لەگەڵ ئێن ئار تی – بەرنامەی دووجار بیر بکەرەوە

 

تەوەرەی بەرواری ٦/١١/٢٠١٧

پرسیاری… ئایا لەدانوستاندنی نیوان هەرێم و بەغدا کورد زیان دەکات؟

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

سەرەتا من بە دووری دەزانم بەم زوانە هیچ دانوستاندن و گفتۆگۆیەکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا رووبدات… هێشتا پرۆسەی جەنگ و کرین و فرۆشتن کردن بە پرسی خەڵکی کوردستانەوە لەلایەن نانخۆرەکانی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بە تایبەتیش نان خۆرو خۆشخزمەتیەکانی قاسم سلیمانی و عەبادیەوە بەردەوامە… هیشتا عەبادی لە درێژەی غروری سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا مەستی سەرکەوتنی ترە بەسەر ناسیونالیزمی عەرەبی سونی و هاوکات مەستی درێژەدانە بۆ هیرش بۆ سەرخەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی ململانێێ و جەنگ لەگەڵ بەشێکی سەرانی بریار بەدەستی پێشووی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددا.

سەرباری پێداگری و تەنانەت پاڕانەوەی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو عەبادی، عەبادی و بەغدا خۆیان کردووە بە کەڕەی شەربەت و ئامادەنین بچنە ناو گفتوگۆیەوە… دیارە نائامادەیی بەغدا بۆ گفتوگۆ لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە هێشتا بەغدا دەیەوێت پرۆسەی هیڕشەکانی بە ئاکام بگەیەنێ و هیندەی تر سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە گۆشەی تەنهاییدا رابگرێت و تەنانەت بەدووریش نازانرێت داوای بەدادگاکێشانی ژمارەیەکی زۆرێک لەسەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بکات… بەو کارەی هەم دەتوانێت قڵشتی ناو خانەوادەی بۆرژوازی قوڵتربکاتەوە و هەم بۆ گفتوگۆکانی دەورەی داهاتوو روخسارو کاراکتەرە دەستەمۆکان و نزیکەکانی رابکێشیتە ناو گەمەی دانوستاندنەکانەوە.

دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک لەلایەن بەغداوە بەندە بە قبوڵکردنی ئەمری واقعی دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، لەکاتێکدا سەرانی ناسیونالیزمی کورد، ئەم دۆخە راگوزەرو خێرا دەبینن و دەیانەوێت لەسەر بنەمای پیش ١٦ ئۆکتۆبەر بچنە ناو کایەی گفتوگۆکانەوە. هەر ئەوەش لە ئیستادا یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی نێوان بەغداو هەولێرە و بەغداد دەیەوێت، سەرانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد تێبگەن کە دۆخی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، جیگر و قابیلی گەرانەوە نییەو مێزی گفتوگۆ لەسەر زەوینەی هاوسەنگی هیزی دوای ١٦ ئۆکتۆبەردا دادەنێن…

بێگومان هەلومەرجی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتری هیچ کارتێکی سەنگینی بەدەست سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە نەهێشتۆتەوە، تا بەدەستیەوە بگرن و لە گفتوگۆکاندا مامەڵەی پێوەبکەن… زوربەی کیڵگە نەوتییە سەرەکیەکان کەوتونەتەوە دەست بەغدا، نەک هەر هەموو ناوچە ناسراوەکان بە کێشەلەسەر کەوتونەتەوە دەست بەغدا بەڵکو واوەتریش رۆشتوون، هێشتا ناوچە زۆر ئارام و کوردنشینەکان لەژێر زەبری هەرەشەدان، کۆنترۆڵی فرۆکەخانەکان، و زوربەی هەرەزۆری دەروازە سنوریەکان… لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا نەماون… هیزی پێشمەرگە کە پێشتر بەداعش شکێن!! و قارەمانی روبەرووبونەوە!! هەوڵدەدرا بناسێندرێن… بەشیکیان بە بەسات و سەودا شکۆیان شکێنراو توشی ملشکاندن هاتن و بەشیکیان بێ تەقەو و بێ هیچ بەرگریەک لە بەرامبەر هیزو سوپای بۆش و حەشدی شیعی هیج لەباردانەبوودا، رایانکرد… بەکۆتاییهاتنی جەنگی سەربازی دژی داعش ئەو پشتیوانییە نافەرمیەی ئەمریکاو غەربیش بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی کۆتایی هاتووە… وەزعی بێ موچەیی و تورەیی نەفرەتی جەماوەری لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی هەریم و قوڵبونەوەی قڵشتی نیوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی… پشتیوانی جەماوەری لەم دەسەڵاتە بە کۆتا گەیشتووە… هەموو ئەوانە لەدەستی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەرهاتوون و تاکە کارت و دۆسیەیەک چییە بەدەستیانەوە نەماوە، تا هەرەشە یان بیکەنە گوشار بەسەر بەغداوە لە گفتوگۆدا…

شتیك کە بەشیک لەسەرانی بزوتنەوەی کورد و بەدەستیەوە دەگرن، دەستوری سیناریۆی رەش و دەستور تایفی و قەومییە… دەیانەوێت دەستور بکەنە مەبنای گفتوگۆکان و هەر ئەویش بکەنە گێرانەوەی بەشیک لەدەسەڵاتەکانیان بۆ هەرێم… بەڵام ئەو جەنابانە لەوە حاڵی نابن یان نایانەوێ حاڵی بن… کە دەستوری عێراق، لە هاوسەنگی هیزێکی تایبەتدا نووسراوە… لە کاتێکدا نووسراوە کە رەوتی باڵا بەدەستی ئیستای ئیسلامی شیعی لە پێگەیەکی لاوازترو بزوتنەوەی ناسیونالیستی لە پیگەیەکی بەهێزتر لە دۆخی ئیستادا بوو… لە ئیستادا کە هاوسەنگی هیزی نیوان ئەو دوو بزوتنەوەیە پێچەوانە بۆتەوە، و رەوتی ئیسلامی سیاسی شیعی بەهیزتر و پیگەی دەسەلاتی ناسیونالیستی کورد لەوپەری لاوازیدایە، رەوتی ئیسلامی سیاسی شیعی نایەوێت بەپێی دەستور بچیتە گفتوگۆکانەوەو دەیەوێت بە پێی باڵانسی ئەمری واقعی ئیستا مامەڵە بکات… تەنانەت ئەگەر بۆیان بکرێت پرسی هەموارکردنەوەی دەستور دەهێنە گۆرێ و خودی هەموارکردنەوەی دەستوریش دەبێتە دۆسیەیەکی گفتوگۆی دەورەی داهاتوو… دیارە هەمواری دەستوریش لە دۆخی عێراقی تایفی و قەومیدا ناتوانرێت بە قازانجی خەڵکی کوردستان و سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیش بێت… دیارە ئەوە ئەگەر دەستور کەسێک مایەی لەسەر دابنێت..،

ئەوەی کە بەغدا هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە کە دەسەڵاتی هەریم و سەرانی ئەو هەریمە ببنە موچەخۆری بەغدا و رۆڵی دەسەڵاتی بەغدا و لەهەریمدا بەپێی ئەجندای ئەوان بگێرن…

تا ئەو جێگایەی بە ریفراندۆم دەگەرێتەوە، سڕ کردن و پاشەوکەوتکردنی لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە… ناتوانێ کۆمەک بە گێرانەوەی پیگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بکات بۆ بەرواری پیش ١٦ ئۆکتۆبەر…

تا ئەو جیگایەش بە هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ریفراندۆم دەگەڕێتەوە کە بەغدا وەکو پێش مەرجی دەست پێکرنەوەی گفتوگۆ باسی دەکات… کارتێکی فریوکارانەیە بۆ رەوایەتی دان بە هیرش و ملهوریەکانی خۆی و کاریگەری نابێت لەسەر ئاکامی هیچ گفتوگۆیەک… ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم هەنگاویكی گرنگ و تەکاندانی دەسەڵاتی بەغدا و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بوو

وە نواندنی ئیرادەیەک بوو… حکومەت و پەرلەمانی هەریم یان دادگای فیدرالی لەباری یاساییەوە ناتوانێت ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە… تەنها ئەو کاتە نەبێت کە دووبارە پەرلەمان بریار لەدوبارەکردنەوەی ریفراندم بدات، لەهەموو ئەو شوێنانەی ریفراندۆمی تیادا بەڕیوەچووە وئەمجارە دەبێ دەنگی نەخێر سەربکەوێت تا رەوایەتی ئاکامی ریفراندۆمی پێشوو هەڵبوەشێنێتەوە… دیارە ئەوەش پیگەی دوبارەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ناگێڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو… لە حاڵەتی دووبارە کردنەوەی ریفراندۆمدا ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی بانگەوازو پێشنیاری دەنگی نەخیر بکات بۆ خەڵکی کورستان لە ئیستا ریسواتر دەبێت لە ناوخۆی هەرێم و لە بەغداش ناتوانێت هیچ بپچرێت… وە برنەوەی دەنگی بەڵی کە دووبار پێشبینیکراوە، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە کە گورزێکی کوشندە هەم لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەدات و هەم دەبێتە کارتێکی بەهیز بەدەستی هیز و جوڵانەوەی تازە پێگرتووی لەدژی دەسەڵاتی ناسیونال ئیسلامی سیاسی شیعی لە عێراقدا و لەسەر ئاستی ناوچەکەو دنیاش دەتوانێ پشتیوانی دەستەبەر بکات…

ئەوانەی لایان وایە لە کورت مەودادا، بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەتوانێت بگەڕیتەوە بۆ دۆخی ٢٠٠٣ یان پێش ١٦ ئۆکتۆبەر… لە خەوێکی قوڵ و لە بیرکردنەوەیەکی جامدان… ئەو هەلومەرجەی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەردا هاتۆتە ئاراوە، ویستگەیەکە بە تایبەتمەندی و کات و زەمانی خۆیەوە، هاوشێوەی شکستی ساڵی ١٩٧٤ و شکستەکانی تری بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردییە… هێزی تازەو ریزبەرستنی تازەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی یەکێک لە دەرهاویشتەکانی دەورەی داهاتوو دەبێت، پێشرەوی هەرکام لەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانەیە دەتوانێت مۆری خۆی لەدەورەی داهاتوو بدات و پەیوەندی نیوان هەریم و بەغدا ساغ بکاتەوە جا ئەوە چ بەگەرانەوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بۆ باوەشی بەغداو ناوەند بێت یان بە جیابوونەوەی کوردستان و پیکهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆ… یان کەنارخستنی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بێت. لە دۆخی ئیستادا بەهێزترین کارت بەدەستی خەڵکی کوردستانەوە، پێداگرییە لەسەر سەربەخۆیی و ئەگەر تەنها چوار پارێزگاکەی هەریمیش بێت لەسەرەتادا، دەتوانێ دۆخەکە ئاوەژووبکاتەوە و گورز لەدەسەڵاتی بەغداو وڵاتانی کۆنەپەرست و درندەی ناوچەکە بدات… دیارە سور بوون لەسەر سەربەخۆیی پێویستی بە ئامادەکاری و لەمەیداندابوونی جەماوەری شەقام و رێکخراوبوون و چەکداربوونی گشتی و ئیرادە نواندنی بزوتنەوە پێشکەوتنخوازەکان هەیە،… دەستبردن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری لە جێگای دەسەڵاتدارێتی شکستخواردووی بزوتنەوەی کوردایەتی، هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسازە بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی تەکان پێبدات و دەستی بزوتنەوەی کوردایەتی بە کایەکردن بە پرسی خەڵکی کوردستانەوە کۆتایی پێ بهێنێت.

تێبینی:ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٦ بەرواری ١٥/١١/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *