من خاوەنی لەشی خۆمم…

نووسینی: لاوژە جەواد 

چەمکی خۆم خاوەنی لەشی خۆمم چەند دەیەکە لەلایەن بزوتنەوەی ژنانەوە  لە سەر ئاستی جیهان هاتوەتە کایەوە، بەتایبەتی لە لایەن بزوتنەوەی فیمینیستی لیبڕاڵ زۆر بەکاردێت.

ئامانجی ئەم دروشمە زیاتر وەستانەوە بووە بەرامبەر کەلتوری پیاوسالاری و خاوەنداریەتی ژن لە لایەن پیاوەوە. دروشمێکی ڕەوا و بە جێگەیەو لە هەمانکاتیشدا زەرورەتی هەیە بۆ پێشخستنی ڕەوتی خەباتی یەکسانیخوازی ژنان و ئازادی کۆمەڵگە، بە بێ سەربەخۆیی تاک بۆ یەکە بە یەکەی دانیشتوانی هەر کۆمەڵگەیەک چ پیاو بێت یان ژن هەوڵدان و قسەکردن لەسەر ئازادی و بەختەوەری لەژێر پرسیار دایە.

بەڵام لەم سیستەمەی ئەمڕۆی جیهان، ئینسانەکان بەگشتی خاوەنی خۆیان نین. کراونەتە کۆیلەی کارو بەرهەمهێنان و نامۆ کراو و لە خۆی، لەم جیهانەدا پێتدەڵێن ئازادی وەک کاڵایەک بژیەیت و فەرموو هێزی کارت بفرۆشە بۆ ئەوەی نان و ژیانت فەراهەم بێت. گرنگ نییە ئەو کارە خوازیاری تۆیە یان نا دەتوانیت ئەنجامیدەیت یان نا گرنگ ئەوەیە سود لە هێزی کارت ببینن. هەر بۆیەش دیاردەی نامۆبوونی ئینسان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبوندایەو لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەبینین ڕێژەی نەخۆشی دەرونی سترێس و خەمۆکی زیاد دەکات. هەر ئەمەش بۆتە هۆکاری زیادبون و بەرزبونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن، ئاڵودەبوون بە ئەلکهول و مادە هۆشبەرەکان. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەسایەی بەتایبەتی سیاسەتی ئابوری نوێی سەرمایەداری لیبرالیزمی نوێ ڕێژەی ئەوکەسانەی کە بێخانەو لانە دەبن و دەکەونە کەناری کۆمەڵگەو ناتوانن لەو سیستەمە خویان بدۆزنەوە لە زیادبوەندایە.

لیبرالیزمی نوێ هەموو شتێک تۆختر وەک کاڵا دەبینێت، هەر ئێستا ئەو پلانانەی دەیباتە پێشەوە بەناوی ئەفێکت یان چالاکترکردنەوە خەریکە کەمترین کات بۆ ئەوکەسانە دەهێڵێتەوە کە هێزی کاریان دەفرۆشن ناچارن بەهەمان کرێ دوو بەرامبەری ساڵانی پێش قەیرانی ئابوری جیهانی کاربکەن، پێشتر  و لە شوێنی تر ئیشارەتم پێداوە کە ژنان لەم نێوەدا بەشی زۆریان بەردەکەوێت و خەمۆکی لەنێویاندا لە پەرەسەندندایە١.

لیبرالیزمی نوێ و گلوباڵیزەیشن بەجیهانیبونەوە چۆن سودی لە (خۆم خاوەنی لەشی خۆمم) وەرگرتوەو کردویەتیە وەسیلەیەک بۆ پەرەدان بە بازرگانی و قازانجی زیاتری سەرمایە؟

لە زۆر بواردا سود لەم شیعارە وەرگیراوە، بەڵام من دەمەوێت ئیشارەت بە سێ خاڵی زۆر بەرچاو بدەم کە ئەمڕۆ لە جیهاندا دەگوزەرێت.

یەکەم: بازرگانی سێکس و کۆیلەداری سێکسی *

هەژاری و بێدەرەتانی، جەنگ و ماڵوێرانی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بەتایبەتی لە ئەفریقاو بەشێک لە ئاسیای ناوەڕاست و خوارودا و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە ژنانێکی یەکجار زۆر ناچارن کە لە پێناو دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و قوتی دەمی منداڵەکانیان بەشوێن شانسێکی تردا بگەرێن تا کاربکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆمپانیا بەناوی کۆمپانیای کار هەن کە دەتوانن ناوی خۆیانی لێ تۆماربکەن بۆ ئەوەی شانسی کاریان لە وڵاتانی تر دەسکەوێت. ئێمە لە کوردستان لە ساڵانی ڕابردودا شاهیدی چەندین کرێکاری هاتوی لەمجۆرە بووین کە بەتایبەتی ژنەکانیان لە ماڵان زۆربەیان لەژێر بارودۆخێکی یەکجار خراپدا کاریاندەکرد.

هەندێک لەم کۆمپانیایانە  ئەو ژن و کچانە دەخڵەتێنن بەناوی کارەوە دەیانهێننە وڵاتانی ئەوروپی و دەیان هەزار ئیرۆ دەنووسن لە سەر تێچوی سەفەرەکەیان، هەموو پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانیان زەوت دەکەن و ملکەچی بازاڕی ڕەشی لەشفرۆشیان دەکەن بۆ پاشەکەوت و گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان، هەندێک لەو بازرگانانە خۆیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقایین و لەو جادوکەرانەن کە پێیان دەگوترێت جەوجەو(جۆرێکە لە ڕەبانی و شێخ) لەو وڵاتانە وا فێرکراون کە نوشتەو جادوی ئەم پیاوە “موبارەکانە” دەتوانێت ژیانی خۆتان و کەسوکارتان لەناوببات. جادوو نوشتەکانیان  پیشانی ئەو کچە داماوانە دەدەن کە بەو شتە پڕوپوچانە گۆشکراون و هەڕەشەیان لێدەکەن، دەڵێن ئەگەر بە باشی ئیش نەکەن ئەو ئەو جادوە دژی کەسوکارتان بەکاردەهێنین و هەموویان لەناو دەبەین.

سەرشەقامی شارە گەورەو پایتەختی وڵاتانی ئەوروپا کە بازرگانی سێکسی تێیدا ئازادە شەوانی شەممەو یەکشەممە ژمارەیەکی بەرچاو لە کچانی ئەفریقی، ئەوروپای شەرقی، فلیپینی و ….تاد بەرچاو دەکەوێت کە لەژێر خراپترین بارودۆخدا لەسەر شەقامەکان دەیانەوێت سەرنجی موشتەری ڕابکێشن. ئەگە رلێیان بپرسیت دەڵێن خۆم خاوەنی لەشی خۆمم و بڕیاری ئەم کارەم داوە، بەڵام لە ڕاستیدا باندو کۆمپانیا لەپشتیانەوە وەستاون. جاروبار یەکێکیان یاخی دەبێت یاخود ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوەو دەتوانێت ڕزگاربێت و ناچارە بێتە پێشەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان راستییەکان بدرکێنێت کە بۆنمونە ئەگەر شەوێک موشتەریان کەم بووبێت سزا دراون و ماوەی هەفتەیەک کاندۆمیان پێنەدراوە.  بەزۆر ناچارکراون لەلایەن چەند پیاوێکەوە بە وەحشیانەترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت و ناچار بە شتێک دەکرێن کە دژی ئارەزو و  بنەمای ڕەوشتی خۆیان بووە. چەندیان گیان لە دەستدەدەن و بەبێ ئەوەی کەس بزانێت باندەکان چی لەتەرمەکەیان دەکەن! کاتێک باسی مەعانات و ناخی خۆیان دەکەن  هیچ کەس ناتوانیت خۆی لەبەر ئازارەکانیان بگرێت. دۆخیان لەو قوربانیانە باشتر نییە کە لە کتێبەکەی بەڕێز خەندان حەمە جەزا( ئۆقیانۆسێک لە تاوان) لە کوردستان هاتووە.

ژنان و کچانێکی گەنجی زۆر لەژێر بارودۆخێکی یەکجار خراپ کە بۆنمونە لە وڵاتی نەیجریا هەیانە (کە پیشتر لەشوێنی تردا بەتایبەت باسی دۆخی ژنانی نەیجریام کردووە) ٢ دەیانەوێت لەم وڵاتە ڕزگاربن و بەرەو ئەوروپا بێن، بەڵام بێ پارەیی یەکێکە لە ڕێگرییەکان، چەند باندێک هەن ماوەی شەش مانگ کاری لەشفرۆشی بەو ژنانە دەکەن بۆ ئەوەی بە کەشتی لە دەریای ناوەڕاستەوە بیانپەڕێنەوە بۆ ئیتاڵیا. هەندێکیان ناچار دەکەن بەوەی ئەگەر شانسیان هەبوو گەیشتنە ئیتاڵیا و نەبوونە خۆراکی ماسییەکانی دەریا ئەوە دەبێت لەوێش هەمان کار بۆ باندەکان بکەن.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو هەموومان شاهیدی هاتوهاواری میدیاکان بووین کە لە لیبیا چی ڕودەدات و قوربانیانی جەنگ کە دەیانەوێت بەرەو شوێنێکی ئارام بپەڕنەوە چۆن دەبنە قوربانی دەستی باندەکانی بازرگانی بە ئینسان و کۆیلایەتیان پێدەکرێت!.

دووەم: بەکرێدانی منداڵدانی ژن!

ئەمڕۆ زانست و تەکنۆلۆجیا ئەوەندە پیشکەوتووە زۆر ئاسان دەتواندرێت منداڵ لە دەرەوەی ڕەحمی ژن دروست بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی ژن کاڵایەکی هەرزانترەو تێچونی کەمترە ئەم ڕێگەیان هەڵبژاردوە.

ماوەیەکە بەکرێدانی رەحمی ژن یەکیک لە دیاردەکانی ئەمرۆی جیهانی سەرمایەداریە. ساڵانی ڕابردوو تاک وتەرا خەڵک یەکتری دەدۆزیەوەو بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین پارەیەکی دەدا بەژنێک بۆ ئەوەی منداڵی بۆ هەڵگرێت، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە ئەم بازرگانییە بە کۆمپانیا دەکرێت.

لەو خێزانانەی کە خوازیاری منداڵن بە هەر هۆکارێک بێت ژنەکە توانای بوونی نییە، هێلکەی پیاوەکە وەردەگرن و لە رەحمی ژنێکدا دەچێندرێت بۆ دروستبونی منداڵ. دیارە ئەم کارە لە کلینیکی تایبەت بەڕێوە دەچێت. کاتێک کە ئەو ژنە منداڵەکەی دەبێت بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە نێوانیان هەیە مافی بەسەر ئەم منداڵە نییەو دەبێت ڕادەستی ئەو خێزانەی بکات، تەنانەت ناشیبینێت. لە کاتێکدا زەحمەتی زۆری پێوەی کێشاوەو بەشێک لە لەشی خۆیەتی و خۆی دروستیکردوە. دیارە هەموو کەسێک ئازادە کە چۆن دەیەوێت منداڵی ببێت و لەگەڵ کێ، بەڵام ئەم جۆرە دەچێتە قاڵبی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ئینسان. بەڵام دیسانەوە هەژاری ودەستەنگی ملکەچی دۆخێکیان دەکات کە پارچەی لەشی خۆیان بە پارە بگۆڕنەوە و دواتریش دەڵێن من خاوەنی لەشی خۆمم و بە ئارەزوی خۆم ئەم منداڵە دەدەمە ئەو خێزانە!

هۆریسۆنت پڕۆگرامێکی دۆکۆمانتی کەناڵ فەرمی دانیمارکە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لە ساڵی ٢٠١٦ کە لە یۆنان کلینێکی لەمجۆرە هەیە کە بەهۆی قەیرانی ئابوری بەتایبەتی لەم وڵاتە ئەم کارە بەڕێوە دەچێت هەرچەندە ئەم کارە بەرامبەر پارە نایاساییە بەڵام کەلێنیکی یاسایی کراوەتەوە بۆی! بۆنمونە تا بڕی 10 هەزار یۆریۆ یاساییە بەرامبەر هەقی دوگیانی بدرێت بە ژنەکە، بەڵام بەناوی خەڵات و پێشکەشکردنی، بەڵام تەنها بری  2 هەزارو ئێریۆ دەدرێتە ژنەکە. ئەم کلینیکە بۆی نییە بەئاشکرا ڕیکلام بۆ ئەم بازرگانیەی بکات ، بەڵام دەڵاڵی لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاوکردۆتەوە کە کاری بۆ دەکەن و بانگەوازی بۆ دەکەن، بەتایبەتی لەناو خێزانە داراکانی وڵاتی چین کە منداڵیان نابێت ئەم کلینیکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردێت و قوربانیەکانی زۆربەی ژنانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن کە بۆ کارکردن چونەتە یۆنان و دوای قەیرانی ئابوری ساڵانی ڕابردوو شانسی کارکردنیان نەماوەو بەهۆی بێکاریەوە ژیانێکی نالەباریان هەبووە.

یەکێک لەو ژنانە کە خەڵکی یوگسلاڤیا بوو باسی لەوە دەکرد کە دوو ساڵە لەسەر یەک چاندنی بۆ دەکرێت تا چوار ساڵ ئەم شانسەی هەیە کە ساڵی جارێک ڕەحمی بەکرێ بدات دوای ئەوە بەهۆی چونە سەری تەمەنی ئەگەری هاتنە خوارەوەی کوالەتیتی هەیە. ئەو کارە بۆیە دەکات لەبەرئەوەی کچێکی دە ساڵانی هەیەو یۆنان بە وڵاتی خۆی دەزانێت بۆ ئەوەی بتوانێت مەسرەفی کچەکەی بکات و دواڕۆژێکی باشی بۆ دابین بکات ناچارە ئەوکارە بکات، کاتێک شانسی کاریتری نییە. وە هەروەها دەیوت” ئەم منداڵە بەشێکە لەخۆم و پارچەی جەرگمە، یەکەم ئارەزوم لەکاتی ئازارەکە ئەوەیە کە بیبینم و بیگرمە باوەشم، بەڵام ئەو شانسەم نییە یەکسەر دەست بەگریان دەکەم بەڵام دەبێت ئەوە قبوڵبکەم کە من خۆم ڕەحمم بەکرێداوە، بۆ ئەوەی کچەکەم بژیەنم ئەوانی ترم دەفرۆشم”

سێهەم: من خاوەنی لەشی خۆمم، بۆم هەیە هەموو جۆرە جوانکاریەک بکەم، بۆم هەیە لێوم، لوتم، دەموچاوم، مەمکم، سمتم….. وا لێبکەم کە خۆم حەزم لێیە. هەرچەندە لە ڕوانگەی منەوە ئەمە یەکێکە لە نامۆبوونەکان ئینسان لەخۆی کە لەسایەی… ئەو سیستەمە خۆی و لەشی خۆی قبوڵ نییە وەک ئەوەی کە هەیەو ئەوەی قبوڵکردوە لەبەرئەوەی کە ژنە دەبێت تابلۆیەکی جوانبێت و سەرنجی دەوروبەر ڕاکێشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئینسان مافی خۆیەتی وا دەرکەوێ کە حەزی لییەتی، بەڵام نەکرێتە دەروازەیەک بۆ بەرهەمهێنانی پارە و داڕزاندنی جەستەی مرۆڤەکان وەک چۆن بێ بەزەیانە سروشت تەخریب دەکەن.

یەکێک لە بازرگانیە هەرە بەرچاوەکان کە بەردەوام لە پەرەسەندن دایە بازرگانی جوانکاری لەشە. کە هەموو جۆرە مادەیەکی ژەهراوی سلیکۆنی زیانبەخش بەبێ کۆنترۆڵ و زانیاری پێویست دەکرێنە لەشی مرۆڤەکانەوە، بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشیاری لەبارەی زیانەکانی هەوسار پچراو خەریکە لە کۆمەڵگەکان بڵاودەبێتەوە. من هەوڵمدا لەم مبارەیەوە ئاماریکم دەسکەوێت، بەڵام بەداخەوە ناکام بووم. هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەوە دەگەرێنمەوە کە لەم وڵاتانەی ستاندارتی تەندروستی و کۆنترۆڵ لە ئاستێکی نزم دایە و لێپرسینەوە نییە، لەوە دەچێت لوبنان و ئێران لەوبارەیە ڕیکۆردیان شکاندبێت. تێچونی جوانکاری لە دانیمارک دوو بەرامبەری ئەڵمانیایە بەهۆی ئەوەی کە ستاندارتی ئەو مادانەی لە دانیمارک بەکاردێت بەرزترە تا ئەڵمانیا، بەلام لە لوبنان، ئێران، دوبەی، عیراق و  وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە سەدا بیستی نرخی ئەڵمانیایە. هەر بۆیەش لەم وڵاتانە خواستی زیاتری لەسەرە.

لە جیهانێکدا کە نزیکەی ٦٠ ملیۆن کۆیلەی ڕەسمی هەبێت و ڕێژەی هەرە زۆریان لە ڕەگەزی مێ بن و بازرگانی سێکسیان پێبکرێت و مافیای ئەم کەرتە لە سەرتاسەری جیهان بە بێ بەربەست دەستی ئاوەڵە بێت. وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، داخۆ مرۆڤەکان خاوەنداریەتی خۆیان هەیە؟

دیارە وەک لە سەرەوەش ئیشارەتم پێکرد هەموو ئینسانێک دەبێت خاوەنی خۆی بێت و خۆی بڕیاربدات لەسەر لەشی خۆی، نەهێڵدرێت ژن خاوەنداریەتی بکرێت بەتایبەتی ئەوەی لە ئاینە ئاسمانیەکان دەیبینین و لە وڵاتانی ئیسلامی بەتەواوی بەرجەستە بۆتەوەو هەر ئەم سیستەم و نیزامە لەپێناوی ساغکردنەوەی کاڵاکانی خۆی مێشکی ئینسانەکان بە ئاین قاڵب دەدات و کۆمەڵگە بە ئیسلامیزە دەکات و ژنان تێیدا قوربانی گەورە دەدەن، هەر خاوەنی لەشی خۆمم ئێستا لەلایەن ئیسلامیەکانیش بەکاردێت بۆ فشارخستنە زیاتری سەر ژنان و منداڵانی کچ بۆ داپۆشینی زیاتریان و حیجاب و نیقاب و بوکعە.

ڕاستە دەبێت خۆمان خاوەنی خۆمان بین. بەڵام ئەوەمان بیرنەچێت خاوەنداریەتی ئینسان لە نیزام و سیستەمی سەرمایەداری مانا پەیدا ناکات کە ئینسان کۆیلەی کاری بەرهەمهێنانەو لەخۆی نامۆکراوەو ناچارە هێزی کاری لەپیناوی نان بفرۆشێت. وە لەم نێوەدا زۆربەی دەرگاکان بەڕوی ژناندا داخراوە و یەکێک لەو بوارانەی کە هەر لە کۆنەوە ئاوەڵە بووە بۆ ژنان مەزادکردن لەش بووە، جەستەی سێکسی ژن بۆ ساغ کردنەوەی هەموو کالایەک کە هیچ پەیوەندیەکی دوور و نزیکیشی بە ژنانەوە نییە بەکاریان دەهێنن.

ئامانجی فیمینیستە لیبرالەکان بۆ خاوەنداریەتی ژن و لەشی خۆی بەس نییە و کیفایەت ناکات، دەبێت لەگەڵ ئەم بەرەنگاربونەوە، بەرەنگاری سیستەمی سەرمایەداریشمان بیرنەچێت. ئەوە بزانین تەنها لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کە ئینسان کۆیلەی کاری کرێگرتە نەبێت خاوەنداریەتی خۆبوون بۆ ئینسانەکان مانا پەیدا دەکات بۆیە دەبێت هەوڵمان بۆ باشترکردنی ژیانێکی باشتر بۆ ئینسانەکان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان بێت کە کاری کرێگرتە بسڕێتەوە.

*ئەو زانیاریانەم دەربارەی لەشفرۆشی و دۆخی قوربانیانی لە زنجیرە بابەتێکی ڕۆژنامەی دانیمارکی Information  وەرگرتوە کە خەڵاتی باشترین بەدواداچون و ڕێپۆرتاجی ساڵی 2015ی وەرگرت لە دانیمارک.`

١ http://www.bopeshawa.net/index/?p=1134

٢ http://www.rewend.info/ku/articles/1016-kchani-nejirya.html

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *