ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی مافی خەڵکی کوردستانە.. هه‌رجۆره‌ سه‌ودایه‌کی سیاسی به‌م مافه‌وه‌ سەرکۆنەدەکەین!

بەپێی راگەیاندنی مەك گۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم، بەدیلێکی خستوەتە بەردەستی بارزانی بەرامبەر بە دواخستنی ریفراندۆم کە بڕیارە بارزانی لەگەڵ پارتە سیاسیە بورژوازیەکانی بەشدار لە “ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم” باسی بکات و وەڵامیان بداتەوە.

 حزبی ئێمە سەرباری هەر سەرنج و تێبینیەک کە لەسەر پلانی بەرپاکردنی ریفراندۆم لە ٢٥/ ٩ هەمانە و رامانگەیاندوە، بەڵام بەرپاکردنی ریفراندۆم لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان بە “ناوچە کێشە لەسەرەکان” یشەوە بە مافێکی حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستان دەزانین و پێداگری لەسەر دەکەین. دوای دەیان ساڵ لە کێشەو ململانێی خوێناوی لەنێوان دەوڵەتە ناوەندیەکانی عێراق و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد، دوای ساڵانێکی زۆر لە پشتگوێخستنی خواستی خەڵکی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی خۆی و وردوخاشکردنی ئەم مافە بە ئاگر و ئاسن، دوای چەندین دەورە لە سات و سەودای حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەستنەوەی کوردستان لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی نەتەوەییەوە بە دەوڵەتی ئیسلامی- نەتەوەپەرستی عێراقەوە، دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە پێداگری کۆمۆنیزمی کریکاری لەسەر مافی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، سەرەنجام حزبەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و بە تایبەتی پارتی هاتنەپای ملدان بە ریفراندۆم.

 هیچ گومانێك لەوەدا نیە کە حزبەکانی کوردایەتی و پارتی و بارزانی لەبەرخاتری خەڵک و خودی کێشەی کورد، که ‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌یان به‌ڵاو موسیبە‌ت، پەنای بۆ ریفراندۆم نەبردوە، بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەی دەسەڵاتی نێوان خۆی و بۆرژوازی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، که به‌کێشه‌کانی نێوان هه‌ریم و به‌غدا ناوزه‌د ده‌کرێ، هەروەها بۆ بازدان بەسەر قەیران و کێشە سیاسی و ئابوریەکانی کوردستان و توڕەیی خەڵکی کوردستان لە دۆخی ئێستا، پێشنیاری ریفراندۆمی هێنایە گۆڕێ. بەڵام هەر خودی ملدانی پارتی و بارزانی بە رێگاچارەی ریفراندۆم کە حزبی ئێمە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ چارسەرەی کێشەی کورد لە عێراقدا پێشنیاری کرد، ڕێگایەکی کردوەتەوە بۆئەوەی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دوور لە شەڕ و خوێنرشتن یەکلابێتەوە و گێژاوی فیدراڵیزمی نەتەوەیی کۆتاییبیت.

 بەڵام دژایەتیکردنی ئه‌مریکاو دەوڵەتانی ڕۆژائاوا، بۆ ڕیفراندۆم، که‌به‌رده‌وام له‌لایه‌ن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و خودی پارتی وبارزانیه‌وه‌ به‌دۆست وهاوپەیمانانی کورد له‌قەڵەم دراون، هاوکات، دژایه‌تی دەوڵەتی شۆڤێنیستی عێراق بۆ ریفراندۆم و تیژکردنه‌وه‌ی زمانی هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماری سه‌ربازی، له‌پاڵ کێشەی ناوخۆی خێزانی بۆرژوازی کورد لەسەر ئەم پرسە، ئەگەری ئەوەی دروستکردووە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، لەبەرامبەر هەر بەدیلێکی ئەمریکادا کە رەنگە بەشێکی بەرچاو لە بەرژەوەندیەکانیان دابین بکات، پاشەکشە لە ریفراندۆم بکەن!

 ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی لە ئێستادا وه‌ک ته‌نها به‌دێلێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد و ده‌ربازکردنی خه‌ڵکی کوردستان له‌گێژاوی سیاسی وشه‌ڕوململانێی نەتەوەیی نێوان ده‌سەڵاتدارانی کوردستان و به‌غدا ده‌زانین. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ بە توندی دژی هەرجۆرە سەوداو ماماڵەیەك بە پرسی ریفراندۆم و دواخستنی بۆ کاتێکی نادیار دەوەستینەوە. ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە، نە ئەمریکاو نە عەبادی و نە مەسعود بارزانی مافی ئەوەیان نیە بیکەنە بابەتی سەودای سیاسی و بەرژەوەندی قازنجپەرستانەی خۆیان. ئێمە بانگەوازی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەحزابی سیاسی دەکەین کە پێداگری بکەن لەسەر مافی خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی ئازادانە لە هەموو ناوچە کوردنشینەکانی عێراقدا و رێگا نەدەین ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد یاری بەم مافەی خەڵکەوە بکەن.

 مەکتەبی سیاسی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان 

 

 ١٥/٩/٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *