کێ درێژە بە کورتەی مێژووی کات دەداتەوە…؟!

لەغەمی مەرگی ستیڤن هاوکینگدا

نووسینی: مزەفەر عەبدوڵا

لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی ١٣٥ ساڵەی مەرگی ئەو مرۆڤە بلیمەتە شۆڕشگێرەیە کە ڕێڕەوی مێژویی  کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گۆڕی، کە لە تێزە بەناوبانگەکەیدا کورتی کردەوەو وتی: هەمو فەیلەسوفەکانی پێشو تەنها دونیایان لێکداوەتەوە، بەڵام گرینگ گۆڕینیەتی، کە ئەویش کارڵ هینرش مارکس بوو کە لەساڵی  لە ئەڵمانیا لە دایک بوو لە ساڵی ١٨٨٣ لە لەندەن مرد.

بەڵام بە داخەوە ئەمرۆ لەسەر زاری کوڕەکانییەوە لوسی، ڕۆبەرتو تیم مردنی ستیڤن ئیدوارد هاوکینگی باوکیان بە داخێکی زۆرەوە بڵاوکردەوەو بیستمان.

شایانی ئاماژەیە هاوکینگ خاوەنی چەندین تیۆرو کتێبەو کە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەبەهاترینیان بریتییە لە کتیبی کورتەی مێژویی گەردون وەک لە تایتڵی سەرەوەی بابەتەکە ئاماژەمان پێداوەو کردومانە بە پرسیارێکی ئومێدبەخش کە کێ جێگای ئەو دەگرێتەوەو بەردەوام دەبێت لە داهێنانی زانستی.

هاوکینگ لەم سەردەمەدا لەبواری فیزیاو گەردونناسیدا بێ موبالەغە گەورەترین زاناو پسپورەو قامەتی ئەگەر لە ئەیزک ئەنیشتاین بڵندتر نەبێت، ئەو هیچ کورتر نییە. بە پێی وتەی پسپۆرانی ئەو بوارە کە وەسفی دەکەن لەسەر کورسییەکەی ئەنێشتاین دانیشتوە لە زانکۆی کامبرج لە بەریتانیا.

کورتەی ژیاننامەی ئەم مرۆڤە مەزنە ئەوەیە کە لەڕێکەوتی ٤-١-١٩٤٢ لە دایک بووە لە شاری ئۆسفوردی بەریتانیاو، هەر لەوێش چۆتە خوێندنگای سەرەتایی وپاشان ئامادەیی و لەکۆتایدا بە پلەی ئەکادمیک بەسەرکەوتویی تەواو کردوە. وە لە کۆلیژی زانستی گەردونناسی – کۆزمۆلۆجیا –  لە زانکۆی کامبرج وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەکی مێشکەوە کە لە دەورانی هەرزەکاری توشی هات تەواو پەکی کەوت. هەرچەندە یەکەمجار دەیتوانی کەمێک قسە بکات، بەڵام بە تێپەربونی کات دەنگیشی تەواو لە دەستدا. هەر لەو کاتانە پزیشکەکان  پێیان وابوو کە تەنها ٢-٣ ساڵ دەژێت، بەڵام خۆشبەختانە پێشبینی یەکانیان ڕاست دەرنەچوو. سەرەڕای چەند نەخۆشی تر تا ئەمڕۆ ژیاو، لەسەرو هەموو ئەو نەخۆشیانەشەوە توانی بەهۆی زیرەکی و بلیمەتی و بە ئیرادە گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات بە تایبەتی لەو بوارەی کە خۆی لەرادەبەدەر ئارەزوی دەکرد کە فیزیاو گەردونناسی بوو. هەر بۆیەش توانی چەندین تێور دابنێت و گەلێک دۆزینەوەی مەزن بکات. لەوانە پەیبردن بە دەرهاویشتنی تیشکەکانی کونیلە ڕەشەکان- الثقوب السوداء-

کە بەم تیۆر- بیردۆز-ە یەی بیردۆزەکانی زاناکانی پێش خۆی لەوبوارە پوچەڵکردەوە.

هەروەها لەبواری تێوری ڕێژەیی کە ئەنیشتایین بە داهێنەری دادەنرێت، ئەو کۆمەڵێک زانستی تری خستە سەر ئەو تیۆرە.

شایانی ئاماژەیە کە کاتێک لە تەمەنی ٢٤ ساڵ تێزی دکتۆراکەی بڵاوکردەوە لە ساڵی ١٩٦٦ بوو کە بووە پڕ فرۆشترین کتێبەکانی ئەوکاتە کە لە ١٣٤ لاپەرە پێکهاتبوو، هاوکات ساڵی ١٩٨٨ کە کتێبی کورتەی مێژویی گەردونی بڵاوکردەوە لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە دوو ملیۆن دانەی لێفرۆشرا.

بێگومانە کە تیوری و دۆزینەوەو پەیبردنی بە نهێنییەکانی دروستبوونی کات و شوێن و گەردون بۆ مرۆڤایەتی دەسکەوتی گەورەن بۆ پوچەڵکردنەوەی ئایدیالیزم و میتافیزیک کە زیاتر پشت بە ئەفسانەو خەیاڵەکان بە تایبەتی خورافە ئاینییەکان دەبەستێت.

هاوکینکیش وەک سەدان زانای تری ئایزاک ئەنیشتاین و داروین و فیساگۆرس و کۆپەرنیکۆس و باسکاڵ و نیوتن و. گالیلۆ… هتد کە لە بوارە جیاجیاکانی زانستدا بونەتە بەهێزبوونی تیورەکانی ماتریالیزمی دیالەکتیک بە تایبەتی لەبواری کۆمەڵناسیدا کە یەکێک لەسەرچاوەکانی بیری بیرمەندو گەورە شۆرشگێری مرۆڤایەتی کارل مارکسە. ئەوە نزیک بە سەدەو نیوێکە بە مارکسیزم ناسراوەو هەموو بەرەی ئایدیالیزم و میتافیزیک بە تایبەتی لەڕووی فکری و سیاسییەوە دژایەتی دەکەن.

ئێستا تیورەکانی هاوکینک بەر لەهەر شتێک وەڵامی تیژی زانستییە دژی بیروباوەری خورافی ئایینی کە سەرچاوەی بوونی هەموو شتێک بۆ دروستکەرێک – خالقێک بەناوی  اللە – خودا- یەک دەگێرنەوە. لەمبارەیەوە هاکینگ چەندین کورتە وتەی هەیە لەوانە کە دەڵێت: من مێشکی مرۆڤ وەکو کۆمپیوتەرێک ئەبینم لەکار ئەکەوێت کاتێک پێکهاتەکانی لەکار دەکەون. هیچ بەهەشتێک یان ژیانی ئاییندە – قیامەت – چاوەڕێی  کۆمپیوتەرە شکاوەکان ناکات .ئەوەی باسی قیامەت و ژیانی ئاییندە دەکات ئەوە خورافەی ئەو کەسانەیە کە لە تاریکی ئەترسن- هەروەها بە پێچەوانەی زۆرێک لە زاناو پسپۆرەکانی تر ئەم زۆر  ڕاشکاوانەو دوور لە ڕێزدانان بۆ باوەڕو هەستە ئایدیالیستییەکان ڕای ماددیانەی خۆیداوە بە تایبەتی لەبارەی خورافەی دینییەوە. تا هەرچی زیاتر خەڵک باوەڕ بەو خورافانە نەکەن و بیر بکەنەوەو بە شوێن پەی بردنی ڕاستییەکانی دروستبوونی بوون بە گشتییەوە بن.

خاڵێکی تری گرینگ و بەرچاو و ڕوون و ڕاشکاوی هاکینک بیرو هەڵویستە ئینسانییەکانێتی لەڕویی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتییەوە. ئەو هەمیشە لایەنگری ئازادی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان بووە. لە یەکێک لە وتەکانی دەڵێت ئەگەر هەلومەرج و دەرفەتی یەکسانی بۆ هەموو مرۆڤەکان بڕەخسێت، ئەوە لە جیاتی هاوکینگێک چەندین هاوکیکنگی تر پەیدا دەبن بۆ پەیبردن بە ڕاستییە شاراوەکانی بوون.

هەروەها لەبارەی بە خراپ بەکارهێنانی زانست لەلایەن سیاسەت و سیستەمی سیاسییەوە کە چۆن بەهۆی ئەم سیستەمەوە ئەگەری زۆر هەیە بەهۆی جەنگێکی ئەتۆمییەوە مرۆڤایەتی و زەوی لەناوبچێت. یاخود بەهۆی دروستکردنی ڤایرۆسێکی کوشندەوە لەلایەن ڕژێمێکەوە کە ببێتە هۆی بڵاوبونەوەی و لەناوچونی هەمو مرۆڤایەتی. هەر بۆیە پێشنیار دەکات کە پێویستە مرۆڤایەتی بیر لە گواستنەوەی ژیان بکەنەوە بۆسەر ئەستێرەکان تا ئەگەر مرۆڤایەتی سەرزەوی لەناوچوو بەهەر هۆیەکەوە ئەوە لەسەر ئەستێرەکانی تر ژیان بمێنێت.

تەنانەت لە ساڵەکانی ئەم دواییەدا بە تەواوی هەڵویستی لە دژی جەنگەکانی ئەمریکا، هەروەها لە دژی سیاسەتی بە تایبەتیکردنی بواری تەندروستی و خوێندن و پەروەدە دەربریوەو دژی ئەو سیاسەتانەی حکومەتی ڕاستی محافەزەکار بوو. وە هەمیشە داوای دەکرد کەبەهیچ جۆرێک نابێت بەشی تەندروستی بدرێت بەکەرتی تایبەت. چونکە تەندروستی سەرەتاییترین پێویستی مرۆڤایەتییەو نابێت دەوڵەت بە شوێن سودو قازانجەوە بێت.

هەروەها خاڵێکی تر ئینسانی ئەم زانایە ئەوە بوو بە پێچەوانەی زۆربەی زاناکانی ترەوە هەمو کات تیۆرو دۆزینەوە زانستییەکانی خۆی ڕاستەوخۆ، یان بەهەرزانترین نرخ دەخستە بەدەست هەموو خەڵکی. هەر بۆیە نازناوی باڵوێزی زانستی خەڵکیان پێبەخشی بوو. تەنانەت لە کاتی فرۆشتنی کتێبی کونیلە ڕەشەکان لەیەک ڕۆژدا لەسەر پێگەی نێتی زانکۆی کامبرج ئەوەندە کڕیارو داگرتن زۆر بوو کە پێگەی نێتەکەیان لەکار کەوت. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە نیو ملیون کەس ئەو ڕۆژە خەریکی داگرتنی ئەو کتیبە بوونە.

بۆیە ئەمڕۆ کە ئەم زانا بلیمەتە گەورەیە لەدەست دەدەین ئەوە گەورەترین زیانە بە مرۆڤایەتی دەکەوێت و پڕکردنەوەی ئەم زیانە وا ئاسان نییە.

ئێمە وەک ستافی “بۆپێشەوە” لەکەنار هەموو مرۆڤە ئازادیخوازو یەکسانیخوازو پیشکەوتنخوازو زانستخوازەکان ڕایدەگەیەنین کە وێرای بەشداری لە غەم و پەژارەی کەسوکاری ئازیزی هاوکینگو، هەموو زاناو پسپۆرەکانی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازەکان، بە لەدەستدانی ئەم مەشخەڵە گەشەی زانست و زانیاری، هاوکات بە ئومێدەوە دەپرسین ئاخۆ کێ درێژە بە کورتەی مێژووی کات دەداتەوە لە جیاتی هاوکینگ.

بێگومان کە ناو و یادی هاوکینگ لەسەدەکانیش تێپەر دەکات…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *