کاتی بەدیلی کۆمۆنیستیە !

سەردار عەبدوڵا حەمە:

لەوتارێکی پێشومدا باسی سێ جۆر چەپم کردوە لە بەرانبەر ڕیفراندۆمدا، لەم بەشەدا باسی بەدیلی کۆمۆنیستی دەکەم بۆ کۆمەڵگەی کوردستان کە دەکرێت هەرسێ لایەنی چەپ بەشدار بن لە بەهێزکردنی ئەم بەدیلە کۆمۆنیستیەدا بە گشتی وچەپی سێ یەم (چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری) بە تایبەتی.

کوردایەتی لەشەرمەزاری زیاتر هیچی تری نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان، هیچ شتێک نەبووە لە مێژووی کوردایەتیدا جێگای شانازی تاکی کورد بێت، مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بووە کە هەمیشە باڵێکی ناو ئەم بزووتنەوەیە پێش لەشکری کردووە بۆ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بۆ لێدانی بزووتنەوەی هەقخوازنەی خەڵکی کوردستان کە نەمانی ستەمی میللیە لەهەرچوار پارچەی کوردستاندا . بەشێکی تر لە مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بووە کە شەڕی ناوخۆییان لە پێناو دەسەڵاتی پاوانخوازیدا چ لە شاخ وچ لە شار بە درێژایی نیو سەدە هەڵگیرساندووە وبە دەیان هەزارکەسیان لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستان لە ناوبردووە، ئەوکاتانەشی کە شەڕیان نەکردووە پێکەوە شیلەی گیانی ئەم خەڵکەیان مژیوە و خەڵکیان هەژارو برسی کردووە وخۆیان دەوڵەمەندو تێرو تەسەل کردووە .

تەنها چەند فاکتێک بۆ ڕاستی ئەم قسانە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستانی عێراق(باشور) بەسە بۆ ناسینی ئەم بزووتنەوەیە، ساڵی ١٩٦٦ تاڵەبانی هێزێکی دروستکرد بە ناوی جەلالی بووە پێش لەشکری سوپای عێراق لەولاشەوە هێزەکەی بارزانی بە ناوی مەلایییەوە بوونە داردەستی شای ئێران تابوونە هۆی ئاشبەتاڵێکی گەورە لە ساڵی ١٩٧٥. لە پاش شۆرشی ئێران لە سالی ١٩٧٩ بارزانی هێزێکی دروست کرد بە ناوی قیادە موەقتە بوونە کەوا سوری بەر لەشکری سوپای پاسدارانی خومێنی لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران .لە ساڵی ١٩٨٨ پارتی ویەکێتی وبزووتنەوە ئیسلامیەکان پێش لەشکریا ن کرد  بۆ سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ داگیرکردنی هەلەبجە وهەندێ شوێنی تر، لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕاپەرین کرا ئەم ‌هێزانە بوونە داردەستی ئەمەریکا وغەرب وئۆردوگایەکیان بۆ خەڵکی کوردستان دروستکرد. ساڵی ١٩٩٦ لە ٣١ی  ئابدا پارتی پێش لەشکری کرد بۆ سەدام وبەعس بۆ داگیرکردنی هەولێروکوردستان لە بەرانبەریشدا یەکێتی پێش لەشکری دەکرد بۆ ئێران بۆ شارەکانی کەرکوک وگەرمیان. لەساڵی  ٢٠٠٠دا کاتێ کۆمۆنیستەکان داوای سەربەخۆیان بۆ کوردستان دەکرد هێزەکانی یەکێتی  پەلاماری کۆمۆنیستەکانیان داو ٥ کەسیان لێ تیرۆر کردن . لە ٢٠٠٣دا کە سەدام ڕووخا ئەم حیزبانە بە زۆر کوردستانیان لکاند بە عێراقێکی قەومی ودینی و تایفیەوە کە خاوەنی ڕەشترین سیناریۆ بوون. لەو کاتەوە تا ئێستا دەسەلاتی ئەم حیزبانەی کوردایەتی نموونەی خراپترین دەسەڵاتی مافیایی بوون و خەلکی کوردستانیان  برسی کردووە و ئازادیخوازانیان تیرۆر کردووە، دوا جار ئەم هێزانە پاش دژایەتیکردنی ریفراندۆم  سەرەنجام ملیاندا بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ریفراندۆمێکدا، بەڵام باڵێکی تری ئەم بزووتنەوەیە یا باشتر بڵیم باڵێکی ناو یەکێتی نیشتمانی دەستی ئێران وعەبادی گرت بۆ شکست پێهێنانی ئەم خواستەی خەڵکی کوردستان ڕێگەیان بە لەشکرەکانیان دا لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شاری کەرکوک داگیر بکەن.

ئێستاش وا خەریکە ئاگری شەڕێکی ناوخۆیی خۆش دەکەن وبە بن بەست گەیشتون، هیچ ئومێدیک نەماوە بەم هێزانەی کوردایەتی دەبێت ڕێگایەکی تر بکرێتەوە بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان ئەویش ڕێگای چەپ وکۆمۆنیزمە. تەنها بەدیلی کۆمۆنیستیە دەتوانێت خەڵکی کوردستان لە هەموو نەهامەتیەکانی دەەربێنیت. ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستیە ١٤ ساڵە ڕێگای بە خەڵکی کوردستان نیشانداوە بۆ ڕزگار بوون بەڵام بە هۆێ باڵادەستی ناسیونالیزم وحیزبەکانی کوردایەتیەوە نەتوانراوە ئەم ڕزگاربوونە بێتە دی، ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی مانەوەی ستەمی میللی  وکێشەی خەڵکی کوردستان بووە ڕێگای ڕیفراندۆمی هەڵبژاردووە بۆ نەمانیان. ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی گەندەڵی و دزی وڕاوورووتی بەرپرسانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە، بەڵام بە داخەوە ئەم بەدیلە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکان بپێکێ وببێتە جێی متمانەی خەڵکی کرێکار وزەحمتکیش وتەواوی کۆمەڵانی خەڵکی  کوردستان. هەرچەند لە ساڵەکانی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٤ پاشان تا ساڵی ٢٠٠٠ وەک هیزێکی گەورە بوون وجێ متمانە بوون، بەڵام لە و کاتە  بە دواوە ئەم بەدیلە لە پاشەکشەدا بووە هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو فاکتەری بابەتی وخۆیی، فاکتەرە بابەتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتی هێزەکانی کوردایەتی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە دیارە کۆمۆنیستەکانیش وەک بەشێکی کۆمەلگە زیانیان پێ گەیشتووە، فاکتۆری خۆیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلان ونەخشەو تاکتیکی پێویست، وکارو پراکتیکی گونجاو لەلایەک  وە لە لایەکی ترەوە پرش بلاوە پێکردنی ڕیزەکانی ئەم چەپە و وازهێنانی زۆرێک لە کادیرەکان لە کاری حیزبی وڕێکخراوەیی بووە.

لە ئێستادا هەردوو فاکتەرەکە خەریکە بێهیز دەبن وڤایرۆسی بێ هێزی کۆمۆنیزم بەرەو لە ناوچوون دەچێ  لەڕووی بابەتیەوە کوردایەتی فەشەلی  هێناوە لە چارەسەری کێشەکانی خەڵکدا و وەک دەورانی پێشووش یەک دەست نین بۆ داسەپاندنی سەرکوتی کۆمەڵگە بە کۆمۆنیستەکانیشەوە. لەڕووی فاکتەری خۆییشەوە هیچ کات کۆمۆنیستەکان وەک ئێستا یەک دەست نەبوون لە ڕووبەرووی بونەوەی کێشەیەکی گەورەی خەڵکی کوردستاندا جگە لە سەرجەم حیزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق وئێران وکوردستان هیزگەلی کۆمۆنیستی وچەپی تریش هەبوون هاوڕاو هاوکار بووون لە بڕیاردانی چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا لە ریفراندۆمێکی ئازاددا، دەبێ ئەمە بە هەند وەرگیرێ هەوڵ بدرێ هەماهەنگی زیاتر بکرێ بۆ کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەدیلی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا. پێویستە هاوکاریەکان لۆجیکی ومادیی ومەعنەوی بن، دەکرێ هاوکاری ئیعلامی بن تەلەفزیۆن وکەناڵەکان و ڕۆژنامەکان بخڕێنە گەڕ بۆ بەهێزکردنی ئەم بەدیلە یا دەبێ هەوڵ بدڕێت ئەم بەدیلە لە کوردستان ببێتە خاوەن کەناڵێکی ئاسمانی خۆی، ڕاکێشانی پشتیوانی سەندیکا  کرێکاریەکان وهێزە چەپ وئازادیخوازەکانی دونیا بۆئەم  بەدیلە یەکێ تر لە ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان  بێت، هەوڵدان بۆ ڕێکخراوکردنی کرێکاران وخەڵکی کوردستان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیاندا وەک کاری ڕۆتینی کۆمۆنیستەکان بخرێتە دەستوری جێبەجێکردنەوە هەموو بۆ ئەم مەبەستە بچینە مەیدانەوە .

ئێمە کۆمۆنیستەکانی کوردستان وناوچەکە دەکرێت هەموو پێکەوە کار بکەین بۆ ئامانجە دوورو نزیکەکانی ئەم بەدیلە کۆمۆنستیە کە ئامانجی لە  ئێستادا چارەسەری کیشەی خەڵکی کوردستان ودامەزراندنی دەسەڵاتێکی سکیۆلارە و لە ئاییندەشدا شۆڕشی سۆشیالیستیە ودامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد ویەکسانە .

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *