ترەمپ بۆتە ئیلهامبەخشی هەڵکشانی گرووپە ناسیۆنالیستە توندڕەوە سپی پێستەکان لە کەنەدا!!

       نووسینی: شوان عەزیز

گومانی تیدانیە کە لە پێش ترەمپیش گرووپی توندڕەوی سپی پێست لە وێنەی (کو-کڵوکس-کڵان)کە بە (kkk)  کە کورتکراوەی Ku Klux Klan)* ە ناسراوە لە ئەمەریکادا هەبوون، بەڵام بە هاتنی ترەمپ ئەم جۆرە گرووپە راسیستە تووندڕەوانە بەرەو هەڵکشان و زۆر بوون ڕۆیشتن. ترەمپ نەک هەر لە ئەمەریکادا وەک پاڵپشتێک بۆ ئەوگرووپانە دەرکەوت، بەڵکوو لەدەرەوەی ئەمەریکاشدا وەک ئیلهامبەخشێک ڕۆڵی بینی. بۆ نموونە لە کەنەدا کە هاوسێی ڕاستەوخۆی ئەمەریکایە. ئەوەتا هەردوای ئاڵۆزیەکانی شاری چارلۆتسڤیڵ( charlottesville) لە ویلایەتی ڤێرگینیات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا کە بریندارو و قوربانیشی لێکەوتەوە. لە کەنەداشدا تووندڕەوە ڕاسیستە نەتەوەپەرستەکان لە ژێر بیانووی گێڕانەوەی ماف بۆ خەڵکی کەنەدا هاتنە سەر شەقامەکان لە ڤانکۆڤەرو و تەنانەت تۆڕنتۆش. ئەم تونڕەوە نەتەوەپەرستانە هەندێک جار هاتنی بە لێشاوی پەناهەندەش دەکەنە بیانوو، وە خەڵکی هاندەدەن تا فشار بخرێتە سەر دەوڵەت بۆ بەرگرتن بە هاتنی پەناهەندە. ئەمانە چەندین بەهانە و پاساوی تریش دەهێننە گۆڕێ کە ختووکەی مەشاعیری خەڵکی پێ دەدەن. بۆ نموونە لە وێنەی پاراستنی کەلتوور، دین، وە هەروەها پاراستنی ئابووری وڵات. ئەمانە وا نیشانی خەڵک دەدەن کە هاتنی پەناهەندە بۆ کەنەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەسڵی کەنەدا هەمووشتێکی لەدەست دەرچێت.هەر لەم هەفتەیەدا میدیایەکی سەر بەڕاسیستەکانی کەنەدا کە ناوی ڕێبڵ میدیایە(Rebel ) سەردانی ئەو ڕێگایەی کردووە کە خەڵک بە قاچاخ لە ئەمەریکاوە دێن بۆ کەنەدا. بە پێی ئەم میدیایە ڕۆژانە ئێستا لە سەرووی دووسەد کەسەوە دێنە ناو کەنەداوە بە قاچاخ. ئەم میدیایەیە تەنانەت پۆلیسەکانی سەرسنووریش پیشان دەدات کە ڕێگری ناکەن وە پێیان خۆشە خەڵک بێتە ناوەوە. شایەنی باسە کە لەوەتی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا هەڵوێستی نەرمی نیشاندا بۆ وەرگرتنی پەناهەندە، ژمارەی پەناهەندە زیادی کردووە لە ئەمەریکاوە بۆ کەنەدا. هەر لەو هەفتەیەدا ئەو ڕاسیستانە داوایان لە زانکۆی تۆڕنتۆ کرد بۆ ئەوەی کامپی ئەوان بەکار بێنن بۆ گردبوونەوەی ڕاسیستەکان، بەڵام زانکۆی تۆڕنتۆ ڕێگەی پێنەدان. وە ئێستاش بەپێی چەند سەرچاوەیەک ئەم گرووپە تووندڕەوانە لە بەرنامەیاندایە کە پەرە بە چالاکی نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیستی بدەن وە فراوانتری بکەن تاکوو سەرتاسەری کەنەدا بگرێتەوە. ئەمەش وەک فشارێک بەکاردێنن لەسەر حکوومەتی کەنەدا کە لە لایەن لیبڕاڵەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. کەواتە لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ترەمپ یاریدەرێکی ڕاستەوخۆیە لە گەشەپێدانی بیری ڕاسیستی، نەتەوەپەرستی، وە وای کردووە کە بیری رقوو کینە زیاد بکات لە نێودڵی خەڵکی کەنەدا لە بەرامبەر خەڵکی بێگانەی تازە هاتوودا.  لە لایەکی تریشەوە هەر سیستەمی ئەو ترەمپە لە ناوخۆی ئەمەریکادا تینو فشاری زۆری خستۆتە سەر پەناهەندەی ئەوێ تا ئەمەریکا چۆڵ بکەن. کاتێک کە ئێمە تەماشای قسەکردنو لێدوانی سەرۆکی ئەو گرووپە راسیستانە دەدەین وە گوێ بیستی بۆچوونەکانیان دەبین ئەوەمان لا ئاشکرا دەبێت کە ئەوانە ڕێک هەمان قسەو بۆچوون و دیدی گرووپەکانی ناو ئەمریکاکەی ترەمپن کە ڕاستەوخۆ پشتی ترەمپیان گرت بۆ بەدەستەوە گرتنی حوکم. وا لە کەنەداشدا وێنەیان بەرەو هەڵکشان دەچێت. کەواتە ترەمپ و سیستەمەکەی لەم ئیلهامە بێبەری نیە .

لە بەرامبەر ئەم بزووتنەوە ڕاسیستیەشدا بەرەیەکی ئازادیخواز و چەپ هەیە لە کەنەدا و ئەمەریکا بەدژی وەستاونەتەوە. هەربۆیە ٢٢/٨/٢٠١٧ لە زۆرێک لە شارەکانی وەک تۆرنتۆ و ئۆتاوا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ڕاگرتنی ئەو شەپۆلە ڕاسیستیەی کە بەڕێوەیە.

سەرچاوە:

White nationalist groups on the rise in Canada, planning more rallies

https://www.youtube.com/watch?v=N1XpJ73v7QU

*کو کلوکس کلان بە ئینگلیزیەکەی Ku Klux Klan کورتکراوەکەی kkk. ناوی کۆمەڵێک ڕێکخراوە لە وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هەندێکیان کۆنن و تاوەکو ئێستا چالاکیان هەیە. ئەم ڕێکخراوانە باوەڕیان بە باڵادەستی سپی پێست هەیە و دژایەتی( سامی، ڕەگەز، کاسۆلیک، ڕەگەزبازی و خۆبەخاوەن ماڵ دەزانن). بەگشتی ئەم ڕێکخراوانە پەنادەبەنە توندوتیژی و تیرۆر و بەکارهێنانی ئەشکەنجەی وەک سووتان لەسەر خاچ و چەوسانەوەی ئەوانەی ڕقیان لێیانە بەنموونە ئەمریکاییە بەڕەگەز ئەفەریقیەکان و ئەوانیتر.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *