بەشێكی تر لە سەروەت و سامانی “نەوشیروان مستەفا” ی باوکی هەژاران!! کە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت… لەسەر کوڕەکانی تاپۆ کرا!!

بەپێی زانیاری ماڵپەڕو هەفتەنامەی ئاوێنە کە ٢٩ ئەم مانگە بڵاویکردۆتەوە…وەرەسەکانی لە موڵک و ماڵ و سامان و دارایەکانی نەوشیروان مستەفا، بەپێی قەسام شەرعی دەگوازرێتەوە بۆسەر نماو چیای کوڕانی نەوشیروان مستەفا… بەپێی زانیاریەکانی راگەیەنراو لە بەرواری ٢٥/٧/٢٠١٧ و بە نوسراوی ژمارە ٤٨/٦٣ پشکەکانی کۆمپانیا وشە کە ٣٠٠ ملیۆن پشکن، لەسەر نما و چیا تاپۆ دەکرێن. ١٢٢ دۆنم زەوی گردی زەرگەتەش کە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەویش هەر لەسەر كوڕانی باوكی هەژاران!! تاپۆ دەکرێت. دیارە پێشتریش و لە ساڵی ٢٠١٦ پشکی کۆمپانیای وشە کە کارگەی چیمەنتۆی گاسن و لەناوی خۆیەوە خستبووە سەر چیای کوڕی.

لە ئێستادا و تەنها تائێرە لە رووی یاساییەوە، نماو چیای کوڕانی نەوشیروان مستەفای باوکی هەژاران!! خاوەنی ١٢٢ دۆنم زەوی لە باشترین شوێن و ناوجەرگەی شاری سلێمانی و باڵەخانەکانی چاودێری و دارایی و لەسەدا ٢٥% قازانجی سۆپەرمارکێتی میترۆ، % ١٥ پشکی کارگەی چیمەنتۆی گاسن و کەناڵی کەی ئێن ئێن و چەندین تەلاری گردەکەن… کە هەموو ئەمانە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

نەوشیروان مستەفا و کادران و سەرانی حزبی گۆران، یەکێک لەو دۆسیانەی شانازییان پێوە دەکرد، تێوە نەگلانیان بوو، لە دزینی سەروەت و سامانی گشتی وهاوڵاتیان… وە بەحەماسێکی قوڵەوە لەدژی گەندەڵی دەدوان و لۆمەی سەرانی حزبەکانی تری کوردایەتیان دەکرد، کە لەسەر حسابی سامانی گشتی و داهاتی هاوڵاتیان، بوونە ملیۆنێر و ملیاردێر و دروستکردنی ژیانی شاهانە بۆ خۆیان و کوڕو خزم و کەس و کارییان. ئێستاش تەنها دوای دوو مانگ لە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا… سەروەت و سامانی ناوبراو شتێکی ترمان پێ دەڵێت، راستیەکمان بۆ بەیان دەکات، دۆسیەکمان دەخاتە بەردەست… کە نەوشیروان مستەفا و حزبەکەی لەهەمان قوماشی پارتی و یەکێتین، خاوەنی دۆسیەیەکن کە پێمان دەڵێت… بەشێکین لە تاڵانکردنی سامانی گشتی، بەشیکین لەگەندەڵی و دزی، بەشێکین لە هەمان میرات و كەڵچەری بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی… کوڕانی رێکخەری کۆچکردوو، ئێستا خاوەنی سەروەت و سامان و دارایی و سەدان دۆنم زەوی و دەیان تەلار و کۆشک و کارگەن، سەرمایەدارانی خەیاڵی هەڵتۆقیوون… کە باوکی رەحمەتیان بۆیانی جێهێشتووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەسەدان خێزانی ئەم وڵاتە موحتاجی سەر پەنایەکن، بە سەدان هەزار لەلاوانی ئەم وڵاتە لەبەر نەبوونی کوردستان جێ دەهێڵن… وە بەدەیان هەزار لە ئەندام و لایەنگرانی گۆران، بەهۆی بانگەشەی حزبی گۆرانەوە دژی گەندەڵی و بەهۆی خۆ نیشاندانی ریكخەری گشتی بەدژی بنەماڵەیی و تێوەنەگلان لە دەست بەسەراگرتنی سامانی گشتی و بازرگانی و بازارەوە، لەدەوری باوکی هەژاران و حزبی گۆران کۆببوونەوە… ئێستا دوای ئاشکرا بوونی ئەم دۆسیەو فایلە… دەبێ چ بەرخوردێک بە مێژووی خۆیان و حزبەکەیان بکەن… دەبێ چۆن بڕوانە ئەو باوکەی خاوەنی سەروەت و سامانیێكی سەدان ملیۆن دۆلارییە… کەدەکاتە داهات و سامانی دەیان هەزار خێزانی کوردستان… ئیستاش ئەم سامان و داهاتە تەنها بۆ دوو کوڕی دەبێتە موڵکی یاسایی؟  شایانی باسە بەشیک لەکادر و دەم گەرمەکانی میدیای گۆڕان، سەبارەت بە گەندەڵی و دزی، دەستیان بەدەیان دۆسیەی تاڵانی و دزی رادەگا، ئیدانە دەکەن… بەڵام بێشەرمانە دەیانەوێ پاساو بۆ ئەو تاڵانییە بهێنەوە.

٣٠ ئاب، کوڕانی باوکی هەژاران رونکردنەوەیەکیان بڵاوکردۆتەوە، کە نکۆڵی لە هەواڵەکەی ئاوێنە ناکەن ئەوە نەبێت کە دەڵێن” گردی زەرگەتە لەروی خاوەندارێتیەوە لەساڵی٢٠٠٦ لەسەر کۆمپانیای وشە تۆمارکراوە” بۆ سەرجەم پشک و زانیاریەکانی تری ئاوێنە کە بەداتاو ئامار بڵاوکراوەتەوە قسەیەکیان نەبووە… لە کۆتایی رونکردنەوەکەیاندا، سەبارەت بە گردەکە سەخاوەتمەندانە دەڵین “لەخزمەت بزوتنەوەی گۆڕاندا بەکاردێت!!…” ئەمەش هیچ بەهایەکی یاسایی نییە. هەروەها هەموو ئەو موڵک و ماڵەی کە مڵکی گشتین… هەزار بەڵگەی یاسایشی هەبێت، ناتوانرێت رەوایەتی پیبدرێت… دیارە موڵکەکانی سەری ڕەش و دەباشان و دەیان شوێنی تر… بەیاسایی کراون.. بەڵام هەرگیز ئەمانە رەوایەتیان پێنادڕیت و دزیەکی ئاشکرایە لە داهاتی کۆمەڵگە… ئەو دۆسیە و موڵك و ماڵەش کە خراونەتە سەر نماو چیا.. هەمان تاڵانی و دزیییە، کە پارتی و یەکێتی کردویانە و پاساو هەڵنەگرە… پێویستە خەڵکی ئازادیخوازو ویژدان زیندوو، چۆن ئیدانەی گەندەڵی و تاڵانی و دزی پارتی و یەکێتی دەکەن، دەبێ ئاواش ئیدانەی ئەم دزییە بکەن و لەبەرامبەری بێدەنگ نەبن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *