کۆدەنگی حزبەکانی کوردایەتی لەبەرامبەر خواست و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا

نوری بەشیر

یەکێتی و پارتی وەک دوو حزبی بزووتنەوەی کوردایەتی، چ لەشاخ و چ لە ٢٧ ساڵی دەسەڵاتی شاریاندا، هەمیشە لە شەڕو ئاگربەستدا بوون، ئەوکاتانەشی کەڕێک بوون و لەدەست لەملاندا بوون، خەریکی چاڵ هەڵکەندن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن و تا ئەوشوێنەی بەزەرەریان نەبێت کارنامەی خیانەتی یەکترو فایلی یەکتریان بۆ ریسوکردنی یەکتر و خۆ بە پاک و نوێنەری خەڵکی کوردستان خسۆتە دەرخستووە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو دەورەیەکیان دژایەتی کردنی خەڵک و دزینی نانی سفرەی هەژارانەی خەڵک بووە، نموونەی ئەمانە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا زۆرە، کە کارنامەی شەڕو ئاشتیان لە دەسەڵاتی شاریاندا بۆ ئەم نەوە نوێیە رۆشنە، لە شەڕی ناوخۆ، ٣١ ئاب و نزیکترینیان ١٦ ئۆکتۆبەر بوو، کە ئەمانە بەرچاوترینیایە کەرۆژانە قسەی سەرزمانی خەڵكە، وە کارنامەی زۆری تریان هەیە وەک عادەتی هەمیشەییان، وە بۆ خەڵک رۆشنە کە کەشەڕی ناوخۆدا چەند هەزار رۆڵەی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانیان لەیەکتری کوشت، چەندان مناڵیان بێ باوک کردو چەندان ژنیان بێ هاوسەرو چەندین دایکیان توشی ناسۆر کرد، بەدوایدا دەستگرتنی رژێمی  بەعس و پێشلەشکری بۆ دەبابەکان و سوپاسی سەدام حسین و هێنانەوەی بۆ ناو کوردستان بوو لەلایەن پارتیەوە و بۆ لوت شکاندنی یەکێتی و راستکردنەوەی تەوازنی هێزی لەبەرژەوەنەدی پارتی، پاوانخوازی پارتی ساڵ بەساڵ روو لەسەر دەبوو بەتایبەت بەدوای روخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ داو دوای رێکەوتنی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لەسەر پۆستی عێراق و کوردستان، کە سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی و سەرۆکی عێراق بۆ جەلال تاڵەبانی، کە ئەمە جارێکی گۆڵ و پاشقولی بارزانی بوو لە تاڵەبانی کە پۆستەکەی سەرۆک کۆماری عێراق تەشریفاتیەو تەواو دەبێت و ئەوەی خۆی ئەمێنێتەوەو دەسەڵاتداری یەکەم لەکوردستان بارزانی و حزبەکەی دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەردەوام بەشێوەی جۆراو جۆر دەڕۆیشت و رۆژ بەرۆژ رێکەوتن و ئاشتی و دابەشکردنی پۆستی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا ئەگەرچی لەسەرەتاوە پەنجا بە پەنجا بوو، بەڵام لەدوایدا و بەتایبەت دوای ٣١ی ئاب، تەوازنی هێز لەبەرژەوەندی پارتی و بارزانی رۆژ بەرۆژ روو لەسەربوو، وە لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا ئەم دوو حزبەو هەم ئۆپۆزسیۆنێک کە بەرئەنجامی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و بەرنەفرەت کەوتنی حزبەکان بەوجود هات و خۆی کردە خاوەنی ئەو بزوتنەوەیە کە کەهیچ نزیکیاتیان جگە لە ناوی ریفۆرم و ناوهێنانی خەڵک نەبوو، بەناچار یەکێتی و پارتی بەردوام رێکدەکەوتن کە پۆستە ئەساسیەکانی دەسەڵات لای خۆیان و بەتایبەت لای پارتی بێت و پۆستی تەشریفاتیش بدەن بە گۆڕان و ئیسلامیەکان، و تا دواجار پارتی هەم گۆڕانی لەپەرلەمان وەدەرناو خستیە حاشیەوە. باڵەکانی ناو یەکێتیش هەمیشە لەکێشەدا بوون لەسەر کورسی و داهاتی زیاتر. پارتی توانی لەبەرامبەر یەکدا توندیان کاتەوەو بەشێکی زۆریان دەستەمۆ بکات و ئیتر یەکێتی بەناو لەدەسەڵاتدا بوو، بەڵام پۆستەکانیان لەخزمەتی کارو سیاسەتی پارتیدا بوو، بەجیا لەوەی کە ئەم دوو حزبەی کوردایەتی کێشەیان هەبوو وە لەهەمانکاتدا لەدەسەڵاتی هاوبەشیان هەبوو، بەڵام وەک دوو حزبی یەک بزوتنەوە ئەویش بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد لەپێناو بەرژەوەندیەکانیاندا هەمیشە ئامادەبوون کۆمەڵگای کوردستان و عێراق لەخوێن هەڵکێشن، و هەریەکەیان لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان، کوردستانیان دابەشکرد بەدوو زۆنی سەوزو زەردو بەردەوام نۆکەرایەتیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەرچاو بوو، بەتایبەت یەکێتی لەباوەشی جمهوری ئیسلامی ئێران و پارتی لەباوەشی ئۆردوگان و دەوڵەتی تورکیادا، بەڵام لەبەرامبەر نارەزایەتی خەڵک و بۆ وەستانەوە بەرووی ویست و داخوازی مافەکانی خەڵکی کوردستاندا، یەک دەست و تەباو هاوکاری یەکتری بوون.

چوونەسەرو فراونبوونەوەی نارەزایەتیەکان و گوشار دانان لەسەر پارتی و یەکێتی، ئەگەرهۆکارێک بووە بۆ قوڵکردنەوەی کێشەو ململانێی ئاشکراو نهینی نیوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بەڵام  بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەردەوامی دان بە تاڵانی و بێمافی، یەکدەست و هاوکاری یەکتری بوون. دیارە نەک ئەم دوو حزبە بەڵکو حزبی گۆڕان و سەرکردایەتیەکەی لەژێر ناوی ریفۆرم و داواکانی خەڵكدا هەر بەم ئاقارەدا کاریان دەکردو سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و پاشەکشەیان بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوبات کرد،  بەڵام نەیانتوانی بەڵینی چوار ساڵ ئارام راگرتنی شەقام و کۆمەڵگە، بەرنە سەر و رێگە لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری نارازی بگرن. ناڕەزایەتیەکانی کریکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و لاوان و ژنان بەردەوام لەکۆمەڵگادا بەردەوام بوو، وە هەموو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە حکومەتدا تەنها وەڵامیان بەخەڵک ئەوەبوو لە  دەورەیەکدا دەیانوت ترسی داعشمان لەسەرەو، و دەورەیەکی تر دەیانوت بودجە لە بەغداوە نایەت، ئەم دوو پاساوە پوچە بۆ ئەوەبوو تا درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن و پاشەکشە بە خۆپیشاندانەکان بکەن.

بەدوایدا جەنگی دژی داعش و دژی تیرۆر بووە سەر وێردی زمانی نەک تەنیا ئەم حزبانە، بەڵکو بۆ هەموو حزبەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش، کە هەریەکەیان هەوڵی ئەوەی ئەدا کە جێگای خۆی تووند بکات کە دوای دەرکردنی هێزەکانی داعش لە موسڵ، خۆیان بۆ شەریکە بەشی زیاتر یان دەست بەسەراگرتنی زیاترو داهاتی زیاتر خۆ ئامادە بکەن، ئەوە بوو کە تەمایلی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش کە تەمایڵ زیاتر لەبەرامبەر حکومەتی مەرکەزیدایە، حکومەتی عێراق بەهاوکاری جمهوری ئیسلامی زۆتر خۆی بۆ ئەمە ئامادەکرد، وە سودیان لە کێشەکانی نێوان یەکێتی وپارتی وەرگرت لەسەر یەک دەست نەبوونیان بۆ مەسەلەی ریفراندۆم وەک مافێکی سەرەتایی و رەوای خەڵكی کوردستان، کردیانە مەسەلەی سەرەکی کێشە بۆ ئەوە پاشەکشە بەخەڵکی کوردستان بکەن لەهاتنە مەیدان و دەنگدان بەجیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ، وە کرایە بەهانەیەکی گەورە کە حکومەتی عەبادی و جمهوری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵێکی ناو یەکێتی رێبکەون بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق زووتر ئەوە بەرنامەیەی خۆیان بۆ ئامادەکردبوو، بهێننەوە کوردستان، وە ئێمە لەسەرەتای شەڕی موسڵەوە ئەم پێشبینیەمان کردبوو وە رامان گەیاند. بۆ یەکێتی ئەوە خۆمەڵاسدانێکی درێژماوەبوو وە بۆ فرسەتێکی وا دەگەڕا بۆ تۆڵەی ٣١ی ئاب لەپارتی و ئەمجارە گۆڕینی تەوازنی هێز بەزەرەری پارتی، بەڵام بەسوتاندنی و بێ ئیرادەکردنی خەڵكی کوردستان و ئاوارەیی هەزاران کەس لەناوچەکانی دوزو کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، توانیان پارتی پاشەکشە پێبکەن بەپاشەکشەی خۆیانەوە لەبەرامبەر حکومەتی مەرکەزی کەتائیستاش ئامادە نییە لەگەڵیان دابنیشێت، بەڵام گرنگ بۆ ئەوان پاشەکشە بەپارتیە، بەبێ لەبەرچاو گرتنی موچەو کارو ژیان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان. لەماوەی رۆژێکدا ١٦ ئۆکتۆبەریان بەوجود هێنا لەمێژووی حزبەکانی کوردایەتیدا کەم وینە بوو، لەپێش ئەو رۆژەو دوای ئەو رۆژەش زۆربەری حزبەکانی کوردایەتی کەشەریکن لەو تاوانەدا لەهەوڵی هێنانەوەو دەستگرتنی هێزەکانی حکومەتی مەرکەزی و حەشدی شەعبی کە لەباری سیاسی ئایدۆلۆژیەوە هەمان کارنامەی داعشیان تۆمارکردووە. هەموو حزبەکان بەیەکێتی و پارتی و گۆڕان و نەوەی نوێی نزیک بەگۆڕان و یەکێتیەوە هەریەکیان لە پەلەقاژەی جێگاگرتنی زیاترن لای حکومەتی عەبادی.

هەلومەرجی چارەکە موچەی حکومەتی حزبەکانی کوردایەتی، بوو بەنەمانی مووچەو خراپتربوونی زیاتری خزمەتگوزاریەکان، تا کار بەوە گەیشت پارێزگاری تازەی سلێمانی بڵێت ئەوەی پارەی هەیە با نەوت لەهاویندا بکرێت و زەخیرەی بکات و بەمانای ئەوەی  پارەی نیە با لەزستاندا لەسەرماندا رەقبێتەوە، بەڵام ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵكی کوردستان بەدژی کارنامەی ٢٧ ساڵی دەسەڵات و سیاسەت و کاروکردەوەی ئەو حزبانەو بەتایبەتی کارنامەی کوردایەتی و سات و سەودای ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، خو و عادەتەکانیانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک فلیمی سینەمایی هێنایەوە بەرچاوی خەڵک و ناڕەزایەتیەکانی بەرەو فراوانتر بردو هاتنە سەر شەقامەکان و وتنی نا بۆ دەسەڵاتدارێتی هەموو حزبە ناسیونالیستەکانی کوردایەتی، بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم ناڕەزایتەیانە وەرچەرخانێکی نوێ بوو لەژیان و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستاندا، کە لەداخوازیەکانەوە بەرەو نەمانی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی بوو، کە زۆر خێرا زۆربەی ناوچەکانی بەتایبەت زۆنی سەوزی گرتەوە.

ئەگەرچی تەنیا مانگێک و دوو رۆژ بوو کەباڵێکی یەکێتی هەمان کارنامەی هاوبزوتنەوەکەی لەچەشنی ٣١ی ئابی دووبارە کردەوە لەراکێشانی دەسەڵاتی قەومی ئیسلامی عەرەبی بۆ کوردستان، بەڵام لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکاندا کەهەڕەشەیە لەدەسەڵاتەکەیان، پارتی هاوشانی هێزە دژی خەڵكیەکانی یەکێتی، لەپاڵ یەکێتیدا وەستاو هێزی بۆ زۆنی سەوز ناردو شان بەشانی یەک، میلیشیای یەکێتی و میلیشیای پارتی شەقام و ناو شارو کۆچە و کۆڵانی شارو شارۆچەکانیان بەو هەمەرو میلیشیا و چەکە جۆراوجۆرانەی هەیان بوو کردە سەربازگە… ئەو هەموو چەک و جبەخانە سەربازی و هیزە چەکدارەی لە بەرامبەر حەشدی شەعبی و شیعی، کە نەیانتوانی رۆژ و سەعاتێک بەرگری بکەن و  کەرکوک و چەندین ناوچەی فراوانیان رادەستی هێزەکانی حکومەتی عەبادی و حەشد کرد… یەکێتی وپارتی لەکەرکوک و دوز هەڵهاتن و بەرگریان نەکرد بەڕووی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عەبادی پاسدارانی ئێرانیدا، ئەمڕۆ لەشەقامەکانی سلێمانی و رانیەدا بەرامبەر خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و لاوان و ژنان رایانگرتووەو کوشتارو بریندارێکی زۆریان لەخەڵک کردوە، هەڕەشەیەکی زۆر و دەستگیرکردن و ترساندن و کەیسی تۆمەت دروستکردن بۆ هەڵسوڕاوانی ناڕەزایتیەکان و دووبارەکردنەوەی ئەو دەهۆڵە کۆنەیە کە ئەو ناڕەزایەتیانە دەستی لەپشتەوەیە کە ئێرانە، لەکاتێکدا خۆیان یەکپارچە لەباوەشی ئێراندا غەرق بوون، لە درۆیەکی شاخداری ئەو حزبانەی کوردایەتی و چەواشەکاری زیاتر هیچی تر نیە، کە لەشەڕو لەئاشتیاندا بەدژی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانن و ئەمە یەکەمین جارو ئاخرین جاریان نابێت تاکو لەدەسەڵاتدا بن، بۆیە خەڵکی کوردستان ئەمجارە دەڵێن ئەم حزبانەی کوردایەتی دەبێ بڕۆن، ئەمە دروشمێکی باش رێگاچارەیە، بەڵام وشیاری و یەک ریزی و رێکخراوبوونی سەراسەری دەوێت.

٢٩/١٢/٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە پاشکۆی بۆپێشەوەی ژمارە ١٩ بەرواری ١/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *