ئەو جەنگەی بڕیار بوو “خۆشی” بێنێت

بنار مسته‌فا: ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دەسپێکی ئەو جەنگە خوێناوییەیە، کە زۆرێک لە نەهامەتییەکانی هەنووکە سەرچاوەی لێوە گرتووە. بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و دەسکەلا و عەڵقەلەگوێکانی 15 ساڵ بەر لە ئێستا جەنگێکی خوێناوی بەرپاکرا به ناوی کۆتایی هێنان به چەکی کۆمەڵکوژی و دەسەلاتی دیکتاتۆری! له ئەنجامدا کۆمەڵگایەک تەواو وێران کرا، ژیان له سەدان هەزار که‌س سەندرایەوە،هەژارییەکی کەم وێنەیان کرده چارەنووسی ملیۆنان له خه‌ڵکی، شتێکیان نەهێشت بەناوی سەلامەتی دانیشتوانان، زەمینەی جەنگی تایفی و ئاینی و قەومیان بۆ دەیان ساڵ خۆش کرد، ملیۆنان خه‌ڵکیان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر و بێ سه‌روشوێن کرد و لە بری دیکتاتۆرێک دەیان دیکتاتۆر و سەرکوتکەریان بەسەر خەڵکیدا سەپاند و جەماوەی خه‌ڵکیان تەواو بێ ئیراده و له ئاینده بێ ئومێد کرد. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە هەر ئەو کاتە دەیان ملیۆن لە کەسانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوانیان شەقامەکانیان داپۆشی و بە توندی دژ بە جەنگ وەستانەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی دەربڕی. لە کوردستان و عێراقیش تەنها کۆمۆنیستەکان بوون، کە دژ بە جەنگ وەستانەوە و لە کارەساتەکانی دوای جەنگ و ڕۆژگاری ئەمڕۆ هۆشداریان دایە کۆمەڵگا و جیهان. لایەنەکانی بەشدار بووی جەنگ وا چاویان بڕیبووە دەسەڵات و سامانی کۆمەلگا، بێ باکانە و گوێنەدان بە مرۆڤەکان بۆیان گرنگ نەبوو ئەگەر تەنانەت بە پەڕینەوە بەسەر لاشەی ملیۆنان کەسدا بگەنە ئامانجەکانیان. هەرەها کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بەوانەی دژ بە جەنگ دەوەستان و بەهانەیان بۆ کارەساتی مرۆیی دەتاشی. ئێستا 15 ساڵ دواتر هەموو کەس دەتوانێت تەماشای وتە و لێدوان و هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان و لایەنەکانی دی بکات و کڵاوی قازی بخاتە سەری خۆی، کە چۆن کۆمۆنیستەکان هەوڵیان بە بەرگرتنی ئەم نەهامەتیانە بوو، بەڵام تەپڵلێدەرانی جەنگ لە کاتی گەورەترین کارەساتی مرۆییدا مژدەی چەواشەی پاش جەنگیان بەیان دەکرد. کارەساتەکانی پاش ئەو جەنگە هێندە فراوانن، کە زوڕناژەنانی چیتر خۆشیان ڕوویان نایەت باس لە “پڕۆسەی ئازادی” بکەن. ناسیۆنالیزمی کورد بۆ چەندەمین جار مێژوویەکی تری پڕ لە شەرمەزاری خستە سەر لیستی تاوانە بێ کۆتاکانی. بە هەموو گیان و توانایانەوە بەرگریان لە جەنگ دەکرد و خۆبەخشانە هەوڵیان دەدا خۆیان وەک وتەبێژی ئەو کاولکارییە بناسێنن و هەموو بەهانەیەک بهێننەوە بۆ کارەسات و قوربانی بە لێشاوی خەڵکی. ئەوانیش ئەم ڕۆژگارەیان لەبەرچاو بوو، بەڵام نەک لە ڕوانگەی نەهامەتیەکانی خەڵکییەوە، بەڵکو لە دەسەڵات و سەروەتیان و بێ ئیرادەکردنی خەڵکییەوە. لە ساڵڕۆژی دەسپێکی ئەو جەنگە خوێناوی و پڕ لە کارەساتەدا، کە کۆمەڵگای بەشەری بۆ دواوە برد، و ڕێگەخۆشکەری دەیان دەستە و تاقمی کۆنەپەرست بوو، نەفرەت لەو لایەنانەی جەنگ و ماڵوێرانکاری خەڵکی بۆ مەرامی خۆیان بە ڕەوا دەبینن و بەشداری تێدا دەکەن. ئەم تاوان و شەرمەزارییە دەبێت هەمیشە بە نێوچەوانی بەشداربووانیدا بدرێتەوە.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *