وەرگێڕی عەرەبی شاکاری مارکس” سەرمایە” د. فالح عبدالجبار ماڵئاوایی کرد…

وەرگێران و ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

بەرەبەیانی دووشەممە ٢٥ی شوبات لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لە کاتی تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی تایبەتی دۆکیومێنتاری لەسەر عێراق، د. فالح عبدالجبار ئەکادیمی و لێکۆڵەرەوە و کۆمەڵنانس، بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.

د.فالح لە دایکبووی ناوچەی باب الشێخە لە شاری بەغدایە ساڵی ١٩٤٦. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کاری نووسینی لە ڕۆژنامەی ( طریق الشعب)ی حزبی شوعی و الثقافة الجدیدة دا کردوە. ساڵی ١٩٧٨ عێراق بەجێدێڵی بەرەو سوریا؛ بەهۆی ڕاوەدوونانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن دژ بە نووسەر و ڕۆشنبیران و دیموکراتخوازان و چەپ و ئەوانەی ئەندامی حزبی بەعس نەبوون.

سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو سوریا بەجێدێڵێ بەرەو لەندەن و بڕاونامەی دکتۆراکەی لە زانکۆی لەندەن کۆلێجی بیرکبێرک بۆ زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەدەست دێنێت، و هەر لەو زانکۆیەشدا دەبێتە مامۆستا. پێش ئەوەش وەک بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوەندی خوێدندنی کۆمەڵایەتی جیهانی عەرەبی کاری کردوە کە بارەگاکەی لە نیقۆسیا و بەیروت بووە.

د. فالح جگە لە زمانی عەرەبی زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی زانیوە، و نووسینی لەسەر بابەتی کۆمەڵگەی مەدەنی و چینایەتی و کۆمەلایەتی  و باسی مارکسیدا هەبووە، هەربۆیە بۆ ماوەی ١٠ سالی تەمەنی تەرخان دەکات بۆ وەرگێڕانی شاکاری نووسینی مارکس (سەرمایە) بۆ سەر زمانی عەرەبی لە هەردوو سەرچاوەی ئینگلیزی و ئەڵمانیەکەیدا. ئەم کتێبە لە ٣ بەرگدا چاپ کران. هەروەها دوو کتێبی دیکەی نووسیوە  لەسەر دوای مارکسی، یەکێکیان بە عەرەبی و ئەویتر بە ئینگلیزی کە ئەم ناونیشانانەیان لەخۆگرتووە” ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دوای مارکسی “ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە کۆتایی سەدەی ڕابردوو مەرگی هزری سۆسیالیستی و مارکسی جاڕی بۆ دەدرا.

د.فالح بەیەکێک لە ڕۆشنبیرە پێشکەوتنخوازەکان دادەنرێت کە داکۆکی لە بیرو رای ئازاد و ڕادەربڕین کردووە. هەروەها یەکێک لە رۆشنبیرە دەگمەنەکانی عێراق بووە کە ناوی لە لیستی بەیانی ڕۆشنبیرانی عەرەبدا هاتووە بۆ ئیدانەکردنی فتوای خومەینی بۆ کوشتنی نووسەری بەریتانی بە ڕەگەز هیندی( سلمان ڕوشدی) کردووە لە سەر کتابە بەناوبانگەکەی( ئایاتە شەیتانیەکان).

د.فالح کۆمەڵێک نووسینی بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەبووە.

عبدالجبار بەیەکێک لە زاناکانی عێراق دادەنرێت لە بواری کۆمەڵناسیدا لە دەیەی ئاخردا. لێکۆڵینەوەکانی تیشکی خستۆتە سەر کۆمەڵناسی ئایین، و خوێندنەوەی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیەکان و دامەزراوە سەرەکیەکانی پێش دەوڵەت؛ وەک ( عەشیرەت و تاییفە…) و ڕۆڵیان لە دروستکردنی گەل و میللەت.  هەروەها گرنگی داوە بە لێکۆڵینەوە لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ئیسلامیەکان لە ڕاوانگەی کۆمەڵناسیەوە. لەم مەیدانەدا کۆمەڵێک باس و کتابی بۆ بەجێهێشتین لەوانە” بزووتنەوەی شیعە لە عێراق ساڵی ٢٠٠٣”، کتابی” ئایەت واللە و سۆفی و ئایدیۆلۆجیگەراکان ساڵی ٢٠٠٢” ئەم دوو کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراون. ساڵی ٢٠٠٩ بە زمانی عەرەبی کتابی” العمامة و الافندی”  و’ کۆمەڵناسی لە وتار و بزووتنەوە و ناڕەزایەتی شیعی- عێراق بەنموونە”ی بە چاپ گەیاند.

هەروەها کتابێکی بە چاپ گەیاندوە بەناوی” کورد و نەتەوە و سیاسەت- ٢٠٠٤”.

جگە لەو کتێبانەی باسمانکردن، لیستێکی درێژی  نووسین و کتێبی دیکەی بەچاپ گەیاندوە بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی. دوایین کتێبی بەناوی” دەوڵەتی خیلافەت: پێشکەوتن بەرەو ڕابردوو(‘ داعش’ و کۆمەڵگەی نێوخۆیی لە عێراق)” لە کۆتایی ٢٠١٧. عبدالجبار لەم نووسینەیدا پشتی بەستبوو بە بیرۆکەی بنەڕەتی” دەوڵەتی فاشل لە عێراق، بنەمای گەشەکردنی بزووتنەوە تەکفیری و بانگخوازەکانە”. ئەمەش ڕەنگدانەوەیە بۆ بیرۆکەیەکی ڕابردوو پەیوەستە بە گۆڕانی نوخبەی دەسەڵاتی عەرەبی بۆ” چین”ێکی داخراو، و ڕۆڵی لە لاوازکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە!

ستافی ” بۆپێشەوە” پرسە و سەرەخۆشی و دڵگرانی خۆی دەگەیەنێتە خانەوادە و هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستانی د. فالح عبدالجبار و هاوبەشی خەمیان دەکەین. و بە هیوان دوا ناخۆشیان بێت و بەردەوام بن لەسەر ڕێچکەی فالح  بۆئەوەی هەمیشە مۆمێکی گەشاوەبێت بۆ ئازادی و یەکسانی.

سەرچاوە/ الی الامام/ العربیة

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٣/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *