پەیامی کەمپینی نەخێر چییە

حەمە غەفور

پەیامی ئەوەڵ و ئاخری کەمپینەکەی شاسوار عەبدولواحد بانگەشە کردنە بۆ ڕۆڵی ئیمپریالیستیانەی ئەمریکا لە ناوچەکە. ستاییش کردنە بۆ ملهوڕییەکانی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکەدا. بە واتایەکی تر  باوەڕنەبونییەتی بە ڕۆڵ و ئیرادەی خەڵک و جەماوەر، وە چاولەبەرکردنیانە بەشوێن سیاسەتەکانی ئەمریکاوە تا ڕزگاریان بکات. ئەمە کوشتنی ئیرادەی بەرخۆدانی خەڵکی ناڕازی کوردستانە بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆڵی ئەمریکا وەکو تاکە پۆلیسی جیهان کۆتایی هاتوە. لە هەمان کاتدا سیاسەتە ئیمپریالیستی و دژە خەڵکییەکانی ئەمریکا هۆکاری تەنگژە و قەیرانەکان و زەلکاوێکی سیاسییە کە عێراق و سوریای تیا گیرساوەیەوە و زەمینەی پەیدابونی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامیی دروستکرد.

نەخێر وتنی کەمپینەکەی شاسوار بە ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ ئاوکردنە بە ئاشی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ئاستی کوردستانیشدا بردنەپێشی ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕانە کە سیاسەتێکی ئەنتی پارتییانە ئەیجوڵێنێ و ئامانجی سەرەکی گۆڕان پچڕینی دەستکەوت و ئیمتیازی زیاترە لە دەسەڵاتی ئێستای ژێر سایەی پارتی. ئەم هەڵوێستەش جگە لە دژایەتی کردنی خواستی سەربەخۆیی کوردستان هیچ شتێکی دیکە نییە و پاڵنەری ناوەرۆکی کەمپینەکەی شاسوار عەبدولواحد ڕوپۆشێکی جەماوەرییە بۆ سیاسەتەکانی گۆڕان کە بە شوێن  بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیەوەیە و ڕیفراندۆمی کردۆتە مەیدانی ساغکردنەوەی ململانێی لەگەڵ پارتی. بەمپێیە هیچ پاساوێک ناتوانێ پاڵپشتی لەدەستدانی هەل و دەرفەتی ئەنجامدان و سەرخستنی ڕیفراندۆم هەموار کات کە ئامڕاز و سیاسەتێکی گشتپەسەندە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی کوردستان لەگەڵ عێراقی تائیفی و عروبی، کە کەمپینی نەخێر کاردەکات بۆ لەدەسەتدانی.

گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان بڕگەیەکی هەرە حەیاتی پێڕەوکردن و پیادەکردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانە لە ڕاپرسیدا. بەهەند گرتنی ڕای گشتی هاوڵاتیان بۆ پرسێکی گرنگ و مێژویی چەشنی مەسەلەی کورد لە عێراقدا خۆی لە خۆیدا بەگەڕخستنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکە و کەمپینەکەی شاسوار عەبدولواحد بە دژی ئەم ئیرادەیەی هاوڵاتیان کاردەکات.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *