خرۆشان و راسان لە ئێران، هاتنە مەیدانی جەماوەری برسییەکان و ئۆردوی ئومێدەکانە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

ماوەی چەند رۆژێکە، نارەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری، لەزوربەی شارەکانی ئێران دەستی پێکردوە…جەماوەری نارازی بەدژی گرانی و بێکاری، بۆ نان و ئازادی هاتوونەتە سەرشەقامەکان، بەڵام ئەمە تەنها دیو و لایەنێکی چەخماخەدانی تورەیی جەماوەرە، دیوی دووەمی ئەم خرۆشان و راسانە جەماوەرییە، هاتنە مەیدانی جەماوەری برسیەکان و ئۆردوی ئومێدەکانە، بەدژی سەراپای دەسەڵاتی رەشی جمهوری ئیسلامی کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە ئیرانی کردۆتە دۆزەخێکی گەورەی سەر هەسارەی ئەم زەوییە… روخاندنی ئەم رژێمە هارە، لە بنەرەتدا خولیاو خواستی سەرەکی هەموو خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەرییە… ئەگەر هاتنە مەیدانی جەماوەری بۆ نان و ئازادی، بۆ گێرانەوەی موچەو هەقدەستە داوکەوتوەکان، لە دژی گرانی و سەرکوت، ویستی ژیان و رۆژە، وە دیمەن و روخساری دەرەوەی نارەزایەتیەکان پێک دەهێنێ، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە ناوەرۆکی هەموو ئەو جموجۆڵ و نارەزایەتیە جەماوەرییانە، تەقینەوەی تورەیی پەنگ خواردوی زیاتر لە ٣٥ ساڵەی جەماوەرییە بەدژی ئاخوندەکان و دەسەڵاتی رەشی دژی ئازادی…

کۆی مەئسات و دەردو مەینەتەکانی ئەو نیزامە هارەی سەرمایە لە ئێراندا، لە هەژاری و بیکاری، لە گرانی و دواخستنی موچەو هەقدەستی کرێکاران، لە داسەپاندی حجاب بەسەر ژنان و بڵاکردنەوەی موادی مغەدیر و تا دەگاتە سەرکوتی سیاسی و بێ پەردە و راوەستان لەبەرامبەر بە ئازادییە سیاسیەکان و گرتن و زیندانیکردنی رابەرانی کرێکاریی و پێشیلکردنی مافە فەردی و مەدەنییەکان و لەقەفەز راگرتنی ئازادییەکان و سەرکوتی بەردەوامی ئومێدەکان… چەرخانی بەردەوامی ماشێنی سەنگسار و ئیعدام و  داسەپاندنی دواکەوتووی، لەپاڵ دزی و گەندەڵی و بیمافی هەمەلایەنەدا… تەنها گۆشە بەگۆشەی هێرشی ئەم نیزامە هارەن لە ئاستی ناوخۆییدا… پشتیوانی لە تیرۆر و ناردنی تیرۆر و پشتیوانی بەردەوام لە بەشێکی بەرین لەرەوت و گروپە تیرۆریستیەکانی دنیا، و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی چەندین وڵات لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا… بەشیکی تر لە کارنامەی ئەو رژێمە هارەی سەرمایەن.

بۆیە ئەگەر لە ئاستی ناوخۆیی ئێراندا، ئیران وڵاتی سەرکوت و سەنگسار و ئیعدام و گرانی و بیکاری و قەفەزو زیندانیکردنی ئازادی و ئومێدەکانە، ئەوا لەسەر ئاستی ناوچەکەو دنیاش ئیران رەوت و هیزی برەودان بە تیرۆریزم و ناردنی تیرۆر و بڵاوەپیکردن و هیزی دەستێوەردانی دەوڵەتییە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەو دنیادا… هەر بەو هۆیەوە ئەم رژێمە هارە چ لەناوخۆی ئیران و چ لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا، رژێمێکی بێزراوەو لە دیدی بزوتنەوە کریکاریی و پێشکەوتنخوازەکانەوە، حوکمی رۆشتنی دەمێکە دراوە… ئەم رژێمە دەبێ بروات و بە هیزی جەماوەری و بە راپەرین و شۆرشی لەخوارەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، دەبێ لەگۆر بنرێت… ئەگەر لە گۆرنانی ئەم رژێمە لە ئیراندا، هەنگاوی یەکەم و دەروازە بەرووی مافەکانی هاوڵاتیان و ئازادیدا دەکاتەوە، ئەوا لە ئاستی ناوچەکەو دنیاشدا سەرچاوەیەکی تیرۆر و پشتیوانی لە تیرۆرو رەوتە تیرۆریستەکان وشک دەکات.

ئەو خرۆشان و راچەنینەی ئێستا شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە، لەدرێژەی نارەزایەتی و نەفرەت و بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاریی و جەماوەری رابردوودایە، ئەوەی کە تارادەیەک تازەیە، گۆرانی رادەیەکی کەم لە هاوسەنگی هیزی جەماوەرییە لەبەرامبەر بە رژێمی هارو درندەی ئیسلامی ئیران و ناچاربوونیەتی بە برێک لە پاشەکشە و ملدانەواندن..

ئاراستەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە بۆ گۆرێنی هاوسەنگی زیاتر بە قازانجی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەریی و پاشەکشەپیکردنی رۆژ بەرۆژ و زۆرتر بە رژیمی ئیسلامی پێویستی بە ناسینی هاوسەنگی هێزو ئاستی خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی و هینانەگۆری دروشم و داخوازییەکانە بە پێی ئەو هاوسەنگی هێزەی لە ئارادایە، وە لەگرەوی ئەوەدایە کە نابێ کایە بە خۆپێشاندان و تورەیی جەماوەری بکرێت، نابێت خواست و داواکارییەکان لە توانای بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەریی ئیستادا پەرەگرتر بێت، پێ لە هەوا بێت…  وە پیویستە هاوسەنگی هێز لەبەرچاوبگیرێت. وە پیویست بەوەدەکات، هاوئاهەنگی لە نێوان رابەرانی کرێکاریی و جەماوەریدا پەرەی پێبدرێت و هاوئاهەنگی لە نیوان رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری شارەکان لەگەڵ یەکتری ئۆرگانیزە بکرێت… دروشم و داخوازی گشتی و جەماوەری، بە پێی هاوسەنگی هێز یەکبخرێت…

ئەوەی لەو نێوەدا گرنگە، رۆڵی حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانە، رۆڵی رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری ئازادیخوازە… کە بتوانن هەنگاو بەهەنگاو رێنوێنی دروست ئاراستە بکات، ریگای ریکخراوکردنی و ئاسۆدارکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بخاتە روو، هەوڵی فریوکارانەی حزب و رەوت و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان، پوچەڵ بکاتەوە، دەستی سیاسەت و دەستیوردانی ئەمریکاو غەرب و نۆکەرەکانیان ببەستن لەوەی کایە بە داخوازی و ویستەکانی جەماوەری تورەی نەداران و برسیەکانی کۆمەڵگە بکات. پاراستنی ریزی سەربەخۆیی کرێکاریی و بزوتنەوەی جەماوەری و ئاسۆدارکردنی بە ئاسۆی سۆسیالیستی و رزگاریبەخش، ئەرکێکی گرنگە. سەراسەری کردنەوە و لیکگریدانی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری لەسەر ئاستی ئیراندا، بێگویدانە ناسنامەی قەومی و جغرافیا… مەسەلەیەکی حەیاتییە، پاراستنی یەک ریزی چینایەتی و هەوڵدانی بەنەخشە بۆ وەلانانی دووبەرەکی لەنێو ریزی بزوتنەوەی کرێکاران و جەماوەری بێبەشدا کارێکە دەبێ مامەڵەی وردی لەگەڵ بکرێت. مادام ئێران  پایەکی سەرەکی وەستانەوەیە بەرووی بزوتنەوەی کرێکارییدا، پیویستە چینی کرێکاری ئێران لە ریزی چینایەتی خۆیاندا، سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و سەرەکیترین و خواستی هاوبەشیان بکەنە قیبلەنوومای هەنگاو بەهەنگاوی بزوتنەوەکەیان. ئیران زیندانی ئازادییە، بۆیە پیویستە ئازدایخوازنی ئیران یەک دەست و هاوکاری یەکتری بن. ئیران زیندانی ژنان و لاوانە، پیویست دەکات ژنان و لاوانی ئازادیخواز یەک دەست و هاوشانی یەکتری خەباتیان لەگەڵ یەکتری گرێبدەن.

لە هەلومەرجی ئیستادا، پیویست دەکات… دروشم و خواستی هاوبەش، بکرێتە سەرلەوحە… خواست و داوکارییەک کە سەرچاوەی لە توانایی و ئاستی خەباتی کرێکاریی و جەماوەری ئیستادایە… وە پێ بەپێی پێشرەوی و زۆر بوونی توانایەکان دەبێ ئاستی خواست و داواکارییەکان ببرێنە سەرەوە… سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیەو لە مەنگەندانی رژێمی خوێنرێژی ئیسلامی و پیویستی بە هەنگاوی بیرلیکراوە و ئامانجدار و رابەریەکی بەرچاو رۆشن و پاراستنی ریزی سەربەخۆیی بزوتنەوەی کرێکارییەوە هەیە، پیویستی بە راکێشانی پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری و دنیای شارستانی ناوچەکەو دنیا هەیە… دەبێ بەوردی هەموو ئەمانە کاریان لەسەر بکرێت. لە بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاریی و جەماوەرییەوە بۆ راپەرین و شۆرش و سەنگونکردن، مەوداو پرۆسەیەکی هەڵچون و داچوون هەیە… خوێندنەوەی دروست و ناسینی هەلومەرجەکەو ئاستی خەباتەکە و لەمەیداندابوونی رابەرایەتی سەراسەری و محەللی و مەیدانی رۆڵی زۆر گرنگی هەیە، ئەم بزتنەوەیە، پیویستی بە هاوئاهەنگی و ئامادەیی و بە دەستوبرد هەیە، کە ماوە نەدا ئەو بزوتنەوەیەی ئیستا لە نیوەریدا رابگرێت و یان ئاراستەکەی لەلایەن رەوتگەلی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامیەوە، بەلارێدا ببرێت… دەبێ هەنگاو بەهەنگاو پێشرەوی بکرێت…

کۆتا رۆژی ساڵی ١٩١٧    

تێبینی: ئەم بابەتە لە پاشکۆی بۆپێشەوەی ژمارە ١٩ بەرواری ١/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *