دوای ٣٠ ساڵ بەسەر کارەساتی هەڵەبجەدا… کارەساتەکە بەردەوامە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

١٦ی  سێی هەموو ساڵێک، ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەیە. ساڵیادی برینێکی قوڵە بە جەستەی کۆمەڵگەی کوردستان و ویژدانی زیندویی ئینسانەکانی هەسارەی زەویەوە… ساڵیادی ژەهر ڕێژکردنی شارێک و هەموو بوونەوەرێک و ئینسانەکانییەتی بە گەورەو بچوکەوە، بە ژن و پیاوەوە، بەلاو پەککەوتەوە، بەنەخۆش و تەندروستەوە.
٣٠ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی دڕندەی قەومپەرستی عەرەبی بەعسی… لەچوارچێوەی جەنگی کۆنەپەرستانەیدا لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی و مەزهەبی ئاخوندەکانی ئێراندا، هەڵەبجەی کردە گۆرستان بۆ دانیشتوانەکەی. هەڵەبجە لەو جەنگەدا گەورە قوربانییەک بوو، بەڵام ئەمە هەموو حکایەتە مەرگ هەژێن و کارەساتە دڵ هەژێن و تەکاندەرەکە نییە… کارەساتەکە هاوکات حکایەتی جەنگی نێوان دوو بزوتنەوەی کۆنەپەرست و ئینسان کوژی قەومییە… بزوتنەوەی قەومی عەرەبی لەلایەک و بزوتنەوەی قەومی کورد لەلایەکی ترەوە.

بەڵێ لەچوارچێوەی جەنگی کۆنەپەرستانی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا و لە ململانێی نێوان ناسیونالیزمی عەرەبی بەعسی لەگەڵ بزوتنەوەی قەومی کورد، کە لەو ساتەدا ببووە کەوا سوری بەر لەشکری فەتح و سوپای ئاخوندەکانی ئێران… هەڵەبجە کرایە خۆراکی ژەهر، ژەهری کوشندەو ژەهری جەنگی کۆنەپەرستانە.

لەو جەنگەدا بەهەزاران ئینسان گیانیان لەدەستداو بە هەزارانیش بریندار و کەم ئەندام و ژەهراوی بوون… تەنانەت ژمارەیەک لەو قوربانیانە دوای مەرگیان لەلایەن بازرگانانی سیاسەت و کەسانی ویژدان مەیوی کوردەوە، پەنجەو مەچەکیان قرتێنرا بۆ ئەڵقەو بازنەکانی دەستیان، گەردنیان زامدارکرا بۆ ملونکەی ملیان… ئای چ کارەساتێک بوو…
ئێستا دوای ٣٠ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە ئینسانییە جەرگبڕەدا، چ تاوانبارانی جەنگ و تاوانبارانی بەشدار لەو کارەساتەو چ پەنجە و مەچەک بڕ و تاڵانچیانی شاری لەگاز هەڵکێشراو… بەسزای تاوانکارانەیان نەگەیشتوون، بەشێکیشیان لە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردیدا، پێگەی بەرپرسیارێتیان هەیە.
دیارە ساڕیژکردنی برینێکی قوڵ و تراژیدیایەکی کەم وێنە لە دنیای هاوچەرخدا، کاریکی سانا نییە، بە تایبەتیش کە خەڵکی قوربانی لێکەوتوو تا ئێستا تراژیدیای بەڕێوەچوونی ژیان یەخەگیریانە و ژیانیان هەڵدەلوشێ.
سوکبوونی کاریگەریەکانی هەرتراژیدیایەک لەوێوە دەست پێدەکات کە خەڵکی قوربانی لێکەوتوو، زیندووەکان، ژیانیان، گوزەرانیان، ئاوات و ئارەزووەکانیان، لە کەش و دۆخێکی تەندروستدا بێت و زەمانەتی پاراستنی کۆمەڵگە لە دوبارەبوونەوەی تراژیدیاکان مەیسەرکرابێت. کاتێک ئەمە فەراهەم نەبوو تراژیدیاکە بە شێوەی تر درێژەی دەبێت.
خەڵکی هەڵەبجەو هەموو ئەو شوێنانەی بوونە قوربانی دەستی درندەیی بەعس، یان لە جەنگی نێوان بەعس و بزوتنەوەی قەومی کورددا بوونەتە قوربانی، لە ژیانێکی سەخت و مەمرەو مەژیدا ڕاگیراون…

هێشتا هەواڵی گیان لەدەستدانی بریندارانی هەڵەبجە، مۆتەکەیەکەو رادەگەیەنرێت… لەوانەش ناخۆشتر و تراژیدی تر، دۆسیەی هەڵەبجەو کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان بەرگی کەمپەین و ئاکسێۆنی بەبەرداکراوە،

ئێوە تەماشا کەن، جگە لەهەوڵی ماندونەناسانەو ئینسانیانەی ژمارەیەک خەمخۆرو چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی دەستکورت، سەرجەم حزب و ڕێکخراو لایەنە سیاسیەکان ساڵانە چەند رۆژ پێش یادی رووداوەکان و چەند ڕۆژ دوای رووداوەکان، دەکەونە بیری ئەم کارەساتانە.

لەم چەند رۆژەشدا سەرقاڵی پێشوازی لە وەفدی بیانی و میوانانی حزبین، سەرقاڵی فیستیڤاڵ و کۆرو سمینارو شانۆ نمایشکردنن….. جگە لەمە هیچی تریان نییە بۆ وتن و کردن. باقی ساڵەکە باسێک، بەدوادا چونێکی جدی، ئاوڕدانەوەیەکی بەنەخشە، خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە بۆ زیندووەکان لەبەرنامەیاندا نییە.

تا ئێستا بۆنی غازی کوشندە، بۆنی لمی بیابان، لە جەستەی ئینسانی و تاکی زیندوی خەڵکی کوردستان دێت. چەند کیلۆمەتر ئەولای مۆنیمێنتەکان کەلاوەو داروخاوە، بەسەدان کەس لە بریندارانی ئەم کارەساتانە لە چاوەڕوانی مەرگی شێنەییدا ڕاگیراون.
ئەم بێدەربەستییە و نابەرپرسیاریەتییە کاریگەری تراژیدیاکە هەموو ساتە وەختێک دەمە زەرد دەکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو کارەساتە جەرگبڕو کۆمەڵکوژیەکان کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە لە جەرگەو کێشمەكێشی نیوان ڕژێمی بەعس و حزب و لایەنەکانی بزوتنەوەی قەومی کورددا بووە.

سەرانی بزوتنەوەی قەومی کورد لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بزوتنەوەی بۆرژوازی کورددا هەمیشە تراژیدیاو کارەساتەکانی خەڵکی کوردستانیان وەکو سەرمایەکی سیاسی بەدەستەوە گرتووە بۆ سازان و پچرینی بەشی سیاسی.

لەهەموو دانوسان و سازانەکان و رێکەوتننامەکان و هاوپەیمانیەتیەکانیاندا، فایل و کەیس واتە” پەروەندە” ی تاوانە زنجیرەیەکانی وەکو، کیمیاباران، ئەنفال راگواستنی بە کۆمەڵ، ناپاڵم داباراندن، بەخاککردنی شارو شارۆچکەو هەزاران گوند،…لە ژێر باڵی سەرانی بزوتنەوەی قەومی کورد بووە.

 

هاوکات هەر ئەوان بەدەیان تەن بەڵگەنامەیان دەست بەسەرا گرتووە کە دەتوانرێت لە رێگایانەوە تاوانباران و نەخشەڕێژان و هاوکاران و سەرجەم بەشداربووانی ئەم تاوانە زنجیرەیانە دەستنیشان بکرێن و بدۆزرێنەوە، کەچی نایانەوێت تاوانبارانی ئەم تاوانکارییانە و باگراوندی ئەم کارەساتانە ئاشکرا بکرێن.

لەوەها وەزعیەتێکدا، کە برسێتی و گرانی و بێکاری و لانەکردنەوە لە کەس و کاری قوربانیان و بریندارانی کارەساتی هەڵەبجە بەردەوامەو دەسەڵات باکی بە ژیان و گوزەران و ئایندەی هاوڵاتیان و تاکەکانیەوە نییە،.

دەتوانین بڵێین تا ئێستا کارگەی دووبارە زیندو ڕاگرتنی کارەساتی هەڵەبجە لەلایەن بزوتنەوەی قەومپەرستی کوردەوە دەگەڕێت.
هەنگاوی چارەنووسساز و گرنگ لەراستای سارێژکردنی برینەکان و قەرەبووکردنەوەی کارەسات دیدەکان ئەوکاتەیە کە خەڵکی کوردستان دەستیان بە دەوڵەتی سکولارو سەربەخۆی خۆیان دەگات، کە ئینسان تیایدا ئازادو تەسەل و خۆشگوزەرانە و خاوەن ئیرادەو شکۆی ئینسانیەتی.

تا ئەو کاتەش کە خەڵکی کوردستان لە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی قەومپەرستدا بێت نەک هەر ئیمکانی سارێژکردنی برینەکان سەختە، بەڵکە هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی تراژیدیا لە بەرگی ترو بەشێوەی تر مەحاڵ نییە، شەنگال نموونەیەکی بەرجەستەی راستی نیشاندانی ئەو حەقیقەتەیە.
راستیەکی تاڵ هەیە ئەویش ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بێ ئیرادە کراون. حزبە قەومییەکانی کوردستان بێ شەرمانە کایە بەچارەنووسی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و تراژیدیاو کارەساتەکانیش لە تونێلی شاراوەییدا ڕادەگرن.،

بە وتارو ڤیستیڤاڵی ریاکارانە یادی ئەم کارەساتانە دەکەنەوەو لە پێشوازی وەفدی بیانی دەوڵەتاندا دەست لەسەرسنگ دەوەستن و وەکو سندوقی سواڵ و سەرمایە کۆکردنەوە تەماشای دنیای لەخوێن هەڵکێشراوی ناوچە کارەسات بارەکان دەکەن، بەکردەوە نیشانی ئەدەن ئەوەی کە بۆیان گرنگ نییە بەدواداچوونە بەدوای کارەساتەکانی خەڵکی کوردستان و ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی ئەم رووداوانە.

بۆیە هەرچەشنە ئومێد بەستنەوەیەک بەوەی کە ئەم لایەنە قەومی بۆرژوازیانە مامەڵەیەکی بەرپرسانە لەگەڵ ئەم کەیسانە بکەن ئومێدێکی بێجێگایە.

بەداخەوە کەم نین ئەوانەی تا ئێستا خۆشباوەڕن بەم حزبانە. پێویستە ئەم خۆشباوەڕییە لەلایەن خەمخۆران و رێکخراوە مەدەنی و بەرەی سۆسیالیست و چەپ و رادیکاڵی کۆمەڵگەوە بڕەوێنرێتەوە.

پێویستە کۆتایی بە سات و سەودا بە خوێنی قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال و شەنگال و بهێنرێت،

کۆتایی بە سات و سەودا بە هەنسکی کەس و کاری قوربانیان و ژیانی دۆزەخی ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بهێنرێت… گێڕانەوەی ئومێد و ئیرادە بۆ خەڵکی کوردستان کارێکە بەبێ دەستدانە خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی فەراهەم نابێت… ئەو دەسەڵاتە لاباک و سەرکوتگەر و تاڵانچیەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ناوەرۆکدا دیوی دووەمی عروبەو دەسەڵاتی بەعسە لەهەرێمی کوردستاندا.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *