هەڵتۆقینی هاوپەیمانیەتیەکی تری بێ بەرهەم بۆ خەڵک!

موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

لە ئاکامی، شکستی هەمەلایەنەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە چارەکە سەدەی رابردوودا، وە بەهۆی  رۆژبەرۆژ زیاتر قوڵبوونەوەی قەیرانی هەمەلایەنەی دەسەڵاتداریتی کوردایەتی- خیلەکیانەو ناوچەگەریانە، ململانێ و کێشمەکێشی ناوخۆی لە ناو خانەوادەی بۆژوازی کوردا بردۆتە ئاستێکی زیاترەوە، شەری ئەم دەستەوتاقم و باڵ و لاباڵانەی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ یەکتر لەسەر پشکی دەسەڵات و دزین و هەڵوشینی سەروەت وسامان و قوت ونانی کۆمەڵانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، هۆکاری سەرەکی  هەڵتوقینی دەستەوتاقمی نوێی یەک لەدوای یەکن، قەوارەکەی بەرهەم سالحیش دەرهاویشتەی ئەو دۆخەیە.

ئەگەر لەماوەی رابردودا بینەری هەڵتوقینی تاقمی سەرمایەدارێکی دزو گەندەلی وەک شاسوار عەبدولواحید بووین، لە ژینگەی گەندەڵستان و دزی و  ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا، کۆنگرەیان بەستو و جولانەوەی نەوەی نوێیان پیکهینا، ئەوە ئەم هەفتەیە هەواڵی بینەری بەستنی یەکەمین کۆنگرەی دامەزرێنەری یان بڵێین هەڵتوقینی هاوپەیمانیتی بەرهەم سالح بوین بەناوی دیموکراسی و دادپەروەری. ئەمەش بووە روداو و پرسێکی کەمێ گەرم لە ئاستی دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی.

هەڵبەت قسەکردن و هەڵویستگرتن بەرامبەر هەڵتوقینی ئەم دەستەوتاقمانە کە ناوی بریقەداریان لەخۆیان ناوە  هیچ پێویستی بە لێکدانەوەی چروپر نییە وەک هەندی لە چاودێران و شرۆڤەکارانی رۆشنبیری ناسیونالیست بۆی دەکەن، بەتایبەت کە میژووی کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئەم دەستەو تاقمانە، لە چارەکە سەدەی رابردودا بەکردەوە لە محەک دراون. دەکری تەنها لە کورتە رایەکدا ناوەرۆکیان وەدەردەخرێ و هەڵویستی سیاسیان لەبارەوە بگیرێ.

بویە تا ئەو جیگایە دەگەرێتەوە بە هەڵتوقینی ئەم هاوپەیمانییە کە بەرهەم ساڵحەو، هەمیشەش  یەکیک بووە لە سەرانی دیاری دەسەڵاتە قەومی و خیڵەکییەکەی کوردایەتی، بە رواڵەتیکی شەخسی مودێرنەوە، بربرە پشتی ئەم هاوپەیمانیەتییەو ئەوانەی لە دەوری کوبونەوەتەوە هەموویان مشیان لەوەخۆش  کردوە چۆن لە داهاتوش پشکیان هەبێ لە دەسەڵات و دزی وگەندەڵی، بەڵام بێگومان ئەمانیش وەک هەمو تاقم ودەسەڵاتەکانی تر، نەک هەر لە کوردستان لەهەموو دونیا ناچارن بەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کریکارو بێکار و هەژارو برسییەوە قسە بکەن و بریارو پەیمان بدەن، تا لەو رێگایەوە رەوایەتی بۆ هەڵتۆقینیان و بوونیان، فەراهەم بکەن.

خۆ ئەگەر هەر کەس گوێی لە قسەکانی بەرهەم سالح گرتبێ کە لە کۆنگرەدا کردی، بۆی دەرئەکەوی کەهەموو کروزانەوە بوو بۆ کۆمەلانی خەڵکی کوردستان هەروەک مامۆستاو مام و رابەری گەورەی – بە وتەی خوی- جەلال تالەبانی کە بۆ خەڵکی دەکرد، بەڵام لە کردەوەشدا یەکیک بوون لە گەورەترین سەران وبنەمالەی دزو گەندەڵی و سەرکوتگەر.

ئەوەی گومانی تیدا نییە لای زوربەی  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە بەرهەم بۆیان دەکروزیتەوە، ئەم هاوپەیمانیەتییەش هیج بەرهەمێکی نابێ بۆ زۆرایەتی بەرهەمهینەرانی راستەقینەی خەڵکی کوردستان لە کریکاران و مامۆستایان و کارمەندان و لاوان و ژنانی یەکسانیخوازی کوردستان، نەک رووسور وەک بەرهەم دەبیژی کە وشەیەکی خێڵەکیانەیەو یەکیکە لە دەستەواژە دواکەوتوەکانی بزوتنەوە قەومی و خیڵەکیەکەیان.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوە دەزانن بەرهەم و هاودیدەکانیشی بەشێکی بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە قەیرانگرتوە گەندەڵ و دزەبوون. وە سەرنجدان تەنها لەو ئاماری دزییە کە هاودیدەکانی لەناو یەکیتیدا بڵاویان کردۆتەوە لەسەر بەرهەم سالح بەسە بۆ هەڵویستگرتن لەو هاوپەیمانیتی یە  بێ بەرهەمەی بەرهەم.

وەک وتمان ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک کوردستانیش رون و ئاشکرایە کە بەرهەم لە زۆربەی کاتدا  یەکیک بووە لە سەرانی یەکیتی و لە دەسەلاتەکەیان، بەڵام لە دوای نەخوش کەوتن و پەککەوتنی تاڵەبانی مام و مامۆستاو رابەری، و قوڵبونەوەی ململلانێی ناوخۆیی یەکێتی، ئەو پیگەیەی کەوتە لێژی. بە تایبەتی دوای مردنی تاڵەبانی ئیتر رۆڵە گیانبازە گەندەڵەکانی خودی تاڵەبانی لە هاوکیشەکە وەدەریان نا، ئەگەرچی تادەریش چوو بەناوی جیگری دووەمی بێ دەسەلاتی سکرتیری گشتی بوو.

ئێستاش هەر لەگەڵ هەڵتۆقینی ئەم هاوپەیمانییە یەکسەر بووە هاوپەیمانی کۆمەڵی درندەی  ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران کە ئەمانەش سەرەرای دەورانیک لە پروپاگەندەی موعارزبوونی دەسەلات، ناوەرۆک و پەیام و کارنامەیان بۆ کۆمەلانی خەڵکی دەرکەوتووە.

هەڵبەت  هەڵپەکردنی هاوپەیمانیتییەکەی بەرهەم بۆ ناو هاوپەیمانی کۆمەڵ و گۆران تەنها بە ئومیدی ئەوەیە کە هەرچۆن بێ کورسییەکی دەسکەوێ لە ئاستی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عیراقدا، کە لە مانگی ئایاری داهاتودا ئەنجامدەدری.

بۆیە کۆمەڵانی خەڵکی نارازی و بێبەش و ستەمدیدەی کوردستان کە بەرهەم بۆیان دەکروزێتەوە بروا ناکەم کەمترین خوشباوەریان هەبێت بەم هاوپەیمانیتییە بێ بەرهەمەی بەرهەم ساڵحیش، بەڵام دیارە بۆ خۆی و دەست و پێوەندەکانی بەرهەم ساڵح سودیکی هەر دەبێ  لە بازنەی دەسەڵاتی گەندەڵ و دزو سەرکوتگەری قەومی و خیڵەکی لە کوردستاندا.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ بۆپێشەوەی بەرواری ١٥/١/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *