کرێکارانی جیهان یەکگرن ! ….  دروشمێکی سەرسورهێنەر لە سێ وشەدا،

چەند سەرنجێک دەربارەی گرنگی سیاسی و ڕێکخراوەیی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست

بە بۆنەی ١٧٠ هەمین ساڵەی بڵاوبوونەوەی مانیفێستەوە… نووسینی: مزەفەر عەبدوڵا

پێشەکی:

لینین لە وەسفی مانیفێستدا دەڵێت: لەم کتێبەدا بە چەشنێکی بلیمەت (عبقری) یانە تازەترین بیروڕا لەبارەی جیهان ڕونکراوەتەوەو پیشاندراوە. ماتریالیزمی راست و دروست کە بواری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، دیالەکتیک کە فراوانترین و قوڵترین زانستە لەمەڕ پەرەسەندن، تێبینی و سەرنجی خەباتی چینایەتی و رۆڵی شۆڕشگێرانەو میژوویی و جیهانی پرۆلیتاریا کە دامەزرێنەری کۆمەڵگەی تازەی کۆمۆنیزمە، ڕونکراوەتەوەو خراوەتە ڕوو.

ئەم چەند ڕستەیەی لینین، کە  گەورەترین ڕابەری تیۆری و پراکتیکی سیاسی شۆڕشی سۆشیالیستی کرێکاری بوو دیدگای  ڕۆشن و کورتی خۆی لەبارەی گرینگی سیاسی و ڕیکخراوەیی مانیفیست و پێگەو ڕۆڵی شۆرشگێرانەی چینی کرێکار (پرۆلیتاریا) لە کۆمەڵگەی  مرۆڤایەتیدا دەربڕیوە. وە لەبەر ڕۆشنایی یەکانی مانیفێست و هەلومەرجی کۆمەڵگەی  ئەو سەردەمەی روسیاو جیهان توانیان چینی کرێکارو تویژە زەحمەتکێش و چەوساوەکان ڕێکخراو بکەن لە حزبی کۆمۆنیستی بەلشەفی و شورا جەماوەرییەکان و ڕاپەرین و شۆڕش بەرپابکەن. وە لە ئاکامدا دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی بڕوخێنن و دەسەڵات و دەوڵەتی هاوچەرخی یەکێتی سۆڤیەت (یەکێتی شوراکان) دامەزرێنن و، هەوڵ بدەن بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئابوری سەرمایەداری بە ئابوری کۆمەڵایەتی سۆشیالیستی.

شایانی ئاماژە پێدانە جگە لە لینین زۆرتر لە ڕابەرانی جوڵانەوەی کۆمۆنیستی لە ئاستی جیهان دەربارەی مانیفیست قسەوباسیان کردوەو سەرنج و تێبینی و ڕۆشنگەریان داوە.

لێرەداش بە بۆنەی سەدو حەفتاهەمین یادی دەرچونییەوە هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو لەبارەی گرینگی سیاسی و ڕێکخراوەیی مانیفیستەوە، کە لە تێزی چینی کرێکار بە هێزی ڕێکخراوەیی خۆی ڕزگاری دەبێت کە لە زۆر جێگادا مارکس و ئەنگلس ئاماژەیان پێداوەو جەختیان لێکردۆتەوە. وە لە دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن! دا کە لە ٣ وشەدا وەک داخوازی یەک و کۆتایی نیشانەی سەرسورماندا کورتیان کردۆتەوە.

*سەرنجی یەکەم: کورتە مێژوویەک

مێژووی دەرچون و بڵاوبونەوەی یەکەم چاپی مانیفێست – بەیان-ی حزبی کۆمۆنیست بە زمانی ئەڵمانی، بە پێی زۆربەی سەرچاوەکان دەکاتە ٣ ڕۆژ بەر لە ڕودانی شۆڕشی ٢٤ شوباتی ١٨٤٨ فەرەنسا .ئەو شۆرشەی ئەگەر هەتا ئێستاش کەسێک بیەوێت لەناوەڕۆکی هەر شۆڕشێک بگات پێویستە هەردوو شاکار نووسەکەی مارکس –خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا و ١٨ برۆمیر لویس بونابورت بخوێنێتەوە. هەرچەند ئەنگڵس لەو پێشەکییەدا دەڵێت مێژووی بڵاوبونەوەی مانیفێست ١٨ مارسی ١٨٤٨ کە ڕۆژی ڕاپەڕینی جەماوەری شاری میلانۆیە لە ئیتالیا.

مانیفێستی کۆمۆنیست هەروەک مارکس و ئەنگلز خۆیان لە زۆر پێشەکی ونووسینی تر ئاماژەیان پێداوە بەرنامەی هەموو کۆمۆنیستەکانە لە ڕوی تیۆرو پراتیکەوە –النظریە والتطبیق- لەلایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانەوە، کە ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی کرێکاران بوو دەرکراوە. کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانیش درێژکراوەی یەکێتی زەحمەتکێشانی ئەڵمانیا بوون کە لە ساڵی ١٨٤٥ پێکهاتبون. پاشان ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ئەم کۆمەڵەیەو، لە یەکەمین کۆنگرەیان کە لە لەندەن لە ٢١-٢-١٨٤٧ بەستیان، داوایان لە مارکسو ئەنگلز کرد بەرنامەیەکیان بۆ بنووسن. مارکس و ئەنگڵزیش لەبەر ڕۆشنایی باسە تیۆری و سیاسی و ئابوری و فەلسەفییەکانیان و، بەڕەچاوکردنی  بەرەوپێشەوەچونی چەندایەتی و چۆنایەتی چینی کرێکارو پێشرەوییەکانی ڕەوتی کومونیزمی ناو کرێکاران و بزوتنەوەیەکەیان، ئەم مانیفێستەیان بۆیان نووسی. هەر ئەو کاتیش کە ناوی کۆمۆنیزمیان لێنا نەک سوشیالیزم بۆ خۆجیاکردنەوەیان بوو لە جوڵانەوەو ڕەوتە سۆسیالیستییەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی کرێکاری. لەوانە شوێنکەوتوانی ڕۆبەرت ئەوین لە بەریتانیاو فورییەکان لە فەرەنسا کە هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ کرێکاران نەبوو لەودەورانە. بەڵام هاوکات ڕەوتی تر هەبون  لەناو جوڵانەوەی کرێکاریدا کە زۆر چالاک بوون و ناوی کۆمۆنیزمیان لەخۆیان نابو ئەوانیش ڕەوتی کۆمۆنیستی  ئێکاریزم کایە  لە فەرەنساو ڕەوتی ویتڵنگ لە ئەڵمانیا بوون. مارکس و ئەنگڵزیش پێیان باشتر بوو ئەم ناوە لە بەرنامەکەیان بێنن.

ئیتر پاش ئەم یەکەمین چاپ بە زمانی ئەڵمانی ، دوای ٣ ساڵی تر یانی ١٨٥٠ بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن مەدام هێلین ماکفیرلین وەرگێردرایە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپ و بڵاوکراوەیە. بە دوای ئەو دوو زمانە بە دە ساڵ بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپایی و ڕوسی و زۆر زمانی تریش وەرگێڕدران و بڵاوبوونەوە.

جا کاتێک مانیفێست نووسرا، بە وتەی ئەنگلز، هەروەک لە پێشەکییەک ئاماژەی پێداوە، کە کۆمۆنیستەکان و کومەڵەکەیان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا کە هەبوون، کاروچالاکییان قەدەغەکرابوو. تەنانەت ئەو یەکەمین کۆنگرەیەش کە لەندەن بەسترا  بە جۆرێک  نهێنی بوو. بە تایبەتی دوای کۆنگرەو بڵاوبونەوەی فراوانی مانیفێست لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٥٢ دا لە هەڵمەتێکی پۆلیسدا لە شاری کۆڵن زۆربەی کۆمیتەی ناوەندیان  دەسگیرکران، و بە بڕیارێکی قەرەقوشانەی دادگا زۆربەیان چەندین ساڵ خرانە زیندانەوە. ئیتر ئەو ئەندامانەی کۆمیتەی ناوەندنی کە دەسگیر نەکرابوون بە بەیانێک هەڵوەشانەوەی کومەڵەیەکان ڕاگەیاند تابەردەوامی کاروچالاکی کۆمەڵەکەیان نەبێتە هۆی سزای گەورەتر لەسەر دەسگیرکراوەکان و دەسگیرکردنی خۆشیان. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک هۆکاری تر هەبوو وای کرد کە هەڵیوەشێننەوە. بێگومان دوای ئەم ڕوداوانەش ئیتر بە فەرمی مارکس لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا فەرمانی دەسگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە بۆ دەرچوبوو و یاساغی ڕاگەیەندراو پۆلسی نهێنی زۆرێک لە وڵاتەکانی ئەوروپا بە شوێنیەوە بوون تا دەستگیرو زیندانی بکەن.

هەڵبەت هەمو تەمەنی یەکێتی زەحمەتکیشانی ئەڵمانیاو کومەڵەی کۆمۆنستەکان لە ساڵی ١٨٤٥ تا ١٨٥٢ بوو. وە لەوماوەیەدا ئەو تێزە بەناوبانگەیان خستە ڕوو و جەختیان لێکردوە کە دەڵێت  چینی کرێکار تەنها بەهێزی یەکگرتوانەی ڕێکخراوی خۆیان ڕزگاریان دەبێت. ئەمەشیان لە دروشمێکی سەرسورهێنەری سێ وشەیی کرێکارانی جیهان یەکگرن! دا کورتیان کردوەو وەک داخوازی و داواکاریەک و  فەرمانێک لە سەرەتا و کۆتا بەش و بڕگەی مانیفێستدا نووسی کە دەڵیت: با چینە چەوسێنەرەکان بەرامبەر شۆڕشی کۆمۆنیستی سەرتاپایان بێتە لەرزین. کرێکاران لە شۆڕشەکەیاندا هیچ لە دەست نادەن، بەڵام جیهانێک بەدەست دێنن. کرێکارانی جیهان یەکگرن!

دە ساڵ دوای هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان ئیتر مارکس و ئەنگلز بە هاوکاری هاوڕێیانیان یەکەمین ئەنتەرناسیونالیان لە٢٨-٨- ١٨٦٤ پێكهێناو تا ساڵی١٨٧٤ نزیک بە دە ساڵ – لەهەندێک جێگا دەلێن نۆ ساڵ – لە ژێر ئاڵای ئەنتەرناسیونالی یەکەم کاروخەباتی ڕێکخراوەییان کرد. ئیتر لەو ساتەوە  مانیفێست وەک بەرنامەیەکی تێوری و پراکتیکی سیاسی و دروشمەکەی کرێکارانی جیهان یەکگرن! کە سەرەتا لە کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان تەنها لەناو ژمارەیەکی کەمی کرێکارانی ئەو ٣ وڵاتەی فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا ڕەواجی هەبوو، دوایی  بوونە بەرنامەو دروشمی زۆربەی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی ئەروپاو ڕوسیاو ئەمریکاو بەشێک لە ئاسیاش کە هێشتا بۆرژوازی وەک چینێک لەگەڵ کرێکاران هاوپەیمانی خەبات بوون و ملیان لە ژێر خاچ و شمشێری دەسەڵاتە دەرەبەگییەکانی  تزاری ڕوسی و ئیمپراتوری ئیسلامی عوسمانیدا بوون.

ئێستا دوای ١٧٠ ساڵ لە دەرچونی یەکەم چاپی ئەم مانیفێستە ئەمڕۆ سەرەڕای هەمو دژایەتی و ڕێگرییەکان لە دژی ئەو تیۆرو پراکتیک و تێزو دروشمانەی کە لە مانیفێستدا هاتووە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت و ڕژێمە بۆرژوازییەکانی وڵاتانەوە بە دیموکراسی و دکتاتوریانەوە کە دوو ڕووی دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازین، بەڵام چاپ و بڵاوبونەوەی بە زۆربەی هەرە زۆری زمانە جیهانییەکان لەهەمو لادێ و گەڕەک و شارو وڵاتێکی ئەم دونیایەدا، زیاترە لە کتێبی ئینجیلو تەورات و قورئان، کە بە هەموو شێوازێک هەموو دەسەڵاتەکانی چینی بۆرژوازی جیهانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان درێغی ناکەن لە چاپوبڵاوکردنەوەی. هەروەها لەم ١٧٠ ساڵەدا هەزاران حزبی کۆمۆنیست لە دەوری ئەم مانیفیستە پێکهاتوە لە وڵاتانی دونیادا. جا ئەگەرچی هەر بە ناویش بێت ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەبڕیت کە ئەم مانیفیستەو دروشمەکەی بۆتە هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. وە دەیان شۆڕشی کرێکاریش ڕویانداوە لە ژێر ڕۆشناییەکانی مانیفێستدا. بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، کە هەڵگری ناوەڕۆکی پەیامی مانیفێست بوونە. لە دەیان شۆڕشدا کرێکاران بە هێزی ڕێکخراویان توانیویانە دەسەڵاتی بۆرژوا بخەنە مەترسی تەواوە یاخود وەک شۆڕشی کۆمۆنی پاریس لەساڵی ١٨٧١ دا بۆ ماوەی چەند مانگ دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام بەهۆی ڕادەی ڕێکخراونەبوونی پێویست لە حزبی سیاسی و ڕێکخراوەی جەماوەری وەک شوراکاندا بە ئاسۆ و ئامانج و بەدیلی کۆمۆنیستییەوە نەیان توانیوە بە تەواوی دەسەڵاتی بۆرژوا بڕوخێنن و دەسەڵاتی خۆیان دامەزرێنن. وە بەهێزی سەرکوت لە لایەن چینی بۆرژواوە، وەک لە فەرەنساو ئەڵمانیا زۆر وڵاتی تری ئەوروپا ڕویاندا راپەڕین و شۆرشەکانیان شەڵاڵی خوێن کران. بەڵام لە نێو هەموو ئەو راپەڕین و شۆرشە کرێکارییانەدا سەرکەوتنی شۆرشی سۆشیالیستی کرێکاری ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە ڕابەری لینین و بەلشەفییەکان کە لە ئاکامدا چینی بۆرژوایان لە دەسەڵاتدا هێنایە خوارەوەو ڕوخاندیان و دەسەڵاتی شورای کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکیش دامەزرا. ئەگەر چی تەنها دە ساڵێکیشی خایاند، بەڵام ئەوە قوڵی تێگەییشتنی لینین و حزبی کۆمۆنیستی بەلشەفی ئەو کاتە دەگەیەنێت لە مانیفێست.

ئەم دوو تاقیکردنەوەیە لەگرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی چینی کرێکارو هەموو توێژە بێبەش و چەوساوەکان ڕاستی ناوەڕۆکی پەیامی سیاسی و ڕێکخراوەیی مانیفێستیان سەلماند،  وەک لە تێزی چینی کرێکار تەنها بەهێزی یەکگرتوی خۆیان رزگاریان دەبێت کە لە دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن کورتیان کردەوە.

سەرنجی دووەم: ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی کرێکاران  وەک لە مانیفێستدا هاتووە..

بۆئەوەی لە دەروازەی کورتە مێژوویییەکەوە زیاتر بچینە ناوەڕۆکی ئەو تێزو دروشمەی کە دەڵێت ڕزگاربوونی چینی کرێکار بەهێزی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان دابین دەبێت و دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن! کە ئاکامی پەیبردنی مارکس و ئەنگلزە بە پێگەی شۆڕشگێرییەکەی چینی کرێکار وا پێویست دەکات چاوێکی خێرا بە دوو بەشە سەرەکییەکەی مانیفێستدا بخشێنین.

سەرەتا مارکس و ئەنگلز لە پێشەکییەکی کورتەوە دەستیان پێکردوە وەک زۆر کتێب و بەرنامەی ترکە لە دێرینەوە تا ئێستاش بۆتە نەریتێکی باوی زۆربەی نووسین ونووسەرەکان. لەو پێشەکییەدا ئاماژە بەوە دەدەن کە چۆن ئیتر کۆمۆنیزم تەنها دونیایەکی خەیاڵ پڵاو نییە، وەک لە کتێبی ئیکاریزمی کایەو فورییەدا هاتوە، بەڵکو بۆتە ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕیشەدارەو، بە‌‌هێزی ناو کرێکاران و جوڵانەوەی کرێکاری لەهەمو ئەوروپاداو، بە ئاشکرا لە رێکخراوی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکاندا خۆی نواندوە. وە ئەمەش بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سیستەمە سەرمایەدارییەکەی ئەو وڵاتانە، بە تایبەتی لەهەر ٣ وڵاتی فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا، ولەبەردەم دەروازەی شۆرشەکانیاندان.

ئەم مەترسییەش وای لە چینی بۆرژوازی هەموو ئەوروپاو، تەنانەت ئەمریکاش کردوە، کە هەموویان لە جۆرەها پەیماندا یەکبگرن بۆ لەناوبردنی ئەو تارمایییە. هەر ئەم مەترسییەشە کە وای لە چینی بورژوازی کرد لەهەر کوێیەک لە دەسەڵاتدا… بێت هەمو ئۆپۆزیسیونی خۆیان بەهەر شێوازێک بووبن بە کۆمۆنسیت لە قەڵەم بدەن. هەرچی باڵی ئۆپۆزیسیۆنیشە باڵی فەرمانڕەوا بە کۆمۆنیست تۆمەتبار کردوە. وە باشترین بەڵگەش بۆ بوون بەهێزی کۆمۆنیستەکان ڕاستەقینەکان هەڵمەتی ڕاونان و دەسگیرکردن و زیندانیکردنی ڕابەرانی بزوتنەوەکەوە بوو. تەنانەت ئەوانەی کۆمۆنیستیش نەبوون و سەر بە ڕەوتەکانی تری ناو جوڵانەوەی کرێکاری بوون هەمان تۆمەتیان دەدایە پاڵیان و ڕاویان دەنان. بە تایبەتی لەوکاتانە داخوازی کەمکردنەوەی کاتی کارکردن بۆ هەشت سەعات کار، کە لە هەندێک شوێنی کار تا هەژدە سەعات کارکردن بوو، بە تەواوی تێکەڵ بوو لەگەڵ سیاسەت و تێزو دروشمەکانی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان و مانیفێستەکەیان هەروەک لە بەشی دووەمی داخوازییە بەپەلەکاندا هاتبوو.

ئێستا با چاوێکی خێرا بەبەشی یەکەمدا بخشێنین تا بزانین پەیوەندی و پێگەی کرێکاران لەگەل بۆرژواکاندا چییەو چۆنە؟

بەشی یەکەم: بۆرژواکان و پرۆلیتارەکان

لە بەشی یەکەمدا قسەوباس لەسەر بۆرژواکان و پرۆلیتارەکان دەکەن. ناوەرۆکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم دوو چینە وەک دوو هاوکێشەی حەتمی و پێویستی یەکتر شی دەکەنەوە.

تا ئەو جێگایە دەگەڕێتەوە بەچینی بۆرژواوە قسە لەسەر سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی بە درێژایی مێژوو، و ڕۆڵی شۆرشگێرانەی ئابوری و سیاسی و فکری و کەلتوری ئەم چینە دەکەن. بە تایبەتی لەو کاتانەی کە هێشتا بۆرژوازی (وشەیەکە لە زمانی فەرەنسی یانی دانیشتوانی شار) لە ژێر دەسەڵاتی فیودالی و خاچی کڵێساو قەشەکاندا جۆرەها باج و سەرانەیان دەداو دەچەوسانەوە. ئەمە جگە لەوەی ئاماژە بە پەیوەندی و هاوکاری و هاوپەیمانی خەباتکارانەی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی دەدەن لە دژی دەسەڵات و سیستەمی فیودالی وەک لە پێشەوەش باسمان کرد.

لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە قوناغ بە قۆناغ و، زۆر بەوردی و ڕۆشنی، ئاماژە بە سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی دەدەن لەهەموو ڕویەکەوە. بەتایبەتی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی شێوازی ئابوری بورژوازی لە ژێرەوە کە بنکۆڵی سیستەمی ئابوری فیودالی دەکەن. هەتا دەگاتە ئەوەی ئیتر چینی فیودالی باڵادەست لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە خود بە خود هەرەس دێنێت و تەنها دەسەڵاتیکی سیاسی لاوازی بە دەستەوە دەمێنێت. هەر ئەمەش وای لێکردن بەشێک لە دەسەڵاتە فیودالەکان بەبێ ڕاپەڕینی سەخت و توندوتیژو خوێناوی، وەک لە زۆربەی شۆڕشە بورژوازیەکاندا ڕویانداوە، لەهەندێک وڵاتی تر، بە تایبەتی لە بەریتانیا، ڕونەداو دەسەڵاتی پاشایەتی دەستبەرداری دەسەڵاتی سیاسی ڕەها بێت و مل بدات بە ڕیفۆرە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دەستوری. هەروەک ئێستاش دەیان بینین دەسەڵاتەکەیان زۆر ڕوکەشییە. وە بەمەش لە دەسەڵاتی ڕەهای سەرکوتگەری بیان ڕوتێنەوەو لە چوارچیوەی دەستورو یاسا پێویستەکانی بۆرژوازیدا، کە دەزگای پەرلەمان و حکومەت و قەزای هەڵبژێردراوەو رەنگدانەوەی سیستەمی ئابوری سەرمایەداریی قەتیسیان کەن.

لەدوای شیکردنەوەو هەڵویست گرتن لەسەر دەوری شۆرشگێرانەی بۆژوازی لەو دەورانە و پاش بە دەسەڵات گەییشتنی، ئیتر دێنە سەر بەشی دووەمی ئەم هاوکێشەیە کە پرۆلیتاریا، یانی چینی کرێکارە.

لەم ڕوەوە ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی ئەم چینە دەکەن لەسایەی دەسەڵاتی بۆرژواو سیستەمە ئابوری یەکەی و کەشفی گەورەترین هەقیقەتی ئابوری دەکەن کە ئەویش بەرهەمهیانی زیدەبایییە لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی یە. جا ئەم کەشفە کە مارکس پێش ئەنگلز پێی گەییشتووە هەروەک خۆی لە زۆر جێگا باسی دەکات و دەڵیت (بیری بنەمایی – فکری اساسی – لە مانیفیستدا ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی ئابوری و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە لێیەوە دێتە کایەوە لە هەموو سەدەیەکی میژوویدا، میژووی سیاسی و بیری ئەو سەدەیە پێکدێنێت. ئەنگلز ئەمە لە پێشەکی چاپێکدا لەندەن لە ڕێکەوتی مانگی شەشی ١٨٨٣ ئاماژە پێ دەدات.

ئەنگلز هەروەها دەڵێت ئەگەرچی خۆی پێش ئەوەی مارکس بۆ یەکەمجار ببینێت کتێبی بارو گوزەرانی چینی کرێکار لە بەریتانیای نووسیوەو ناوەرۆکی ئەو بیرۆکەی کە لەم کتێبەی خۆیدا هاتووە لای مارکسیش هاتوە، بەڵام کاتێک ئەو جارێکی تر لە بروکسل  ساڵی ١٨٤٥ مارکسی دیوە ئەو زۆر بە قوڵترو ڕیشەییتر و هەمەلایەنە تر پێی گەیشتوەو ئەو بیرەی تەواو کردوەو دایڕشتوە لە چەندین نووسراودا. هەر بۆیەش زۆر بە تەوازوعەوە دەڵێت پێویستە تەنها ناوی مارکس دابنین لە کەشفکردنی ڕاستی ئەم تێورو تێزە ئابوری و کومەڵایەتی و سیاسییانە. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم کەشفەی مارکس، کە کرۆکەکەی لە کەشفی زیدەبایی کە ئاکامی فرۆشتنی هێزی کاری کرێکارانە بە چینی بۆرژوا خۆی دەبێنێتەوە، بە قەد کەشفی داروین لە بواری زانستی بایۆلۆژیدا گرنگ و کاریگەری هەیە لە مێژووی کۆمەلایەتیدا. وە دوای مەرگی مارکسیش ئەنگلز یەکەم کەس بوو کە ناوی تێوری شۆڕشگێرانەی مارکسیزمی لێنا وەک تێوری شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار بۆ شۆڕشی کرێکاری وگرتنی دەسەڵات لە ڕێگای روخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و بنیادنانی سۆسیالیزم و کۆمەڵگەی کۆمۆنسیتی  ئینسانی تەواو.

بەشی دووەم: پرۆلیتارەکان و کۆمۆنیستەکان…

لە بەشی دووەمی پرۆلیتاریاو کۆمۆنیستەکاندا بە پرسیارێک دەست بە ڕونکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە دەکەن و دەڵێن بە شێوەکی گشتی هەڵویستی کۆمۆنیستەکان بەرامبەر پرۆلیتارەکان چۆنە؟ هەر بە یەک ڕستەش وەڵامێکی سادەو ڕۆشن وەک هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بەرامبەر پرۆلیتارەکان دەدەنەوە دەلێن کۆمۆنیستەکان، کە مەبەستیان لە خۆیانەو ڕێکخراو بوون لە کۆمەڵەی کومونیستەکان، کە ڕابەرانی تێوری و سیاسی وفکرییان بوون، هیچ بەرژەوەندییەکی جیاوازیان لە کرێکاران نییە. تەنها جیاوازی یەک کە هەیان  بێت لەگەڵ بەشەکانی کرێکاران وحزبە کرێکارییەکانی تر ئەوەیە کە کۆمۆنیستەکان رەچاوی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئێستاو داهاتوی بزوتنەوەی کرێکاری دەکەن کە خۆی لە ڕیفۆرم و شۆڕشدا دەبینێتەوە تا گەیشتنی کرێکاران بە دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای ڕوخانی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی یەوەو، پاشان لە ڕیشەکێشانی شێوازی ئابوری سەرمایەداری کە بەهۆی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێناوە کرێکاران بۆ بەرهەمێینان بەکرێ دەگرن بە دانی کرێیەکی کەم کە تەنها بەشی بژێوییەکی سەرەتایی و مەمرەو مەژیان دەکات و زێدەبایان لێ وەردەگرن. ئەم زیدەبایی یەش سەرچاوەیی هەموو سودو قازانجەکان و کەڵەکەی سەرمایەکانیان و، تەنانەت درێژەدان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی بەهەموو دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی یەوە. جا لەهەمان کاتدا ئەم واقعی بەرهەمهێنانە خود بەخود کرێکارانی لە شوێنی کارو ژیانیان ڕێکخستوە بە تایبەتی لە ژێر یەک میچی – سقف – کارگەو شوێنی کاردا بونەتە خاوەنی خودبەخودی هۆشیاری خەباتی ئابوری خۆیان هەمیشەش ماف و خواستە ئابورییەکانیان دەخنە ڕوو.

بەڵام تا ئەو جێگایە پەیوەندییان بە کۆمۆنیستەکانەوە هەیە، ئەوەیە کە  کۆمۆنیستەکان لە ڕێگای ڕێکخراوبونیانەوە هەموو بەشە پێشرەوەکەی کرێکاران ڕێکدەخەن لە حزبی سیاسی و هەروەها لە ڕێکخراوەی جەماوەریدا و ئامادەیان دەکەن بۆ شۆڕش. کرۆکی ئەو شۆرشەش بریتییە لە  هەڵوەشانەوەی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکەی بۆرژوازی کە لەسەر موڵکداری تایبەت وەستاوە. وە لە جێگایدا پەیوەندی موڵکداری گشتی جێگیر دەکەن.

خاڵی گرینگ لەم بەشەدا کە کرۆکی دروشمەکەشە ئەوەیە، کرێكاران وەک ئاماژەمان پێدا شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ناچاری کردون بە جۆرێک لەڕێکخراوبوون هەر بۆیەش خودبەخود کرێکاران هەمیشە بیر لە زیادکردنی کرێ و باشکردنی هەلومەرجی کارکردن و بردنەسەری ئاستی گوزەرانی خۆیان و ماڵ ومناڵانیان دەکەنەوە. تەنانەت خۆیان لە ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەریشدا ڕێکدەخەن.  بەڵام گرینگتر لەمە بەرزکردنەوەی ئەم جۆرە لە ڕێکخراوبوونەیە تا ئاستی ڕێکخراوبونی سیاسی کە کرۆکەکەی ڕێکخراوبونی حزبی و حزبی کۆمۆنیستییە، ئەمەش بەمەبەستی هەم باشتر و ئاسانترو خێراتری خواستە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانیان هەم کۆتاییهێنان بە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوازی و گرتنە دەستی دەسەڵاتی خۆیان و گۆڕینی شێوازی ئابوری سەرمایە لەڕێگای بە کۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان. جا بانگەوازو داخوازی و هۆشداری یەکەی کرێکارانی جیهان یەکگرن کرۆکەکەی بریتییە لەوەی کە کرێکاران بۆئەوەی پەیامە مێژویی و ئینسانییەکەیان جێبەجێ بکەن کە کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی ئینسانە لەلایەن ئینسانەوەو لە ڕێگای لەناو بردنی موڵکداری تایبەتی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری یەوە پێویستە حزبی سیاسی شۆڕشگێری خۆیان پێکبێنن. جا هەر کەس و لایەنێكش کە زیاتر بانگشەی کۆمۆنیستی بکات ئەگەر ئاوا مانا سیاسی و حزبییەکەی وەرنەگرێت، ئەوە ئیتر لە کرۆکی مارکسیزم نەگەیشتوە.

لە ڕویەکی کەوە مانیفیست پێمان دەڵێت جیاوازی نێوان شۆڕشە بۆرژوازی و کرێکارییەکان لە کرۆکدا ئەوەیە کە شۆرشە بۆرژوازیەکان پێش ئەوەی شۆڕشە سیاسییەکەی بکات شۆڕشە ئابورییەکەی زۆر لە سەرخۆ لە چەند سەدە لەوەوبەرەوە ئەنجامداوە لە دژی سیستەمی دەرەبەگی. یانی ئابوری سەرمایەداری لە هەناوی سیستەمی ئابوری دەرەبەگی سەری دەرهێناوە لەژیرەوە لە یەک و دوو سەدەی رابردوەوە. بۆیە شۆرشە سیاسییەکەی تەنها کاری گۆڕینی تەنها سەرخان و دەسەڵاتی سیاسییە، بەڵام شۆرشی کرێکاری بە پێچەوانەوە یەکەمجار ڕاپەڕینی سیاسی دەکات و دەسەڵاتی سیاسی هەمە لایەنەی بۆرژوازی دەروخێنێت و دەسەڵاتی سیاسی خۆی جێگیر دەکات. تەنانەت پێویستە هەموو دەزگاکانی بۆرژوازی لەناوببات و دەسەڵات و دەوڵەتی خۆی لە جێگای دابمەزرێنێت. ئەوکاتە هەنگاو هەڵدەگرێت بۆ شۆرشە ئابورییەکەی. وە لە رستەیەکدا دەڵیت لە شۆرشە بۆرژوازییەکاندا رابردوو بەسەر داهاتودا زاڵە، بەڵام لە شۆرشە کرێکاری و کۆمۆنسیتییەکاندا ئەوە داهاتووە زاڵە بەسەر رابردوودا. ئەم تێزانە ئەگەرچی لە مانیفیستدا هاتوون، بەڵام لە زۆر شوێنی تریش بە روونی باسی کردون. بە تایبەتی لە یانزە تێزەکەی لەمەڕ فیورباخ. تێزەکانی فیورباخ ڕاستە رەهەندی ئینسانیان هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا ناوەڕۆکێکی چینایەتیان هەیە. کاتێک لە یەکێک لە تیزەکان دەڵێت فەیلەسوفەکانی پێشتر تەنها دونیایان لێکداوەتەوە بەڵام گرینگ گۆڕینێتی. پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەگۆڕێت و کێ دەیگۆرێت. دیارە مەبەستی چینی کریکارو ڕۆڵە شۆڕشگێریەکەیەتی.

بە کورتی ئەنجامگیری لەسەر گرینگی سیاسی و ڕێکخراوەیی چینایەتی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان وەک بەشی پێشڕەوی کرێکاران لە پەیوەندی یان لەم بەشەدا ڕون و ئاشکرا دیارە وەک لە تێزو دروشمەکەش کورتیان کردۆتەوە کە مەبەستیانە کرێکاران پێویستە لە رووی سیاسی حزبییەوە، یەکبگرن تا دەسەلاتی بۆرژوا بە راپەرین بروخێنن بە تەواوی و دەسەلات و دەوڵەتی چینایەتی خۆیان دامەزرێنن لە یەکەم هەنگاوێشدا پێویستە ئەو دەخالەتە بۆ گۆرینی ریشەیی لە خودی شۆرشە ئابورییەکە دەست پێ بکەن بۆ بەرقەراربونی ئابوری سوشیالیستی کە هەنگاوی یەکەمە. وە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوانە لە هەر وڵاتیکەوە بۆ وڵاتیکی ترو لەهەر سەردەمێکدا ئەگەری هەیە جیاواز بێت. لێرەدا سۆشیالیزم وەک هەنگاوی یەکەمی شۆڕشی کرێکاری دادەنین هەتا هەنگاوی دووم دەسپیێدەکات کە کۆمۆنیزمە لەسەر بنەمای تیزە بەناوبانگەکەی تریان بەڕێوە دەچێت کە دەڵێت: لە  کۆمەڵگای کۆمۆنیستی تازەدا پەرەسەندنی ئازادی هەموو ئینسانێک، مەرجی پەرەسەندنی ئازادی هەمو ئینسانەکانە.

هەڵبەت لە مانیفیستدا بەشی سێهەمیش هاتوە لەگەل کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی لەسەر هەڵویستگرتنی حزبە کۆمۆنسیتەکان بەرامبەر حزبە ئۆپۆزیسیونەکان ئەو سەردەمە، بەلام بەرەچاوکردنی ئەوەی کە بەشی یەکەم و دووەم بە درێژی و ڕونی باسی پیگەو رۆڵی شۆرشگیرانەی پرۆلیتاریا و گرینگی سیاسی و رێکخراوەییان دەخاتە روو هاوکات کاکڵەی تیورو پاکتیکی شۆرشگیرانەی مانیفیستە بۆیە ئێمەش بە پێویستمان زانی سەرنجەکانمان لەسەر ئەم دووبەشە چەق ببەستێت. بە نیسبەت بەشی سێهەم و سەرنج و تێبێنییەکانیان لەسەر شێوازی هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بارودۆخی ئەوساو ئێستا تەنانەت دەورانی لینینش ئەوەندە گۆراوە هەر بویە وەک ئەنگلز لە دوای پیشەکی شوباتی ١٨٩٣ دا ئاماژەی پێدەدات جگە لە باسە بنەمایییەکانی کە لەو بەشەدا هاتوە زۆر شتی ناکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی چاوی لێبکرێت.

ئەنجامگیرییەکی کورت:

ئەگەر ئەمڕۆ دوای سەدو حەفتا ساڵ لە بڵاوبونەوەی یەکەم چاپی مانیفیست بەراوردی ئەم نوسراوەیە بکەین لەگەڵ هەمو ئەو کتێبانەی، جا هەر ناو و ناوەڕۆکێیان هەبێت، لەم مێژوەوە نووسراون و بڵاوبونەتەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامگیرییە کە هیچ نووسراو کتیب و بەرنامەیەک وەک لەسەرەوە سەبارەت بە ئینجیل و تەوراتو قورئان و..ئاماژەمان پێدا نەیان توانیوە بە ئەندازەی ئەم کتێبە بچوکە کاریگەریان هەبوبێت  لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە تایبەتی ڕێگای رۆشنی ڕزگاری یەکجاری نیشاندابێت بە تیوری یەکی شۆرشگێرانەو بابەتیانە. ئەمەش بێگومانە دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆکار:

یەکەم: پێگەو ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار- پرۆلیتاریا – لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا کە دوا پەیامی وەرچەرخانی شۆڕشگێرانە بە شێوەی حەتمی کەوتوتە ئەستۆی. ئەم چینە تا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی رزگار بکات لەهەموو شێوازێکی چەسانەوەو کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنسیتی جیهانی بەدی بێنێت کە تیایدا هەروەک لەوێشدا هاتوە کە چینی کریکار لە ڕیگای شۆرشەکەیەوە خۆی و بۆرژوازیش لەناو دەبات ئیتر قسەیەک نامێنێت لە چینە کۆمەڵایەتی یەکان و چەوسانەوە.

دووەم: ڕۆڵی مارکس لە دانانی ئەم تیۆرە شۆڕشگێرانەیەو پەی بردنی بەوەی کە تەنها پراکتیکی ئەم چینە دەتوانێت ڕێک بێتەوە لەگەڵ ئەم تیورە، چونکە تاکە چینێکە لەهەموو مێژووی کۆمەڵگەکان تا ئێستا تاسەر شۆڕشگێرەو ئەرکی کۆتایی پێهێنانی چەوسانەوەش لەسەر ئەستوی ئەم چینەیە. هەر لێرەوەشەوە تیۆرەکەی مارکس بووە تیۆری شۆرشگیرانەی ئەم چینەو ناوی مارکسیزمی لێنرا کە ڕێگای ئازادیبەخشی نەک هەر کرێکاران، بەڵکو هەمو مرۆڤایەتییە.

لەم ریگایەشدا هاوڕێیەتی مارکس و ئەنگلزیش بوونە ئەو هاوێییەتییە کە هەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی نە بە خۆیەوە دیوەو نە دەیبینێت. ئەمەش لەو دڵسۆزییە هەمەلایەنەدا دەردەکەوێت کە ئەنگڵس بۆ مارکس هەیبوو کە جگە لە هاوبەشی لە داهێنان و داڕشتنی ئەم تیۆرە، بەڵام ئەو هەموو کات ناوی مارکسی لە پێش خۆیەوە داناوەو، سەرەنجامیش دوای مەرگی مارکس تەنها ناوی مارکسی لکان بەم تیۆرەوە.

٢١-٢-٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *