سووتاندنى بارەگاى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە بەرژەوەندى کێ دایە؟؟ !!

عبدالرحمن رسول

سووتانى بارەگاکانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەئێستادا لەبەرژەوەندى خەڵکى باشوورى کوردستاندا نییە. بێگومان ئەم سووتاندنە لەبەرژەوەندى کۆمارى ئیسلامى ئێراندایە، بۆ ماوەیەک خەڵکى کوردستان سەرگەرمى ئەم هەواڵ وڕووداوە دەبن کێشەوگرفتەکانى سیستەمى ئیسلامى ئێرانى پێ پەردەپۆش دەکەن. خەڵکى باشوورى کوردستان هیچ سوودێک نابینن لەسووتاندنى بارەگاکانى ئەوحیزبانە، جگە لەدروستکردن وبڵاوکردنەوەى کەشوهەواى وترس وفەزاى جەنگ وشەڕو هیچ بەرهەمێکى ترى نابێت بۆ خەڵکى باشورى کوردستان. بەدرێژایى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتوندترین شێوە دەچەوسێندرێتەوەو ڕۆژانە گەنجان ولاوانى کورد دەخرێنە زیندانەکانەوە وئەشکەنجەو ئازار دەدرێن ویاخود رۆژانە دەستە دەستە لەسێدارە دەدرێن، هەروەها حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران لەباشوورى کوردستان وجودییان هەیە و ڕەچاوى بەرژەوەندى و بارودۆخى سیاسى هەرێمى کوردستانیان کردووە لەبوارى هەڵسورانى چەکدارىدا. ئەگەرچى بەردەوام بوون لەهەبوونى هێزى چەکدارى حیزبى بەقەولى خۆیان بۆبەرگریکردن لەخۆیان بووە. تەنها لەباشوورى کوردستان بەپێى زانیارییەکان بەدرێژایى دەسەڵاتى حیزبەکانى باشوورى کوردستان لەساڵى ١٩٩٢وە هەتا ئێستا  ٤٠٠ کەس لەپێشمەرگە ورۆژنامەنووس وئەندام وکادرانى حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى بەپلانى ڕژێمى ئیسلامى ئێران تیررۆرکراون. هەروەها چەندین پێشمەرگەو هەڵسوراوى سیاسى لەلایەن ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستانەوە رادەستى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێران کراونەتەوە. لەگەڵ بەردەوام بوونى لەسێدارەدانى گەنجان ولاوان وڕۆژنامەنووسان، بەڵام ڕاگەیاندنەکانى باشورى کوردستان بەکەمترین هەواڵیش باسى لەسێدارەدانەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ناکەن، بەڵام لەگەڵ هاتنەکایەوەى ڕووداوى ٢٥/٨/٢٠١٧ لە گوندى گوندەژۆری سەربەناحیەى حاجى ئۆمەران، هەندێک لەمیدیاکان بەئاراستەیەک کاردەکەن و دۆخەکەیان ئاڵۆزکردووە. بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانى باشوورى کوردستان زۆر بەچەواشەکارى وسلبى وخراپى کە لەبەرژەوەندى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران بێت باس لەکێشەکان دەکەن. بەرپرسێکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەدەڤەرى باڵەکایەتى (لوقمان حەمەد حاجى دەڵێ دەبێ بنکەى حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئێران لەسەر سنوور کۆبکرێنەوەو چیتر نەبنە هۆى تۆپباران و ئاستەنگ لەسەر ژیانى خەڵکى ناوچەکەو داواى کۆکردنەوەى بنکەى حیزبەکانى رۆژهەڵات لەبنارى چیاى هەڵگورد دەکا. هەروەها مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە کە تێیدا ئاماژە بۆئەوە دەکات و دەڵێت یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبەرامبەر هەر دەستدرێژى وستەم کردنێک لەهەڤەڵەکانى بێدەنگ نابێت، هەبوونى هێزى چەکدارى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات بەزیان بۆسەر باشوورى کوردستان دەناسێنێت. بەگوێرەى زانیارییەکان ڕۆژى هەینى ٢٥/٨/٢٠١٧ لەسەربڕینى دار دەمەقاڵێ لەنێوان چەند کەسى گوندى گوندەژۆرى سەربەناحیەى حاجى ئۆمەران لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستان دروست بوو، کەبەهۆیەوە دووکەس بوونە قوربانى وگیانیان لەدەستدا بەناوەکانى (فرمان ئەسکەندەر، لوقمان ئەسکەندەر) هەروەها برینداربوونى چەندین کەسێک… بەپێى هەواڵەکان بەهەزاران کەسى ئەو دەڤەرە هەڵیان کوتاوەتە سەر بارەگاکانی حیزبەکانى ڕۆژهەڵات، بەبێئەوەى کە پەنا بۆ یاساببەن، خۆیان بەچەکەوە هێرشیان کردووەتە سەرحیزبەکانى کوردستانى ڕۆژهەلات و بنکەو بارەکاگانیان سووتاندوون، لەوانە بارەگاکانى حیزبى کۆمەڵەى شۆڕشگیرى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران، حیزبى دیموکراتى کوردستان (حدک)، حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا)، کۆمەڵەى شۆرشگێرانى کوردستان. لەکاتێکدا پرسەو سەرەخۆشى خۆم لەخانەوادەى قوربانییەکان دەکەم، بەهیوام دواین ناخۆشى خانەوادەکەیان بێت، پێویستە بەهێمنى و وریایى هەنگاو بۆچارەسەرى کێشەوگرفتەکان بنێن. بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن دوژمنان کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەربڕینى بریارو بۆچوونەکانیان. ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێران چەندین جارپلان ونەخشەى داناوە بۆ لەناوبردن وداخستنى بارەگاکانى حیزبەکانى ئۆپۆزیسۆنى ئێرانى لەباشوورى کوردستان، بەڵام لەهەنگاوەکانیدا سەرکەوتو نەبووە. هەوڵى ئەوخەڵکانە ودەستەکانى پشتى ئەو ڕووداوە بۆئەوەیە کەبەپێى ویستى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران بنکەو بارەگاکانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات چۆڵ بکەن. فشارى جۆراوجۆرى خستۆتە سەرحیزبەکانى دەسەڵاتدارى باشوورى کوردستان بۆئەوەى لەوبارەیەوە هاوکارى جێبەجێکردنى نەخشەو پلانەکانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى سیدارەى ئێران بکەن. ئەگەر بەووردى سەیرى ئەم ڕووداوەش بکەین باشتر دەردەکەوێت کە ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامى ئێران دەیەوێت نەخشەو پلانەکانى جێبەجێ بکات هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەئێستادا ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامى ئێران هەڕەشەى تۆپبارانى ناوچە سنووریەکانى باشوورى کوردستان دەکات بەتایبەت ناوچە سنوورەکانى باشوورى کوردستانی نزیک لەباڵەکایەتى کە ئەم کێشەو ڕووداوە نەخوازراوەى لێى ڕووداوە. ئەمەش بۆئەوەى هەست وسۆزى هاوڵاتیانى باشوورى کوردستان لەدژى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان گەشەپێبدات. لەمەیدانى کرداریشدا لەئێستادا بەشێک لەمیدیاو ڕاگەیاندنەکانى باشوورى کوردستان خزمەت بەجێبەجێکردنى پلانى داگیرکارى ودوژمنکارى ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامى ئێران دەکەن. لەقۆناغى ئێستادا پێویستە خەڵکى باشوورى کوردستان بەهەمووشێوازوجۆرێک دژایەتى پلانى دوژمنکارانەى کۆمارى ئیسلامى سێدارەى ئێران بکەن و نەهێڵن نەخشە دژە مرۆڤایەتییەکان ودژە ئازادییەکانى لەباشوورى کوردستان جێبەجێ بکرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *