ئێوە چیتان کرد؟

ئارام حمەسعید

لەوەتەی ئێوە ھەن شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوژیش ھەیە، کوردکوژی ھەیە، نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی ھەیە، چ لە شاخ بووبن یان لە شار تەنھا سەرچاوەی شەر و ماڵوێرانی بوون ..

ئێوە فەرھەنگی خوێنڕشتن و پاکسازی یەکتر و ھەتكکردنی یەکتر و سەربڕینی دیلی یەکتر و دزین و تاڵان کردنی ماڵی ئەندامانی یەکتر و کرێگرتەییتان بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات داھێنا..

ئێوە بوون سەرانی حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامی زیاتر لە ٤٠٠٠  هەزار ژنی ئەم مەملەکەتەتان شەڵاڵی خوێن کرد..

ئێوە بوون زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار کەستان بە کوشتدا لە شەڕەکانتاندا بۆ پاوانخوازی و گرتنی گردۆڵکە و تەپۆلکە و بیرە نەوتی زیاتر..

لەوەتەی ھەن ئێوە سامانی کوردستان تاڵان ئەکەن، دزی ئەکەن، گەندەڵی ئەکەن، ھەرچی دەرامەت و نەوتی ئەم مەملەکەتە ھەیە ئێوە ٢٧ ساڵە ھەڕاجی ئەكەن ..

لە سایەی ئێوەدا خانەوادەی ئەنفال و شەھیدەکان پارەی کرێ خانوو و دەرمان و خەستەخانە و تەنانەت ژەمە خۆراکیشیان نییە ..

لە سایەی دەسەڵاتی نەگریسی ئێوەدا، رێناس و حمەی حەلاق و شاپور و قابیل و سۆرانی مامە حەمە و وداد و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و فەرھاد فەرەج و سەدان و سەدان کەس لەم سەرزەمینەدا تیرۆر کران …

ئێوەی چەتە و مافیا جگە لە فەلاقەکردنی ھاوڵاتیان و زیندانیکردن و فڕاندن و ھەڕەشەکردن و ھێنانی میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێرانی، چی ترتان کرد ..

ئێوەبوون پێش سوپای پاسدارانی ئێران کەوتن و کارەساتی ھەڵەبجەتان خوڵقاند،
ئێوە بوون چاوساغی ئێران بۆ سەرکوتی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات، ئێوە رێخۆشکەریتان کرد سوپای تورکیای فاشیست ھێرش بکاتە سەر قەندیل و گەریلا ..
ئێوە پێش دەبابەکانی سەدام کەوتن لە ٣١ ی ئابدا، ئێوە بوون خیانەتتان لە شەنگال کرد و رادەستی داعشی ئیسلامیتان کرد ..

ئێوە بوون ھەرچی قەیرانە توشی ئەم ھەرێمەتان کرد، لە سایەی ئێوەدا نیوەی خاکی کوردستان رادەستی حەشدی شەعبی شیعەکان و عەبادی کرا ..

لە سایەی ئێوەدا نیوە مووچە و روبعە موچە و بێ موچەیی و نابڕان و برسیکردن و کۆچی بە کۆمەڵی خەڵك بۆ ھەندەران و خنکانی کۆچبەران لە دەریا و زەریا بێ ئامانەکاندا رویاندا ..

ئێوە بوون مامۆستاتان بەرشەقدا، لە ژنانی خۆپیشاندەرتان دا و ھەرەشەتان لێکردن لوتیان ببڕن، ئێوەن ھەرەشە لە جەماوەر ئەکەن کە بە چەقۆ و دەمانچە رووبەروویان ببنەوە !!

کەواتە ئێوە چیتان کرد ؟!

٢٩ / ٣ / ٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارەی ژمارە ٢٥ی بەرواری ١/٤/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *