سڕکردنی ریفراندۆم، هەوڵێکە بۆ سڕکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان!

    بۆپێشەوە

شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ ئۆکتۆبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان!!، پێشنیاری سڕکردنی ریفراندۆمی کردووە. حکومەتی هەرێم!! باشترە بڵێێن سەرانی حزبە دەستڕۆشتووەکانی دەسەڵات لە کوردستان،  وەکو پێشبینی دەکرا، لەپێناو دووبارە دەست کردنەوە بە گفتۆگۆ لەگەڵ بەغداو و لەژێر ناوی بەرگرتن بە هێرش و پەلامارە هەمەلایەنەکانی عەبادی ئەم بژاردەیان خستۆتە روو. بژاردەیەکی شکستخواردوی چاوەراونکراو بەدوای شکستی ١٦ ئۆکتۆبەر رۆژانی دواتردا.

شکستێکی سیاسی و سەربازی ئابڕوبەرانە کە بەڕیکەوتنی پێشوەختی بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ عەبادی و جەلادی نێودەوڵەتی قاسمی سلێمانی و لە سنوری پارێزگای کەرکوک و کەرکوکدا و پاشەکشەی ئابروبەرانەی پارتی لەتەواوی زونی زەردا بێ هیچ بەرگرییەک و تێکشکاندنی ئیرادەی خۆراگری خۆبەخشانەی خەڵکی کوردستان… تاوانێکی لەبیر نەکراوە، پێشنیاری سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆمیش لەدرێژەی ئەم شکستەی ١٦ ئۆکتۆبەردا، تاوانێکی ترە لەدژی بریار و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان.

ئەگەر پاساو بۆ ئەم بریارە بۆ رێگریکردنە لە هێرشە هەمەلایەنەکانی عەبادی بە هاوکاری دەوڵەت کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و ئەمریکاو غەرب لەگەڵیدا لە دژی خەڵکی کوردستان… ئەوا سڕکردنی ریفراندۆم نە دەتوانێت بەر بگرێت بە هێرشەکانی عەبادی و نە دەتوانێ دۆخی ئیستاش بگێرێتەوە بۆ بەر لە ١٦ ئۆکتۆبەر، بە پێچەوانەوە حكومەتی عەبادی کرێگرتەی ئیران، گفتوگۆ و دانوستاندن، لەسەر بنەمای ئەمری واقعی ئێستادا دەکات کە دەسەڵاتی خۆی گێراوەتەوە نەک بۆ بەر لەهاتنی هێزە درندەکانی داعش لەساڵی ٢٠١٤، بەڵکو دۆخەکەی گێراوەتەوە بۆ سێ گۆشەی یەکەمی سەردەمی هێڵی ٣٦ دوای ساڵی ١٩٩١…

لە هەلومەرج و هاوسەنگی هێزی ئێستای نیوان بەغدا و هەرێم و ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ١٠ رۆژی رابردودا رویانداوە، بە تایبەتی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، دەستبردن بۆ سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆم، بەجیا لەوەی هەوڵێکە بۆ سڕکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و بەدەستمایەکردنی کارتی ئاکامی ریفراندۆم و سەربەخۆییە لەپێناو بەرژوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکانی نوخبەی دەسەڵاتداری بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لەپێناو گیرانەوەی قەڵەمرەی دەسەڵات و گێرانەوەی کۆنترۆڵی بیرە نەوتەکات و داهات و سەرچاوەکانی داهاتی سنورەکان…دا، کە لە ئێستادا نەک ناتوانێ بەشوێنێک بگات، بەڵكو توانای راگرتنی هێرش و پلان و نەخشەکانی عەبادی نییە، کە بەردەوامە.

هەوڵی حکومەتی ئیسلام- ناسیونالیستی عەرەبی عێراقی و عەبادی… قوتبی کردنەوەی دەسەڵاتە لەدەستی خۆیاندا، بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکەو هاوکاری ئەمریکاو غەرب. ئەمەش تەنها حزبە شکستخواردووەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەکردۆتە نیشانە، حزبەکان بە پۆست و پارە و بەشێک لەدەسەڵات رازی دەکرێن، هەوڵ بۆ تیکشکاندنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان، ئامانجی سەرەکی ئەو هێرش و پەلامارانەیە. دوبارە گێرانەوەی دەسەڵات و داسەپاندنی بریاری سیاسی بەسەر خەڵکی کوردستان و ناچارکردنی خەڵکی کوردستان بە ملدانیان بە فیدرالیزمی قەومی و چاولەدەستبوونیان بۆ داهات و خێرو سەدەقە لە عەبادی تا دەگاتە دووبارە داسەپاندنەوەی هەڵاواردن و زوڵم و ستەمی قەومی و تایفی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، راستیەکی حاشاهەڵنەگری، نەخشەو پلانەکانی عەبادی و حکومەتە نۆکەرەکەیەتی… سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆم، لەلایەن سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، نەک ناچێتە خانەی دژایەتی عەبادی و حکومەتی عروبی و ئیسلامی عێراق، بەڵکو دەچێتە خانەی خزمەت بە سیاسەت و نەخشەکانی عەبادی دژ بەخەڵکی کوردستان و ئیرادە سیاسیەکەی.

نە ریفراندۆم و نە ئاکامی ریفراندۆم… خێرو سەدەقەی پارتی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد نییە بە خەڵکی کوردستان، و موڵکی ئەوانیش نییە… تا هەر کات ئەوان بیانەوێت کایەی پێوە بکەن. ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم موڵکی خەڵکی کوردستان و بریاری جیابوونەوەیە لە عێراق، بۆ سەربەخۆیی و  پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی ئازاد، هەر حزب و لایەن و نوخبە و کەسێک بیەوێت دژی ئەو ماف و بریارەی خەڵکی کوردستان بوەستێتەوە، دەبێتە تەواوکەری نەخشەو پلانەکانی عەبادی و حکومەتەکەی و پێویستە لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی کوردستانەوە وەڵامی پێبدرێتەوە.

ململانێی نێوان بەغداو و هەرێم، تەمەنی بە ئەندازەی تەمەنی لەدەسەڵات کەوتنی بەعس و سازدانەوەی عیراقی دوای سەدام حسێنی جەلادەوە هەیە، لەلایەن حزب و لایەنە بۆرژوازیەکانی عیراق و کوردستانەوە لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی.

کۆتاییهاتنی توانایی سەربازی داعش، و گرفتەکانی بەر لە هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤ دا، سەرچاوەی بنەرەتی ئەو دۆخەی ئێستان، نەک ئەنجامدانی ریفراندۆم. ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی بەڵی لەو ریفراندۆمەدا بۆ سەربەخۆیی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، تەکانێکی زیاتری داوە بە گرژییەکان و ململانێکانی نێوان هەولیر و بەغدا، بەڵام هەرگیز هەرەشەکان ململانێکانی ئێستا تازە نین و لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، نەهاتوونەتە ئارا، تا بەسڕکردن و هەڵپەساردن یان پاشەکەوتی ئاکامی ریفراندۆم… وەڵامیان پێبدرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بێتەوە. هەلومەرجی دوا داعش لە عێراق و کوردستاندا، وە کەشی دوای سات و سەودای نانخۆرەکانی قاسم سلیمانی و پاشەکشەی بێ پاساو و بێبەرگری پارتی لەبەرامبەر هیزەکانی سوپاو حەشدی شیعیدا، پرۆسەو هەوڵی عەبادی و حکومەتەکەی بۆ قوتبی کردنەوەی دەسەلاتی لەسەراسەری عێراقدا، خیراتر دەکات.

لە ئێستادا پێشمەرجی هەر هەنگاوێك بۆ پوچەڵکردنەوەی پلان و نەخشەکانی عەبادی  و راگرتنی هەوڵە دوژمناکارانەکانی، سڕکردن و هەڵپەساردنی ئاکامی ریفراندۆم نییە، بەڵکو پیداگرییە لەسەر ئاکامی ریفراندۆم و سوربوونە لەسەر جیابوونەوەی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ. ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم پێشرەیەکی گەورەو دەستکەوتێکی حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستانە پاشەکشەکردن لێی باجی قورسی دەوێت. بیرکردنەوە لە هەڵپەساردن و پاشەکەوت و دوبارە گەرانەوە بۆ پیش ٢٥ دیسەمبەر… نەک رێگری ناکات لە عەبادی و حەشدە شیعیە وەحشیەکەی، بەڵکو دەستیان ئاوەڵا دەکات بۆ زێدەرۆیی زیاتر و پاشەکشەکردن بە ویست و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش دەخاتە گۆشەیەکی شکستخواردوی قەرەبوونەکراوی تر.

خەڵکی کوردستان و بەرەی ئازادیخواز، هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کریکاران و ژنان و لاوان و بزوتنەوە نارەزایەتیەکان و تێكۆشەرانی جوڵەی بەڵێ بۆ ریفراندۆم سەربەخۆیی، تا دەگاتە بەرەی چەپ و ناوەندی سەربەخۆیی کورستان، بە حزبەکانیان و بە ناوەندو کۆرو کۆمەڵەکانیان، بە کەسایەتی و رابەرانیان، وە هەموو ئەوانەی لەدەسەڵاتی سازش کارانەی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتی پاوانخوازانەیان توڕەن، پێویستە لەیەک کاتدا هەم بەدژی پلان و نەخشەکانی عەبادی و حکومەتەکەی و هەم بەدژی سات وسەوداو پاوانخوازی دەسەلاتی پارتی و یەکێتی و هاوکارەکانتایدا، لەمەیداندا بن و بمێنەوە و بەرگری بکەن لە ئاکامی ریفراندۆم و هەوڵی نەخشەمەندانەو سەربەخۆی خۆیان، بۆ جێبەجێکردنی سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ چر بکەنەوە. بێگومان خەباتی هەمەلایەنەو بەردەوام رێکخراو بۆ جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆیی سکیولار و ناقەومیدا، جیاناکرێتەوە لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مییشیایی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. سڕکردنی ریفراندۆم دەچێتە خانەی خزمەت و تەواوکەری سیاسەت و نەخشەی عەبادی و حکومەتەکەی بەدژی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی سیاسیان، هاوکات لە ژێر ناوی دژایەتی پارتی و حزبەکانی دەسەڵاتدا، پشت کردنە ریفراندۆم و خواست و ویستی دەوڵەتی سەربەخۆ و چوونە پشت سیاسەت و هەنگاوەکانی عەبادی و حەشدی شەعبی، خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتیەکی ئاشکرایە بە دەوڵەتی ناسیونال-ئیسلامی عەرەبی عەبادی، بەدژی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی.

٢٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ١٥ی بەرواری ١/١١/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *