چه‌ند هه‌واڵێکی ناره‌زایه‌تی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری!

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

بەهۆی کەمتەرخەمی لەدابینکردنی سەلامەتی کار بۆ کرێکاران کۆمپانیای مەعدەنی (فێڕست نیکڵ) بە ١،٣ ملیۆن دۆلار سزا درا !

تۆنتاریۆ/ کەنەدا

لەبەرئەوەی دوو کرێکاری کۆمپانیای( فێڕست نیکڵ) لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست دا، وەزارەتی کار سزای ئەو کۆمپانیایەی دا بە١،٣ ملیۆن دۆلار واتە ملیۆنێک و سێ سەد هەزار دۆلار.

کۆمپانیای فێرست نیکڵ لە کانەکانی لۆکەربی لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا کار دەکات. لە٦ ئایاری  ٢٠١٤ دا دوو کرێکاری ئەو کۆمپانیایە لە کاتی کارکردندا هەندێک شتی ناوکانەکە دەڕوخێ بەسەریانداو لە ئەنجامدا هەردوکیان دەمرن. دوای چوارساڵ لەو ڕووداوە کۆمپانیاکە درا بەدادگا لە لایەن وەزارەتی کارەوە، و لە ئەنجامدا لە ڕۆژی فێبروەری ٢٠، ٢٠١٨ دا دادگا سزای ئەو کۆمپانیایەی دا بە بڕی١.٣  ملیۆن دۆلار . شایەنی باسە ئەو بڕە پارەیە تەنها لەبەر ئەوە بووە  کە ئەو کۆمپانیایە کەمتەرخەم بووە لە پەیڕەوی کردنی یاساکانی سەلامەتی کرێکاران .  کۆمپانیاکە دەبێت مافی ئەو دوو کرێکارەش بدات کە گیانیان لەدەستداوە.

شایەنی باسە کە هەمان دادگا سزای زیادەی تریشی سەپاند بە سەر ئەو کۆمپانیایەدا بە ڕێژەی ٢٥٪ ی کۆی ئەو پارەیە. ئەو زێدە پارەیە بە پێی یاسای تایبەتی ئەوهەرێمە بەکاردەهێنرێت بۆ هاوکاری قوربانیانی دەستی تاوان .هەروەها دادگا  کۆی ئەو سزایەی دابەشکرد بەسەر شەش بواری پاراستنی سەلامەتی کاردا،  کە کۆمپانیای فێرست نیکڵ شکەستی هێناوە لە پەیڕەوی کردنیاندا:

١- کۆمپانیاکە پاکوخاوێنی ناوکانەکەی ڕانەگرتووە و دڵنیایی نەداوە لە هاتنەدەرەوەی ئاو کە ژیانی کرێکاران دەخاتە خەتەرەوە. ئەوەش بە پێچەوانەی یاسای ژمارە ٨٧(١) ا ی یاسای کار دادەنرێت . بۆیە ٢٥٠ هەزار دۆلارلە کۆی سزاکە لەبەر پێشێلی ئەو یاسایە بووە.

٢- کۆمپانیاکە کەمتەرخەم بووە لە پەیڕەوی کردنی یاسای کوالیتی کۆنتڕۆل لە ژێرزەمین و ناو کانەکەدا. ئەمەش پێچەوانەی یاسای ژمارە ٧٣(١) ی یاسای کارەو هەر بۆیەش لە کۆی سزاکە ٣٥٠ هەزار دۆلاری لەبەر ئەو یاساییە بووە.

٣- کۆمپانیاکە هیچ دۆکیومەنتێکی نووسراوی نەبووە کە بیسەلمێنێت کە شفتی کاری پێشووترکە کاریان تەواو بووە ئاخۆ شوێنەکەیان پاک کردۆتەوەو سەلامەت بووە بۆ کارکردن تێیدا ؟. ئەمەش  بە پێچەوانەی یاسای ژمارە (٦٤) ١ برگەی ا دادەنرێت. بۆیە ٣٠٠ هەزار دۆلاری لەبەر پێشێلی ئەو بڕگەیە بووە.

٤- کۆمپانیاکە کەمتەرخەم بووە لە بوونی دۆکیومەنت بەشێوەی نووسراو. بۆ نموونە پیشانی بدات کە کام شوێنە ئامادەی تەقاندنەوەیە و کام شوێنەش پوچەڵکراوەتەوە. نەبوونی دۆکیومەنتی نووسراویش بۆ هەر کۆمپانیایەک پێچەوانەی  یاسای کاری ژمارە ٢١(٥) گ . بۆیە ١٠٠ هەزار دۆلارلە سزاکە لەبەر ئەوە بووە.

٥- لاوازی پەیوەندی نێوان بەشی تەندرووستی سەلامەتی کارو کرێکاران. بێئاگابوونی سەرپەرشتیاران لە کاری کرێکاران. نەبوونی گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان بەشەکاندا. بۆ نموونە کام شوێنە سەلامەتەو کامیانیش بۆ کار سەلامەت نییە. ئەمەش پێچەوانەی یاسای کاری ژمارە (٦٥) ١ بۆیە ١٥٠ هەزار دۆلاری لەبەر پێشێلی ئەو یاسایە بووە.

٦- کۆمپانیاکە پێش دەستپێکردنی کار،  شوێنی کارەکەی تاقی نەکردۆتەوە تابزانێت بارودۆخی سەلامەتی چۆنە. ئەمەش بە پێچەوانەی یاسای کاری ژمارە (٦٦) ١ دادەنرێت . بۆیە ١٥٠ هەزار دۆلار لەو سزایە لە بەر پێشێلی ئەو بڕگەیە بووە.

جێگەی باسە کە ئەو سزایە بە گەورەترین سزای دادگا دادەنرێت لەبەرامبەر کانەکاندا. ئەو کانە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە داخستن و بە یەکجاریش لە ساڵی ٢٠١٦ دا  لە لیستی کارکردندا لابرا. وە لەدادگاشدا کەس نەبوو نوێنەرایەتی ئەو کانە بکات.

حکومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا دەستی کردووە بە دادگایی کردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە کەمتەرخەمن لە دابینکردنی کەشێکی تەندرووست و سەلامەت بۆ کرێکارەکانیان.

هەرێمی ئۆنتاریۆ/ کەنەدا

بۆڵیتنی دادگا/ فێبروەری ٢، ٢٠١٨

وەزارەتی کاری حکومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا

جێگەی باسە کە حکومەتی هەرێمی یۆنتاریۆ کە لیبڕالەکان سەکردایەتی دەکەن هەر لە مانگی فێبروەری ئەمساڵدا چەندین کۆمپانیایان  لەسەر کەمتەرخەمیان لە دابینکردنی سەلامەتی شوێنی کار بۆ کرێکارەکانیان، دا بە دادگاو سزاش دران.

لە فێبروەری ٢٠، ٢٠١٨ دا کۆمپانیای فێرست نیکڵ  لەلایەن وەزارەتی کارەوە درایە دادگاو بە بڕی یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار دۆلار سزا درا . هەروەها بە بڕی لە ٢٥٪ ی کۆی ئەو پارەیەش سزای زیادە درا بۆ هاوکاری کردنی قوربانیانی کار. سەرباری ئەوەی کە ئەو کۆمپانیایە دەبێ مافی ئەو کرێکارانەش بدات کە زیانیان بەرکەوتووە .

هەروەها هەردوو کۆمپانیای (پی جی سی) خزمەتگوزاری بە ١٢٥هەزار دۆلارو  کۆمپانیای تەعمیڕاتی (کەی لایین) بە بڕی ١٦٠ هەزار دۆلار سزا دران. هەردوو کۆمپانیاکەش سەرباری ئەو سزایە دەبێت هەم مافی کرێکارە زیان لێکەوتووەکان بدەن و هەم سزای ٢٥٪ ی کۆی ئەو سزایە بدەن بۆ هاوکاری قوربانیانی دەستی تاوان لەو هەرێمەدا.

ئەو دوو کۆمپانیە تاوانەکانیان ئەوە بووە کە نەیان توانیوە سەلامەتی تەواو بۆ کرێکارەکانیان دابین بکەن . لە ٢٤ی نۆڤەمبەری  ٢٠١٥ دا کرێکاریکی ئەو دو کۆمپانیایە بەهۆی ئەوەی وایەرێکی کارەبایی کەوتووە بەسەریدا و گیانی لەدەست داوە. بۆیە هەر ئەوکاتە تاونبارکران لەلایەن وەزارەتی کارەوە، و لە ڕۆژی١٥ فێبروەری ٢٠١٨ دا دادگایی کران و دادگاش بڕی ٢٨٥ هەزار دۆلاری بەسەردا سەپاندن بەهەردووکیان.

شایەنی باسە ئەو کۆمپانیایانە بە پێی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی تایبەتی لە لایەن وەزارەتی کارەوە بەوە تاوانبارکران کە کەمتەرخەم بوون لە دابینکردنی سەلامەتی و کەشێکی تەندرووستیان بۆ کرێکارەکانیان دابین نەکردووە لە شوێنی کاردا. هەر بۆیەش وەزارەتی کاری سەر بەحکومەتی ئۆنتاریۆی کەنەدا ئەو کۆمپانیایانەی دایە دادگا و دادگاش یاسای کاری جێبەجێکرد بەسەریاندا.

هەروەها دیسان کۆمپانیای (دیتوەر گۆڵد کۆڕپەڕەیشن) بە بڕی حەفتا هەزار دۆلار لە لایەن دادگاوە سزا درا. تاوانی ئەو کۆمپانیایە ئەوە بووە کە گەڵابەیەکی سەربەو کۆمپانیایە لە کاتی کارکردندا وەرگەڕاوە، و  لە ئەنجامیشسدا کرێکارێکی بریندارکردووە. وەزارەتی کار دەڵێت ڕێگاکە هیچ بەربەستێکی لێ نەبووە تا گەڵابە وەرگەڕاوەکە بگرێتەوە و نەهێڵێت خلۆر بێتەوە. ئەگەر ئەمەی ببوایە ئەو ڕووداوە ڕووی نەدەدا.

ڕووداوەکە لە٢٤ ئۆگەستی٢٠١٤ دا بووەو لە٢٧ نۆڤەمبەری٢٠١٧دا وەزارەتی کار دوای لێکۆڵینەوە تاوانباری کردن و لە ١ی فێبروەری ٢٠١٨ دا دادگاش سزاکەی بەسەردا سەپاندن.

مانگرتنی مامۆستایان لە جەزائیر بۆ زیادکردنی مووچە، دەبێتە هۆی نیمچە ڕاگرتنی خوێندن، و خوێندکارانیش دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی دەرکراو.

٥ نەقابەی کەرتی پەروەردە ڕۆژی سێشەممە ٢٠/٢/٢٠١٨ بۆ دوەم جار بڕیاری مانگرتنی دووەم جاریان ڕاگەیاند بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکەیان و بەرزکردنەوەی نرخی سەعاتکاری زیادەیان،  بەجۆرێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرانی بگونجێت بۆ هەموو کارمەندانی پەروەردە. شایانی باسە کە ئاستی بەشداریەکانی مامۆستا و کارمەند و کرێکارانی پەروەردە جیایە بەپێی شار و شارۆچکەکان. بەڵام بەگشتی لە نێوان ٤٠%- ٩٠% ە. خوێندکارانی دواناوەندیەکان لە شارەکان بۆ پشتیوانی لە مامۆستا دەرکراوەکان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و هاتوونەتە سەر شەقامەکان. ئەم هەنگاوەش وەک نەقابەکان باسی دەکەن، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەعنەویاتی مامۆستایانی مانگرتوو، بۆئەوەی بەردەوام بن لە ناڕەزایەتیەکانیان تاوەکو گەیشتن بە داواکاریەکانیان.

کرێکارانی ئەمانە لە عەمانی پایتەختی ئەردەن، بەردەوامی دەدەن بە مانگرتنەکەیان بۆ داواکاری یەکسان لە وەزیفە.

بەرپرسانی ئەمانە لە عەممان بێدەنگیان هەڵبژاردوە لەبەرامبەر داواکاری کرێکاران. ٢٠/٢/٢٠١٨ کرێکاران لەبەردەم تەلاری ئەمانەی سەرەکی بەردەوام بوون لە مانگرتن. داواکاری کرێکاران لە ” چاکترکردنی هەلومەرجی ژیانیان”.

بەپێی ڕاگەیاندنێکی کرێکارە مانگرتووەکان کە تێیدا داواکاریەکانیان خستۆتە ڕوو بەم جۆرە” یەکسانی و عەدالەت لە نێوان فەرمانبەران لە مووچە و دەرماڵە، و ئەژمارکردنی دەرماڵەی دەزگاکان، و بەرزکردنەوەی دەرماڵەی ساڵانە، و دەستنەبردن بۆ پاداشتە ڕشتەییەکان لەکاتێکدا کە فەرمانبەر مۆڵەتی نەساغی یان ساڵانە وەردەگرێت، و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون، هەروەها گۆڕینی لیژنەی کاروباری فەرمانبەران، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی بێلایەنانە ڕەفتار ناکەن”. هەروەها بڕیاردان بە لەسەر کردنی ڕۆژی شەممە بە مۆڵەت، هەروەها ڕاگرتنی لێگرتنەوەکان لە مووچەی فەرمانبەران و کرێکار و بەردەستەکان لە نەقابەی شارەوانی و سندوقی خزمەتگوزاریەکان.

کرێکارانی پاڵاوتەکانی نەوت لە عەدەن دەستیانکردە مانگرتن لە کار.

عەدەن/ یەمەن

کرێکارانی پاڵاوتەی نەوتی عەدەن، دوای نیوەڕۆی ٢١/٢/٢٠١٨دەستیان دایە مانگرتن لەکار. ئەوەش دوای ئەوەی جێگری وەزیری دارایی د.مەنسور البەتانی بڕیارێکی سەرۆک وەزیران( ئەحمەد عبید بن دغر)ی جێبەجێنەکرد، لە سەرفکردنی مافی دەرماڵە ساڵانە  دواکەوتوەکانیان. ئەمەش دوای ئەوە هات کە نەقابەی پاڵاوگە داوای مانگرتنی لە کرێکاران کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران. مانگرتنەکە بووەتە هۆی ڕاگرتنی ناردنی پێکهاتە نەوتیەکان بۆ وێستگەکانی سووتەمەنی و خزمەتگوزاریەکانی کارەبا و ئاو. ئەمەش دەبێتە هۆی بڕانی تەزووی کارەبا.

کرێکاران و کارمەندانی هێڵی ئاسمانی فەرەنسی( ئێر فرەنس) ماندەگرن لە کار بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکانیان.

پاریس/ فەرەنسا

ستیڤان پیرێز نوێنەری نەقابەی( هێزی کرێکار) لە فەرەنسا گوتی” ساڵانێکی زۆرە مووچەی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، هەروەها پێشنیاری کۆمپانیاکەمان ڕەتکردۆتەوە کە بە ڕێژەی ١% مووچە بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا کۆمپانیاکە بڕی ١.٥ ملیار یۆرۆی قازانج بووە”.

وابڕیارە فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە ٢٢/٢/٢٠١٨ دەست بدەنە مانگرتن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکانیان بەڕێژەی ٦% لە جیاتی ١%. ئەم مانگرتنەش لەسەر داوای ١١ نەقابە هاتووە کەنوێنەرایەتی فڕۆکەوانەکان و کرێکارانی خزمەتگوزاری ناو فڕۆکەکان و دەستەی کرێکارانی سەرزەوی. بەپێی قسەکانی نەقابەی( هێزی کرێکار) ئەو مانگرتنەی بەشێوەیەک پێناسەکرد کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە وێنەی نەبووە.

ئیدارەی( ئێر فرانس) ڕێژەی بەشداری مانگرتنی بە ٢٨% مەزەندە کردووە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەک لە ناوخۆی کۆمپانیاکە ئاشکرای کردوە کە؛ ڕێژەی فڕۆکەوانە مانگرتوەکان ٣٣% و خزمەتچیانی ناو فڕۆکە بە٣٧% و کرێکارانی… فڕۆکەخانە ٢٦%.  گروپی هەردوو کۆمپانیای فەرەنسی و هۆڵەندی بەیەکەوە( ئێر فرانس – کەی ئێل ئێم) لە ساڵی ٢٠١٧دا قازانجەکەیان بۆ ٤٢% بەرزبۆتەوە کە دەگاتە ١.٤٨٨ ملیار یۆرۆ، ٥٨٨ی لایەنی فەرەنسیەکەیە.

نەقابەکان پرۆژەی ڕێکەوتنی پێشنیارکراو بەڕێژەی ١% کە لەساڵی ٢٠١١ وە نەکراوە ڕەتدەکەنەوە. هەروەها هەندێک لە نەقابەکان هەڕەشەی ناڕەزایەتی دیکە دەکەن، لە کاتی وەڵام وەرنەگرتنەوەیان بۆ داواکاریەکانیان.

لەلایەن خۆیەوە؛ کۆمپانیاکە ئەم زیادەیەی کەداوایان کردوە نابەجێیە، چونکە ٢٤٠ ملیۆن یۆرۆ لەسەر کۆمپانیاکە دەکەوێت. ئاماژەی بەوەدا، کە سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە هەلومەرجی باشترە، بەڵام بەبەراورد بە هەردوو ڕکابەرەکانی وەک( لۆفتانزای ئەڵمانی) ٢ بەرابەر کەمترە، وە بەرامبەر( برتیش ئێراویز)ی بەریتانی ٣ بەرابەر کەمترە.

بە هۆکاری مانگرتن، ئێرفرانس ڕایگەیاند کە ٧٥% ی گەشتەکانی جێبەجێدەکات بەمجۆرە: گەشتە دوورەکان کە لە پاریسەوە دەبن ٥٠%، گەشتە ناوەجیەکان لە پاریس و بەپێچەوانەش بۆ پاریس –شارل دیگۆل٧٥%، و گەشتە کورتەکان ٨٥% دەبێت. ئاماژەشی بەوەدا کە ڕەنگە دواکەوتن لە هەندێک لەگەشتەکان ڕووبدات. بۆیە داوای لە گەشتیارانی کردوە کە بۆ دڵنیا بوون چاودێری کاتەکانیان بن لە ماڵپەڕی سەرەکی کۆمپانیاکە، لەکاتی ڕوودانی گۆڕانکاری لە کاتی گەشتەکەیان، بەبێ ئەوەی پارەی زیادە بدەن بۆ ئەو گۆڕانکارییە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *