دوو هەواڵ لەسەر بەریتانیا – ئامادەکردنی: سالار حەمە سەعید

کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت ( سفر کۆنتراکت سەعات کار) ژمارەیان ملیۆنێک کرێکارە

سیستەمی سەرمایەداری بە خراپترین شێوە مامەڵە و ڕەفتار دەکات لەگەل کرێکاراندا ئەویش بە پشت بەستن بە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن. مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکاراندا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا ئاڵوگۆڕی گەورەیان بەسەردا هاتووە.

ئەمڕۆ کرێکاران وەک هەر شمەکێکی (یەک جار بەکارهێنراو واتە دیسپۆزەبڵ) مامەڵە و سەودایان لەگەڵدا دەکرێ. ئەو ماوە دیاریکراوەی کە سەرمایەدار پێویستیەتی بەکاریدێنێ و دواتر پاش تێپەڕبوونی ئەو کاتە دەست بەرداری دەبێت و وەک پەرداخێکی پلاستیکی کە بۆ ئاو خواردنەوە و چاخواردنەوە بەکاردێت و دواتر فڕێ دەدرێ، هەر ئاواش مامەڵە دەکرێ لەگەڵ کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت سەعات کار واتە تەنانەت یەک سەعات کۆنتراکتیان نیە لەگەڵ خاوەن کارەکەدا. بۆ ماوەی یەک سەعات یا چەند سەعاتێک دەخرێتە بەرکار و دوای ئەوە کۆتایی بە هەموو شتێکی دێت. هیچ مافێکیان نیە، مافەکانیشیان وەک خۆیان قابیلی فڕێدانە هەروەک چۆن خۆیان فڕێ دەدرێن پاش بەکارهێنان هەرواش مافەکانیان دیسپۆزەبڵە. ئەم کرێکارانە بەردەوام لەچاوەڕوانی تەلەفۆنێکدان بۆیان بکرێ یا نەکرێ. ئەگەر تەلەفۆنیان بۆکرا دەبێ بەومەرج و بارو ڕەوشەی کە خاوەن کار بۆی دادەنێ دەبێ سەربدات وە ئەگەر نا کارەکەی پێ نادرێ. کات دیاریدەکرێت، کەی دەست پێدەکات و کەی تەواودەبێت. پارەی پشووی نیوەڕۆی پێنادرێ، پارەی هاتووچۆی پێنادرێ، وە بەپێی خواستی خاوەن کارەکەش هەقدەستەکەی دەگۆڕێ بۆ هەمان جۆری کار، بەڵام لە شوێنی جیاواز و بارو ڕەوشی جیاوازدا. دەگونجێ بارو رەوشی کارەکەی ترس و تووڕەیی تیدابێت، بەڵام پارەی ئەوەی پێ نابەخشرێ.

ئەم جۆرە کارە و ئەم کرێکارانە هەروەک کرێکاری لەنگەرگاکانن کە لەچاوەڕوانی کەشتی یەکدان بۆ بارهەڵگرتن یا داگرتن وەیا ئەو کرێکارانەی کە لەدەوروبەری بازار وفرۆشگاکانی مەوادی خانووبەرە ڕادەوەستن تا خاوەن کارێک کارێکیان بداتێ و دەشگونجێ چەندەها رۆژ بەبێ کار بچنەوە ماڵەکانیان.

کرێکاران هەر زۆر بەئاسانی لەکارەکانیان دەردەکرێن لەڕێگەی (ئەپێکەوە) واتە ئەپلیکەیشنێکەوە کە لەسەر تەلەفۆنەکەیەتی هەر بەبێ ئەوەی خاوەن کارەکەی خۆی یا کەسێک لە ئۆفیسی کارەکەیەوە بەتەلەفۆن یا بەنامە ئاگاداری بکاتەوە هەر لەڕێگەی ئەپەکەیەوە ئاگادار دەبێتەوە ئەویش بەوەی کە ناتوانێ بچێتە سەر ئەپەکە و دەستی پێی بگات. ژیان و گوزەرانی کرێکارەکە لەژێر ڕەحمی خاوەن کارێکدایە کە هەرگیز نەبینیویەتی و نە هەرگیز قسەشی لەگەڵ کردوە.

بەوپێیە کرێکاران وەک کرێکاری تووڕدراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و مافەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا تووڕدەدرێن، هیچ یاسایەکیش پارێزگاریان لێ ناکات. بۆ نموونە کۆمپانیای جیهانی (ئووبەر) کە کۆمپانیایەکی گەورەی شۆفیرییە، زۆر بەئاسانی ئەکاونتی شۆفێرەکان لەکاردەخەن و ناهێڵن دەستیان بگاتە ئەکاونتەکەیانەوە لەڕێگەی ئەپێکەوە لەکاریدەخەن وبێکاری دەکەن.

کۆمپانیای جیهانی (ئەمەزۆن) ش بەهەمان شێوە تەکنۆلۆژیا بەکاردێنێ تا بزانێ ئایا کرێکارەکانی ئەو ئامانجەی(تارگێتەی) کۆمپانیاکە هەیەتی دەیپێکێ یان نا. وە ئەگەر کرێکارەکە ئامانجەکە نەپێکێ ئەو کاتە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزادان و تەنانەت دەرکردنیش دەبێتەوە.

یەکێکی تر لەنەهامەتیەکانی کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت ئەوەیە کە دەمودەست هەقدەستەکەیان پێ نادرێ و دووچاری کێشەی زۆردەبنەوە تا هەقدەستەکانیان پێ دەگات. جارێ بەلانی کەمەوە مانگێک بۆ دوو مانگ دەبێ چاوەڕێ بکەن تا هەقدەستی ئەو ڕۆژە یا ئەو چەند سەعاتە وەربگرن لە خاوەن کار. وە هەندێ کات چەندەها مانگ ئەخایەنێ و یا ئەو پارەیەی پێ نادرێ کە ڕێکەوتوون لەسەری بەبیانووی جۆراوجۆرەوە. هەندێ کات هەرگیز هەقدەستی ئەو چەند سەعات کارە وەرناگرن وپێیان نادرێ. وە هیچ پەنایەکیشیان نیە کە پەنای بۆ بەرن لەبەرئەوەی نەقابە وسەندیکای تایبەت بەخۆیان نیە.

ژمارەی ئەم کرێکارانە کە بە کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت دەناسرێن نزیکەی یەک ملیۆنە. کاتێ کە ئامارەکان لەبەریتانیا باس لەهاتنە خوارەوەی ڕێژەی بێکاری دەکەن ئەم یەک ملیۆنە بە بێکار لەقەڵەم نادەن و بەکرێکار هەژمار دەکەن. کەلەڕاستیدا ناکرێ بە کرێکاری هەمیشەیی لەقەڵەم بدرێن لەبەرئەوەی ئەمانە کرێکاری ناوبەناون و هەمیشە لەسەر کار نین.

٢١ی سبتمبەری ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

بەریتانیای برێگزت لەسەر سایدی هێواش لێدەخوڕێ

سالار حمەسەعید

گەشەی ئابووری لە بەریتانیا بەرەودواوە دەچێت، بەپێی ئامارەکان بەریتانیا تەنانەت کەوتۆتە دوای ئیتالیاشەوە لە ڕووی گەشەی ئابووری یەوە.

ئەڵمانیا و فەرەنسا پێشرەوی دەکەن لەگەشەی ئابووریدا و گەشەی ئابووری بەریتانیا بەڕێژەی لەسەدا یەک بەشەلەشەل لەساڵی داهاتوودا دەچێتە پێشەوە. گەشەکەی کەمترە لەوەی پێشبینی کراوە کە گوایا بە لەسەدا ٨.١ گەشەدەکات ئەمە بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری وگەشەکردن لەساڵی ٢٠١٦دا وە ئەمە ڕیکۆردی کەمترین گەشەی ئابووری ولاتە گەورەکانی وەک ئەمریکا و یابان و ئەڵمانیا و فەرەنسا وئیتالیا و کەنەدایە. تەنانەت ئیتالیا کە لەچنگی قەیرانی مالی دایە و موبتەلایە بە ڕێژەیەکی گەورەی بێکاری ولەداوی سیستەمێکی سیاسی پڕ ئاشوب پڕ هەرج ومەرج دایە، لەئیستادا پێشبینی دەکرێ کە ئابووری یەکەی لە بەریتانیا باشتر و پایەدارتر گەشەدەکات.

بڕێگزت شۆکێکی گەورەیە.

لەسەدا ٥٢ ی خەڵکی بەریتانای بەپێی ئامارەکان پێشبینی دەکەن کە بارو ڕەوشی ئابووری بەریتانیا خراپتر دەبێ لەساڵی داهاتوودا، تەنها لەسەدا ٢١ ی خەڵک لەو باوەڕەدان کە بارو ڕەوشی ئابووری باشتر دەبێت.

زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ و بەهای شتوومەک لەدوکان وبازارەکان دا.

لەمانگی ڕابردوودا ئێجگار زۆر نرخەکان هەڵکشان لەبازاڕو دوکانەکاندا بەڕێژەی لەسەدا ٢.٣ و ٣.٣ شتوومەکی ناخۆراکی بەرزبۆتەوە کەبەرزترینە لەچارەکە سەدەی ڕابردووەوە.

لەگەڵ هەڵاوسانێک بەڕێژەی لەسەدا ٩.٢ کە بەرزبوونەوەی هەق دەست ومووچەی زۆر تێپەڕکردوە و فشاری هێناوە بۆ ملیۆنەها خەڵکی ئەم وڵاتە و گوشاری خستۆتە سەر ژیان وگوزەرانیان.

بانکی ئینگلتەرەش بڕیارە بەهای سوود بباتە سەرەوە لەمانگی نۆڤەمبەردا بەڕێژەی لەسەدا ٢٥.٠ ەوە.

پێشبینی دەکرێ کەبەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٨ دا زیاتر گەشەی ئابووریەکەی خاوبێتەوە وکەمتر گەشە بکات.

ڕێژەی بێکاری بۆتە کەمتر لەسەدا ٤.٥ واتە هاتۆتە خوارەوە، بەڵام ڕێژەی بەرهەمهێنان لاواز و مووچە هەقدەست گەشە ناکات لەبەرزبوونەوەدانیە.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *