دایە ئامینی کۆمۆنیست

رێبوار ئەحمەد

زۆر بەداخەوە ڕۆژی ٢٠ی ئاب هەواڵی مەرگی دایە ئامین دڵی هەموومانی گوشی و یەکێک لە دایکە کۆمۆنیستەکان گیانی سپارد. وەکو لە کتیبی (مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆل) باسم کردووە، دایکە ئامین یەکێک بوو لەو دایکانەم کە هەمیشە وەکو دایکی خۆم ناز و خۆشەویستی پێداوم و منیش وەکو دایکێکی خۆم خۆشم دەویست و بە بینین و گاڵتە و گەپ و شەڕە دەنوکی خۆشەویستانە لەگەڵی دڵم ئارام دەبووە. دایە ئامین جگە لە منداڵەکانی خۆی تەنها دایکی من نەبوو، بەڵکو بەراستی وەکو دایکێک بوو بۆ هەموو کۆمۆنیستەکان. وەکو دایکێک چۆن هەمیشە لەخەمی منداڵەکانیدایە، هەر وەکو منداڵەکانی لە خەمی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا بوو. بە هەر هەنگاوێکی پێشڕەوانەی حزب دەگەشایەوە و بەهەر پاشەکشە و گرفتێکی حزب بەجۆرێک دڵی دەگیرا کە دەبوو دڵنەوایی بکەین.

لە رۆژانی سەختی سەردەمی رژێمی بەعسدا هەرکات ئێمە لە ماڵی دایە ئامین بووینایە، تاوەکو دەمەوبەیان ئەو بە خەبەر دەمایەوە و پاسەوانی دەکردین و گوێی هەڵدەخست نەوەک بەکرێگیراوانی رژێم بێنەسەرمان. لە کۆتایی ساڵی ٨٣دا بوو، شەوێکی درەنگ دەوری کاتژمێر ٢-٣ی شەو من ستار (فواد صادق) کتێبێکی لینین بە دەستمانەوە بوو و مناقەشەمان دەکرد. لەگەل یەکەم شڵپەی پێدا دایە ئامین راپەڕی و ئاگاداری کردینەوە وتی؛ “کۆرە هەی ڕەنجتان بێوەربێ وا بزانم هاتنەسەرمان خۆتان بکەن بە خەوتوو”. ئێمەش هەر ئەوەندە پەرژاین خۆمان بخەینە ژێر بەتایەوە و وەکو ئەوەی خەوتبین. کە ئەمنەکان هاتن و بانگیان لێ کردین وەڵاممان نەدایەوە تا وای نیشانبدەین دەمیکە خەوتووین. دایە ئامین هەوڵی لەگەڵدان کە وازمان لێنهێنن. من نیگەرانی ئەوە بووم کە لەژێر سەرینەکەم کۆمەڵێک ناسنامەی قوتابی تەزویری لێبوو، کە ئەگەر ئەوانەیان ببینیایە دوچاری مەترسی زۆر گەورە دەبوین. بەڵام کاتێک خەبەریان کردنیەوە هەردوکمان سەر و هەویەی خۆمان پێ بوو بەوە وازیان لێهێناین، دایە ئامینیش بە ناوی ئەوەی هیچ کێشەمان نیە و منداڵەکانی ترم خەبەر مەکەنەوە بە جۆرێک پاڵیپێوە دەنان و سەرئەنجام بەڕێی کردن.

هەرکات دایە ئامینم بینیبێت دوای هەواڵپرسی خۆم یەکەم پرسیاری ئەوەبوو کە هەواڵی حزب چیە؟ باشە؟ بەوەندەی کە من بموتایە؛ باشە باشە خەمت نەبێت. ئیتر خاترجەم دەبوو. هەرکات هەستی کردبێت یەکێک لە کوڕ و کچەکانی نیگەرانیەکیان لە حزب هەیە، بە پەلە هەواڵی بۆ دەناردم کە بیبینم.  کاتێک یەکمان دەبینی زۆر بە پێداگریەوە داوای لێدەکردم کە لەگەڵ کورەکانی قسە بکەم و رێگا نەدەم کێشەیان لەگەڵ حزب هەبێت نەوەک لە حزب دوورکەونەوە. دایە ئامین یەکێک بوو لەو کۆمۆنیستانەی کە کاتێک لە ڕۆژانی بەر لە ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠ بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کەوتبونە ناو گەمارۆی هەمەلایەنەی یەکێتی نیشتمانیەوە، دایە ئامین وەکو زۆر کەسیتر لە ئەندامان و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی، جەسورانە هاتە دەوری بارەگای رابەی حزب بۆ دروست کردنی قەڵغانی پارێزگاری لە حزبەکەی و بەو بۆنەیەوە لەلایەن ئینسانکوژەکانی یەکێتیەوە دەستگیر و راپێچی زیندانکرا.  یادی دایە ئامین هەمیشە لە دڵی ئێمەدا زیند و بەڕێزە.

٢١-٨-٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *