“بەلەشەفیزم” و”کۆمۆنیزمی کرێکاری” لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هاوشێوەدا!

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

“مێژووێ ئەو تاقم ودەستانەی سۆشیال دیموکرات کە بە دژی حیزبمان وەستاونەتەوە بە گشتی مێژووی پاسیڤیزم وتێک شکاویە، لە مانگی تەموزی ساڵێ ١٩١٢ ئەم تاقمەو دەستانە کۆبونەوە لە دەوری یەکتر و دواتر دەستەیەکیان ڕاگەیاند لە ئابی ١٩١٢بە ناوی (دەستەی ئاب) ئەم دەستەیە بۆئەوە پێکهات کە گورز لە حیزبمان بوەشێنێ، بەڵام بە هۆی هەوڵی حیزبەوە خۆی گورزی بەرکەوت بەشێکیان لێی جیابوونەوە ونەیانتوانی حیزبیش دامەزرێنن وتەنانەت نەیانتوانی کۆمیتەیەکی ناوەندیش دروست بکەن، تەنها توانیان کۆمیتەیەکی ڕێکخستن دامەزرێنن بۆ کۆکۆکردنەوەی ئەو دەستەو تاقمانە بۆ جاری دووەم” ( لینین- الاشتراکیة والحرب – موقف حزب العمال الاشتراکي الدیموقراطي الروسی من الحرب-ل٥٦- الدارالتقدم).

ئەمڕۆش هەندێ دەستەوگروپ وکەسایەتی هەن کە خۆیان بە چە پ ومارکسیست دەزانن هیچ قسەکەیەکیان لە سەر هیچ شتێکی تر نیە لەو هەموو گێژاوەی کە حیزبە قەومی ودینیەکان لە عێراق و کوردستان بۆ خەڵکیان دروستکردووە هەموو کاتی خۆیان داناوە بۆ دژایەتیکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە بەرانبەر تاکتیکێک کە ئەمڕۆ بە عەمەلی دەیەوێ ئەنجامی بدات ئەویش چارەسەری کێشەیەکی خەڵکی ستەم دیدەی کوردستانە کە سەد ساڵە پێوەی دەناڵێنێ لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئەو تاقمە و دەستانەو کەسایەتیانە هەرچەندە هەریەک بە جۆرێک بیر دەکەنەوە کە لەگەڵ یەکتریشدا لەسەر زۆر مەسائیل ناکۆکن و پێم وانیە بتوانن هیچ هێزێک یا رێکخراوە وحیزبێکیش دروست بکەن، یا تەنانەت ناتوانن کۆمیتەیەکی هاوبەشیش بۆ بە عەمەلی کردنی هەڵوێستەکەیان دروست بکەن لە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕابوەستن، تەنها هێزی ئەمان لەو لیبرالیزمەی گۆڕان وڕۆشنبیرەکانیەتی کە هێزێکی جەماوەریان هەیە. هەروەک ئەوکاتەی روسیا هێزی دەستەی ئاب لەپەیوەندیە لیبرالیزمەکەی ” ناشا زاریا” بووکە کاری جەماوەری دەکرد وەک لینین لە هەمان سەرچاوەدا باسی دەکات.

بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت دەستەی ئاب یا گروپی ئاب لە روسیا چی بوو؟ چاکترە بچینە پەراوێزی کتێبەکەی لینین کە چۆن باسی دەکات وە کەسی یەکەمی ئەو دەستەیەش “ترۆتسکی ” بوو کە ئەمڕۆ بەشێکی ئەو دەستە وتاقمانەش کە دژایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکەن خۆیان بە لایەنگری ترۆتسکی دەزانن، لە لاپەرەی ٧٤ ی هەمان سەرچاوە هاتووە ” ئەم دەستەیە کە تەنها بۆ دژایەتیکردنی حیزب پێکهات لەلایەن تەصفویەکان وتروتسکیەکان و ئۆپورتۆنیستەکانەوە بوو، تەنها کاریان دژایەتیکردنی بەلشەفیزم بوو. ترۆتسکی ڕێکخەری ئەم دەستەیە بوو، لە مانگی ئابی ١٩١٢ لە ڤیەنا ئەم گروپە راگەیانرا، ئەوانەی بەشداری ناو ئەم گروپە بوون پێکهاتبوون لە ئەنجومەنی گشتی بۆند وکۆمیتەی ناوچەی پشتەوەی قەفقاس وسۆشیال دیموکراتەکانی هەرێمی لاتفی ونوێنەرێک لە دەستە بچوکەکانی دەرەوەی وڵات کە لەگەڵ تەصفویەکان بوون و ترۆتسکیەکان و پاسیفیستەکان وهەندێ دەستەی بچوک لە ناوەوەی روسیا کە لەگەڵ قاعیدەی حیزبدا نەمابوون، پاش سالێک تا ساڵ نیوێک ئەم گروپە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند بە هەوڵ و توانای بەلشەفیەکان تێكشکا ونەما”

هەوەک چۆن لەمڕۆدا دەستەو تاقم وکەسانی خۆ بە کۆمۆنیست زان تەشهیرو سوکایەتی بە کۆمۆنیزمی کریکاریی دەکەن و بڕیاریانداوە تاسەر دژایەتی ئەم تاکتیکەی ریفراندۆم بکەن. گروپی ئابی ئەو کاتەش چەند بریارێکیان دەرکرد دژی تاکتیکەکانی سۆشیال دیموکراتەکان وەک لەهەمان سەرچاوەدا باسی لێوە کراوە. ئەگەر چی ئەمان ناتوانن کەسێکی وەک ترۆتسکی کۆیان بکاتەوە وگروپێک یا رێکخراوێک دروست بکەن کە ساڵێکیش بخایەنی.

لە هەمان سەرچاوەکەی لینین دا لە لاپەرە ٥٧دا هاتووە دەڵێت” لە سەرەتای ساڵی ١٩١٤دا سۆشیال دیموکراتەکانی لاتفی لەو گروپە بە فەرمی کشانەوە، سۆشیال دیموکراتەکانی پۆلۆنیەکان پەشیمان بوونەوە لە بەشداریکردن لەو گروپەدا، تروتسکی بە نافەرمی کشایەوە کە خۆی سەرکردەی سەرەکی بوو تێدا وە هەستا بە پێکهێنانی گروپێکی تر کە تایبەت بوو بەخۆی لە برۆکسل لە تەموزی ساڵی ١٩١٤ لە پاش ئەنجامدانی کۆنفرانسێک کە کاوتسکی وفاندرفلدە و کۆمیتەی تەنفیزی سوشیالیستی نێو نەتەوەیی بەشداریان تێدا کرد ئەم گروپەش هەر بۆ دژایەتی کردنی ئێمە پێکهات ناوی گروپی ( برۆکسل) بوو. ”

ئاکامی ئەو هەوڵ وتێکۆشانەی ئەو تاقمە ودەستانە لە ڕوسیا بە کوێ گەیشت پێم وایە ئەمڕۆش هەروا دەبێ، ئەگەر هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی جیددی وشێلگیر بن وەک بەلشەفیەکان .

کۆمۆنیزمی کرێکاریی کە درێژکراوەی خەتی بەلشەفیزمە ئەمڕۆ تاکتیکی خۆی بەڕۆشنی بەیان کردووە کە ڕیفراندۆمە بۆ چارەسەی کێشەی خەڵكی کوردستان وە کاری بەرنامەیی خۆی ئەنجامدەدات کە لە ناو بەرنامەکەی “یەک دونیای باشتردا” هاتووە، (وەک ئە و تاقمە ودەستە و کەسانە نیە کە بێ بەرنامەن) بەڵام بە هیچ جۆرێک خۆشباوەڕی نیە بەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لەپشت ئەو ڕیفراندۆمەیە وە هیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان (هەروەک ئەوکەس ودەستە وتاقمانەی چەپ لە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاری پروپاگەندەی بۆ دەکەن) نەکردوە، بەڵام دەخالەت دەکا لەو ڕیفرندۆمەدا وەک ئەوەی کە مافی خەڵکی کوردستانە بۆ چارەنوسی خۆی وە ئەم دەخالەتەشی بەم شێوەیە و جیا لە حیزبەکانی دەسەڵات هەر لەبەر نەبوونی خۆشباوەریەتی پێیان ونەبوونی متمانەیە پێیان ودەیەوێ ڕێگا بگرێ لەوەی ئەم دەسەڵاتە ڕیفراندۆمەکە بۆمەبەستی خۆی بە کار بێنێ، بەڵکو دەبێ بۆ خواستە سەرەکیەکە بێت کە ڕزگاربونی خەڵکی کوردستانە لە کێشەیەکی سەد ساڵی خۆی .

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *