شۆڕشی برسیەکان، بە دروشمی کار، نان، ئازادی!

هەتاو عەبدوڵاهی

ناپلیۆن بۆناپارت: تاکە ئاڵوگۆڕ و شۆڕشی مەترسیدار شۆڕشی برسیەکانە، من لە شۆڕشێک کە هۆکارەکەی برسێتی بێ زیاتر لە شەڕ لەگەڵ ئەرتەشێکی دوسەد هەزارکەسی دەترسم…

ڕەوتی ئاڵوگۆڕ و ناڕەزایەتیە بەرینە کرێکاریەکان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی سەرمایەداری و  تیار بە ئەبزاری ئایین ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ روو لە زیاد بوونە. شۆڕش و ناڕەزایەتیەک کە ئاکامی چەند دەیە حوکمڕانی  و گەندەڵیی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە کە هەموو سەرمایەی وڵات و خەڵکی زەحمەتکێش سەرفی ئامانجە شەڕانگێز و تێرۆریستیەکانی لە دەرەوەی وڵات دەکات.

ساڵهایە سەرمایەی وڵات لە باتی ئەوەی سەرفی خزمەتگوزاری و ژیانی ئینسانی تاکەکان بکرێ سەرفی کاری تێرۆریستی دەکرێ و بۆ وڵاتانی لوبنان و سوریە و فەلەستین و … بەڕێ دەکرێ بە ئامانجی سەپاندنی هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزرانی حکومەتێکی ئیسلامیی شیعە کە خۆیان بە هیلالیشیعە؟ناوی دەبەن.

لەو نێوەدا چینی کرێکاریش کە ساڵهایە هێزی شان و باهۆی بە تاڵان براوە و هەرزان فرۆش کراوە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندیی هاوچینەکانی خەباتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وەڕێخستووە، بزوتنەوەی کرێکاری بەردەوام لە هەر هەلێک کە بۆی ڕەخسابێ کەڵکی وەرگرتووە و  خەریکی خۆرێک خستن بووە بۆ هێنانە  ئارای ویست و داخوازیە بەرحەقەکانی کە بچوکترینیان مافی ئینسانی و ژیانێکی نۆرماڵە.

ساڵەهایە ڕژیمی سەرمایەداری  ئێران لەڕێگای ڕاگەیاندن و سیستمی پەروەردەیی و هەموو ئامرازەکانی  پڕوپاگەندەیی  هەوڵی بە لاڕێدابردن و پارچەپارچە بوون و پرش و بڵاوی چینی کرێکارو داخوازیی و موتاڵباتیانی داوە، بەڵام چینی کرێکار ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ وێڕای زەخت و گوشاری ئەو حکومەتە ڕاوەستاوتر لە پێشوو خۆی لەگەڵ ڕوداوەکانی ڕۆژ ئابدەیت و بەڕۆژکردۆتەوە و خەریکی هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی هاوچینەکانی خۆی بووە .

ئەگەر چاوخشاندنێکمان هەبێ بە سەر ڕەوتی ڕوداوەکانی هەناوی کۆمەڵگای ئێران و ئاوڕێک لە شێوە و چۆنیەتی ناڕەزایەتێەکانی چینی کرێکار لەئێران و هەروەها خوڵقاندنی فەزای ئەمنیەتی و ترس و دڵەڕاوکێی لە لایەن  رژیمی ئیسلامی ئێران و پاشگەزنەبوونی خەڵک لە ناڕەزایەتی و خۆڕێکخستن و هاوئاهەنگ بونیان بە ئامانجی گەیشتن بە  داخوازیەکانیان بدەینەوە ئەو راستیەمان باشتر بۆ دەردەکەوێ. بۆ نمونە دەتوانین باس لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی چەند ڕۆژی رابردووی ئێران بکەین. خۆپێشاندانێک کە بە چەخماخەیەک دەستی پێ کرد و لە ئاکام دا وەکوو بوڕکانێک بە سەر ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی ئێران دا تەقیەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو کە ڕێکەوت بوو لە گەڵ  28ی دیسەمبەری 2017ی زایینی بە هەزاران کەس لە خەڵکی شارە گەورەکانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و نارەرایەتی بەرینی خۆیان لە مەڕ بێ کاری خەڵک  و هەژاری و گەندەڵی و دزی سەرانی حکومەت  دەربڕی. ئەم خۆپێشاندان و ناڕەرایەتیانە تا بە هەنوکەش هەر بەردەوامە و چرکە بە چرکە بە ڕێژەی خۆپێشاندەران زیاد دەبێ. ڕژیمی ئیسڵامی ئێرانیش کە ڕژیمێکی دژە مڕۆڤ و دژی ئازادی ڕادەربرنە وەکوو ساڵانی ڕابردوو بە توندوتیژی و گوللە وەڵامی ویست و داخوازیەکانی خەڵکی دایەوە.

ئەم خۆپێشاندانانە لە درێژەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران لە کارگەو شەریکەکان و نەبوونی مافی ئینسانیان شکڵی گرت و بەرەو ئەو ئاقارە کێشرا. هاوارێک  کە ساڵها لە گەرودا پەنگی خواردبۆوە و لە ئاکام دا بە ڕوی سەرانی ڕژیم دا تەقێوە…

لێرەدا پێویسته باس لەوە بکەین کە خەڵکی ئێران ئەزمونی شۆڕشێکی تریان هەیە،  وەکوو شۆڕشی مێژوویی ساڵی 57  ساڵی ١٩٧٨کە هەر ئەو خەڵکە حوکمڕانی و ڕژیمی دیکتاتۆر و گەندەڵی پەهلەویان ڕوخاند. شۆڕشێک کە بەداخەوە بەلاڕێد اچوو و خەڵک ناچار بوون لە نێوان دوو ڕژیمی خراپ و خراپتر و بە هۆی نەبوونی ئاڵترناتیڤ حکومتی ئیسلامی ئێران هەڵبژێرن. هەڵبەت بە پیلانی لە پێشدا داڕێژراوی وڵاتانی سەرمایەداری کە هەموو هەوڵیان خستە گەڕ بزوتنەوەی چەپ توشی پرش و بڵاوی بکەن و نەهێڵن کۆمۆنیستەکان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، پیلانێک کە سەرکەوت. لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی سەرکوتی ئازادیخوازان و جیابیران بەتایبەتی ڕەوتی چەپ و کومونیست دەستی پێکرد. ڕژیمی ئێران  ماشێنی کوشتاری هاووڵاتیانی وەگەڕ خست و بەیاسا و ڕێسای گەندەڵی ئایینی خوێنرێژی ئیسلام ڕەوایی بە جینایەتەکانی دا. ڕژیم بە یاساییکردنی قانونی دژە ژن سەرەتا یەکەم ئامانجی فەلەج کردنی بزوتنەوەی ژنان بوو و دواتر بێ دەنگکردن و سەرکوتی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان کە وەک نمونە دەتوانین باس لە ئیعدامە بە کۆمەڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی بکەین کە وەکو و کارنامەیەکی پڕ لە جینایەت و ڕەش بۆ ئەو ڕێژیمە لە مێژوودا تۆمار کراوە.

ئەوەی خاڵی نەرێنی ئەو خۆپێشاندانانەیە بوونی کۆمەڵێک بزوتنەوەی ناسیۆنالیست و ئۆپۆرتۆنیستە کە خەریکن لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرن و هاتوونە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان و بە یارمەتی وڵاتانی سەرمایەدار هەوڵ دەدەن جارێکی تر ناڕەزایەتی و داخوازی خەڵک بە لاڕێدا بەرن  ناڕزایەتیەک کە ڕوون و ئاشکرایە فڕی بە سەر ناسیۆنالیزمەو نییە، بەڵکوو خۆپێشاندانێکی بەرینی چینی کرێکار دژ بە برسێتی و نەبوونی هەلی کار و مافی ژیانێکی ئینسانی بە تایبەتی  گەندەڵی دام و دەزگای حکومەتیە و ئەوە لە دروشمەکانی خەڵک بە سانایی دەردەکەوێ، خۆپێشاندانێک کە دژ بە سیستمێکی  تۆتالیتێر بەڕێوە دەچێ، سیستمێک کە نمونەی حوکمڕانیەکی سەرمایەداریی و  دیکتاتۆر و ئایینیە کە هەموو دەروازەیەکی دیالۆگی داخستووە و هیچ دەنگێکی جیابیر قبوڵ ناکات.

ئەوەی خاڵی نەرێنی ئەو خۆپێشاندانەیە ئەوەیە کە بە داخەوە هێشتا کە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان سەڕەڕای بەربڵاوی بە هۆی نەبوونی دامەزڕاوەیەکی جەماوەری و هاوئاهەنگی چینایەتی  سەربەخۆ و نەبوونی خەتی فکری نەیتوانیوە یەکپارچە و سەرتاسەری بێتەوە. سەرمایەداڕان و هەلپەرستانیش ئەو ڕەوتە بە قازانجی خۆیان لێکدەدەنەوە و لەهەر رێگایەک بۆ هەرچی پرش وبڵاوەکردنی چینی کرێکار و دووبەرەکی نانەوە لە نێوانیان کەڵک وەردەگرن، ئەزمونێک کە لە شۆڕشی 57 تێدا سەرکەوتن و خەڵک بە هۆی نەبوونی ئاڵتەرنتیڤ و حیزبی پێشڕەو ناچار بوون ڕژێمی ئیسلامی هەڵبژێرن، بۆیە پێویستە هەوڵ بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان بدرێ و هەنگاوی بە بڕشت لەو بوارەدا  هەڵبگیرێ. خاڵێکی نەرێنی تر لە خۆپێشاندانە کرێکاریەکانی ئێران نەبونی خەتی فکری و هاوئاهەنگ نەبوونی ئەو ناڕەزایەتیانە و نەبونی ئاڵترناتیڤ و یەکپارچەیی حیزبە چەپ و ڕادیکاڵەکانە کە تاکە حیزبێکن هەڵگری ویست و داخوازی ڕەوای خەڵک بن. بۆیە پێویستە ئەحزابی  چەپ و ڕادیکاڵ کار بۆ یەکگرتوویی خۆپێشاندانە  کرێکاریەکان بکەن و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان بە قازانجی خەڵک تەواو بکەن و ڕێبەری ئەم خۆپێشاندانە بە ئەستۆ بگرن بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەزمونی شۆڕشی گەلانی ئێران دوبارە نەبێتەوە و شۆڕش و داخوازی خەڵک بەلاڕێدانەچێ.

بۆیە زەروڕەتی پێویست یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی و سەرتاسەریکردنی بزوتنەوە و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و ڕێبەریکردنی ئەو خۆپێشاندانە لەلایەن حیزبێکی چەپ و ڕادیکاڵە…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە پاشکۆی بۆپێشەوەی ژمارە ١٩ بەرواری ١/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

 

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *