كێ دەتوانێت  شکست بە سیاسەتی شەڕخوازی ئۆردوگان بێنێت..؟!

لە گۆشەیەکی ترەوە…

٣٠-٣-٢٠١٨

موزەفەر عەبدوڵا

كێ دەتوانێت  شکست بە سیاسەتی شەڕخوازی ئۆردوگان بێنێت..؟!

بەهۆی بەرگری قارەمانانەی خەڵکەوە دوای دوو مانگ لە شەڕو هێرشی ئاسمانی و زەمینی و بەکارهێنانی جۆرەها چەکی کوشندەو ئابڵوقەی ئابوری هەمەلایەنەو کوشتن و برینداربوون و پەککەوتن و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس ئینجا سوپای داگیرکەری دەوڵەتی فاشی تورکیا توانی شاری عەفرین داگیر بکات .

دوای داگیرکرنی شارەکەش هێزی سەربازی تورکیاو هاوکارە داعشەکانی کەوتنە ئازارو ئەشکەنجەدان و دەسگیرکردنی ئەو خەڵکەی کە نەیانتوانی بوو بڕۆن. ئەمە جگە لەوەی نەک ئازاری خەڵکیان دەدا بەڵکو ئازارو ئەشکەنجەی گیانلەبەرەکانیشیان دەدا لە پاڵ دزی و ڕاوڕوت و چەتەگەرییەکی کەم نمونە لە مێژودا.

هەڵوێستی ڕیسوایی و ڕیاکارانەش، هاوکاتی ئەم کارەساتانە، بێ دەنگە لێکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهان و دوڵەتەکان بوون لەسەرو هەموویانەوە ئەمریکاو ئەوروپا کە خۆیان بە هاوپەیمانی خەڵکی ئەو ناوچانەو یەپەگە دادەنا.

تەنانەت سەرکردەکان و ڕاگەیاندەکانی یەپەگەش کە ڕۆڵی ڕابەریان هەبوو لەم جەنگی بەرگرییە کەچی چاوێکیان هەر لە هاوکاری و پشتیوانی تەواوی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوون بۆ شکست پێهێنانی ئۆردوگان و پێیان وابوو شەری عەفرینیش هەر شەری  کوبانییە. وە بە جۆرێکیش ڕای گشتیشیان توشی خۆش خەیاڵی کردبوو.

بەڵام ئەوەی روویدا نەک هەر هاوکاری و پشتگیری ئەو دەوڵەتانە بە گەورەو بچوکیانەوە نەبوون، بەڵکو بەم بێدەنگییەیان لە ئاستی میدیاکانیان و ڕای سیاسی و فەرمیان بە جۆریک لە جۆرەکان پشتیوانی  ئوردوگان و سیاسەتە شەڕخوازییەکانی بوون.

ئێستاش کە ئوردوگان و هاوبەرژوەندەکانی وەک ڕوسیاو ڕژێمی ئیسلامی و ڕژیمی ئەسەدیش کە هاوکاری ئەم شەڕو هیڕش و داگیرکارییە بوون، ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە نیوەی مانگی جەنیوەری لە سوتشی مۆریان کردبوو، بە نیازە نەخشەو پلان و گۆڕەپانی شەڕەکەی فراوانتر بکاتەوە. وە بە پێی لێدوانەکانیان هەوڵ دەدەن بە داگیرکردنی چەند شارو ناوچەی تری سوریا کە لەبەردەست هێزەکانی یەپەگەدان هەتا دەگاتە زۆر ناوچەو شاری تری کوردستانی عێراقیش لەوانە شەنگال و ئەو ناوچانەی کە ژێر دەستی هێزی چەکداری پەکەکەدان تا دەگاتە قەندیل.

دوای هەموو ئەم ڕووداوانە، پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ کێ دەتوانیت شکست بە سیاسەتی شەڕخوازنەی ئۆردوگانی فاشی  بێنێت؟

بەشێک لە سەرکردەکانی یەپەگەو، بە تایبەت ڕۆشنبیرو نوسەرو لایەنگرنیان لە دەرەوە، وا پڕوپاگەندەیان دەکردو دەکەن، کە تەنها ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کە دۆستی کوردن، دەتوانن شکست بەم سیاسەتی شەڕخوازانەیەی ئۆردوگان بێنن، ئێمەش وا پێویستە دەکات لە گۆشەنیگای خۆمانەوە بە تیشک خستنە سەر دووخاڵ  وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، تا بزانین ئاخۆ کێ دەتوانێت شکست بەم سیاسەتی شەرخوازییەی ئۆردوگان بێنێت …؟! بەڵام بەر لە روونکردنەوەی ئەو خاڵانە وا  پێویستە دەکات یەک ڕاستی ڕەهاو ڕاشکاو بڵێین بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو ڕاوبوچوون و هەڵوێستەی کە پێی وایە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دۆستی کوردن و دەیانەوێت و دەتوانن شکست بە سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان بێنن لە دژی خەڵکی کوردستان، ئەو راستییەش ئەوەیە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردو و تا ئێستا نەك هەر دۆست و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و کێشەو مافەکانی نەبوون،  بەڵکو زۆربەی کات هاوپەیمانی ڕژێمە فاشییەکانی ئەو وڵاتانەش بوونە، خۆ ئەگەر دۆست و پشتیوانی حزبە قەومییە عەشیرەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە ئەوەش لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیانەوەو پاشکۆبوونی تەواوی بی قەیدی و شەرتی ئەم حزبانەوە بووە بۆیان.

دەیان جار ئەمە مێژوو سەلماندویتی هەر لەم نیو سەدەیەدا کە  ئازاری ١٩٧٥و ئاشبەتاڵی جوڵانەوە چەکداری یەکەی بارزانی باوک بوو تا ئیستا کە داگیرکردنی عەفرینە.

ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێت، کوردەکان چونکە شەڕکەری باشن تا ئەو جێگایەی لە بەرژوەندی ئەمریکا بن ئەوە هاوکاریان دەکەن لەوە زیاتر هاوکاری ناکەن. ئەمە هەموو پشتیوانی ئەمریکایە بۆ کوردەکان بە وتەی خۆیان جا ئاو بێنن و دەستتان بشۆن.

ئێستا با وەڵامی ئەو  پرسیارە بدەینەوە، کە كێ دەتوانێت شکست بە سیاسەتی شەرخوازانە بێنێت؟ راستی سەلماو ئەوەیە، کە ئەوە بەرەی چەپ و سۆسیالسیتی و کۆمۆنستی و کرێکارییە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا دەتوانێت هەم پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت تا رادەی جیابوونەوەو پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و هەم دەتوانێت  ببێتە مایەی شکست بۆ سیاسەتەکانی ئەردوغان .

جا با زیاتر ئەم خاڵانە روونکەینەوە.

ڕابەران و کەسایەتی و ڕەوت و حزبەکانی ناو ئەم بەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی یە لەسەراسەری وڵاتانی جیهان نەک هەر بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەو ناوچانەو ئیدارەیەکان و یاساو بڕیارەکانیان و لە دژی هێرشی داعش و هاوکارەکانیان، بە تایبەتی ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی، ڕژانە شەقامەوە، بەڵکو بەناردنی کۆمەکی هەمەلایەنەی مادی و مەعنەوی، تەنانەت پەیوەست بوونی سەدان کەس لە وڵاتانی جیاجیا، بە تایبەتی لە ناو ڕیزەکانی حزبە چەپ وکۆمۆنیستەکانی تورکیا، نیشانیاندا کە ئەوانن پشتیوان و هاوکاری خەڵکی کوردستان و کێشە ڕەواکەی .

هەر کەسێک یەک جار بەشداری ئەو ناڕەزایەتییانەی کردبێت لەهەر وڵات و شارێک کە بۆ خەڵکی کوبانی و عەفرین  کراوە، بۆی دەرکەوێت ئەوە هێزە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکارییەکانە بە کردەوە پشتیوان و هاوکاری خەڵکی کوردستانن نەک  دەوڵەت و ڕژێمە سەرمایەداری و حزبە بورژوازییەکانیان.

بێگومان ئەمانە هەمووی هەنگاوی گەورەو باشن بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان و دژی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئوردوگان. وە دەکرێت ئەم نارەزایەتییانە لە دژی ئوردوگان تا رادەی داخستنی سەفارەتەکانی و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بچیتە سەرو ببیتە فشاری گەورە بۆ سەریان لە دەرەوەی توکیا، بەڵام ئەمانە بە تەنها نابنە هۆکارێکی گەورەو ڕاستەوخۆ بۆ شکست پێهینانی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان نەخێر هەرگیز. ئەمانە دەکرێت فاکتەری فشارو ڕیسواگەری سیاسەتی شەڕخوازانە بن. وە کارو هەڵوێستێکی باشە، بەڵام لەم نیوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنە مەیدانی جەماوەری ئازادیخوازی ملیۆنی تورکیا خۆی. ئەگەر ئەم جەماوەرە ڕاستەوخۆ لە دژی دەسەڵاتی ملهوڕو سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان و حزب و دەسەڵاتەکەی بێتە مەیدان، هەروەک لە خۆپیشاندانی دە ملیونی شاری ئەستەمبول ٣ ساڵ لەمەوبەر بینیمان ئەوە نە هەر شکست بە سیاسەتی شەڕخوازانە دێنن،  بەڵکو پاشەکشەی گەورەی پێ دەکەن لە زۆر بوارەوە.

ئەوەی بۆ ئەو جەماوەرە تا ئێستا بەوێنەی جوڵانەوەیەکی گەورەو فراوان، نەیتوانییوە دەستی ئەردۆغان و رژێمەکەی ببەستێت، پەیرەوکردنی سیاستی شەڕخوازی ئەردۆغان و رژێمەکەی و زاڵکردنی فەزای شەڕو سەرکوتکردنی هەر دەنگ و ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییە.

تورکیا لەهەمو ڕویەکەوە لەسەر قەیرانێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و، تەنانەت کەلتوری ،گەورەو پڕ ئاڵۆگۆڕی بۆ دواوە گەرانەوە ڕاوەستاوە. بەڕێخستنی ئەم شەڕانە بۆ ڕێگا گرتنە لەسەر ئەو فشارە گەورەیەی وەک هەڵم کە لە ژێرەوە دێت تا ئەو سەرقاپی مەنجەڵەکە فڕێ بدات.

هەر کەسێک لەم  دە پانزە ساڵەی دەسەڵاتی ئۆردوگان و حزبەکەی بۆی ڕون دەبێتەوە کە ئەم سیاسەتی شەڕخوازیەو پەلهاویشتنی بۆ ناوچەی نفوز لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی ناوخۆیی هەمووی بۆ خاوکردنەوەی بارە نالەبارە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناوخوییەکەیەتی.

دەسەڵاتێک ڕێژەی بێکاری نزیک بوبێتەوە بە لەسەدا بیست و هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتییش نەبێت، هەروەها ڕێژەی هەژاری زۆر لەسەرەوە بێت ئاخۆ وەزعی لەبارە..؟ یاخود نزیک بە یەک ملیون کەس لە گەورە ئەفسەرو سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنووس و نووسەرو هونەرمەندو..هتد لە زینداندا بێت و ئەشکەنجە بدرێن ئەوە ئەو دەسەڵاتە لە دۆخێکی لەبارو جێگر دایە…؟!  نەخێر هەرگیز.

بۆیە بۆ داپۆشینی سەرقاپی هەموو ئەم فشاری هەڵمە ناوخۆیییە ئەم دەسەڵاتە پێویستی بە گەورەکردنەوەی نەیارەکانێتی تا هەموو چینی بۆرژوازی و باڵ و حزبەکانی و، تەنانەت وردو بۆرژواو حزبەکانی،  بێنێتە پشتی سیاستەکانیەوە. وە بە شێوەیەکی گشتیش ئەم نەیارەیان لە پەکەکەدا بەرجەستە کردۆتەوە کە دەرهاویشتەی ناوەڕۆکی پێکهاتنی دەوڵەتە قەومییە نەژادپەرستی یەکەیانە. ئەمە جگە لەوەی بە بەهانەی هاوکاری پەکەکەوە لە ئاستی دەرەوەش دەوڵەتانی وەک سوریاو ئیران و عیراق بە گشتی تۆمەتبار دەکەن. بە تایبەتی ناسیونالیزمی عەرەب کە ئەم چەند ساڵە لە حزبی بەعس و دەوڵەتی سوریاو شەخسیەتی ئەسەدا بەرجەستە بۆتەوە.

ئەردۆغان و حزبەکەی بەدوای زیندوکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی وەک سەرخانێکی پێویست بۆ پاراستنی ئابوری سەرمایەو قازانج و سود لە سەپاندنی هەلومەرجێکی جێگیرو بێ ڕکابەر نەک هەر لە ئاستی تورکیادا بەڵکو لە ئاستی ناوچەکەو تەنانەت جیهانیشدایە. لێدوانەکانی ئوردوگان لەمڕۆژانەدا بۆ پێکهێنانی هیزێکی سەربازی گەورەی نێو دەوڵەتی ئیسلامی ئەگەر بە قسەش بێت پرسێکە بە شوێن ئەو ئامانجەدا.

جا بۆ شکست پێهێنانی هەموو سیاسەتەکانی، بە تایبەتی سیاسەتی شەڕخوازییەکەی، کە بەشێکە لەسەرجەم سیاسەت و ستراتیژی، ئەوەی دەتوانێت بەم ڕۆڵە هەستێت ئەوە هێزی ملێونی چینی کرێکارو جەماوەری ستەمدیدەو ببەش و هەژاری تورکیایە. وە پێویستە بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی خەڵکی کوردستانی تورکیاش ببنە هاوپەیمان و هاوکاری ئەم بەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

جا ئەگەر لە کۆتاییدا پرسیارەکە دوبارەکەینەوە کە کێ دەتوانێت شکست بە سیاستی شەڕخوازانەی ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی بێنێت، دەبێت دوای ئەم ڕونکردنەوانە بڵێین کە تەنها بە هاتنە مەیدانی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، کە لێدانی دڵی لە جوڵانەوەی کرێکاری و شوسیالستی کۆمەڵگەی تورکیادایە دەتوانێت شکستی پیبێنێت. وە پێویستە هەر جولانەوەیەکیش کە خوازیاری کۆتاییهینان بە ستەمی قەومی یە لەسەر خەڵکی کوردستان هاوپەیمان و هاوکارو هاو ئاسۆ و ئامانجی ئەو جوڵانەوە سەراسەرییە بێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *