ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان سەردانی سەفارەتی ڕوسیای لە بەریتانیا کرد

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لە 25 ئۆکتۆبەری 2017 سەردانی سەفارەتی ڕوسیای لە بەریتانیا کرد. شاندی ناوەند پێکهاتبوو لە (ئاسۆکمال و سعید ئارمان) لەلایەن بەرپرسی تیمی سیاسەتی دەرەوەی سەفارەتی ڕوسیا (دێنیس تیمنیکۆڤ) بۆ ماوەی ٣٥ دەقیقە کۆبونەوە.
شاندەکە سەرەتا نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی لەو بێدەنگیەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕوسیاش بەرامبەر بە لەشکرکێشی عەبادی و حەشدی شەعبی نیشانیاندا و داوای گۆڕینی ئەو هەڵوێستە بکەن بە فشارخستنە سەر حکومەتی عێڕاق بۆ کشانەوەی هێزەکانی تا بەر بە شەڕێکی قەومی بگرن کە ئەم حکومەتە مەزهەبیە دەیەوێ بەرپای بکا هەرچۆن زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕی مەزهەبی دەکا. خاڵی دوەمی کۆبونەوەکە سەبارەت بە ڕێگاچارەی بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی کە ئێمە دەمانەوێ کە ڕوسیا وەک داوایەکی ڕەسمی ڕوو بە نەتەوەیەکگرتوەکان بکاتەوە .کە لەو کۆنگرەیەدا کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و کوردستان و رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان باسکرێ و بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجامی رفراندۆمەکە چارەسەرەکان بکرێتە بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان.

شاندەکە بە دورودرێژی باسی لە کوشتار و وێرانکاری و هەنگاوە سەربازی و سیاسیەکانی حکومەتی عەبادی کرد کە دەیەوێ کوردستان داگیربکاتەوە لە ڕێگای کۆنترۆڵی سنورەکان و هەناردەی نەوت و گۆڕینی ئیداری و سزادانی ٣،٥ ملێون خەڵکی کوردستانەوە کە مافێکی ڕەوای خۆیان لەرفراندۆمدا پیادەکردوە. هەروەها لەسەر هۆکاری یارمەتیدانی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ئێران و میلیشیا شیعەکان و هەڵوێستی ڕیاکارانەی ئەمریکا قسەوباسکرا.
هاوکات شاندەکە لەسەر پیویستی و مافی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە شکستی ڕێگاچارەی فیدرالی و شکستی ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕونکردنەوەیدا و پێویستی گواستنەوەی مەسەلەی رفراندوم لەم ئاستە ناوخۆیانەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی وەک ڕێگاچارەی گونجاو بۆ سەلماندنی رفراندوم و سەربەخۆیی و ڕێگاگرتن لەهەڕەشەکانی سەر خەڵکی کوردستان خستەڕوو .
سەرۆکی تیمی سیاسەتی دەرەوەی سەفارەتی ڕوسیا تەئکیدی لەسەر بۆچونەکانی حکومەتەکەی لەسەر مافی چارەنوس و ڕیزگرتن لەمافی خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان ئەم مەسەلەی هێرشی حکومەتی عێراقیان پشت گوێ نەخستوە و نامەی ناوەندی سەربەخۆیان بەجدی گفتوگۆ لەسەرکردوە و گەیاندویانەتە مۆسکۆ و بۆچون و ڕێگاکان وەرگیراوە. هاوکات ڕایگەیاند کە دیسانەوە تەئکید لەم نامەیەی ناوەندی سەربەخۆی کوردستان دەکرێتەوە و دەگەینرێتە حکومەتی ڕوسیا و خوازیارن کە ئەم جۆرە پەیوەندیانە بەردەوام بێت.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئەم سەردانەی لە درێژەی سەردانی لایەنە نێودەوڵەتیەکاندایە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیان لە خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان وبۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری و دوژمنکاری حکومەتی عێراق.
دواتر ئاسۆکمال ڕێکخەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ڕوداو لەکاتژێر ٢:٣٠ بەشیوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەنجامدا و لەسەر ئەم سەردانە و ڕێگای کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق قسەی کردو ڕایگەیاند کە باسی سڕکردنی ئاکامی رفراندوم دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانە و وەک ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دژی ئەم بڕیارەین و نابێ خەڵکی کوردستان تەسلیمی فشارەکانی حکومەتی عەبادی ببێ کە دەیەوێ دوای هێرش و شکستدان بێتەسەر مێزی گفتوگۆ و مەرجە دوژمنکارانەکانی حکومەتە مەزهەبیەکەی بسەپێنێ. خەڵک دەبێ پشت بە ئیرادەی خۆی ببەستێ بۆ پێداگری لەمافی سەربەخۆیی.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
٢٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *