نەخێر لە ئێستادا، تەنها بەخێرە بۆ ئێستا و هیچیتر!

نووسینی: رێبوار ئەحمەد

“نەخێر لە ئێستادا” ناوی کەمپینێکی “نەخێر” وتنە بۆ جیابونەوەی کوردستان لەو ڕیفراندۆمەی کە بڕیارە لە ٢٥ی سەپتەمبەر بەرپابکرێت. هەرچۆنێک بێت لۆجیکێک لەوەدا هەیە کە بە بەڵگە گەلێک لایەنێک بڵێ؛ لە ئێستادا لەگەڵ ڕیفراندۆم نیم؛ کاتەکە گونجاو نیە، ئەو مۆڵەتەی دانراوە بۆ ئامادەکاری و ئاشنابوونی خەڵک بە بەدیلەکان کەمە و دەبێ درێژبکرێتەوە، یان بە بەڵگەوە نیشانبدرێت کە پرەنسیپەکانی ریفراندۆمی واقعی رەچاونەکراوە. بەم پێیەش دەبێ بگات بە هەڵوێستی بایکۆت و هەوڵدان بۆ ناکام کردنەوەی ریفراندۆم. تەنانەت ئەو بۆچونەش کە دەڵێ ئەمە ڕیفراندۆمی پارتی و بارزانی و یەکێتیە و مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە لە بەرپاکردنی ..و…هتد، لەگەڵ نادروستبوونی و لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆم مافی خەڵکە و بێگومانیش وەکو رێگا و ئامرازێک هەر حزب و بزووتنەوەیەک لە خزمەت بە ئامانجە سیاسیەکانی خۆیدا پەنای بۆ دەبات، بەڵام دیسان بەپێی مەنتق ئەم بۆچونەش هەر دەبێ بانگەشە بۆ بایکۆتی ڕیفراندۆم و خەبات  بۆ ناکام کردنەوەی بکات نەک بەشداری و “نەخێر” وتن. ئەوەش مەنتقێکی ترە کە لایەنێک بە بەڵگەوە باسی ئەوە بکات کە جیابونەوە بە زیانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا بە قازانجترە و لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی خەڵک بکات بۆ “نەخێر” وتن بە جیابونەوە، بەڵام هیچ لۆجیکێک لەوەدا نیە چ بەو بەڵگانەی باسکران و چ بە هەر پاساوێکیتر هانی خەڵک بدرێت کە برۆن لە ڕیفراندۆم بەشداری بکەن و بڵێن نەخێر بۆ جیابونەوە لە ئێستادا. چونکە:

یەکەم؛ بەشداری خەڵک بەدەرلەوەی “نەخێر” دەیباتەوە یان “بەڵێ” شەرعیەت بە ریفراندۆم دەدات. ئەوکاتیش مانایەک بۆ “لە ئێستادا و لە داهاتودا” نامنێتەوە، دەبێت بە چارەنوسی هەڵبژاردەی خەڵک. ریفراندۆم لە کوردستان وەکو ریفراندۆم لە (کیوبک) نیە کە خەریکە دەبێتە ساڵانە کەچی نیوەی دنیا وەکو هەواڵیش بۆیان مەسەلە نیە. ئەمە حوکمێکی تیئوریک نیە بەڵکو عەمەلەیە، لە کوردستان و مەسەلەی کورددا سەدویەک جەمسەر و دەوڵەت و حزب و بزووتنەوە و فاکتەر دەخیلە، بۆیە زیاتر لە نیوسەدەیە کێشەی کورد وەکو کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئارادایە و شەڕ و کێشەی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوە یەکەمجارە کە خەریکە بە کردەوە ریفراندۆمێک بۆ خەڵکی کوردستان مەیسەر دەبێت و هێشتاش بە تەواوی دیارنیە کە دەیەڵن سەربگرێ یان نا؟ بۆیە ئەو چارەنوسەی بە “نەخێر” هەڵدەبژێردرێت وەکو لە وەڵامی مەریوانی وریا قانعدا باسم کردووە؛ دواتر ئەگەر گۆڕینی مەحاڵیش نەبێت لانی کەم لەم بڕگە مێژوییەدا زۆر سەخت و دژوارتر دەبێت تا هەلێکیتر بکەوێتە دەستی خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردەیەکی تر.

دووەم؛ بمانەوێ یان نەمانەوێ لە ئێستادا “نەخێر” ئەکاتە “بەڵێ” بۆ فیدراڵیزمی قەومی کۆنەپەرستانە و شکستخواردوو. لایەنگرانی “نەخێر لە ئێستادا” ئەتوانن بە بەڵگەوە ڕوونیکەنەوە کە باشی دۆخی ئێستا لە چیدایە و چۆن “نەخێر” وتن بە قازانجی خەڵکە؟! ئەم بەرێزانە وای رادەگەیەنن کە ئەوان دژی سەربەخۆیی نیین بەڵکو دژی ئەم ریفراندۆمەن، بەڵام هەڵوێستەکەیان رێک بە پێچەوانەوە لە ریفراندۆم بەشداری دەکەن و بەم جۆرەش ریفراندۆمەکە قبوڵ دەکەن و شەرعیەتی پێدەدەن، بەڵام بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی دەنگدەدەن.

بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپینە بە هەمان ئەو مەنتقە تەکفیریەی کە دەڵی “ئەوەی بە نەخێر دەنگبدات ناپاکە” هەرچی خەتای دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا هەیە دەدەنە پاڵ هەموو لایەنگرانی “بەڵی” و لیستێک لە شانازی و شەهامەتی بۆشو بەتاڵیشیان بۆ خۆیان ڕازاندوەتەوە. ئەوان لە بەیانەکەیاندا دەڵێن بەرەی (بەڵێ) ئەو حیزبانە پێکیانھێناوە کە لە دوای راپەڕینەوە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن و یەکێك لە ناشیرینترین نمونەکانی حوکمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەسەر ئەم گەلەدا سەپاندوە”

ئەم بەڕێزانە کە بە هەمان مەنتقی حزبە دەسەڵاتدارەکان تەفرەدان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک پێڕەوی دەکەن، بێدەربەستانە ئەو ڕاستیە دەشارنەوە کە کاتێک کۆمۆنیزمی کرێکاری رێگاچارە و بەرەی “بەڵێ”ی بۆ جیابونەوە سازدا، زۆرێک لە کەسە سەرەکیەکانی ئەم کەمپینە لە پاڵ بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبانەکانی بوون کە بەڵێ بۆ جیابونەوەیان بە تاوان و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد تاوانبار دەکرد. ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم کەمپینە لەگەڵ ئەو حزبە ستەمکارانە نەوەی یەک دایکە گەورەی نەتەوەپەرستی کوردن. ئایا دەتوانن زەحمەت بکێشن و بۆ خەڵکی روونکەنەوە کە لەو مێژووە درێژەی کۆمۆنیزمی لایەنگری جیابونەوەی کوردستان لە کێشمەکێشی بەردەوامدا بوو لەگەڵ ئەو حزبانەی “ناشرینترین نمونەی حوکمڕانیان سەپاندوە” لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، لەسەر مافی ژنان، لەسەر مافی کرێکاران و بێکاران، لەسەر ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان، لەسەر شەڕی ناخۆ، لەسەر چەکدارکردنی منداڵان، لەسەر ژیانی ئاوارەکان، …. پێکهێنەرانی ئەم جوڵانەوەیە لە کوێ راوەستابوون؟!! کە ئەمڕۆ رێگا بە خۆیان دەدەن بەبێ جیاوازی ئێمە و هەزاران هەزار خەڵکی ئازادیخواز بخەنە پاڵ ئەم ناشرینترین نمونەیەی حوکمڕانی؟!

بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپینە وەکو ئەوەی دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت لیستێکی شانازیان بۆ خۆیان چنیوە و دەڵێن “ھەرچەندە، نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ئەزمونی شکستخواردوی حکومەتی ھەرێم; حکومەتی کلیپتۆکرات “دەسەڵاتی فەرھودچی” و میرەکانی جەنگ و بازرگانەکانی سیاسەت! نەخێر، واتە نەخێر بۆ دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار: ئەو دەستەبژێرەی کە سەلماندیان جگە لە کارەسات و نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچیتریان پێ نیە پێشکەشی ئەم گەلەی بکەن! نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ھەژاری و نەھامەتی و ململانێی چەکداری و شەڕ و کوشتار و خوێن رشتن”….بەڵام چۆن و بە کام مەنتق بە نەخێرێک بۆ جیابونەوە ئەم شۆڕشە مەزنە روودەدات؟! نەخێر بۆ جیابونەوە هیچ مانایەکی نیە جگە لەوەی کە دۆخی ئێستا وەکو خۆی بمێنێ. یانی کوردستان بە فیدراڵیزمی شکستخواردوی قەومی لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە. ئەمانە لە کاتێکدا لە بەیانەکەیاندا دەڵێن “ئەو دەستەبژێرەی کە سەلماندیان جگە لە کارەسات و نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچیتریان پێ نیە پێشکەشی ئەم گەلەی بکەن”، بەڵام رابەری کەمپینەکەیان لە هۆڵی تەلاری هونەری سلێمانی چەند جار دەستخۆشانەی لەم حزبانە کرد سەبارەت بەوەی کە “تا ئێستا زۆر کاری باشیان کردووە، بەڵام ئیتر دەبێ نۆرە بدەن بە خەلکی تر”. بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپینە ئەم ناکۆکیە چۆن پینە دەکەن.

ئەم کەمپینە دەستیان بە گەلێک پەتی رزیوەوە گرتووە لەوانە پاکانە کردن بۆ کاری چەپەڵی حزبە میلیشیاییەکان بە ناوی “تا ئیستا زۆر کاری باشاین کردوە”، خۆشباوەڕکردنی خەڵک بە دەستەمۆیی و چاولەدەست بوون بۆ ئەمریکای رابەری تیرۆریزمی دەوڵەتی و جەنگ و ملهوڕی وکۆنەپەرستی و وێرانکاری تا دەوڵەتی سەربەخۆیان پێشکەش بکات، بانگەشە کردنی خەڵک بۆ دورکەوتنەوە لە شۆڕش کە تاقە رێگای هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئەم حزبانە و دامەزراندنی دەسەڵاتی پشتبەستوە بە ئیرادەی خەڵک، ستایش کردنی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆنەپەرستانی ئیسلامی کە چەندین ساڵە و ئێستاشی لەگەڵ بێت، هەم لە دەسەڵات و هەم لە ئۆپۆزیسیۆندا ساتوسەودا بە خەبات و خوێنی خەڵکی بەدەنگهاتوی کوردستانەوە دەکەن، تا پەخشانەوەی گیانی نەتەوەپەرستی کۆنەپەرستانە. لەوانەش ناڕەواتر لە جیاتی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی ملهوڕانەی تورکیا و ئێران و عێراق..و.. تەسلیمبوون بەو هەڕەشانە مەوعیزە دەکەن. تەنانەت قسەکەرانی ئەم کەمپینە کاریان گەیاندوە بەوەی بە سەمپاتیەوە باسی هەڕەشەکانی عەبادی دەکەن و بەڵگە بۆ رەوابوونی دەهێننەوە. هەر ئەوە ماوە دەستبەدامانی حەشدی شەعبی بن تا پەلاماری کوردستان بدات بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بن و ریفراندۆم سەرنەگرێت…هتد

رابەری ئەم کەمپینە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە  ئەلتەرناتیو ئەوەیە ” هەموو پیاوە مەرد و ئافرەتە ئازاکانی ناو پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ بێنە دەرەوە و هاوپەیمانیەکی تازە دروست بکەن” ئەمە زۆر لەوە ساویلکانەترە کە بە جدی بگیرێت و وەڵام بدرێتەوە. بەرەیەک کە نەک لە دەوری ئەلتەرناتیوی بەرنامە و ئاسۆی سیاسی، بەڵکو لە دەوری “مەردی و ئازایەتی” بانگەشەی بۆ بکرێت لەسەردەمی بەسەرچونی دەرەبەگایەتیەوە ئیکسپایەر بووە. ریزبەندیە سیاسیەکان لە دەوری بەدیل و ئاسۆ سیاسی و چینایەتیە جیاوازەکان شکڵدەگرن. هەر لەسەر ئەم بناغەیەش هیچ شتێک لەوە فریوکارانەتر نیە میلیاردێرە خاوەن کۆمپانیاکان کە قەڵای سەروەتیان لەسەر بنەمای چەوسانەوە و هەژاری دەیان هەزار کرێکار و زەحمەتکێش راوەستاوە، “ نەخێر بۆ ھەژاری و نەھامەتی” بڵێن و فرمێسک بۆ نەهامەتی و هەژاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش هەڵوەرێنن. دەکرێت دۆخی ئێستا و فیدراڵیزم خزمەت بە بیزنسی ئەوان بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە جگە لە دەردەسەریەکی زۆرتر هیچ ئیجابیەتێکی نیە.

“نەخێر لە ئێستادا” جگە لە بەڵێ وتن بۆ ئەم دۆخەی ئێستا کە چەند ملیۆن خەڵکی لە ناو گێژاوێکی گەورەدا راگرتووە، هیچی ترنیە. لە ڕاستیدا نە “بەڵێ’ و نە “نەخیر” بۆ جیابونەوە، هیچیان خۆی لە خۆیدا دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی ئێستا لە کۆڵ خەڵک ناکاتەوە، هیچیان خۆی لە خۆیدا هیچ یەک لە بڕیارە قەرەقوشیەکانی ئەم دەسەڵاتە هەڵناوەشێننەوە،  خۆی لە خۆیدا نان و ئاو و کارەبا و هیچ خزمەتگوزاریەک  بۆ خەڵک مسۆگەر ناکەن، سەرکوتی ئازادی کۆتایی ناهێنن، ئەوەی ئەم جۆرە خۆشباوەڕیانە دەبەخشنێتەوە جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک هیچی تر ناکات. نەخێر وتن لە ئێستادا تەنها مانای بەڵێ وتنە بۆ راگرتنی کوردستان لە گێژاوی ئێستای فیدراڵیزم و شەڕ و کێشەی قەومی و یاریکردن بە خواست و ژیان و چارەنوسی خەڵک لە نێوان بەغدا و هەولێردا. بەڵام “بەڵێ” بۆ جیابونەوە دەتوانێ لانی کەم رێگا بکاتەوە بۆ دەرچون لەم گێژاوە و بەسکردنی سەرمایەگوزاری سیاسی ئەم حزبە قەومیە ستەمکارانە بە مەسەلەی کوردەوە. هەر بەم جۆرەش هەلومەرجێکی لە بارتر پێکبهێنێت بۆ پەرەگرتنی خەباتی جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز. خەباتێک کە تاقە رێگایە بۆ کۆتایهینان بە نەهامەتیەکانی ئێستا. کارکردن بە ئاراستەی لە باربردنی ئەم دۆخە بۆ دەرچون لەم گێژاوە و کۆتاییهاتنی کێشەی کورد پێکهاتووە، هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٠ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *