین خه‌مێک له‌بێکاران وئاهێک له‌بێده‌رمانی نه‌خۆشه‌کان که‌مکه‌ینه‌وه؟..
ڕیفراندۆم، له دوو به‌یاننامه‌ی جیای حزبدا، گرفتی هاوڕێ سامان له کوێدایه؟
هاوڕێ سامان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌و نیشاندانی ناکۆکی له‌سیاسه‌ت وهه‌ڵوێسته‌کانی حزبدا، له‌مه‌ڕ پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، که‌وتۆته شوێن به‌یاننامه‌کانی حزبه‌وه وله‌مباره‌وه نوسیویه‌تی:
“لەسەرەتای هاتنە پێشەوەی ئەم باسەدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردوستان لە بەیاننامەی “ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان! بە دروست دژ بە ڕیفراندۆمی پارتی دەوەستێتەوە، دوای ئەوە کەمتر لە دوو مانگ تەواوی هاوکێشەکان لای حزب دەگۆڕێت لە دژەوە دەبێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە. حزب دەبێت بە خەڵک بڵێت لەکام هەلوێستیاندا ڕاستە و لەکامیاندا هەڵەیە.” – هێڵه‌کان هی منن-
به‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئه‌رشیفی به‌یاننامه‌کانی حزب، له‌ڕاستیدا به‌یاننامه‌یه‌کم نه‌بینی به‌ناوی “ڕیفراندۆم، پڕۆژه و هه‌وڵێکه بۆ جڵه‌وکردنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری کوردستان!” هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی هاوڕێ سامان تایتڵی بۆ داناوه، به‌ڵام پێده‌چێت مه‌به‌ستی ئه‌و هه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه بێت که‌حزب له‌مانگی نیسانیدا (7/4/2017) له‌ژێر ناوی” یاری کردن به‌ماف و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان، مه‌حکومه!” دا، بڵاوی کردۆته‌وه. به‌تایبه‌تی که‌ئه‌و له‌و تێکسته‌ی سه‌ره‌وه‌یدا ئاماژه به به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌دات “که‌متر له‌دوومانگ” له‌چاو دواین به‌یاننامه‌ی حزبدا که‌له ناوه‌ڕاستی حوزه‌یراندا به‌ناوی ” بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم! ” بڵاوکراوه‌ته‌وه”. به‌ده‌ر له‌م به‌یاننامانه شتێکی‌تر وجودی نییه. به‌دڵنیاییه‌وه مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه نییه که‌بڵێم ئه‌م ناده‌قیقیه له‌ناوهێنانی به‌یاننامه‌کانی حزبدا، بۆ مه‌به‌ستێک بووه، به‌ڵکو مه‌به‌سته‌که ئه‌وه‌یه ڕاستی ئه‌و حوکمدانه نیشان بده‌م که‌هاوڕێ سامان داویه‌تی: واته حزب له‌به‌یاننامه‌ی یه‌که‌می خۆیدا “دژ بە ڕیفراندۆمی پارتی دەوەستێتەوە” وهه‌ر”دوای ئەوە کەمتر لە دوو مانگ” له‌به‌یاننامه‌یه‌کی تردا، “تەواوی هاوکێشەکان لای حزب دەگۆڕێت، لە دژەوە دەبێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە”!!.. ئایا ئه‌م حوکمدانه‌ی هاوڕێ سامان ڕاست و واقعیه یان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌که به‌مه‌به‌ست، وه‌یاخود په‌ی نه‌بردن و ده‌رک نه‌کردنی جیاوازی نێوان هه‌لومه‌رجه‌کانی نێوان ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌یه؟. به‌تایبه‌تی که هێشتا دۆکۆمینته‌کان له‌به‌رده‌ستدا ماون. من نامه‌وێت تۆمه‌ت ببخشمه‌وه‌و بڵیم “ته‌حریفێکی ئامانجدارانه‌یه” که‌له جه‌ده‌لی سیاسی‌دا زۆر جار په‌نای بۆ ده‌برێ، به‌ڵکو ئینتخاب ولێکدانه‌وه‌یه‌کی دڵخوازانه‌یه وه‌ک ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی نه‌یارو پێچه‌وانه به بۆچون و هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی بخا‌ته به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵکه‌وه‌و نوقمی زه‌لکاوی “بوون به‌به‌شێک له‌پرۆژه‌ی پارتی”بکات. به‌داخه‌وه هاوڕێ سامان نه‌یویستووه و نایه‌وێت کات و سه‌رده‌می جیاوازی هه‌ردوو ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی که‌ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌و دژ به‌یه‌ک خویندنه‌وه‌ی بۆ کردووه ببینێ. نایه‌وێت ئه‌وه ببینێت که له‌نێوان نیسان و حوزه‌یراندا- که‌متر له‌دوومانگ وه‌ک خۆی ده‌ڵێت- چی گۆڕدراوه‌و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کان له‌په‌یوه‌ند به‌بابه‌ته‌که‌وه که‌پرسی ڕیفراندۆمه به‌کوێ گه‌یشتووه، تا به‌دورستی ده‌رک به مه‌به‌ست و ئاڕاسته‌ی دیاریکراوی هه‌ریه‌ک له‌به‌یاننامه‌کان بکات. که‌وایه بۆچی حزب دوو به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت له‌ماوه‌ی “که‌متر له‌دوو مانگدا” ده‌رده‌کات؟ ئایا به‌ڕاستی ناوه‌رۆکی ئه‌م دوو به‌یانه ئه‌وه‌نده دژ به‌یه‌کن که هاوڕێ سامان بینیویه‌تی؟
به‌یاننامه‌ی یه‌که‌م مانگی نیسان له‌په‌یوه‌ند به‌گه‌رم بوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی سازدانی ڕیفراندۆم وهه‌ڵایه‌که‌وه بوو که‌پارتی که‌وتبووه پڕوپاگه‌نده بۆی. ئەوکات لە دەمی چەندین کەس لە ڕابەرانی پارتیەوە ڕاشکاوانە دەوترا کە ڕیفراندۆم بۆ جیابونەوە نیە و تەنها دەمانه‌وێ ڕای میللەتەکەمان بزانین.. حزب به‌مه‌به‌ستی هوشیارکردنه‌وه وئاگادار کردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و بۆئه‌وه‌ی ڕێگا نه‌ده‌ن یاری به ئاینده‌یانه‌وه بکرێ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی دا. هه‌ر له‌وێشدا حزب پرسی ڕیفراندۆم وه‌ک سیاسه‌تێکی پێشووی خۆی پێداگری له‌سه‌ر ده‌کاو پێشنیاره‌کانی خۆی بۆ سازدانی ڕیفراندۆم ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌مه کورته‌ی مه‌به‌ست و ئاراسته‌ی به‌یاننامه‌ی نیسانه. به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌به‌یاننامه‌ی حوزه‌یرانه‌وه دۆخه‌که ده‌چێته ئاستێکی تر، ئیتر “دوای که‌متر له‌دوو مانگ” حزب وریفراندۆم ده‌که‌وێته”بازنه‌ی کات‌و شوێنی دیاری کراوه‌وه” بۆیه مانای تایبه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که‌مه‌سعود با‌رزانی وپارتی راستەوخۆ لە ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین، له‌دژی ئه‌وه‌ی که ”ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه نییه”، هاته پای سازدانی ڕیفراندۆم و به‌پۆسته‌که‌یه‌وه 25ی سیبته‌مبه‌ری دیاری کرد. دواتریش هه‌موو حزبه‌کان جگه‌له ئێمه‌و گۆڕان و کۆمه‌ڵ، پابه‌ند ده‌کات به‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی خۆیه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ئاگادار ده‌کاته‌وه‌و بڕیاری بودجه بۆ سازدانی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم ده‌دات. له‌مه‌ش زیاتر با‌رزانی ڕای گه‌یاند که ڕیفراندۆم له‌هه‌موو ناوچه کوردنشینه‌کاندا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه به‌پرسیاری جیابونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی ئا یان نا… پاشان ڕیفراندۆمێکی تر بۆ ناوچه جێناکۆکه‌کان که‌ئایا له‌گه‌ڵ عێراق ده‌مێننه‌وه یان له‌گه‌ڵ کوردستانی سه‌ربه‌خۆ.. هه‌موو ئه‌م گۆڕانکاریه تازانه بوونه بنه‌ما بۆ به‌یاننامه‌ی حوزه‌یرا‌نی حزب. به‌ڵام دیسانه‌وه ئایا ناوه‌رۆکی ئه‌م به‌یانه له‌گه‌ڵ ئه‌وی پێشوتر جیاوازیان هه‌یه؟. هه‌ر دوو به‌یانه‌که له‌و ڕووه‌وه که لایه‌نگری بۆ ریفراندۆم وه‌ک ڕێگایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد وخستنه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێک بۆ سازدانه‌که‌ی هاوبه‌شه، به‌ڵام به‌یاننامه‌ی حوزه‌یران به‌وجۆره‌ی دۆخه‌که چۆته ئاستێکی تر که ئاماژه‌مان پێدا، وردتر وڕۆشنتر، هه‌ڵوێست ده‌گرێ وبه‌م جۆره‌ش ته‌جاوازی به‌یانی پێشووتر ده‌کات، چونکه له‌م به‌یانه‌دا حزب ده‌بێ واوه‌تر له‌ئیفشاگه‌ری و ئاگاهیدان زیاتر بڕوا‌و به‌ڕۆشنی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر جیابوونه‌وه یان مانه‌وه، واته ئه‌و پرسیاره‌ی که له‌ڕیفراندۆمه‌که‌دا مه‌تره‌ح کراوه، به‌خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نێ وبنه‌ماکانی ڕوونکاته‌وه… ئه‌مه کورته‌و هه‌قیقه‌تی هه‌ردوو به‌یانه‌که‌یه. به‌ڵام هاوڕێ سامان بۆ چی ئه‌م دوو به‌یانه‌ی خستۆته به‌رامبه‌ر به‌یه‌که‌وه؟ گرفتی ئه‌و له‌کوێدایه؟
واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه که‌هاوڕێ سامان له‌به‌یاننامه‌ی نیساندا، “ئه‌نتی پارتی” و “ڕیفراندۆمی با‌رزانی” ده‌بینێ و له‌وه‌ی حوزه‌یراندا، ئه‌م ”کۆکا کۆلایه‌ی خۆی” نادۆزیته‌وه، هه‌ربۆیه پێمان ده‌ڵێت به‌یاننامه‌ی نیسان “دروست دژ بە ڕیفراندۆمی پارتی دەوەستێتەوە”، به‌ڵام “دوای ئەوە کەمتر لە دوو مانگ تەواوی هاوکێشەکان لای حزب دەگۆڕێت لە دژەوە دەبێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە.”. که‌وایه گرفته‌که دانی دوو به‌یاننامه نیه، ته‌نانه‌ت به جیاوازیه‌کانیشیانه‌وه، به‌ڵکو گرفتی هاوڕێ سامان ئه‌وه‌یه که‌ئێمه له‌یه‌که‌مدا ڕیفراندۆم به‌پڕۆژه‌ی با‌رزانی ده‌زانین و که‌وتوینه‌ته شوێن “ڕیفراندۆمی کۆمۆنیسته‌کانه‌وه”و له‌وه‌ی دوه‌مدا په‌شیمان بوینه‌ته‌وه‌و “ڕیفراندۆمی بارزانیه‌کانمان” هه‌ڵبژرادووه!. له‌مه‌دا ئیتر ئێمه گونا‌هێکمان نییه. چونکه ئێمه ڕیفراندۆم ناخه‌ینه خانه‌ی ئه‌م دابه‌ش بوونه‌وه..
به‌یاننامه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، هاوڕێ سامان له‌گه‌ڵ ناکۆکیه‌کی تر به‌ره‌وڕوو ده‌کاته‌وه
هاوڕێ سامان به‌رله‌وه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی خۆی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم وجیابوونه‌وه‌ی کوردستان ڕاگه‌یه‌نێت، ئه‌و له‌پێشه‌وه نه‌زه‌ری شه‌خسی خۆی به‌یانکرد وحوکمی ناسیونالیست بون و پاشکۆیه‌تی بۆ با‌رزانی به‌سه‌ر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا ده‌رکرد. به‌ڵام پاش دوو هه‌فته تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق له 12ی ته‌موزی 2017دا ، به‌یاننامه‌یه‌کی له‌م په‌یوه‌نده‌دا بڵاوکرده‌وه که له‌دوو سه‌ره‌وه پێچه‌وانه‌یه به‌حوکم و بۆچونه‌کانی هاوڕێ سامان :
له‌سه‌رێکه‌وه به‌یانەکەی حزبی عێراق نه‌ک هه‌ر حوکمی ناسیونالیست بوون وپاشکۆیه‌تی بۆ با‌رزانی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستێکدا که‌حزبی کوردستان له‌ڕیفراندۆمێکدا گرتویه‌تیه‌به‌ر، ده‌رنه‌بڕیوه، بگره ڕاشکاوانه هاوپشتی لێبڕاوانه‌ی خۆی بۆ حزبی کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێ:
” كما ونعلن عن تضامننا الاممي الحازم مع الحزب الشيوعي العمالي في كوردستان وجماهير العمال والكادحين وجميع الشيوعيين في كوردستان في نضالهم ضد البرجوازية القومية الكوردية واحزابها الحاكمة في جميع ميادين النضال الطبقي. “. – هێڵه‌کان هی منن-
وه له‌سه‌رێکی تره‌وه به‌یانه‌که بەڕۆشنی وڕاشکاوانه، پێچه‌وانه به‌و بۆچونه‌ی هاوڕێ سامان ده‌دوێ که‌دەڵێت: “ئەم ڕیفراندۆمە هی پارتیە وپه‌یوه‌ندی بە چارەسەری کێشەی کورده‌وه نیە”، وه ئه‌نجامگیری مه‌نتقیش له‌م قسه‌یه‌ی ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی خودی ریفراندۆمە!، کەچی بەیاننامه‌که‌ی حزبی عێراق دوبا‌ره به‌ڕۆشنی پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌ڵێت:
” ان حزبنا يؤكد على ان الاستفتاء حق من حقوق العمال والجماهير في كوردستان ونحترم راي الجماهير في كوردستان وندافع عنه مهما كانت نتجية الاستفتاء: استقلال او لا. يضاف الى ذلك نقف ضد جميع الافكار الشوفينية التي تروج بالضد من تمتع الجماهير بحق الانفصال واجراء الاستفتاء ونتصدى لمساعي القوى الاسلامية والقومية والحكومة المركزية لوضع العوائق امام اجراءه او الالتزام بنتائجه.” – هێڵه‌کان هی منن-
ئه‌م ده‌ربڕینانه که‌له په‌یوه‌ند به ڕیفراندۆمێکی دیاریکراوە خراوه‌ته ڕوو، نەک ریفراندۆم بە گشتی، به‌پێویست هاوڕێ سامان ده‌خاته به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵوێست و بۆچونی حزبه‌که‌یه‌وه، یان وردتر بڵێم هه‌ردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان وعێراق ده‌خاته به‌رامبه‌ر به‌خۆیه‌وه. ئایا کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشێک کام سیاسه‌ت و بۆچون به‌کۆمۆنیستی وه‌ربگرێ، بۆچون وهه‌ڵوێسته شه‌خسیه‌کانی هاوڕێ سامان یان حزبەکه‌ی؟. به‌ڵام من نازانم ئه‌وه ناوبنێم چی: خۆت نه‌زه‌رێکی شه‌خسیت هه‌یه وکردوته به‌پێوانه بۆ سادرکردنی حوکمی ناسیونالسیت بوون وپاشکۆیه‌تی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، که‌چی هه‌رخۆشت له‌پشت به‌یاننامه‌یه‌که‌وه ڕاده‌وه‌ستیت، که‌به‌عه‌کسی نه‌زەره شه‌خسیه‌کانته‌وه هه‌ڵوێستی گرتووه!!.
ته‌وه‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆیی:
هاوڕێ سامان هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تای به‌شی دووه‌می باسه‌که‌یدا، ئیعلانی کردووه، که‌مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی عێراق، به‌لای ئه‌وه‌وه پێویستی به پرۆسه‌یه‌کی دووباره سه‌رنجدانه‌وه هه‌یه له “تێز‌و تەوەرەکانی کە پەیوەندیان هەیە بەم باسەوە یان لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەگشتی وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ باس دەکرێن بە قازانجی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی”، له‌م ڕاستایه‌شدا ده‌ست به‌گه‌شتێک ده‌کاو گه‌لێک بابه‌تی هه‌ستیار وگرنگ هه‌ڵده‌کڕوزێنێ: “له‌باره‌ی “هەلومەرج و قۆناغی دیاریکراوی مێژوویی”، “قۆناغی ئینقالی”،”پرسی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تو سیاده‌ت”، “لینین ومافی دیاریکردنی نه‌ته‌وه‌کان بۆ چاره‌نوسی خۆیان“-( کامانەن نه‌ته‌وه‌کان! و کام مافی چاره‌نوسه‌ی خۆیان، ئایا له‌ئێستا دونیا له‌گه‌ڵ ته‌عمیمدانی چه‌مکێکی ئاوادا به‌ره‌و ڕوو ماوه‌ته‌وه، یان مه‌سه‌له‌که ته‌نها کێشه‌ی کورده!)-“دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که وجیهان”، ئاڕاسته‌ی سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌ی گڵۆباڵ.. چی به‌قه‌ڵه‌مه‌که‌یدا هاتووه خستویه‌تیه سه‌ر کاغه‌ز وسه‌ره‌نجام ئه‌و حوکمه گشتیه‌ی لێده‌رکێشاوه که”سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌م قۆناغه‌دا ناسیونالیستیه”!! به‌ڵام ئه‌مه چۆن، به‌داخه‌وه شتێکی ئه‌وتۆمان پێناڵێت.. به‌دڵنیاییه‌وه حوکمێکی ئاوا، نموونه‌ی تیوە‌ریه‌کی خۆڵه‌مێشی بێ په‌یوه‌ند به‌واقعیاتی کۆمه‌ڵگاو کێشه‌و گرفته‌کانیه‌وه نیشانده‌دات، هاوکات دانانی ”سه‌ربه‌خۆیی” و ”ده‌وڵه‌ت” پێکه‌وه، به‌وشێوه ڕه‌هاییه له‌خانه‌یه‌کی ناسیونالیستیدا، ڕێگا ده‌به‌ستێ له‌وه‌ی که سه‌ربه‌خۆیی له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌دروست و ئوسوڵی بزانرێ. به‌ڵام به‌ده‌ر له‌م قسانه‌ش، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی بتوانێ وه‌ک ڕێگایه‌کی واقعی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌کی قه‌ومی وکۆتاییهێنان به‌ڕقه‌به‌ری وخوێنڕیژی قه‌ومی هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌پێی مه‌نتیق ده‌وڵه‌تێکی ناسیونالسیتیشی لێبکه‌وێته‌وه، چ خراپیه‌کی هه‌یه و بۆچی ده‌بێ حوکمی ناسیونالیست بوونی به‌سه‌ردا بدرێت. ئایا تیوەرێکی ئاوا به‌زیانی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵک نابێت؟.
له‌مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستیندا، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بڕیاردرا ڕیفراندۆمێک بکرێت بۆ بڕیاردا‌ن له‌سه‌ر ئاینده‌ی فه‌له‌ستین، ئایا خواستی سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت ناسیونالیستیه؟ ئه‌گه‌ر ئا ئه‌دی ڕێگاچاره چیه؟ ئه‌گه‌ر نا ناسیۆنالسیتانه نیه که‌وایه حوکمێک که‌هاوڕێ سامان ته‌عمیمیداوه، چ که‌ڵکێکی هه‌یه. به‌ڵام هاوڕێ سامان پێویستی به‌م تیوە‌رو حوکمه نه‌سه‌لماوانه هه‌یه، چونکه بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد پێویستی پێیه‌تی. به‌تایبه‌تی که‌ئه‌و دواتر له‌په‌یوه‌ند به‌کوردستانه‌وه حوکمه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێ و ده‌پرسێ ” کەواتە هەموو ئەم باسانە پەیوەندی چییە بە “مەسەلەی سەربەخۆییەوە” لە کوردستان؟! ئایا ئاڕاستەی سەرمایە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا شتێکی دیکەی جیاواز دەخاتە سەر باسەکانی مارکس وە لینین یان مەنسور حیکمەت.”.. هه‌رخۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه:
“لەم بارەوە پرسیارگەلی دیکە دێتە پێشەوە بەتایبەت ئەگەر باسی مەنسور حیکمەت وەک دوا باسێکی گونجاوی مارکسیستی لەم بارەوە لە قەڵەم بدەین. 22 ساڵ لەمەوبەر باسەکەی مەنسور نوسراوە، ئەوکات جیهانی سەرمایەداری بە کام قۆناغی خۆیدا تێپەڕ دەبوو، وە ئێستا چۆنە؟! ئایا ئاڵوگۆڕە گەورەکانی ئەم دوو دەیە کامانەن کە کاریگەری دەکەنە سەر ئەم باسەی ئێمە و پەیوندییان هەیە پێوەی؟! وە ئایا کاریگەری دەخەنە سەر باسی “مەسەلەی نەتەوەیی” یان “مافی دیاریکردنی چارەنوس” و “سەربەخۆیی” لە کوردستانی عێراق… ؟! هەروەها ئایا پەیوەندی نێوان “نەتەوە” و ” ناسنامەی نەتەوەیی” و هەروەها پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و نەتەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە لە کوردستاندا؟! لەم چوارچێوەیەدا پۆینتی کۆنکرێت و دیاریکراو لە باری مێژوویی یەوە چیە کە ئێمە ناچار دەکات هەڵوێستە و تێڕامانێکی زیاتر بکەین لەم هەلومەرجەدا بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق؟!”
باسی “ميلله‌ت و ناسيۆناليزم و به‌رنامه‌ى كۆمۆنيزمى كرێكاریی” مەنسور حیکمەت، باسێکی تیوەری سیاسی چڕووپڕە لە پەیوەند بە کێشەی نەتەوەیی و”مافی دیاریکردنی چارەنوس” کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ د‌رکی ڕۆشن نیشان دەدات لە تێگەیشتنی هەلومەرجی ئەوکاتەی سەرمایە و سەرمایەداری و جێگا و ڕیگای سەربەخۆیی و جیابوونەوە و پێكهاتنی ووڵاتی نەتەوەیی بۆ سەرمایە لە ئاستی جیهانیدا”.
ئه‌م قسانه‌ی سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه پرسیار‌و تێڕامان و گومانێکدا به‌ره‌وڕوو کردۆته‌وه، که‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی خودی هاوڕێ سامان خۆی وه‌ڵامیان پێبداوه‌ته‌وه یه‌کسه‌ر دێته باسی مه‌نسور حیکمه‌ت وده‌ڵێت: “سەربەخۆیی ئەمڕۆ دژە سەربەخۆیی مەنسور حیکمەت”ه! ئه‌مه‌ش حوکمێکی قه‌تعیتر!. به‌ڵام دیاره بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ ” سه‌ربه‌خۆیی کوردستان وه‌ک وه‌ڵامێک به‌مه‌سه‌له‌ی کورد له‌عێراقدا، ناسیۆنالسیتی وبه‌سه‌رچووه!.. که‌وایه بابزانین چۆن له‌م حوکمه قه‌تعیه‌یدا مەنسور حیکمه‌ت وخواستی سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌کوردستانی عێراقدا ده‌خوێنێته‌وه؟
مه‌نسور حیکمه‌ت و هێزی یه‌که‌م و هێزی سێهەم:
هاوڕێ سامان تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه له مه‌نسور حیکمه‌ت، سه‌باره‌ت به‌خواستی سه‌ربه‌خۆیی، داوه به‌ده‌سته‌وه، چونکه پێیوایه مه‌نسور حیکمه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای گۆڕینی هێزی سێهه‌م بۆ یه‌که‌م داکۆکی له‌م خواسته کردووه، ئه‌وه‌تا به‌ڕۆشنی ده‌ڵێت:
“باسی مەنسور ئەگەر باسی گۆڕینی هێزی سێهەم بۆ یەکەمی لێدەربکێشێت، نامێنێت، یان ئیتر باسی ئەو نیە، بەڵکو باسێکی دیکەیە کە سەربەخۆیی خوازە. پەیوەندی نامێنیت نە بە مەنسور حیکمەتەوە ونە بە ساڵی 1995 وە. مەنسور حیکمەت بەبێ بوونی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وەک هێزی سێهەم وە لە هەمانکاتدا و بە پێچەوانەی ئێستاوە، سیاسەتێک بوو کە ڕاستەوخۆ یەخەی هێزەکانی ناسیونالێزمی دەسەلاتداری کوردی دەگرت و دەیهێنانە خوارەوە، بەبێ ئەو واقعیەتە و پایە کۆمەڵایەتیەکانی، لە ڕوانگەی مارکسستیەوە تاکتیکی سەربەخۆیی پێشنیاز نەدەکرد – هێڵه‌کان هی منن –
هه‌روه‌ها وا ده‌بینێت له‌ئێستادا که‌هێزی کۆمۆنیستی لاوازه‌و “ئه‌و پایه گرنگه- واته هێزی سێهەمه” له‌ئارادا نییه ئه‌وا، سه‌ربه‌خۆیی وجیابوونه‌وه داوایه‌کی ناسیۆنالیستیه و” هەڵەیەکی کوشندەی سیاسیە و برەو بە ناسیۆنالیزم دەدات، لە ڕێگای پاشکۆکردنی کۆمۆنیزمەوە بە هێزێکی ناسیۆنالیستی”..
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه سه‌رله‌به‌ر هه‌ڵه‌یه بۆ ته‌رحێک که مه‌نسور حیکمه‌ت له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناوی کێشەی کورد کردویه‌تی. ئه‌وه ڕاسته که‌باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی عێراق، له‌لای حیکمه‌ت له‌گۆشه‌یه‌کی خۆیدا، په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌تاکتیک و گۆڕینی هێزێکی کۆمۆنیستی بۆ هێزی یه‌که‌م. به‌ڵام له‌مه‌شدا به‌و جۆره نییه که‌سامان باسی لێوه ده‌کات، به‌ڵکو بۆ حیکمه‌ت له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی هێزی سێهەم بۆ یه‌که‌م به‌مانای ده‌رکێشانی حزبێکی ئیفشاگه‌ر و ڕه‌خنه‌گری ناسیۆنالیزمه به‌ره‌و حزبێکی سیاسی، به‌مانای تێپه‌ڕینه له‌گروپی فشاره‌وه بۆ حزبێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌له‌په‌یوه‌ند به وه‌ڵامدانه‌وه به‌مه‌سه‌له وگرفته سیاسیه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه وبه‌گرتنه‌به‌ری ڕێگاچاره‌ی واقعی ئه‌توانێ ئیستراتیژی گه‌یشتن به‌سۆشیالیزم بباته پێشه‌وه. له‌مه‌ش زیاتر مه‌نسور حیکمه‌ت هه‌رگیز باسی ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی نه‌خستۆته گره‌وی ئه‌وه‌وه که‌ده‌بێ حزب ببێت به‌هێزی یه‌که‌م ئه‌وجا ته‌رحێکی کۆمۆنیستیه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ناسیۆنالیستیه، هه‌روه‌ک هاوڕێ سامان به‌حرسه‌وه پێداگری له‌سه‌ر ده‌کات، به‌ڵکو بۆ حیکمه‌ت وه‌ک ڕێڕه‌وێک بۆ به‌هێزبوونی ڕه‌وتی کۆمۆنیستی وحزبه‌که‌ی سه‌یرکراوه. ته‌نانه‌ت مه‌نسور حیکمه‌ت له‌هیچ شوێنێک نه‌ی وتووه ده‌بێ ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی به‌ڕابه‌ری کۆمۆنیسته‌کان بکرێت ئه‌وجا سیاسه‌تێکی دروسته، چونکه ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ژیر حوکمی ته‌وازنی هێزه چینایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ڕۆڵی حزبه‌کاندایه. سه‌ره‌نجام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی که‌هاوڕێ سامان له‌داشکاندنی باسی سه‌ربه‌خۆیی مه‌نسور حیکمه‌تدا گرتویه‌تیه به‌ر و به‌ته‌نها بۆ باسی ” تاکتیک وهێزی یه‌که‌م” هێناویه‌تیه خواره‌وه، مه‌سه‌له‌ی به‌رپرسیارێتی کۆمۆنیزم به‌رامبه‌ر به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌و گرفته‌کانی سه‌ر ژیانی خه‌ڵک، پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵگرتنی به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر ڕێگای خه‌باتی چینایه‌تی.. ئه‌مانه بنه‌ما و پێوانه‌ی ده‌خالەتگه‌ری حیکمه‌تن له‌داکۆکی کردنیدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی عێراق. هاوڕێ سامان که‌ریم ده‌بێ چی بڵێت کاتێک حیکمه‌ت به‌هه‌مان شێوه له‌به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی فه‌له‌ستیندا، داکۆکی له‌خواستی سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان ده‌کات، له‌کاتێکدا نه‌ک هێزی سێهه‌مێکی کۆمۆنیستی، به‌ڵکو حه‌وته‌مو ده‌هه‌میش وجودی نییه؟
بێگومان منسور حیکمەت وەکو ڕابەرێکی کۆمۆنیست لە خستنەڕوی هەر سیاسەت و تاکتیکێکدا، لە بیری ئەوەدا بووە کە چۆن حزبەکەی پێ بەهێز بکات، بەڵام ئەو دور لە ئایدۆلۆژیگەری، پێی وابوو کە کۆمۆنیزم لە ڕێگای وەڵامی گونجاو بە کێشەکانی کۆمەڵگاوە دەتوانرێ، وەکو ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی، له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هەڵبژێردرێت. ئەو پێی وابوو ڕێگای گونجاو و کارساز بۆ ئەوکاتەی کوردستان جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیە، بەدەر لەوەی کە پێگەی هێزی کۆمۆنیست لە ساحەکەدا چۆنه؟ هاوکات ئەوەشی دەبینی کە کۆمۆنیستەکان باسی تەبدیل بوون بە هێزی سێهەم دەکەن، ئەو وتی ئێستا ئێوه خۆتان هێزی سێهەمن، بەڵام ئەمە وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی دۆخه‌که نیە، ئێوە دەبێ ببن بە هێزی یەکەم، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ وەڵامێکی کارساز بەگرفتی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان بدەنەوە، به‌م جۆره‌ش واتای بەهێزبونی کۆمۆنیزم و جیابونەوەی کوردستان لە ڕوانگەی ئەوە لێکهەڵپێکران، بەڵام بە هیچ جۆریک ئه‌م دوو بابه‌ته لازم و مەلزومی یەکتر نەبوون بەوجۆرەی هاوڕێ سامان باسی دەکات. بەڵگەی ڕۆشنتریش له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ئەوەیە کە ڕیفراندۆم و مافی جیابونەوە بەندێکی بەرنامەییە لە بزوتنەوەی ئێمەدا، ڕەنگە لە هەلومەرجی جیاجیادا پێشنیاری ئێمە بۆ خەڵکی کوردستان بگۆڕدرێت کە لە ڕیفراندۆمدا خه‌ڵک دەنگ بەچی بدەن؟ بەڵام خودی ڕیفراندۆم مافی جیابونەوە بەدەر لە هەلومەرج لە جێگای خۆیەتی.
مه‌سه‌له‌ی کورد و خواستی جیابوونه‌وه.. چی گۆڕدراوه؟
هاوڕێ سامان به‌دروست ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات که: “ئەمڕۆ لەم قۆناغەدا ئەگەر واز لە تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی دیکە بهێنین، لەهاوین و پایزی 2017 دا، هیچ پایەیەک لەو پایانەی مەنسور حیکمەت بوونی نەماوە”. واته نه‌سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و نه سه‌رگه‌ردانی سیاسی. له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و باس له‌و فاکتۆرانه ده‌کات که ڕوویان داوه له‌وانه شه‌ڕی داعش، سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا، به‌هێزبوونی پارتی… به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م هه‌موو گۆڕانکاریانه مه‌سه‌له‌ی کوردیان کۆتایی پێ هێناوە یان نا؟ له‌وه‌ڵامدا هاوڕێ سامان نه‌ک هه‌ر بڕوای وایه که‌هێشتا کێشه‌ی کورد هه‌ر ماوه به‌ڵکو “کێشه‌که به‌فراوانی ماوه”، که‌وایه ئیتر هه‌ر ئاڵۆگۆڕێک هاتبێت، ناتوانێت خۆبه‌خۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ڕه‌ت بکاته‌وه وله ده‌ستوری کۆمۆنیسته‌کانی ده‌ر‌کێشێت. به‌واتایه‌کی تر کاتێک ده‌توانرێ بڵێین زەمینەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی نەماوە، که‌خودی کێشه‌که‌ی کورد نەمابێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئه‌کرێ بڵێین که‌ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، مه‌وزوعیه‌تیان نه‌ماوه. به‌ڵام مادام ئاڵوگۆڕه‌کان مه‌سه‌له‌ی قه‌ومیان چاره‌سه‌ر نه‌کردووه ئیتر ناکرێ هه‌ر بڵێیت ئاڵوگۆڕ ڕویداوه وڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی شوێنی نه‌ماوه‌و بۆته سیاسه‌تێکی ناسیونالیستی! .. له‌نه‌زه‌ر کۆمۆنیسته‌کانه‌وه ریفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی وه‌ک ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌ی قه‌ومی هه‌موکاتێک مه‌تره‌حه تا ئه‌وکاته‌ی مه‌سه‌له‌ی قه‌ومی له‌ئارادا مابێت.. ئێمه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌باس له ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ین باسیش له‌وه ده‌که‌ین که‌چی گۆڕاوه وله‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش داکۆکی له‌سیاسه‌ته‌که‌مان ده‌که‌ین، ئێمە ڕۆشن وتومانە ستەمی میللی نەماوە بەڵام ناکۆکی و ڕق و کینەو کێشمەکێشی میللی و ناسیۆنالسیتی قوڵتربۆتەوە، هەروەها سەرگەردانی نەماوە بەڵام گێژاوی فیدراڵیزمی قەومی ماوە کە ئه‌لگۆیەکە بۆ بە ئەبەدی کردنی شەڕو کێشەی قەومی لەسەر هەموو بستە زەوی و تەپۆڵکەیەک. (دواتر له‌مباره‌وه زیاتر ده‌دوێم) بۆیە ئەم کێشەیە چارەسەری دەوێت و چارەکەشی ڕیفراندۆم و لە ئێستادا جیابونەوەیە. به‌ڵام ئه‌وه هاوڕێ سامانه که‌هه‌ر ده‌ڵێت گۆڕاوه، گۆڕاوه!.. به‌بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت چ شتێک له‌مه‌سه‌له‌ی کورد گۆڕاوه تا گۆڕان له‌سیاسه‌تماندا بگرینه‌به‌ر؟!. ته‌نها قسه‌یه‌ک که‌ئه‌و له‌م په‌یوه‌نده‌دا ده‌یکات ئه‌وەیه که:
” ئەگەر ئەمساڵ ٢٠١٧ ئەو رێفراندۆمە لە جیاتی پارتی، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێشنیازی بکردایە، (وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێشنیازی نه‌کردبێت!) هێزی هەبوایە کە دەتوانێت لایەنی کەم بیکاتە هێزیکی کۆمەڵایەتی، ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بوایە ئەوکات باسەکە بەتەواوی دەگۆڕا. “.. بۆیه ئاماده‌شم هه‌ر” به‌م مانایه .. به‌هه‌رده په‌نه‌جه واژۆی بۆ بکات!!.. – هێڵه‌کانو نوسینی ناوکه‌وانه‌که‌ن هی منن-
به‌م جۆره هاوڕێ سامان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ڵێت بنه‌ماکانی مه‌نسور حیکمه‌ت نه‌ماوه وگۆڕان ڕویداوه، جارێکی تر ئێمه وخه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌کێشه‌یه‌ک که‌بوونی هه‌یه، هه‌واڵه‌ی “ڕابه‌ری کۆمۆنیستی” ده‌کاته‌وه!. ئه‌مه جه‌وهه‌ری سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ئه‌وه به‌رامبه‌ر به‌سه‌ربه‌خۆیی و مه‌سه‌له‌ی کورد؟
به‌ڵام به‌ده‌ر له‌و بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤیه‌ی که‌هاوڕێ سامان تێیکه‌تووه، پرسیاری ئه‌وه‌ی که‌چی گۆڕاوه، وه ئایا هێشتا خواستی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک وه‌ڵامێکی دروست به‌مه‌سه‌له‌ی کورد له‌شوێنی خۆیدا ماوه؟ به‌پێویست نه‌زه‌ری ئێمه‌ش ده‌خوازێ:
بێگومان به‌ده‌ر له‌نه‌مانی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی که‌پێشتر بۆ باسی سه‌ربه‌خۆیی خراونه‌ته‌ڕوو، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌بۆرژوازی کورد به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی گه‌یشتووه وڕاسته‌وخۆ هاوڵاتیانی بنده‌ستی خۆی ده‌چه‌وسێنێته‌وه، به‌ڵام دیسانه‌وه مه‌سه‌له‌ی کورد له‌شوێنی خۆیدا باقیه وده‌بێ وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه.
مه‌سه‌له‌یه‌ک که‌له‌په‌یوه‌ند به‌ده‌وڵه‌تی عێراق وفیدراڵیزمێکی قه‌ومی و دابه‌شبوونه تایه‌فه‌گه‌ریه دینیه‌کانه‌وه، کێشمه‌کێشی نێوان ناسیونالیزمی کورد‌و عه‌ره‌بی له‌حاله‌تێکی ته‌قلیدیه‌وه گۆڕیوه بۆ زه‌لکاوێک له‌ته‌فره‌قه‌ی قه‌ومی که‌هه‌ردوولا له‌سه‌ر حسابی ژیان و ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن. سته‌می قه‌ومی نه‌ماوه، به‌ڵام ناکۆکی قه‌ومی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵی قه‌ومی که‌دابه‌شبونی قه‌ومی و ناسنامه‌ی عروبی/ ئیسلامی حزبه بۆرژوا ناسیۆنالسیته‌کانی له‌هه‌ر دوو سه‌ره‌وه خستۆته جه‌نگ و ده‌عوای نه‌بڕاوه‌ی قه‌میه‌وه، به‌پێویست ئینتگراسیۆن وپێکه‌وه ژیانی ئارامی نێوان هاوڵاتیانی کورد‌و عه‌ره‌ب زمانی له‌به‌ین بردووه. سه‌رگه‌ردانی نه‌ماوه به‌ڵام گێژاوی سیاسی فیدراڵیزمی قه‌ومی له‌ئارادایه، ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه‌ی که کوردستان له‌چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمێکی قه‌ومی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی گرێ دراوه‌ته‌وه. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که‌به‌رئه‌نجامی جه‌نگو ململانێی هێزه دینی‌و قه‌ومیه‌کان، به‌کرده‌وه خه‌ڵکی عێراقی به‌سه‌ر ناوچه‌کانی کورد‌و سوننه‌و شیعه‌دا دابه‌شکردوه وناسنامه‌ی قه‌می به‌نێو چاوانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه چه‌سپاندووه. له‌لایه‌کی تروه جێگا‌و ڕێگای کوردستان، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی قانونیه‌وه به‌شێکه له‌عێراق، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، دووفاکتۆ سه‌ربه‌خۆیه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌په‌یوه‌ندیه نێو ده‌وڵه‌تیه‌کاندا، ده‌وڵه‌تێکی به‌ڕه‌سمیه‌ت ناسراو بێت، به‌ڵکو هه‌میشه وه‌ک تابع وبه‌شێک له‌ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵی شکستخواردوو، چاوی لێده‌کرێ… ئه‌م واقعیه‌تانه‌ش نه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردستانی له‌گێژاوێکی سیاسی‌دا چه‌قاندووه، به‌ڵکو ژیان‌و چاره‌نوسی خه‌ڵکه‌که‌ی سپاردووه به دیبلۆماسی وده‌ڵاڵی وقاچاغچێتی حزبه ناسیونالیسته‌کان. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌یه که‌ئێمه ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێگا چاره‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌زانین. .. به‌ڵام به‌داخه‌وه هاوڕێ سامان نه‌ک هه‌ر به‌لای ئه‌م واقعیه‌تانه‌دا ناچێت، بگره هێنده دۆخه‌که تیوە‌ریزه ده‌کات، که‌ئیتر جێگایه‌ک بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی، لای کۆمۆنیسته‌کان نه‌ماوه، وه‌هه‌ر ئه‌مه‌شمان به‌عینوانی سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێشکه‌ش ده‌کات.
ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی، دوێنێ و ئه‌مڕۆ هاوڕێ سامان خۆی گۆڕراوه!
سێ ساڵ به‌ر له‌ئێستاو له‌به‌رواری 16/7/2014، دا هاوڕێ سامان وتارێکی به‌ناوی “جیابونەوەی کوردستان، سیاسەتێکی کۆمۆنیستی!”، بڵاوکرده‌وه. ئه‌وکات که‌سه‌ره‌تای هه‌ڵایسانی شه‌ڕی داعش وداگیرکردنی موسڵ بوو، ئه‌و له‌په‌یوه‌ند به باسی ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه، کۆمه‌ڵه بۆچونێکی خسته‌ڕوو، که‌ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له هه‌لومه‌رجی ئه‌وکات که جه‌نگه‌که‌و داعش هێنابویه کایه‌وه وه‌رگرین، ئه‌وا به‌ته‌واوی بۆچونگه‌لێکی دروستن وجێگای په‌سه‌ندی که‌سانێکی وه‌ک منیشه. گرفتی ئەوباسەی ئەوکاتەی هاوێ سامان له‌وه‌دایه که ئه‌و دۆخه‌که‌ی نادیده گرتبوو، کە تێیدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ با‌رزانی ڕوپۆشی هودنە و تەفاهومێک بوو لەگەل داعش بە نێوانگیری تورکیا و ئۆ‌ردۆگان کە بەو جۆرەی ئەوکات با‌رزانی تەعبیری لێ کرد‌و وتی “داعش لەگەڵ کورد کێشەی نیە و ئێمەش لەگەڵ داعش کێشەمان نیە، داعش ناوچەگەلێکی گرتوە و ئێمەش لەم فرسەتەدا ناوچە کێشە لەسەرەکان ئازاد دەکەین و ئیتر مادەی ١٤٠ کۆتایی پێدەهێنین.” لە چوارچێوەی ئەم هودنەیەدا شنگالی پێشکەش بە داعش کرد و بە هێزی پێشمەرگەش کەرکوکی کۆنترۆڵکردەوە. واتە ئەوکات بە پێچەوانەی ئێستاوە کە دەڵێ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بە ڕای ئازادانەی خۆیان چارەسەر دەکەین، ئەوکات بە هێزی چەک یەکلای کردەوە.
جگەلە مه‌ش، ئەو بابه‌تانه‌ی کە ئێستا هاوڕێ سامان کردویەتی بە بەڵگەی ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و دەڵێ با‌رزانی بۆ گەوجکردنی خەڵک ئەم کارتە بەکار دەهێنی، … بە زیادەوە هەمووی لەوکاته‌دا له‌ئاردا بوون: لە کەپیتاڵیزمی گڵۆباڵەوە تا دەورەی ئینتقالی و ڕەوتی مێژوو، تا برسێتی و ناڕەزایەتی خەڵک، هەروەها ئەو ڕیفراندۆمەی ئه‌وکاتیش که‌هاوڕێ سامان لایه‌نگری بوو هەر با‌رزانی و پارتی بانگەوازیان بۆ کردبوو. هه‌موو لایه‌کیش ئه‌وه ده‌زانن که‌بارزانی و پارتی ئەوکات و ئێستاش هەر یه‌ک بابه‌تن… ئێستا به‌دوای ئه‌م سه‌رنجانه باشتره به‌شێک له‌و بۆچونانه بخه‌مه‌ڕوو که‌له‌زۆر ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی ئێستای به‌ڕیزیاندا، ناکۆک ودژایه‌تی هه‌یه. سه‌ره‌تا هاوڕێ سامان له‌و وتاره‌دا ده‌ڵێت:
“دوو بیرکردنەوە لە نێو بزوتنەوەی ” کۆمۆنیزمی کرێکاریدا” یان دوو جۆر لە باسکردن لەم ماوەیەدا سەرنجی ڕاکێشام لەپەیوەند بە باسی ریفراندۆم و جیابونەوەوە…. کە پێم وایە بەشیکی زۆری ناڕۆشنیەکان وە دواجار دەرهاویشتە سیاسیەکانی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت:
یەکەم: باسی جیابونەوەی کوردوستان و ریفراندۆم دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی لە ناوچەکەدا و مانای دابەشکردنی عێراقە بەسەر سوننە و شیعەو کورددا. (ئه‌م بۆ چونه ئێستا هاوڕێ سامان خۆی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خواستی جیابوونه‌وه په‌نای بۆبردووه!!) ئەم ڕووداوانە زۆر لەباسی جیابوونەوە گەورەترن و پەیوەندی هەیە بە دووبارە داڕشتنەوەی خەریتەی سیاسی ناوچەکەوە…. دەبێتە هۆی لغاو بەربوونی ڕەوتە کۆنەپەرستە قەومیو ئیسلامیەکان ….هتد
دووەم: (من جیابونەوەم ناوێت بە مەرج نەبێت…(هاوڕێ سامان هه‌رخۆشی به‌مه‌رجه‌وه باس له‌سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ده‌کات!) ئەمەش تیڕوانێەیکی دیکەیە واتە جیابونەوەی کوردوستان کاتێک جیگای قبولە کە دەوڵەتێک بێتە کایەوە کە سکولار، موتەمەدن، مافەکانی کرێکار و ژنان بپارێزێت و دەوڵەتی ” هاووڵاتی” بێت یان “دەوڵەتی کوردی ” نەبێت.. یان ئەمە سیاسەتی ناسیونالیستەکان و پارتییە! – هێڵه‌کان و نوسینی نێو دوو که‌وانه‌کان هی منن-
دواتر هاوڕێ سامان وه‌ڵامی بۆچوونه‌کان ده‌داته‌وه:
“پۆینتی لێوە هەستانی هەردوو بۆچوونەکە، لەباری تێڕوانینی سیاسیەوە هەڵەیە. ..”
” ئەوەندەی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان بە بڕوای من دیسان جیابوونەوەیە.. بەڵام پێش ئەوە با بڕێک لە سەر بۆچوونی دووەم قسەیەک بکەین. باسی دەوڵەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسی ریفراندۆم نییە،..( به‌ڵام ئه‌مساڵ باسه‌که لای هاوڕێ سامان بۆته – ڕیفراندۆمی پارتی‌و ده‌وڵه‌تی کوردی !!)، باسی دەوڵەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسێکە وە کارێکە لەدەرەوەی ریفراندۆم و پەیوەندی هەیە بە هاوسەنگی هێز لە پێش و دوای ڕیفراندۆم. ئەوەی کە دەوڵەت لە کوردستان دەوڵەتێکی کوردی یان کوردی کۆنەپەرستە، یان دەوڵەتێکی موتەمەدن و عەلمانی و دەوڵەتی هاووڵاتییە واتە دەوڵەتی هەموو ئەوکەسانەیە کە لە کوردستان دەژین و دەستورەکەی دەستورێکە کە کە لە جیاتی نەتەوە ناوی زمانەکان دەبات و هەموو زمانەکان بەرەسمی دەناسێت و دین جیایە لە دەوڵەت…. یان دوای ریفراندۆم ڕاستەوخۆ تەنانەت پێش ئەوەی ناوەرۆکی هیچ دەوڵەتێک دیاری دەکرێت شۆڕشی کرێکاری دەکرێت، یان نا دەوڵەتێکی ئیسلامی پێک دێت…. هەموو ئەمانە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە هەیە. هاوسەنگی هێزی چینایەتی نێوان چینی کرێکار‌و چینی بۆرژوازیی، دواتر هاوسەنگی هێز لە نێوان هێزە بۆرژواییەکان خۆیاندا، هەروەها لە ئاستی ناوچەیدا…. ریفراندۆم مەرجی لەگەڵدا نییە( به‌داخه‌وه به‌ڕیزتان ئه‌مساڵ بۆ ڕیفراندۆم مه‌رجتان بۆ داناوه!!) و کێشانی باسی ریفراندۆم بۆ ماهیەتی دەوڵەت هەڵەیەکی سیاسییە و پەیوەندی نییە بە میکانیزمێکەوە بۆ چارەسەری کێشەکە . لەم باسەدا دیسان لاوازی خۆمان دەبێتە خاڵێک بۆ هەڵوێستی سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا و ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە (به‌داخه‌وه ئه‌مساڵ لاوازی خۆمان بنه‌مای هه‌ڵوێستگیریه‌کانتانه له‌ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی!!”
هاوڕی سامان پێشبینی ده‌کا وده‌ڵێت:
“باسەکە ئەوەیە گریمان لە چەند مانگی ئایندەدا بۆرژوازیی کورد ریفراندۆم دەکاتە واقعێک کە من بەدوری دەزانم (پێشبینه‌یه‌که‌ت ڕاست ده‌رچوو، هاوڕێ سامان بۆرژوازی کورد دوای 3 ساڵ هاتۆته پای ڕیفراندۆم).. لە دوا لێکدانەوەدا هەڵوێستی کۆمۆنیستی چییە لەسەری؟! مەبەستم ئەوەیە پاش ئەوەی کە ماوەیەک لەململانێ و خەباتی سیاسی تێپەڕ دەبێت لەسەر ریفراندۆم رەخنەگرتن لە کەموکوڕییەکان.. دوای ئەوە چی؟! یان بەڵێ و بەشداریکردنە بەو سەرنج ورەخنانەی کە بوتە پێشتر یان ” نا ” و رەتکردنەوەی ریفراندۆمە…و موقاتەعەکردنیەتی… لەوە تێناپەڕێت. ( زۆر ڕاسته.. به‌ڵام ئێستا وانه‌ماوه!) لە حاڵەتی بەشداریکردندا دیسان بەڵێ و نایە … بۆ جیابونەوە یان بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا… لە هەموو ئەم بەڵێ و نایانەدا باسی ناوەرۆکی دەوڵەت نییە…. باسی پەیدا بوون یان نەبوونی وڵاتێکی تازەیە. لە مانگی سێپتەمبەردا لە ئیسکۆتلەندا ریفراندۆم دەکرێت کەسێک باسی ئەوەی نییە کە ناوەرۆکی دەوڵەتێک کە مومکنە پێک بێت چی یە!! باسی جیابونەوە یان مانەوەیە لەگەڵ بەریتانیا. باسەکە دەبێتە ئەوەی کۆمۆنیستەکان سیاسەتیان چی بێت ئەگەر ریفراندۆمێک بکرێت و گریمان لە ٦ مانگی داهاتودا؟ دیارە ئەوە گریمانەیە. سیاسەت مانەوە بێت لە چوارچێوەی عێراقی ئێستادا؟ یان جیابونەوە بێت؟ هەموو باسەک ئەوەیە. کامیان بە قازانجی کرێکارە وەکو چینێک؟! رزگار بونی بەشێک لە چینی کرێکار لە ئاگری تیرۆر کارێکی خراپە، ئەگەر نەتوانێ هەمووی رزگار بکەیت؟! کۆتاییهێنان بە هەراو شەڕو توندکردنەوەی نەتەوەپەرستی کارێکی خراپە؟ (ئه‌ی هاوڕێ سامان ئه‌مساڵ بۆچی جیابوونه‌وه خراپه بۆ کۆتاییهینان به‌هه‌راو شه‌ڕو توندکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی!!)
من پێم وابیت نابێت کۆمۆنیزم چاوەڕێی ئەوە بێت کە ناسیۆنالستەکان جاڕی ریفراندۆم بدەن، دەبێت وە هەر ئێستا کار بکرێت بۆسەر خستنی پرۆسەی ریفراندۆم و کردنی ئەم پرسە بە پرسی ڕاستەوخۆی خەڵک و دەرکێشانی لە دەست ناسیۆنالیستەکان، (به‌ڵام هاوڕێ سامان ئه‌ی بۆ ئه‌مساڵ ئه‌م جۆره هه‌وڵادانه بۆته خۆشخه‌یاڵی ورده بۆرژوازی.. یان ئه‌وه‌ی لای ئێوه که‌سێک لایه‌نگری به‌شداری کردن بێت بۆته پاشکه‌وتنی با‌رزانی و ناسیۆنالیستی!! پێده‌چێت بەڕای هاوڕێ سامان لەم دوو ساڵەی دواییدا زەمینەو پێوسیتی باسی جیابونەوەی منسور حیکمەت نەمابێت!!) بە” بەڵی” یەکی گەورەوە بۆ جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەت تیایدا. بەتایبەت کۆمۆنیستەکان پێش نزیکەی ٢٠ساڵ ئەم پێشنیارەیان بووەو لەسەر ئەمە دادگایی کراون و دەرگیری شەڕ بوون.
لە کۆتاییدا چەند دێرێک لەسەر ئەوەی کە جیابونەوە و ریفراندۆم سیاسەتی ناسیۆنالیستەکانە یان پارتییە!! مومکنە وابێت من تا ئێستا وای نابینم، پارتی خەریکی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداو لە ١٥ی مانگەوە هێزە ئیسلامی و قەومیەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی بەغدا. بەڵام گریمان وایە. ئەوکات یەکەمجار نابێت لە مێژوودا کە سیاسەتی کۆمۆنیستی و سیاسەتی بۆرژوایی لە پۆینتێکدا یەکبگرن.
باسەکە ئەوەیە پارتی ئەم سیاسەتەی بۆ چییە، وە تۆ وەک کۆمۆنیستێک بۆ چیتە؟! ئەو بەکام شێوازە لە کار سیاسەتەکەی دەباتە پێشەوە تۆ بەکام شێواز؟ هەموو باسەکە ئەوەیە ئایا ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان توانیومانە ئیرادە بگەڕێنینەوە بۆ خەڵک … – هێڵه‌کان ونوسینی نێو که‌وانه‌کان هی منن-
بێگومان هاوڕێ سامان ئازاده له‌وه‌ی دوێنی چۆنی بیرکردۆته‌وه‌و ئه‌مڕۆش چۆن بیرده‌کاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئازاده دووباره سه‌رنجدانه‌وه، نه‌ک هه‌ر له‌به‌رامبه‌ر بۆچوونه‌کانی خۆیدا بگرێته‌به‌ر، به‌ڵکو به‌هه‌موو باوه‌ڕه‌کانی مه‌نسور حیکمه‌ت وکۆمۆنیزمی کرێکاریدا بچێته‌وه، ئه‌مه هیچ گرفتێکی تێیدا نییه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرفته دانی دوو سیاسه‌تی جیاواز‌و دژبه‌یه‌که، له ماوه‌ی سێ ساڵدا له‌سه‌ر یه‌ک بابه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی بنه‌ماکانی ئه‌م سیاسه‌ت گۆڕێنه‌و ئه‌م دژایه‌تیه‌مان بخا‌ته به‌رده‌ست!. ئایا ئه‌مه نابێته مایه‌ی سه‌ره‌کێژه‌و دردۆنگی له‌ئاست جوڵانه‌وه‌که‌ماندا؟ له‌مه‌ش زیاتر که‌سانێک که به‌ورد بینیه‌وه له‌قسه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕابه‌رانی جوڵانه‌وه‌که‌مان ده‌ڕوانن هه‌قیانه بپرسن، ئایا سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاتێک باس له ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیی و سیاسه‌تی کۆمۆنستیتان کرد، “ئاڕاسته‌ی سه‌رمایه”،”سه‌رمایه‌داری گڵۆباڵ” ،”ده‌ورانی ئینتقالی”، هه‌ربه‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که‌خودی خۆتان داوتانه، شتێکی له‌ناوه‌رۆکدا جیاوازی هه‌بوو، تا بۆ سیاسه‌تی ئه‌مڕۆتان په‌نای بۆبه‌رن؟ ئایا ئه‌و کات وه‌ک ئه‌مڕۆ مێژوو له‌قۆناغێکی تردا بوو وا چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کوردی مومکین کردبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بێ هه‌واڵه‌ی سۆشیالیزم بکرێ “ئه‌ویش له‌قۆناغه پێشکه‌وتوه‌که‌یدا”؟ ئایا سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر “ده‌وڵه‌ت وسیاده”، “میلیشیاو زۆنه‌کانی سه‌وزو زه‌رد”، له‌گۆڕدا نه‌بوون وا به‌ساده‌یی باسی ڕیفراندۆمتان کردوه‌و وتوتانه “ناوه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی داهاتوو به هاوکێشه‌ی هێزه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه نه‌ک ڕیفراندۆم”.. که‌چی ئه‌مڕۆ بوونه‌ته پاساو بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی پێچه‌وانه؟ ئایا ئه‌و کات ڕیفراندۆم، له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریکاو دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌دابوو .. ئایا ڕیفراندۆم ئه‌وکات “ڕیفراندۆمی با‌رزانی بۆ ده‌وڵه‌تی کوردی” نه‌بوو، وا به‌سیاسه‌تی کۆمۆنیستی ناساندوتانه؟.. له‌راستیدا من نازانم هاوڕێ سامان چۆن ئه‌م دوو هه‌ڵوێستگیریه‌ی ڕوونده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌جیاوازی تێکسته‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆیدا له‌مه‌ڕ ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆییدا به‌به‌رئه‌نجام وه‌رده‌گیرێ ئه‌وه‌یه که‌ئه‌و خۆی گۆڕاوه، نه‌ک مه‌سه‌له‌ی کورد. تائه‌و کاته‌ش ئه‌م کێشه‌یه‌ش بمێنێ، له‌هه‌ر کۆمۆنیست و کرێکارێک چاره‌سه‌ر ده‌خوازێ.
له‌کۆتاییدا، سیاسه‌تی کۆمۆنیستی و ناکۆکیه‌ک که‌هاوڕێ سامان تێی که‌وتووه:
سه‌ره‌نجام هاوڕێ سامان له‌دواین به‌شی باسه‌که‌یدا سه‌رخه‌تێک وه‌ک سیاسه‌تی کۆمۆنیستی له‌به‌رامبەر ڕیفراندۆم وسه‌ربه‌خۆیدا، ڕاده‌گه‌یه‌نێ و ده‌نوسێت:
“له‌بەرانبەر ئەم سیاسەتە و ئەم ڕیفراندۆمەی پارتی لەم هەلومەرجەدا ئەگەر پیادەبکرێت…1) پێویستە لە ئێستاوە ئەم سیاسەتە و ناوەرۆکەکەی ئاشکرا بکرێت. 2) وە پێ بەپێی ڕاگەیاندنی با‌رزانی و پارتی و حزبەکانی دیکە، وەلامی دروست بدرێنەوە. 3) لە هەمانکاتدا بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە ”نا” یەکی گەورە بۆ ئەم جیابونەوەیەی پارتی و با‌رزانی. 4) خەڵکی کوردوستان پێویستە خەباتی خۆی دژ بە نەدانی موچە و دژ بە برسێتی و بێ‌کاری و.. بەهێزتر و ڕێکخراوتر بکات.. – هێڵه‌کان وخاڵبه‌ندیه‌کان هێ منن –
به‌م جۆره هاوڕێ سامان به‌دوای تێپه‌ڕکردنی حه‌ره‌که‌تێکی زیکزاکانه‌دا، به‌وه گه‌یشت که “بانگه‌وازی خه‌ڵک بکرێت بۆ به‌شداریکردن وده‌نگدان به ”نا” یه‌کی گه‌وره بۆ ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ی پارتی و با‌رزانی”!، حه‌ره‌که‌تێک که ده‌رمان خست چۆن له‌سه‌ره‌تاوه وله‌به‌شی یه‌که‌می باسه‌که‌یدا داوا له ”خەڵکی کوردستان ده‌کات که “ پێویستە بەشداری ئەم یارییە نەکەن، وە هوشیارانە ڕووبەڕووی ببنەوە”، چونکه ڕیفراندۆم هی بارزانیهو به‌ڕابه‌ری ئه‌و بانگه‌وازی بۆدراوه. دواتر پێمان ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی یاری به‌ده‌نگی خه‌ڵک نه‌کرێت ده‌بێ به‌مه‌رجه‌وه به‌شداری له‌ڕیفراندۆمدا بکه‌ن!، له‌نێوه‌خنی باسه‌که‌شیدا پێمان ده‌ڵێت “من ڕێفراندۆمم به‌ڕابه‌ری کۆمۆنیسته‌کان، پێ قه‌بوڵه‌و به‌هه‌ر ده په‌نجه واژۆی بۆده‌که‌م”، ئینجا له‌ڕه‌وتێکی دووباره سه‌رنجدانه‌وه‌ی مێژوو، ئاڵوگۆڕه‌کان، ده‌وره‌ی ئینتقالی، ئاڕاسته‌ی سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌داری گڵۆباڵ، ده‌وڵه‌ت و سۆڤەرێنتی، ئه‌مریکاو جه‌مسه‌ره‌کان و دابه‌شکردنه‌وه‌ی دونیا وناوچه‌که.. به‌وه ده‌گات که ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆی نه‌ک هه‌ر “مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی”، “میلیشیا و زۆنه‌کانی زه‌ردو سه‌وز”،.. چاره‌سه‌ر ناکات، بگره سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تسازی له‌سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆدا ناسیۆنالیستیه.. سه‌ره‌نجام پاش ئه‌م هه‌موو هه‌ڵبه‌زو دابه‌زین وهێنان و بردنه پێمان ده‌ڵێ:
“بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە “نا ” یەکی گەورە بۆ ئەم جیابونەوەیەی پارتی و با‌رزانی”!! ، و ئه‌مه‌شمان به‌سیاسه‌تی کۆمۆنیستی پێ ده‌ناسێنێت!. به‌ڕاستی جێگای تێڕامانێکی گه‌وره‌یه، بۆ که‌سێک به‌م هه‌موو سه‌رسه‌ختیه‌وه‌و به‌م هه‌موو پاساوه تیۆ‌ریه‌وه، له‌دژی ڕیفراندۆمێک که‌ڕاگه‌یندراوه، بووه‌ستێته‌وه‌و ده‌ریایه‌ک تۆمه‌ت و حوکمی نادروست له‌جۆری “ناسیونالسیت بوون، پاشکه‌تویی بۆ با‌رزانی، بوون به ”کۆمۆنیزمی قه‌ومی”.. بخا‌ته پاڵ هاوڕێکانی، له‌کاتێکدا، ده‌یتوانی به‌ساده‌یی پێمان بڵێ به‌شداری له‌ریفراندۆمدا بکه‌ن، به‌ڵام ده‌نگی نا بده‌ن بۆ جیابوونه‌وه. ئایا هاوڕێ سامان ئه‌و ناکۆکیه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کات که له‌لایه‌که‌وه ڕیفراندۆم ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌و سه‌راپا به با‌رزانی و پارتی ڕه‌نگو بۆی ده‌کا و ده‌ڵێت “خۆ ڕیفراندۆمێک له‌ئارادا نییه”، که‌چی دواتریش وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچی نه‌وتبێت و ده‌ڵێت “بانگه‌واز بکرێت بۆ به‌شدرای کردنی خه‌ڵک”؟!. ئایا ئه‌مه سه‌ره‌گێژه‌یه یان سیاسه‌تی کۆمۆنیستی؟.. به‌ڵام مه‌سه‌له‌که هه‌ر به‌وه‌نده ته‌واو نابێت، به‌تایبه‌تی کاتێک که ”نا یه‌کی گه‌وره” به‌رامبه‌ر به‌جیابوونه‌وه به‌ناوی سیاسه‌تی کۆمۆنیستیه‌وه پێشنیار ده‌کات، ئەم هەڵوێستەش بیەوێ یان نەیەوێ مانایەکی نیە جگە لە ڕاگرتنی کوردستان لە دۆخی ئێستادا. واتە مانەوەی لە پەیوەندیەکی فیدراڵی قەومیدا لەگەڵ عێراق. به‌واتایه‌کی تر “نا یه‌کی گه‌وره” که ئێوه له‌به‌رامبه‌ر جیابوونه‌وه‌ی کوردستاندا هه‌ڵتان بڕیوه، به‌مانای داکۆکی کردنه له‌مانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان فیدراڵیزمی قه‌ومی وهه‌مان دۆخێک‌دا که‌عێراق وکوردستان و وپەیوه‌ندی نێوانیان چه‌ندین ساڵه گیرۆده‌یه‌تی. به‌داخه‌وه هاوڕێ سامان هیچ به‌ڵگه‌یه‌کمان پێناڵێت که‌بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته باشتر‌و کۆمۆنیستی تره له‌جیابوونه‌وه!!، ته‌نانه‌ت پێمان ناڵێت که‌مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق به‌و دۆخه‌وه که‌هه‌یه‌تی، چ مه‌سه‌له‌یه‌ک پێچه‌وانه ده‌کاته‌وه له‌و مه‌سه‌لانه‌ی که‌بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی جیابوونه‌وه به‌ڕوویی ئێمه‌دا داویه‌تی؟ ئایا مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان وچینی کرێکاره، چ له‌ئاست لۆکه‌ڵی و ناوچه‌ییداو چ له‌ئاست جیهانیدا؟ ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته “ته‌بایی نه‌ته‌وه‌کانی به‌دواوه‌یه” وڕق وکینه‌به‌ری قه‌ومی و ده‌سته‌به‌ندیه تائیفی وقه‌ومیه‌کان کۆتایی پێدێنێ؟. ئایا کێشه‌ی که‌رکوک، ناوچه دابڕاوه‌کان، کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و موچه.. له‌ڕیگای مانه‌وه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ ئایا کوردستان و عێراق له‌بازنه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا، ئیران، تورکیا و.. ڕزگاری ده‌بێ؟ من نامه‌وێت وه‌ک هاوڕێ سامان ئه‌و حوکمه ده‌رکه‌م که ئه‌و به‌هۆی هه‌ڵوێستێکه‌وه که‌هه‌یه‌تی له‌که‌نار کێدا ڕادەوەستێت، ته‌نانه‌ت نامه‌وێت بڵێم حزبی ئێمه له‌عێراق که‌وتۆته هاوشانی ناسیونال شۆڤێنیست وده‌سته‌جاته شیعی وسونییه‌کانه‌وه، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت بڵێم که‌هاوڕێ سامانی ئازیز مانه‌وه له‌عێراقدا به‌و مێژووه تاریکه و ڕووداوه کاره‌ساتباره‌وه که‌هه‌موومان ئاشناین پێیی، کارێکی هه‌روا ساده نییه دژایه‌تی ڕێفراندۆم وجیابوونه‌وه‌ی پێ‌بکرێ. بۆ که‌سێکیش که‌هه‌ست به‌برین و ئازاره‌کا‌نی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌کات، که‌سێک که‌ده‌یه‌وێت له‌مه‌نفه‌عه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه چاو له‌چاره‌سه‌رکردنی گرفت وکێشه‌کانی سه‌ر ڕێگای ژیانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌و بێده‌ره‌تان بکات، ئاسانه ڕێگای واقعی وکۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کێشه‌یه‌ک بگرێته‌به‌ر که‌ساڵەهای ساڵه قوربانی وه‌رده‌گرێت..
30/7/2017
تێبینی:
*/ ده‌قی به‌یاننامه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، له‌ڕێگای سایتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانه‌وه له‌م لێنکه‌وه بخوێننه‌وه.
*/ وه‌ک پاشکۆیه‌ک بەشێک لەو وتاری ٢٠١٦ هاوڕێ سامان ده‌خه‌مه به‌رده‌ست که دەربارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی له‌ساڵی 2014 دا نوسیویه‌تی تا خوێنەران خۆیان قەزاوەت بکەن لەسەر ناکۆکیەکانی هاوڕێ لەم دوو وتارەدا دەربارەی یەک مەسەلە. ته‌واوی وتاره‌که‌شی له‌ڕێگای ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا به‌ده‌ستدێت:
http://www.hawpshti.com/ku/?p=2210
جیابونەوەی کوردوستان، سیاسەتێکی کۆمۆنیستی!
……………. ئەوەندەی بگەرێتەوە بۆ کوردوستان بە بروای من دیسان جیابونەوەیە…. بەلام پێش ئەوە با بریک لە سەر بوچونی دووەم قسەیەک بکەین.
باسی دەوڵەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسی ریفراندۆم نییە، من پیویستە جارێکی دیکە ئاماژە بەوە بکەمەوە کە باسی با‌رزانی لە مبارەوە سیاسەتێک نییە بۆ ئێستا و کارکردن پێی، سیاسەتیکە لەگەڵ وەستانی جێبەجێکردنی لە ئیستادا، ئەوە شمشێری هەڕەشەیە بۆ دانوسان ، ئەوە هێنانەوەی ئابروە بۆ پارتی پاش ئەوەی کە بەعسیەکان وتیرۆریستەکانی هێنایەوە….. لەمبارەوە باسمان کردوە دیسان پێویست نییە دوبارەی بکەمەوە. ئەوەندە نەبیت کە پیم وابیت ئەم سەفەرەی ئێستای کە لە تورکیایە تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بەم هەرایەی با‌رزانی دەهێنیت لە ئێستادا.
باسی دەولەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسێکە وە کارێکە لەدەرەوەی ریفراندۆم و پەیوەندی هەیە بە هاوسەنگی هێز لە پێش و دوای ڕیفراندۆم. ئەوەی کە دەوڵەت لە کوردوستان دەوڵەتێکی کوردی یان کوردی کۆنەپەرستە ، یان دەوڵەتێکی موتەمەدن و عەلمانی و دەوڵەتی هاوولاتییە واتە دەوڵەتی هەموو ئەوکەسانەیە کە لە کوردوستان دەژین و دەستورەکەی دەستورێکە کە کە لە جیاتی نەتەوە ناوی زمانەکان دەبات و هەموو زمانەکان بەرەسمی دەناسێت و دین جیایە لە دەوڵەت…. یان دوای ریفراندۆم ڕاستەوخۆ تەنانەت پێش ئەوەی ناوەرۆکی هیچ دەولەتێک دیاری دەکرێت شۆرشی کریکاری دەکرێت، یان نا دەولەتێکی ئیسلامی پێک دێت…. هەموو ئەمانە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە هەیە. هاوسەنگی هێزی چینایەتی نێوان چینی کرێکار‌و چینی بورژوایی، دواتر هاوسەنگی هیز لە نێوان هیزە بورژواییەکان خۆیاندا، هەروەها لە ئاستی ناوچەیدا…. ریفراندۆم مەرجی لەگەڵدا نییەو کیشانی باسی ریفراندۆم بۆ ماهیەتی دەوڵەت هەلەیەکی سیاسی یە و پەیوەندی نییە بە میکانیزمێکەوە بۆ چارەسەری کێشەکە. لەم باسەدا دیسان لاوازی خۆمان دەبیتە خالێک بۆ هەلویستی سیاسی لە ئاستی کۆمەلایەتیدا و ئەمە هەلەیەکی گەورەیە… باسی ناوەرۆکی دەوڵەت یان دانانی کاریگەری لەسەر دەولەتیک کە پیکدێت…. بۆ نمونە ” دەولەتی کوردی” ئەگەر کۆمۆنیزم هیز بێت و توانای ئەوەی هەبیت کە ئالوگۆر پێک بهێنێت وکاریگەری هەبێت لەسەر هەلومەرجی سیاسی بە ئاستێکی دیاریکراو … بەو ئەندازەیە کاریگەری دەبیت لەسەر کارکردو دەستوری دەولەتە کوردییەکە لەسەر یاساکانی کرێکاران وباری کەسێتی و مافە سیاسی ومەدەنییەکان…یان کاریگەرییەکی گەورەتر دەبێت یان کەم تر. بە هەر حال ئەم باسە وەکو چوارچیوەی گشتی ڕۆشنە.
باسەکە ئەوەیە گریمان لە چەند مانگی ئایندەدا بورژوایی کورد ریفراندۆم دەکاتە واقعێک کە من بەدوری دەزانم… لە دوا لیکدانەوەدا هەلوێستی کۆمۆنیستی چییە لەسەری؟!مەبەستم ئەوەیە پاش ئەوەی کە ماوەیەک لە ململانێ و خەباتی سیاسی تێپەر دەبیت لەسەر ریفراندۆم رەخنەگرتن لە کەموکورییەکان.. دوای ئەوە چی؟! یان بەڵێ و بەشداریکردنە بەو سەرنج ورەخنانەی کە بوتە پێشتر یان ” نا ” و رەتکردنەوەی ریفراندۆمە…و موقاتەعەکردنیەتی… لەوە تێناپەرێت. لە حالەتی بەشداریکردندا دیسان بەلێ و نایە … بۆ جیابونەوە یان بۆ مانەوە لە چوارچیوەی عیراقدا… لە هەموو ئەم بەلێ و نایانەدا باسی ناوەرۆکی دەولەت نییە…. باسی پەیدا بون یان نەبوونی ووڵاتێکی تازەیە. لە مانگی سێبتمبەردا لە ئیسکۆتلەندا ریفراندۆم دەکریت کەسیک باسی ئەوەی نییە کە ناوەرۆکی دەولەتێک کە مومکنە پیک بێت چی یە!!باسی جیابونەوە یان مانەوەیە لەگەڵ بەریتانیا.
باسەکە دەبیتە ئەوەی کۆمۆنیستەکان سیاسەتیان چی بێت ئەگەر ریفراندٶمیک بکرێت و گریمان لە ٦ مانگی داهاتودا؟ دیارە ئەوە گریمانەیە. سیاسەت مانەوە بیت لە چوارچیوەی عێراقی ئێستادا؟ یان جیابونەوە بیت؟ هەموو باسەک ئەوەیە. کامیان بە قازانجی کرێکارە وەکو چێنێک؟! رزگار بونی بەشیک لە چینی کریکار لە ئاگری تیرۆر کاڕیکی خراپە، ئەگەر نەتوانی هەمووی رزگار بکەیت؟! کۆتایی هێنان بە هەراوشەرو توندکردنەوەی نەتەوەپەرستی کارێکی خراپە؟
من پێم وابیت نابێت کۆمۆنیزم چاوەڕێی ئەوە بیت کە ناسیونالستەکان جاڕی ریفراندۆم بدەن، دەبێت وە هەر ئێستا کار بکرێت بۆسەر خستنی پرۆسەی ریفراندۆم و کردنی ئەم پرسە بە پرسی ڕاستەوخۆی خەڵک و دەرکێشانی لە دەست ناسیونالستەکان، بە ” بەڵی” یەکی گەورەوە بۆ جیابونەوەی کوردوستان و پێکهێنانی دەوڵەت تیایدا. بەتایبەت کۆمۆنیستەکان پێس نزیکەی ٢٠ساڵ ئەم پێشنیارەیان بوەو لەسەر ئەمە دادگایی کراون و دەرگیری شەر بوون.
بەلام ئەمکارە ئیتر کەمپینسازی نییە، سیمینار‌و کۆربەستن نییە، نوسین‌و جاوپیکەوتن نییە، پەیوەندی دیبلوماسی و دانیشتن لە گەڵ ئەحزاب نییە( هەموشیان پێویستن لە چوارچیوەی نەخشەیەکدا) بەڵکو ناوەرٶکی سەرەکی ئەمکارە بۆ کۆمۆنیستەکان تێکهەلکێشانی ئەم هەنگاو و سیاسەتەیە بە شۆرشی کۆمەلایەتی کرێکارەوە، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە کرێکار‌و خەڵکی ئازادیخوازی کۆمەڵگا ئەوەی بۆ ڕۆشن بێت کە جیابونەوەی کوردوستان وپێکهێنانی دەوڵەت تیایدا خۆی لە خۆی دا کۆسپی سەرەکی و ئاستەنگییە سەرەکیەکانی بەردەمیان چارەسەر ناکات، مەسەلەی سەرەکی رزگار بونە لە سەرمایەو سەرمایەداری و جیابونەوەی کوردوستان لەم پێناوەدا سەکۆیەکە. ئەمکارە و مەیدانی جێبەجێکردنی گەرەک و کارگەو دامەزراوەکانە… کۆکردنەوەی خەڵکە لەو جێگایانە ، بەکۆمۆنیست کردنی خەڵکە لەو شوێنانە، ڕەخنەگرتنی مارکسستییە لە ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی و فکرو سیاسەتو ئیدارەو دەسەلاتیان وهەروەها بێ ئیرادەیان بەرانبەر بە وولاتانی ناوچەکە…وە جێخستنی هێزە لەو شوێنانە…
لە کۆتاییدا چەند دێرێک لەسەر ئەوەی کە جیابونەوە و ریفراندۆم سیاسەتی ناسیونالیستەکانە یان پارتییە!!مومکنە وابێت من تا ئێستا وای نابینم ، پارتی خەریکی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداو لە ١٥ی مانگەوە هیزە ئیسلامی و قەومیەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی بەغدا . بەڵام گریمان وایە. ئەوکات یەکەمجار نابێت لە مێژوودا کە سیاسەتی کۆمۆنیستی و سیاسەتی بورژوایی لە پۆینتێکدا یەکبگرن. لەکۆتایی سالی ١٩٩١ بۆ یەکەمجار بەیانێکمان بلاوکردەوە دژ بە ئابلوقەی ئابوری بۆ سەر عێراق… بەلام ئەوکات دەمیک بوو حزبی بەعس کە دەسەڵاتداری بەغدا بوو دەستی پێ‌کردبوو، ئایا سیاسەتەکەمان هەلەبوو ئەو کات؟ پێم وابێت سیاسەتێکی لە ڕادەبەر کۆمۆنیستی وە دروست بوو.. وە بۆ یەکەمجار ئێمەی بردە دەرەوەی عێراق. لەمبارەوە کێوێک نمونە هەن لە ئاستی جیهانی و ناوچەیدا…. باسەکە ئەوەیە پارتی ئەم سیاسەتەی بۆ چییە، وە تۆ وەک کۆمۆنیستێک بۆ چیتە؟! ئەو بەکام شیوازە لە کار سیاسەتەکەی دەباتە پیشەوە تۆ بەکام شیواز؟ هەموو باسەکە ئەوەیە ئایا ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان توانیومانە ئیرادە بگەرێنینەوە بۆ خەڵک … ئاستی ئەو ئیرادەیەو دامینی فراوانییەکەی چەندە؟! بە هەمان ئاست کۆمۆنیزم وە چینی کرێکار سودمەند دەبیت، بە پێجەوانەشەوە، حەتمەن زەرەرمەند دەبێت.
١٦/٧/٢٠١٤