دەنگێک لە مۆڵی ( داون تاون )ی شاری هەولێرەوە…

نووسینی: کەریم کەریم

ژیان و ژیانکردن لەهەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە بەرەو سەختی و دژواری دەڕوات. دەنگی بێزاری و تووڕەیی و ناڕەزایی و نەفرەت لەلایەن هاووڵاتیانی کوردستان دەبینرێن و دەبیسترێت لەدژی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، هۆکارێکی لەپشتە و چەندین کاروکردەوەی پۆزەتیڤ و نەگەتیڤی بەدوای خۆی دەهێنێت. ئەم دەنگانەی هاووڵاتیانی کوردستان لەهیچ و خۆڕایی نییە و هەروا بەئاسانی دروست نابێت، بەڵکو لەدەرئەنجامی پیادەکردنی سیاسەتێکی گەندەڵی و مڵهوڕی و بەربەرییەت کە لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی میلیشیای کوردستان بەڕێوەدەچێت. هاووڵاتیانی کوردستان روبەڕووی چەندەها کێشە و گیروگرفتی ڕۆژانە دەبنەوە و یەخە و بەرۆکیان پێدەگرێت. کێشە و گرفتەکان ئەوەندە زۆرن کەماوەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە هەمووی لەسەر یەک کەڵەکە بووە و ئێستاکە روبەڕووی خەڵکی کوردستان بوەتەوە.

کۆمەڵگەی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانیەوە لەبەر هەژاری و نەداری، بێکاری و گرانی، بێ مووچەیی و نابەرابەری، ترس و تۆقان و سەرکوتی، بێبەشکردنیان لەخزمەتگوزارییەکان و لەپێداویستییە گرنگەکانی ژیان لەچەشنی ئاو و کارەبا و چەندەها کێشە و گرفتی تر کە شەو و ڕۆژ پێوەی دەناڵێنن لەژێر دەسەڵاتی میلیشیای ناسیونالیستی کوردایەتیدا. هەر لەم ڕونگەوە لەڕێکەوتی ( ١٨/٧/٢٠١٧)دا لەکاتژمێر (٦)ی ئێوارەدا بەڕێکەوت بەناو مۆڵی (داون تاون)ی شاری هەولێردا دەڕۆیشتم و لەکۆتایی ڕێگای مۆڵەکەدا دوو گردبوونەوەی هاووڵاتیان و خاوەنی دووکانەکانم بینی کەچۆن بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەنگی تووڕەیی و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی لەبەرامبەر کزی بازاڕ و گرانی کرێی دوکانەکانیان. تا خۆم گەیاندە یەکێک لەدوکاندەرەکان بەناوی (عبدوالقهار کەماڵ) و چەندین پرسیارم ئاڕاستەی ئەو پیاوە بەڕێزە کرد. لەسەرەتادا لەڕووخسار و دەم و چاوی (عبدوالقهار)دا ترس و گومانێکی زۆرم لێ بەدی دەکرد و زۆر دەترسا قسە بکات و وەڵامی پرسیارەکانی من بداتەوە. بەڵام هەر زوو خۆم بەم پیاوە ناساند و تا لەدوا جاردا (عبدوالقهار) دڵنیا بوو هاتە دەنگ و چەندین قسە و باسی بۆ کردم و وتی: ئەو مۆڵەی ( داون تاون ) دەبینی کە لە (٣) تابوق پێکهاتووە، قاتی سەرە و ناوەڕاست و خوارەوە. نزیکەی (٣)هەزار دووکانی تێدایە. کرێی هەر دووکانێک لە (٤٠٠) دۆلار دەستپێدەکات تاکو زیاتریش. ئێستا بازاڕەکە زۆر کزە و خەڵک زۆر بەکەمی شت دەکڕی. ڕۆژی وا هەیە هیچ شتێک نافرۆشین و دەبێ پارەی کرێی دووکان و دوو جۆرە کارەبا بدەین و زۆر شتی تر. ئێمە (١٥) ئەندامین لەهەموو بەشە جیاجیاکنی ئەم مۆڵە. خۆشم یەکێکم لەو (١٥) ئەندامە. ئێمە چەندین جارە گردبوونەوەمان ئەنجامداوە و دەنگی خۆمان گەیاندۆتە قایمقام و بەرپرسانی ئەم شارە بۆئەوەی بەلایەنی کەمەوە کرێی دوکانەکان کەم بکەنەوە و یارمەتی و پشتگیریمان بکەن لەهەموو ڕوویەکەوە. بەڵام نەک یارمەتی و پشتگیریمان ناکەن بەڵکو هیچ گرنگی و حسابێک بۆ ئێمە ناکەن و بە ئینسانیش قەبووڵ ناکرێن و نامانخوێننەوە. ئێمە حەز دەکەین واز لەو ئیشە بێنین، بەڵام هەر یەکێک لەئێمەی دوکانداران زیاتر لە دەفتەرە دۆلارێک کەل و پەلی لەناو دووکانەکاندایە و دەبێ هەمووی بەزەرەر بفرۆشین. دوای ئەوەش ئێستاکە هیچ ئیش نییە بکەین و هیچ ئیش نەمایە تا ڕووی تێبکەین و ژیانی ماڵ و مندالانی خۆمان بەڕێوەبەرین.

بەڵێ دەنگی بێزاری و تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتیانی کوردستان تا دێت لەهەڵکشان و بەرزبوونەوە دایە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانین و پێزانینە پێویستە ئەم دەنگانە ڕێکخراو و یەکگرتوو بکرێت بەپێکهێنانی چەندین لێژنە و ڕێکخراو و کۆمیتەی جیاواز و سەربەخۆ کە تەعبیر و گوزارش و بەرگری لەتەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بکات. سەرەڕای ئەوەش بەپێکهێنانی لێژنەو ڕێکخراو و کۆمیتە جیا جیاکان دوو لایەنی گرنگ و پۆزەتیڤی دەبێت.

لایەنی یەکەم: دەتوانرێت لەڕێگای نوێنەران و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە لێژنە و رێکخراو و کۆمیتە جیا جیایەکانەوە هەرچی داخوازی و داواکاریان هەیە ئاڕاستەی لایەنی دیاریکراوی خۆیان بکەن.

لایەنی دووەم: بەپێکهێنانی لێژنە و ڕێکخراو و کۆمیتە جیاجیایەکان هاووڵاتیانی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانیەوە دەبێتە خاوەنی هێزێکی زۆر گەورە و کۆنکریتی. لەهەمان کاتدا ئەم هێزە جەماوەرییە لەئامادە باشی دایە بۆ ئەگەری هەر سەرهەڵدان و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری و شۆرشگێڕانە بۆ کۆتاییهێنان بەسیستەمی گەندەڵی و زۆڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و ناعەداڵەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەرانی و مۆدرێن و بەرابەری بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *