پەروەردەی سلێمانی دەستپێشخەری بۆ بەتایبەتیکردنی خوێندن دەکات

نووسینی: فوئاد قەرەداغی

تۆڕی ھەواڵی سلێمانی نوێترین داھێنانی پەروەردەی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی سیستمی فێربوون راگەیاند. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پێشنیازی سیستمێکی نوێی خوێندن بۆ حکومەتی ھەرێم دەکات. پێشنیازەکەی یەکەم ھەنگاوە بۆ بەتایبەتیکردنی خوێندن لە کوردستاندا. لەم وتارە دا چەند سەرنجێک تۆمار دەکەم، بەھیوای ئەوەی دواتر بەوردی بێمەوە سەریان .

گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکە بریتین لە:

یەکەم: پێڕەوکردنی شێوازی یەک دەوامی و درێژخایەن، واتە چارەسەرکردنی گرفتی بینای قوتابخانەو نەھێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەڵام چۆن و بەچ بەرنامەڕێژییەک دەتوانێت گرفتێکی دەیان ساڵە چارەسەر بکات؟ ئەوە دیار نییەو نازانرێت. بەڕاستی ئەمە لەخەیاڵپڵاوی بەولاوە ھیچیدی نییە .
خوێندنی درێژخایەن چییە؟ ئەوە تەنھا واتایەکی ھەیە، ئەویش درێژکردنەوەی رۆژەکانی ساڵی خوێندن یان زیادکردنی ساڵەکانی قۆناغەکانی خوێندنە. یەکەمیان بارگرانی بۆ خوێندکاران و زەوتکردنی کات و پشووی مامۆستایانی لێدەکەوێتەوە و، دووەمیشیان دواکەوتنی خوێندنە لە رەوتێکی جیھان کە ئێستا لەئارادایە بۆ چڕوپڕی بەرنامەکانی خوێندن و کەمکردنەوەی ساڵەکانی خوێندن لەھەموو قۆناغەکاندا .
دووەم:  پێکھێنانی سیستمێکی ھاوبەش لە نێوان خوێندنی حکومی وناحکومی، بە پاساوی ئەوەی “دەبێتە ھۆی بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە”. ئەمە ڕێک ئەقڵییەتی بازرگانانی کەرتی تایبەت وبۆرژواکانی ھاوکاریانن لە دەسەڵاتدا سەبارەت بە کرداری بەرھەمھێنان، بوارکردنەوەیەکی نوێیە بۆ سەرمایەگوزاریی کەرتی تایبەت و ھەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ بەتایبەتیکردن (خەصخەصە)ی خوێندن.
سێهەم: رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکدا کە رۆڵی ھەیە لە پەروەردەدا یان کەسانێکی دەوڵەمەند کە بیەوێت پشتیوانی پڕۆسەی پەروەردە بکات. ئەم خاڵە جەختکردنەوەیە لەسەر خاڵی دووەم، سپاردنی پڕۆسەی پەروەردەیە بە کۆمپانیاکان و یاسای قازانجی سەرمایەداریی وکردنەوەی دەرگایەکی نوێیە بەڕووی سەرمایەدارەکاندا بۆ سەرمایەگوزاری لەم بوارەداو ھەرچی زێتر کەڵەکردنی سەرمایەو رامکردنی نەوەکانە بۆ خزمەتی چینی بۆرژوای دەسەڵاتدار و بەرھەمێنانەوەی ئەو چینەو ئەقڵییەتی قازانجپەرستی سەرمایەدارانەی .
چوارەم: پەروەردە بیناو میلاک و پڕۆگرامەکان دادەنێت و ئەوانیش بیناکە نۆژەندەکەنەوە و کۆمەڵێک کادیری پێشکەوتوو دەھێنن و خول دەکەنەوە بۆ مامۆستایان! سەرنجڕاکێشترین خاڵی پڕۆژەکەیە، فەرامۆشکردنی ئەو راستییەیە کەلەم جۆرە پەیوەندییە ئابووریەدا، ئەوەی باڵادەست دەبێت لایەنی پارەدارە، ئاخر ئێوەی پەروەردەی سەر بە حکومەتێک مووچەی مامۆستایان و پێداویستییەکانی پەروەردەو فێربوون دابین ناکات و بە خەمی دواڕۆژی نەوەکانمانەوە نییە، لەبەرامبەر کۆمپانیاو سەرمایەدارەکاندا جێ و ڕێتان چیی دەبێت؟ بێ گومان سەرەنجامی ئەو ھاوکارییەتان لەدەستدانی بیناکان و گۆڕینی پڕۆگرامەکان لەبەرژەوەندی سەرمایەو کردنەدەرەوەو بێکارکردنی مامۆستایان دەبێت، بەتایبەتی مامۆستایانی ناڕازی لە دەسەڵات بە بیانووی ھێنانی کادیری پێشکەوتوو ( گوایا ) بۆ پەرەپێدانی پەروەردە، وەک ئەوەی خۆمان کادیری پێشکەوتوومان نەبێت یان توانای پێگەیاندنی مامۆستایانی شارەزاو پسپۆڕمان نەمابێت !
پێنجەم: بڕە پارەیەکی کەم لە کەسوکاری خوێندکار وەردەگیرێت کە بە بەراورد بە شوێنە ئەھلییەکان بڕێکی کەمە … داڕێژەرانی پێشنیازەکان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان چاو لە واقیعی داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەپۆشن و، سەرباری تەنگژەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستکردی نێو ھەرێم، سەرباری بێمووچەیی، گرانی، ئەو برسێتییەی بەسەر دانیشتوانی ھەرێمدا سەپێندراوە، دەیانەوێت بۆ خزمەت بە دەوڵەمەندەکان و ھەرچی زێتر پڕکردنی گیرفانەکانیان بڕێک پارە وەک باجی خوێندن لە کەسوکاری خوێندکاران وەربگرن، لەکاتێکدا پرەنسیپی عەدالەتخوازیی ھەڵوەشاندنەوەی خوێندنی ئەھلی گەرەک بوو، پێشگرتن بە جیاوازی چینایەتی گەرەک بوو ، یەکسانی و ھەلی چوونیەکی خوێندنی لەبەردەمی ھەموو منداڵاندا پێویست بوو، نەک جیاوازی خوێندن بەپێی پارەداری و بێپارەیی کەسوکاری خوێندکاران .
خوێندن مافی بێ ئەملاوئەولای ھەموو تاکێکی کۆمەڵە، منەت وشاباشی ھیچ کەسێک و حزبێک و دەسەڵاتێک نییە، پێویستە دابین بکرێت، دەبێت حکومەت خەرجییەکەی دابین بکات، سامانی سەرزەوی و بن زەوی وڵات موڵکی ھەموو تاکێکی وڵاتە دەبێت بۆ ھاووڵاتیانی خەرج بکرێتەوە، بۆیە ئەرکی ھەنوکەیی و دواڕۆژی خوێندنێکی پێشکەوتوو و شایستە بە نەوەکانمان وەھا دەخوازێت، مل بەم پێشنیازانە نەدرێت، لەشوێنی خۆیدا پووچەڵ بکرێنەوە، بەدوای چارەسەری دیکەوە بین بۆ گرفتەکانی پەروەردە نەک بە کاڵاکردنی گرنگترین پرۆسە لەژیانی ئێستای گەلەکەمان و نەوەکانی داھاتوودا.

16 – 7 – 2017

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *