خەڵکـی کوردسـتان، نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بـە پەرلـەمـان و کـاراکـردنـەوەی هـەبێـت!

عەبدوڵا مەحمود:

دوای چەندین خول لە کۆبونەوەی دووقۆلێ و چەندقۆڵی نێوان حزبە سیاسیەکانی کوردستان، باس هاتوتە سەر کاراکردنەوەی پەرلەمان. دیارە ئامانج لە کاراکردنەوەی پەرلەمان یان دوبارە دەست بەکاربوونی، ئەوە نییە کە پەرلەمان دەزگایەکی تەشریعی و قانوونیە، یان دەزگایەکی کارا و خاوەن حقوقییەو دەتوانێت نەخشێکی بەرچاو وازی بکات. میژووی پەرلەمان و دەزگای پەرلەمان لە کوردستان، رۆشنە کە هەرگیز دەزگایەکی حساب بۆکراوی یاسایی نەبووە. هەرگیز دەزگایەک نەبووە کە تیایدا یاسا دەربکات و هێزی جێبەجێکردنی هەبێت، یان توانیبێتی چاودێری بەسەر کارەکانی حکومەتەوە بکات. لە راستیدا پەرلەمان دیاری دوو دەسەڵاتی میلیشیایی بووە بۆ داپۆشینی ئەو میلیشیابوونەیان. هەر وەکو چۆن حکومەتیش دەزگایەک بووە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی بێ ئەملاو لای حزبی باڵادەست و دەسەڵات رۆشتوو. هەر بۆیەشە هەمیشە حکومەت و پەرلەمان موچەخۆری حزب بوون و وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمانەکان و تۆرە فراوانەکەی چوار دەوریان، قورمیشکراوی دەسەڵاتی حزبی دەسترۆشتوو بوون بۆ نیشاندانی رووی یاسایی و حقوقی ئەو دەسەڵاتە، بەڵام بەو هۆیەوە دەسەڵاتی حزبی هەیمەنەی زۆر بەرجەستەتر بووە لە ناو ئەو حکومەت و  پەرلەمانەدا، بۆیە سەرباری هەموو هەوڵکیان نەیانتوانیوە پەرلەمان و حکومەت وەکو دوو دەزگای دانپیانراو جێ بخەن. دیارە هۆکاری بنەرەتیش بۆئەم دۆخەی حکومەت و پەرلەمان ئەوە بووە، کە حکومەت و پەرلەمانی بێ مافی دەسەڵاتدارێتی یاسایی، حکومەتی بێ مافی حوکمرانی، ناتوانێت لەوە باشتر بێت.

ئەوەی کە ئێستا ئەو حزبانە دڵیان خۆشە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، یان کاراکردنەوەی پەرلەمان بە دەستکەوت و گێرانەوەی دەسەڵات بۆ دەزگا شەرعیەکان دەزانن، لە بنەرەتدا بەدوای ئامانجی زۆر دیاریکراوی حزبی وەن.

بۆ پارتی کە هەموو و جومگە هەستیارو کاریگەرەکانی دەسەڵاتی لەدەستی خۆیدا قۆرغ کردووە، ئامانج لە کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە کە بەرگی یاسایی بەبەر پرسی ریفراندۆمدا بکات و هەموو حزبەکان بکاتە بەشدار لەو پرسەدا و لەو رێگایەشەوە دەنگە نارازییەکان کپ بکاتەوە، هەروەها لەو رێگایەوە ئەوەی کە ناویان ناوە یەک ریزی ماڵی کورد!!” ناکۆکیەکان و گرژیەکانی نێوان حزبەکانی ناو خانەوادە بۆرژوازی کورد، خاوبکاتەوە یان لانی کەم ئەو ئاستە لە گرژی هەڵپەسێرێت، بۆ دەورەی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان.

بۆ یەکێتی نیشتیمانی، کە هێزیکی لەناوخۆدا داوەشاو لە ئاستی رابەری، وێرانەو بێ رابەر، بێ پرۆژە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وابەستە بوونی کەسایەتیە بڕیار بەدەستەکانی بە پرۆژە قازانجێهێنەرەکانیان لەگەڵ پارتی، هیچ رۆڵێکی بۆ یەکێتی نەهێشتۆتەوە ئەوە نەبێت، رۆڵی ناوبژیوانی و ئاو بەسەر ئاگردانی ململانێی نیوان پارتی و گۆراندا، بکات. دیارە لەونێوەشدا چاوەروانی پاداشتە لە پارتی بۆ ئەو رۆڵەی دەیگێرێت، تا لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم و پشکی پۆست و داهاتدا، شاباشی رۆڵەکەی وەرگرێت.

بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش کاراکردنەوەی پەرلەمان، بۆتە کردەیەکی ناچاری. لەلایەکەوە لە ژێرگوشاردایە، بەو هۆیەوە لەلایەکەوە پارتی مەرجەکانی گۆرانی قبوڵ کردووە، لەلایەکی ترەوە خەریکە تەریکترو تەریکتر دەبێتەوە. رێکەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی بەشوێنێک نەگەیشت و ئاسۆیەکیش بۆ بەشوین گەیشتنی نییە. لە سەرئاستی شەقامیش بۆتە هیزێکی بێ جوڵە و بێ نەخش و بێکارە. لە رووی سیاسیەوە بێدەنگ و هیچ پرۆژەیەکی وەکو ئەڵتەرناتیف لەبەردەستدا نییە. هەموو ئەوانە وایان کردووە، مل بە بژاردەیەک بدات، لە ئێستاشدا کە مەسەلەی ریفراندۆم گەرمە و بێ تەفاوەتی بەرامبەری خۆکوژی سیاسییە، بۆیە بەناچاری هاتنەوەی بۆ پەرلەمان تاکە رێگەیە. خۆ ئەگەر هێشتاش گۆران ئامادەنەبێت بە هاتنەوەی بۆ ناو پەرلەمان و نەبێتە بەشیک لە هیزی کاراکردنەوەی، ئەوە زۆرتر گوشاری ناوخۆیی و کێشە ناوخۆیەکانیەتی کە رێگرن، نەک هیچی تر…

دەتوانین بڵێین، لە ئێستادا وەگەرخستنەوەی پەرلەمان بۆتە ناچارییەک بۆ زوربەی لایەنە سەرەکیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بە تایبەتیش بۆ یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی برا بەشی تاڵانکاری  بۆتە پێویستیەک کە ئەو پەرش و بڵاویەی هێزەکانی سەرساحەی سیاسی کوردستان، لە هەلومەرج و کەشی گەرمی ریفراندۆم و بانگەشەی سەربەخۆیدا، دابپۆشن. گۆرانیش ناتوانێ تاسەر بە لۆژیک و پێوانەی کورسی و ئاکامی هەڵبژاردنەکان… ململانێ لەگەڵ هێزی میلیشیایی بکات. گۆران نەک ٢٤ کورسی، ٦٠ کورسیش بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات و قەڵەمرەوی دەسەڵاتدارێتی و داهات و جومگە سەرەکیەکانی حکومدارێتی میلیشیایی لەدەست پارتی یان یەکێتی دەربهێنێت. بە تایبەتیش کە لەسەر ئاستی شەقام و کایەی سیاسیش تەواو پەراوێز و بێ نەخشەیە.

ئەوەی کە جێگای پێداگری لەسەر کردنە دوبارەکردنەوەی دەرگای پەرلەمان، جگە لە خاوکردنەوەی کاتی ململانێی حزبی لەدۆخی ناو پرسی ریفراندۆمدا… هیچی ترنییە.

خەڵکی کوردستان، پەرلەمانی!! کارا و ئیفلیج و دووقۆلێ و پێنج قۆڵی… ئەزموون کردووە و لەهەموو حاڵەتەکاندا ژیان و گوزەران و خزمەتگوزاریەکان و ئازادییەکان و مافە زۆر سەرەتاییەکانیشیانیشیان، هەر وەکو خەونی وەدی نەهاتوو ماوەتەوە. تەنانەت پەرلەمان ئەوەندە دەزگایەکی هیچی بێ ناوەرۆکە… وا دووساڵە دەرگاکەی داخراوە، بێ ئەوەی لەباری کردەییەوە، هیچ کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگە بوو بێت…

دیارە پارتی و یەکێتی، خۆیان باش دەزانن پەرلەمان هیچ بەهایەکی نە سیاسی و حقوقی و یاسایی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشی نییە.. وە دەزانن دەرگای کراوە بێت یان داخراو بێت، هەموو داهات و جومگەکانی دەسەڵاتدراێتیان لە دوو زۆندا لەبەردەستە و هێزی خۆیان بە پێی محەکی کورسی ناپێون و لەجێگای ئەوە محەکی هێز و هێزی چەکدار بریار دەدات. کێشەی سەرەکی حزبی گۆران ئەوەیە، کە هێشتا لە خەوێکی قوڵدان و بە لۆژیکی کورسی و بەمحەکی دەنگی هەڵبژاردن، دەیانەوێ ببنە هاوبەشی یەکیتی و پارتی و هاوسەنگی هێز لە کوردستان بگۆڕن. ئەمەش نەناسینی تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی خاوەن میلیشیایی بێ ناسنامەی وڵاتی و حقوقییە.

خەڵکی کوردستان، نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بە پەرلەمان و کاراکردنەوەی هەبێت. کاراکردنەوەی هیچ لەژیان وگوزەرانی ئەوان ناگۆڕیت و ناتوانێت گرفتە زۆر و زەوەندەکان و بەتایبەتیش گرفتە بنەرەتیەکانی کۆمەڵگە وەڵام بداتەوە. خستنەوە گەری پەرلەمان تەنانەت لایەنی بریاردەر بۆ پرسی ریفراندۆمیش نییە، هەر وەکو تائێستا چەند جار سەرانی پارتی و یەکێتی رایان گەیاندووە کە ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان و یاسایی پەرلەمانی نییە… ئەوەی کە گرنگە بە تایبەت بۆ پارتی ئەوەیە کە دەیەوێت لە پرسی ریفراندۆمدا، هاودەنگی زیاتر حزبەکان زامن بکات.. کاراکردنەوەی پەرلەمان، بۆ یەکیتی و گۆڕانیش بۆتە ناچارییەک بەهۆی نەبوونی هیچ بەدیل و ئەلتەرناتیفێک لەبەرامبەر بە جوڵە و نەخشەو پرۆژەکانی پارتیدا و سەرئەنجامیش بۆ ئەوەی پاساوی خۆ جوتکردن لەگەڵ ریفراندۆمدا زامن بکەن… کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەرگی یاساییکردن بەسەر پرسی ریفراندۆمدا، بۆتە رێگایەک بۆ گەرانەوەیان بۆ ناو چەقی سیاسەتی رۆژ لە کوردستاندا، کە لە ئێستادا ریفراندۆم سەنتێزیەتی.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٢ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *