دژایەتی ریفراندۆم ، دژایەتی مافی جیابونەوە یان دژایەتی جیابونەوە!

موحسین کەریم:

تێکەڵکردنی ئەم ٣ چەمکە و سەیرکردنیان وەکو یەك یان تێنەگەیشتنە یان بە ئەنقسەتە لەپێناو ئامانجێکی سیاسیدا!

ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی سیاسی وەکو کێشەی کورد مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانەو دژایەتیکردنی کردنی لەژێر هەر بیانویەکدا بێت، لە دوو مانا زیاتری نیە؛ یان ئەوەتا لەروانگەی بۆرژوازی نەتەوەی سەردەستەوە دەکرێ کە بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ئەوەدا نیە ئەم مافە بۆ خەڵکی نەتەوەی ژێر دەستی قبوڵ بکات. ئەم روانگەیەش بەداخەوە زهن و فکری خەڵکی زەحمەتکێشی نەتەوەی سەردەستیشی ئالودەکردوە. ئەمەش دەچێتە خانەی شۆڤێنیزم و مەزنخوازی نەتەوەی سەردەستەوە! یان تێنگەیشتنە لە ماهیەتی ئەو کێشەیەو مەترسیەکانی لەسەر بزوتنەوەی چینایەتی چینی کرێکارو خەباتی ئەو چینە بۆ سۆشیالیزم. ئەمەش مانای بێتوانایی لە تەشخیسکردنی کێشەو گرێ و گرفتە سیاسی و فکریەکانی بەردەم چینی کرێکارو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ئەو چینەیە! ریفراندۆم مافێکەو ناکرێ بە بیانوی ئەوەی کە فڵانە حزبی بۆرژوازی ئەنجامی دەدات، دژایەتی بکرێ، مادام بۆ وەڵامدانەوەیە بە پرسیارێك” مانەوە یان جیابونەوە لە عێراق”! ئەنجامدانی ریفراندۆم خۆی لە خۆیدا هێشتا مانای تەواوبوونی هیچ بڕیارێك نیە( بڕیار لەسەر جیابونەوە یان مانەوە)، تەنها ئەوە نەبێت کە مافی دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی دەدەیتە دەست نەتەوەی ژێردەست( یان بەزۆر لكێنراو بە نەتەوەی سەردەستەوە). هەر کۆمۆنیستێك نەتوانێ ئەمە قبوڵ بکات و بەبیانوی جۆرواجۆرەوە ئینکاری بکات، مانای وایە هیچ نزیکایەتیەکی لەگەڵ میسۆدی لینین دا نیە!

دژایەتیکردنی مافی جیابونەوە، ئەویش بەهەمان شێوە، ئاو لەهەمان سەرچاوەی شۆڤێنیزمی نەتەوەی سەردەست دەخواتەوە. بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست. چونکە یەکێك لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیستەکان لە مەسەلەی نەتەوەییدا دان نانە بە مافی جیابوونەوەی نەتەوەی ژێردەست و دژایەتیکردنی بەزۆر لکاندنەوەی نەتەوەی ژێردەستە بە نەتەوەی سەردەستەوە. دژایەتیکردنی مافی جیابونەوە بەتەواوی ناکۆکە لەگەڵ میسۆدی لینین دا کە دژی بەزۆرلکاندنی نەتەوەکان بوو بە یەکترەوە… لینین شەرێکی زۆری کرد لەناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی سەردەمی خۆی و لەناوخودی حزبەکەی خۆشیدا دژی ئەم بۆچوون ومەیلەی کە دژی مافی جیابونەوەی نەتەوە ژێردەستەکان بوون لەژێر ناوو بیانوی جۆرواجۆردا. بەڵام نمونەیەکی زۆر گرنگ و سەرنجراکێش مەسەلەی جیابونەوەی فنلەندا بوو. لە پرسی فینلەندا، لینین بەرگری لە مافی جیابونەوەی فنلەندا کرد لە کاتێکدا بانگەشەکارانی جیابونەوەو سەربەخۆیی لە چینی کۆنەپارێز و پاشایەتی فنلەندی بوون. لینین بیانوی ئەوەی کە دوای جیابونەوەی، فنلەندا دەکەوێتە ژێردەستی پاشایەتی، قانعی نەکرد دژی مافی جیابونەوەی فنلەندا لە روسیا بوەستێتەوە، لەجیاتی ئەوە ووتی ئێمە نابێ خەڵکی فنلەندا بەزۆر بە خۆمانەوە ببەستینەوە، بەڵکو دەبێ مافی جیابونەوەیان بۆ بەرەسمی بناسین. کاتێك خەڵكی فنلەندا ئەومافەیان بۆ مسۆگەر دەکرێ، دوای ئەوە ئیمکانی پێکەوە ژیانی ئارەزومەندانە لەگەڵ روسیادا مەیسەرو مومکین دەبێ!

رۆژی ٦ ی دیسەمبەری ساڵی ١٩١٧دا، واتە دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی شۆرشی ئۆکتۆبەر کە دەولەتی شوراکان بەیاننامەی مافی میللەتانی روسیای بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆیان راگەیاند، پەرلەمانی فنلەندا بەیاننامەی سەربەخۆیی فنلەندای راگەیاند. رۆژی  ١٨ ی دیسەمبەر، واتە تەنها دوای ١٢ رۆژ دەوڵەتی روسیای سۆڤیەتی بڕیارەکەی پەرلەمانی فنلەندانی بە رەسمی ناسی و دوای چوار رۆژلە بەرەسمی ناسینی بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی شورایی روسیاوە، لەلایەن شورای باڵای یەکێتی سوڤیەتەوە پەسەند کرا.

دژایەتی جیابوونەو، مەسەلەیەکی جیاوازە. دەکرێ کەسێك یان هێزێك دژی جیابونەوە یان لەگەڵ جیابونەوە بێت، بەڵام ئەوەی کەدژی جیابونەوەیە، دەبێت سەرەتا مافی جیابونەوە بەرەسمی بناسێت، دەنا ئەم هەڵوێستە دەیخاتە پاڵ هەڵوێستی شۆڤێنیزمی نەتەوەی سەردەستەوە. لینین زۆر بە رۆشنی ئەم مەسەلەیەی لە کتێبی” مافی میللەتان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆیان” با سکردوە. دژایەتیکردنی جیابوونەوە، دوای ئەوەی کە مافی جیابونەوە بۆ نەتەوەی ژێردەست بە رەسمئ دەناسیت و بەرگری لێدەکەیت، ئیتر مەسەلەیەکی دیکەیە. دەکرێ بە بەڵگەی رۆشن کەسێك کە دژی جیابونەوەیە، ئەوە روون بکاتەوە کە جیابونەوە لەدژی بەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی نەتەوەی ژێردەستەیەو بۆی رون بکاتەوەو هەوڵ بدات قەناعەتیان پێ بکات کە دەنگ بە جیابونەوە نەدەن. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی دژی ریفراندۆم و مافی جیابونەوە بوەستیتەوە، ئەگەر ناتەوێ لەناو لیستی شۆڤینیزمی نەتەوەی سەردەستدا جێگای خۆت پەیدا بکەیت. وە دەبێ بڕیاری خەڵکی کوردستان بە رەسمی بناسیت، وەکو لینین و دەوڵەتی سۆڤیەتی، لەکاتێکدا بڕياری سەربەخۆیی فنلنەدا نەك لە ریفراندۆم دا و لەلایەن خەڵکەوە، بەڵکو لەلایەن پەرلەمانی بۆرژوازی پاشایەتی ئەو ولاتەوە درا. خۆ لە کەیسی فینلەندا هاورێکانی لینین هەر ئەو بەڵگانەیان باس کرد کە بە جیابونەوەی فنلەندا، کرێکارو زەحمەتكێشی فنلەندا دەکەونە ژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی ، لەکاتێکدا لە روسیادا دەوڵەتی شوراکان دەسەڵاتدارە.. چی لەوە رۆشنترە! ئایا لە روانگەی کرێکارو سۆشیالیستەکانەوە باشتر نەبوو فنلەندا لە ناو چوارچێوەی روسیای سۆشیالیستیدا بمێنێتەوە!؟ بەڵام بۆچی لینین ئەم بەڵگانەی قبوڵ نەکرد!؟ چونکە ئەو بڕوای وابوو کە نابێ دەوڵەتی شورایی لەسەر بنەمای میراتی قەیسەرو مەزنخوازی روسی و بەزۆرلکاندن بە روسیاوە مامەڵەی نەتەوە ژێردەستەو بەزۆر لکێنراوەکان بە روسیاوە بکات!!

ئەمەیە میسۆدی لینین. لە کەیسی ریفراندۆمی کوردستاندا بەداخەوە زۆرێك لەوانەی خۆیان بە پەیڕەوی لینین دەزانن، لەم تاقیکردنەوەیەدا دەرنەچوون! بەبیانوی ئەوەی پارتی پێشنیاری ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکات، دژی سەرەتایی ترین مافی خەڵکی کوردستان، واتە بەرپاکردنی ریفراندۆم وەستانەوە! لەکاتێکدا میسۆدی لینین لەم پرسەدا، مامەڵەی گشتی ئەم مافە نیە لەرووی تیۆریەوە؛ واتە بەشێوەیەکی گشتی و لە دەرەوەی  کات و شوێن، ئەم مافە قبوڵ بکەیت، بەڵام لە دنیای واقیعدا و لەکات روبەروبونەوەی کەیس و پرسێکی دریاریکراودا، دژی بوەستیتەوە. ئەو کۆمۆنیستەی بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ مافی  جیابوونەوەی نەتەوەی ژێردەستەو بەزۆر لکێنراوە بەنەتەوەی سەردەستەوە، بەڵام لە حاڵەتی دیاریکراودا دژی ئەم مافە دەوەستێتەوە، یان بێگانەیە بە میسۆدی لینین لەپەیوەند بەم پرسەوە، یان هەلپەرستی سیاسیە و هیچی تر!

١٥/٩/٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *