لە کۆبانێ وە بۆ عەفرین… لە داعشەوە بۆ ئەردۆغان!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کە داعش بە پشتیوانی تورکیا هێرشی کردە سەر کۆبانێ، داعش لەوپەری هێزی خۆیدا بوو، پەلاماری هەر شارو ناوچەیەکی ئەدا هۆلاکۆ ئاسا رایدەماڵی و وێرانی دەکرد، هێزو لەشکرو سوپای تەیار بە مەشق و چەک و جبەخانە، رایان دەکرد و تێکدەشکان. ترس و سامی داعش و دڕندەییەکەی سنوری نەدەناسی، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگری ژنان و پیاوانی کۆبانێ، شکستی خوارد. لەوەش واوەتر تەلیسم و ترس لە داعش تێکشکا و دنیاش سەراسیمەی ئازایەتی و خۆراگری کۆبانێ بوون. دنیای نەفرەتهەڵگر لە ئیسلامی سیاسی و داعش و کۆنەپەرستی دوای ماوەیەک لە خۆراگری خەڵکی کۆبانێ کەوتنە هاوسۆزی دەربرین و پشتیوانی نیشاندان لە خۆراگری خەڵکی کۆبانێ و سەرئەنجام و دوای ماوەیەک داعش تێکشکا. خۆراگری کۆبانێ زۆر لایەنی وەکو ئەمریکاو غەربی ناچار کرد، کە بێنە ناو جەنگەکە و هاوکاری هێزەکانی کۆبانێ بکەن… کەئامانجیان ئەوە بوو لەلایەکەوە سەرکەوتن بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن و ئاکامی ناشێلگیریان لە جەنگی دژی داعشدا بشارنەوە و لەلایەکی تریشەوە خۆیان ئاوێزانی ناو هاوسۆزی و پشتیوانی جەماوەری ئازادیخوازی دنیا دژ بەداعش، بکەن. تەنانەت ئەگەر بۆیان کرابا، ویستیان بوو ئەو سەرکەوتنە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن و ئەم سەرکەوتنە لە هێزە خۆراگرەکانی کۆبانێ و رۆژئاوا بدزن.

دیارە کاتێک کە داعش تێکشکا لە جەنگی کۆبانێ، لەگەڵ خۆیدا پەیام و نەخشەو سیاسەتەکانی پشت داعشیشی، مایەپوچ و توشی شکست کرد، لەو نێوەدا تورکیای هاوکاری ئاشکرای داعش قوربانی یەکەمی ئەو شکستەی داعش بوو لە کۆبانێ. تورکیا ئەو کاتە لەرێگای داعشەوە دەیویست ئەزمونێ کانتۆنەکان بەهێرش بۆسەر کۆبانێ تێک بشکێنی و رۆڵی خۆی لە سوریادا، بەرجەستەو هەیمەنی خۆشی زاڵ بکات. ئەم پەیام و نەخشە دوژمناکارانەیەی تورکیا، بە تێکشکاندنی داعش داڕما و بەشوێنێک نەگەیشت… هاوکات سەرکەوتنی خۆراگری کۆبانێ، کە بەرهەمی رێکخراوبوون و پشت بەخۆبەستن بوو، بەرهەمی بەرگریکردن بوو لە ژیان و گوزەران و مافە بەدەستهاتووەکانیان، بەرهەمی تێپەراندن و پشت کردنە کوردایەتی و بەرگریکردن بوون لە ماف و ئازادییەکان و ناسنامەی هاوڵاتی بوون، بێگویدانە ئینتیما دینی و قەومی و مەزهەبی و… ئەمەش ئەزمونێکی گەورەی ئازادیخوازی خستە سەر خەرمانەی بزوتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی دنیا و بووە دەستکەوتێکی گەورەی مێژووی هاوچەرخ…

ئەم جارەیان تورکیا، لەدوای تێکشکانی سەربازی داعش و لە دۆخی دوای داعشدا، هێرشی هەمەلایەنەی سەربازی و بەهاوکاری هاوشێوەکانی داعش، بۆسەر عەفرین دەستپێکردووە و نزیکەی مانگ و نیوێکە درێژەی هەیە… لەو ماوەیەدا هێزەکانی تورکیاو هاوپەیمانە داعشیەکانی، نەک نەیانتوانیوە پێشرەوی بکەن، بەڵکو توشی هەمان ئەزموونی کۆبانی بوونەوە. روبەرووی خۆراگری و ئیرادەی پشت بەخۆبەستووی خەڵکی عەفرین بوونەتەوەو رۆژانە هەوڵی شکست و ریسواییان بڵاودەکرێتەوە… ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر لەهێرش بۆسەر کۆبانێدا ئەمریکا و هاتە سەر خەت و تا رادەیەک هاوکاری هێزەکانی کۆبانێی کرد، ئەمجارەیان بێدەنگەی هەڵبژاردووەو روسیاش بە ئاشکرا گڵۆپی سەوز و پشتیوانی بۆ دەوڵەتی تورکیاو ئەردۆغان هەڵکردووە… کەچی دیسان ئیرادەو پشتبەخۆبەستن، بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانیان و مافەکانیان، خەڵکی عەفرینی کردۆتە هێزی ئومێد بەخش و لایەنی سەرکەوتوو لە جەنگێکی نابەرابەر و درندانە لەگەڵ یەکێک لە هێزە گەورەکانی ناتۆ…

داعش هێزێکی درندەی راگوزەری مەئموریەت پێدراو بوو، بۆ گێرانەوەی شکست و شکۆی  شکێنراوی ناسیونالیزمی عەرەبی سونی، لەبەرامبەر بە قەڵەمرەوی ئیران لە ناوچەکەو لە عێراقدا، پێکهێنرابوو… وە خاوەنی پشتیوانیەکی ئاشکرای نێودەوڵەتی و دەوڵەتی و ناوچەیی بوو… بەڵام بەر لە سەرکەوتن و کۆتایی هاتنی مەئموریەتەکەی، تا ڕادەی کۆتاییهاتنی، تواناو هێزە سەربازییەکەی تێکشکێنراوە… و لەو نێوەشدا  گورزێکی گەورە بە رژێمی فاشیستی و قەوم پەرستی تورک و ئەردۆغانی سەرەزلی و و هاوکارەکانی لە ئاستی ناوچەکەو دنیا کەوتووە. بە داکوژانی رۆڵی داعش، ئایندەی داکوژانی سیاسەت و نەخشەو خەونە نەزۆکەکانی تورکیا، ئەگەر و راستیەکی کەمەرشکێنی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام هێشتا ئەوە هەموو حیکایەتەکە نییە، تورکیا وڵاتێکی گەورەیە لە پانتایەکی پر کێشەو ئەزمەگرتوی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە… ئەردوغان هەڵگری هەمان پەیامی داعشە چ لەناوخۆی تورکیا و چ لە دەرەوەی تورکیادا.. ئەردۆغان دەمێکە کار لەسەر بۆ بە ئیسلامی کردنی تورکیا، بە یاساییکردنی ریساو قەوانینە دینیەکان دەکات، خەونی زیندوکردنەوەی پان ئیسلامیزمی هەیە کە خۆی سوڵتانی ئەم پان ئیسلامیە بێت… جگە لەوەش خەونی بوون بە هێزێکی کاریگەری و زاڵ بەسەر سیاسەتی ناوچەکەیدا هەیە، دەیەوێت کاراکتەرێکی سیاسی ناوچەیی بێت، بۆیە ئوڵفەتی بە دەستێوردان و ملهوری نواندنی لە ناوچەکەدا، گرتووە. چ لە عێراقدا ئامادەیی سەربازی و دیبلۆماسی و هەیە و چ لە سوریادا لەرێگای هێزەکانی هاوشێوەی داعش و کۆکراوە لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریای ئازاددا، دەستێوەردانی چەند ساڵەی هەیە، هاوکات خاوەنی غرورێکی زۆرە بەو هۆیەوە خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی سەربازییە… وەکو ستون نووسێکی تورک دەڵێت: “هەر هاوڵاتیەکی تورکی ٣ نارنجۆکی بەر دەکەوێت، کەچی هەر هاوڵاتیەک تەنها نیو حەبی ئەسپرینی بەردەکەوێت، کە هەرزانترین حەبی ژانە سەرە، هەروەها هەر ١٠ هەزار هاوڵاتی دوو تانکیان بەردەکەوێت، لە بەرامبەردا بە ١٠ هەزار هاوڵاتی تەنها یەک بنکەی تەندروستیان هەیە” ئەوە لە کاتێکدایە داهاتی تورکیا هەرگیز لە ئاست ئەو جبەخانە سەربازییەدا نییە…

رژێمی تورکیا… خاوەنی خەونی زۆر و تەماحی زەبەلاحە، داعشێکی مەرسیدارتر لە داعشی تەمەن لە کۆتاییدایە، ترسی لە داعشی سیستەمی سیاسی تورکی ئێستا و هەوڵەکانی بۆ داسەپاندنی یاساو ریسای قورعانی لەناوخۆی تورکیادا، ترسێکی حاشاهەڵنەگرە. سەرکوتگەری ئەم داعشیەی رژیمی تورکیا، بەشوینێک گەیشتووە، کە زیندانەکان سیخناغ لە نەیارانی سیاسی و رەخنەگرانی رژیمی فاشیستی تورکیان… هێرش بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان، لە داخستنی سەدان دەزگاو کەنالی میدیایەوە تا سەندنەوەی مافە فەردی و مەدەنیەکان، بنکۆڵکردنی بنەماکانی عەلمانیەت، داسەپاندنی بریاری ئیسلامی، تەسفیەو پاکسازی هەمە لایەنە بە تایبەتیش بەدوای کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦دا، دەستکاری کردنی دەستور و هەوڵ بۆ گێرانەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و سپاردنی دەسەڵاتی رەها بە سەرۆک… گۆشە بەگۆشەی ئەو هێرشانەن کە رژێمی تورکیا لە ناوخۆیدا وەرێیخستووە… لە بەرامبەر بە رەخنەگرانی لە جەنگی سەر عەفریندا، بەسەدان کەس لە نووسەرو چالاکوانی سیاسی و میدیاکار و هونەرمەند… دەستبەسەر و زیندانی کراون. تورەیی و نەفرەتی جەماوەری قوڵپ دەدەت، ئەزمەی ئابوری بەردەوامە، نەیارانی سیاسی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی تورکیادا، لە هەڵکشاندان. دۆخی ناو تورکیا و زوربەی شارەکان نائارامە، سنورەکانی هەمیشە لەبەردەم هەرەشەدان، پێگەی لە عێراقدا، لاوازو بێ کاریگەرە، لە سوریادا و بەهۆی کەوتنی داعشەوە، خەونی داعشی خۆی بەرەو رەوینەوەیە، لە کۆکردنەوەی دەستکەوتی دوای داعش و مانەوەی رژێمی ئەسەدا، ئەو جێگایەکی نییەو دەستکەوتێک ناپچرێ، لە ئاستی دنیادا تەریک و بێزراوە. دەستێوردان لە سوریا و جەنگ و هێرش بۆ سەر عەفرین و ئەزموونی رۆژئاواو دەسەڵاتی خۆ بەرێوەبەری، هەموویان ئاکامی شکستن نەک سەرکەوتن، رێگایەکن بۆ خاڵی کردنەوەی ئەزمە، لەکاتێکدا ئەزمە خوڵقێنن… رژێمی تورکیا دەیەوێت، جێگۆركی بە ئەزمە بکات، بەڵام ئەزمەی سیاسی و حکومەتی، وەکو وەرمی سەرەتانی بڵاودەبنەوە. جەستەی نەخۆشی سیستەمی نەخۆشی و لاوازی تورکیا، داغان تر دەکات. تورکیا لە کۆبانی کەوت، لە عەفرین خراپتر دەکەوێت و کاریگەری کەوتن و شکستەکەی، زۆر بەر بڵاو و فراون لەسەر دەسەڵات دەبێت. سەرەتای داکوژانی داعشی تورکیش لە ناوخۆی تورکیا دەست پێدەکات.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *