کوشتنی ژنان لە لوبنان لە لایەن مێردەکانیانەوە!

ئامادەکردنی : شوان عەزیز

بە کورتی: ڕەخنەو سکاڵا لە سەر توندوتیژی جنسی و خێزانی لە بەرامبەر ژناندا لە هەڵکشاندایە. چالاکوانانی لوبنانی بواری مافی ژن ترسی ئەوەیان هەیە هەر کاتێک کە ژنان جورئەتی موقاوەمە بەدەست بێنن لەبەرامبەر مامەڵەی خراپی پیاواندا  ڕادەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنانیشدا بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەڕوات .

بەرەبەیانی جەنیوەری ٢٢، ٢٠١٨  نەدا بەهڵەوان لە شاری بەیروت لە لایەن مێردەکەیەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللەو کوژرا. وە لە هەمان ڕۆژدا پیاوێکی تر لە بەشی خوارووی لوبنان  لە سەر دەمەقاڵیەک لەسەر شوشتنی چەند قاپێک ژنەکەی خۆی دایە بەر چەقۆو کوشتی. وە لە دێسەمبەری ١٦ ی هەر ئەمساڵدا  ژنە دیبلۆماسی بەریتانی لە وڵاتی لوبنان بە ناوی ڕەبێکا دایکس ئیغتیساب کراو دوایش کوشتیان.

چالاکوانێکی بواری ژنان بە ناوی مەیا عەممارکە لەگەڵ چەند ژنێکی تردا مۆمیان داگیرساندبوو لەبەردەم مۆزەخانەی نیشتیمانی بەیروتدا ، لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگێکدا نۆ ژن بە دەستی مێردەکانیان یاخود دەسگیرانەکانیان لە لە لوبنان کوژراون. ئەو دیاردەیەش هەر لە دوای کوشتنی ژنە دیبلۆماسە بەریتانیەکە زیادی کردووە.

هەروەها مەیا درێژەی بە قسەکانی داو وتی: ” لە هەفتەی کۆتایی مانگی دێسەمبەردا چوار ژن کوژران. وە لە هەمان ئەو شەوەی کە ئێمە مۆممان داگیرساندبوو بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاری دەربارەی توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا، خەبەرمان پێگەیی کە  ژنێک بە ناوی مەلەک میقداد لە لایەن مێردەکەیەوە دراوەتە بەر چەقۆو کوژراوە. وە هەر لە دوای دو ڕۆژی تر ژنێکی تر خۆی کوشت لە بەرئەوەی هیچی تر نەیتوانیوە لە ژێر زوڵم و ستەمی مێردەکەیدا ژیان بەسەر بەرێت”

دیسان لە جەنیوەری ٦ دا ژنێک بە ناوی زەریفە لە لایەن مێردەکەیەوە بەردباران کراو کوژرا. لاشەی زەریفە دوای پێنج  ڕۆژ کە لە کەناری دەریایەک فرێدرابوو لە بەشی خوارووی لوبنان دۆزرایەوە. مێردی زەریفە دانی نا بە تاوانەکەیداو بەستیەوە بە کوشتنی لەسەر نامووس. دووبارە لە ڕۆژی دوازدەی هەمان مانگدا لاشەی ژنێک لە گەڵ منداڵەکەی دۆزرانەوەو هەردوکیان بە هۆی لێدان لەسەریان مردبوون.

غيدا عناني بەڕێوەبەری ڕێکخراوی”أبعاد” کە ڕێکخراوێکی غەیرە حکومیە و داوای یەکسانی نێوان  ژن و پیاو دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلمۆنیتەر وتی ” لەبەرئەوەی کە سەرژمێریەکی نیشتیمانی بوونی نیەو ناتوانرێت بە دروستی چاودێری توندوتیژی ناو خێزان بکرێت لە لوبنان بۆیە ناتوانین دڵنیا بین ئاخۆ تاوانەکان لەو ڕووەوە ڕووی لەسەرە یان نا؟”

غیدا دەڵێت: ئەوەی کە دەمانەوێت تەئکیدی لێ بکەیەنەوە بریتیە لە بەرزکردنەوەی هوشیاری لە لای ژنان کە هەر کاتێک ڕوبەڕووی توندوتیژی بوونەوە لە ناو خێزانەکانیاندا خێرا دەرەوەی لێ ئاگادار بکەنەوەو داوای هاوکاری بکەن. سوپاس بۆ بزوتنەوەو لایەن و کەسە چالاکەکانی نێو ئەو بوارە کە دەیانەوێت لەو بوارەدا ڕۆڵی کاریگەر ببینن.

لە لایەکی ترەوە جان ئوگاساپیان وەزیری کاروباری ژنان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلمۆنیتەر وتی :” پێمان ڕاگەیەنراوە لە لایەن کەسانی سەر بە ڕێکخراوە نا حکومیەکانەوە کە ساڵانە  لە لوبناندا نزیکەی دوازدە ژن لە لایەن مێردەکانیانەوە دەکوژرێن”.

مەیا عەمماڕ دەڵێت:” ئەوە یەکەم جار نیە کە بۆ ماوەی دوو مانگێک هیچ کەیسێکی توندوتیژیمان نیەو ئینجا لە پڕ لە ماوەی تەنها هەفتەیەکدا پێنج کەیسمان بۆ پەیدا دەبێت. خەڵک ئێستا دەبینن کە بارودۆخەکە تەواو گۆڕاوە. ئێستا وەک جاران ژنان چیتر قەبوڵ ناکەن مامەڵەی خەراپیان لەگەڵدا بکرێت لە لایەن پیاوانەوە. بۆیە لە ئەنجامدا هەندێک لە پیاوان هەڵوێستی خراپیان دەبێت و بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە خاوەنی هێزن پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن لە بەرامبەر ژنان دا.

ژنان لە لوبنان پەنا دەبەن بۆ یەکەی نموونەیی چاودێری کۆمیونیتی گشتی کە بەشێکە لە ڕێکخراوی “أبعاد” .  ئەرکی ئەو یەکەیە دابینکردنی شوێنێکی ئارام و ئەمینە بۆ ژنانی بەشی باکوور، بیقاع، خواروو، بەیروت و هەروەها پارێزگاکانی چیای لوبنان. ئەو سەنتەرانە بە هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دامەزراون. غیدا عنانی بە پشت بەستن بە ژمارەی ئەو ژنانەی کە پەنا بۆ ئەو سەنتەرانە دەبەن و لەوێ دەمێننەوە پێی وایە کە سروشتی توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا لە ساڵی ٢٠١٧ دا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەو پێی وایە کە توندوتیژی سێکسی کە ئاشکرا کراوە زۆرترە لە توندوتیژی جەستەییو دەرونی . هەروەها کوشتن بۆتە دیاردەیەکی باو بە بەراورد بە ساڵەکانی پێشوو. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە “پشگیری لوبنان” کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیەو نا حکومیە لە گەڵ ڕێکخراوی فێمینیستی بەناوی “بەسە” نەخشەیەکیان ئامادە کردووە تاکوئامارێک لە سەر توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا  لە هەرساڵێکدا نیشان بدەن . بۆ نموونە لەساڵی ٢٠١٧دا دوازدە ژن کوژراون کە بە بەراورد بەساڵی ٢٠١٦ پێنج ژن زیاتر کوژراون. زوربەی ژنەکانیش لەسەردەستی مێرد، دەسگیران یاخود دۆستەکانیانەوە کوژراون.

لە نیسانی ٢٠١٤ دا یاسای ژمارە ٢٩٣ دەرکرا بە مەبەستی قسە لەسەر توندوتیژی ناوخێزان.  بەڵام چەند ڕێکخراوێک کەوتنە ڕەخنەگرتن لەو یاسایە بە دەلیلی ئەوەی کە یاسایەکی ناتەواوە. لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی جیهانی هاتە سەر خەت و وتی ئەو یاسایە کەمو کوڕی ترسناکی تێدایەو دەبێت  لە لایەن پەڕلەمانەوە هەموار بکرێتەوە تاکو بەتەواوی ژنان بپارێزێت لە بەرامبەر توندوتیژی ناوخێزاندا. شایانی باسە کە ئەو یاسایە پێناسەیەکی زۆر بەرتەسکی بۆ توندوتیژی ناوخێزان کردووەو لە لایەکی تریشەوە بە پێی ئەو یاسایە ئیغتیصابی زەوجی بە تاوان هەژمار ناکرێت ئەگەر توندوتیژی جەستەیی لەگەڵدا ئەنجام نەدرابێت. هەروەها بەدەستهێنانی فەرمانی پاراستنیش کارێکی زۆر زەحمەتەو درێژە دەکێشێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی ناحکومی لەسەر سیستەمی دادوەری لە لوبناندا لە دوای یاسای ژمارە ٢٩٣ ژمارەی ژنانی کوژراو بە هۆی توندوتیژی خێزانیەوە گەیشتۆتە چل ژن. هەروەها نزیکەی پێنج سەد فەرمانی پاراستن دەرکراوە بۆ ژنان.  بە بوچوونی وەزیری کاروباری ژنان ئەم ژمارەیە ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا ڕووی لە هەڵکشانە لە لوبناندا. بۆیە داوا دەکات لە ژنان کە داوای هاوکاری بکەن هەر کاتێک زانیان توندوتیژیان دەربارە دەکرێت.

دیالە حیدر،وتەبێژی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی “بەسە” ، لە بۆ ئەلمۆنیتەر وتی:” ئێستا کاری دادوەرەکان مایەی دڵخۆشیە لە دوای دەرچوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی ژنان. ئەوان بە باشی وەڵام بە ژنان دەدەنەوە. هەروەها ئێمە زۆر دەمێکە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوەو لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە کامپین دەکەین و ژنان وریا دەکەینەوە لەو بارەوە . بۆیە ئێستا مایەی دڵخۆشیە کە ژنان فەرقیان کردووەو ئێستا بەئاگاترن لە جاران. وە هەروەها پێم باشە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هیچ نەترسن لەوەی کە ئەو کوشتنانە بە کوشتنی ژنان ناو بهێنن. هەروەها پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هیجی تر نەرم نەبن لە ئاست بکوژانی ژنان وەک کە دەیبینین هەندێک جاران کە ئەو نەرمیەیان پێوە دیارە.”

ڕێکخراوی “بەسە” بە هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی دادی لوبنانی خەریکی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٩٣ یە کە با ناتەواوی بۆ پاراستنی ژنان ناوی دەبەن. لە شوێنیدا  لە ئۆگەستی ٢٠١٧دا کۆنووسێکیان ئامادە کردوە کە دەوڵەت ڕازی بووە لەسەری و ئێستا چاوەڕوانن کە دەنگی پەڕلەمانی لوبنانی پێ بدرێت. دیالە حیدر لەو بارەوە دەڵێت”  هەموار کردنەوەی یاسای ژمارە ٢٩٣ دەبێتە هۆی باش کردنی باری ژنان.بۆ نموونە:  ١-پرۆسەی دەرکردنی فەرمانی پاراستنی ژنان خێراتر دەکرێت لە لایەن دەزگاکانی پەیوەندیدارەوە٢ – سزای بکوژو تاوانبار توندتر دەبێت لە جاران ٣- دەست بەجێ هەر دوای ئەوەی کە ژن سکاڵا دەکات کە توندوتیژی لەبەرامبەردا بەکارهاتووە مافەکانی پاراستنی منداڵ و پەناگەی بۆ دابین دەکرێت.

لە لایەکی تریشەوە جان ئۆگاساپیان ڕایگەیاند  کە وەزارەتی کاروباری ژنان  دەستی کردووە بە بە جێبەجێکردنی پلانێکی کرداری دەربارەی یەکسانی جێندەر. ئەو دەڵێت” ئێمە لە پرۆسێسی ستراتیجی نیشتیمانیداین لەسەر بنچینەی توندوتیژی لەسەر جێندەرو چاودێریکردنی ئەو پرۆسێسەش لە لایەن دەزگای پەیوەندیدارەوە. ئەو وتیشی ئێمە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام دەدەی بۆ ئەوەی بزانین لە ڕووی ئابووریەوە توندوتیژی لەسەر ژنان چەندە زیانمان پێ دەگەێنێت لە لوبنان. ئەمەش بە نەتیجە دەمان گەیەنێت بە پلانێک و سیاسەتێک تاکو ئەو توندوتیژیە بوەستێنێرێت.

وەزیری کاروباری ژنان لە لوبنان شێلگیری و جیدیەتی خۆیانی نیشاندا دەربارەی باشترکردنی بارودۆخی ژنان لە لوبنان و پاراستنی مافەکانیان. ئەو وتی :” حەوت ڕەشنووسی یاسا لەوبارەوە ئامادە کراون.سێ ڕەشنووسی یاسا ڕەزامەندیان لە بۆ وەرگیراوە لە لایەن وەزارەتە پەیوەندی دارەکانەوەو ئێستاش ڕەوانەی پەڕلەمان دەکرێن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی کۆتایی. یەکێک لەو سێ یاسایانە بریتیە لە یاسای  گێچەڵی سێکسی ” تحرش جنسی” دوەم یاساش بریتیە لە پێدانی مۆڵەتی باوکایەتی وە ئەوەی تریشیان بۆ پێدانی ئیمتیازاتی یەکسان بۆ هەردووک جێندەرەکەو پێدانی زەمانەتی کۆمەڵایەتی یەکسان. هەروەها ئێمە پشتگیری تەواوی هەمارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٩٣ دەکەین”.

دیالە حیدر دەڵێت :”بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە هەرچەندە ئەو یاسایانە دەریش بچن و ڕەزامەندیشیان لەسەر وەربگیرێت  بەڵام هێشتا  چالاکوانان ترسی ئەوەیان  هەیە کە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بە کرداری لە لایەن  سیستەمی دادی لوبنانەوە هێواشی پێوە ببینرێت. بۆ نموونە بکوژی ڕۆڵا یەعقوب لە ساڵی ٢٠١٣ وە هێشتا نەچۆتە بەردەم دادگا. بۆیە ئەم جۆرە مامەڵیە دەبێت کۆتایی پێ بێت”.

تێبینی:  فلۆرەنس مەسێنە نوسەری ئەم ڕیپۆرتاژەی سەرەوە ڕۆژنامەنووسەو لە شاری بەیروتی لوبنانە. فلۆرەنس دەربارەی ئابووری، ڕۆشنبیری و بابەتە کۆمەڵایەتیەکان دەنووسێت. فلۆڕەنس لە تۆلۆزی بەشی خوارووی فەرەنسا بەشی زانستە سیاسیەکان و  ڕۆژنامەنووسی خوێندووە. ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی لە نووسینەکانیدا فۆکەس دەخاتە سەر مەسەلەی ژنان ، میرات و کەلەپوور، هەروەها پێشنیارو بیری ئەرێنیش بۆ لوبنان.

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2018/01/lebanon-violence-crimes-women-femicides.html.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٢ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *