ئێمە بە بڕیارێکی بێ نەخشە بۆ داڕێژراو بەرگریمان کرد بەرامبەر بەگەڕانەوەی بەعس بۆ کوردستان، بەڵام بەرەی کوردستانی بەبڕیارێکی نەخشەدارەوە ترسنۆکانە رایان کرد

مزەفەر عەبدوڵا:

لە یادی بیست و حەوتەمین ساڵەی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا

مارس، هەر یادی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، هەر ڕۆژی ڕیسوایی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نییە، کە پێش خەڵک کەوتنە ڕاکردن و ئامادەنەبوون کەمترین بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن… بەڵکو هاوکات یادی ڕاوەستاوی و بەرگری بەشێک لە هەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی و کۆمۆنیستەکانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەدژی گەرانەوەی سوپای دڕندەی بەعسی گۆڕ بەگۆڕدا… کە لەو بەرگریییەدا بەداخەوە ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی کۆمۆنیست و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی گیانیان بەخت کرد.

بە مەبەستی تیشک خستنە سەر بەرگری هەڵسوراوانی بزوتنەوەی شورایی و کۆمۆنیستەکان لە بەرامبەر گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی بەعسدا، بۆپیشەوە بە پێویستی زانی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ مزەفەر عەبدوڵا سازبدات وەکو یەکێک لە بەشداربووانی بزوتنەوەی بەرگری خەڵکی کوردستاندا…

بۆپێشەوە: لەدڵی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا ئێوە هێندەی لە تواناتاندا بوو بەرگریتان کرد، چۆن بوو بڕیاری بەرگریتان داو، دەکرێت باسی چۆنیەتی ئەو بەرگریەمان بۆ بکەن لە چ قۆڵێکەوە بوو،و هەروەها چەند کەسێک گیانیان بەختکرد بەخت کرد دەکرێت کەمێک بە ووردی باسی ئەو ڕوداوانە بکەیت بۆمان؟

موزەفەر عەبدوڵا: سوپاستان دەکەم کە ئەمساڵیش دەرفەتێکتان ڕەخساند تا لەڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەوە بتوانین تیشکی زیاتر بخەینە سەر هەندێک لایەنی تری ئەو ڕووداوانە تا زیاتر ببێتە میژوویەکی نوسراو و بەسود هەم بۆ ئەزمون وەرگرتنی زیاتری خۆمان و هەم بۆ نەوەکانی داهاتوش. بەتایبەتی ئەم ساڵیش خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی دزو گەندەڵی قەومی و عەشیرەتی و میلیشایی کوردستان کە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی خۆیان سەپاند، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی گشتی. دیارە ئێمە ئەو ڕۆژگارانە تا ڕادەیەکی باش پێشبینی ئەو دەسەڵاتەمان دەکرد کە چەندە ناکۆکی و دژی ماف و ئازادییەکانی جەماوەرە.

بەهەرحاڵ سەبارەت بە وەڵامی کورتی بڕگەکانی پرسیارەکەتان ئەوەیە کە بڕیاری بەرگری ئێمە لە ڕابەرایەتی شوراکاندا بەرامبەر هێرشی سوپای بەعس بە ڕاستی بڕیارێکی مەدروس و بە نەخشەو پلانداڕێژراوی زۆر سیاسی و ورد نەبوو. ڕەنگە بۆ بەرەی حزبەکانی کوردایەتی کە رایان کرد بریارێکی مەدروس و بە نەخشە بو بێت، بەڵام بۆ ئێمە تەنها لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریتیکردن بەرامبەر ژیانی هاووڵاتیان و ڕێگا نەدان بە گەرانەوەی ڕژێمی سەرکوتگەری بەعس بوو.

کاتێک لە شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ مارس بڕیارماندا درکی ئەوەمان بە ڕۆشنی نەبوو کە سەرانی بەرە زوتر خۆیان بۆ ڕاکردن ئامادەکردوە هەر لە کەرکوک و ناوچەکانی ترەوە بەشێکیان تا سەرسنور هەڵاتوون.

هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە زۆرێک لە هێزی پیشمەرگەی بەرەو جەماوەرێکی زۆر خۆبەخۆ بەرگریان دەکرد چ لە کەرکوک و چ لە هەولێریش. وە لەم بەرگرییەش خەڵکێکی زۆر گیان بەخشی. پێنج هاورێی ئێمەش لە بزوتنەوەی شورایی لە ڕێزی ئەو دەیان و سەدان گیان بەختکردووە بوون. هاورێیان ڕاستگۆ یەحیا، کاکە سور، ڕەشاد، فەرهادو ڕزگار کە هەرسێکیان برا بوون ئەو هاوڕێیانە بوون کە لە بەرگری گیانیان بەخشی لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم. ئەو شوێنەی کە دوای بەرگری لەبەرامبەر سەربازانی بەعس گیانیان بەختکرد لە گەرەکی عەینکاوە بوو. پاش ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ئابڵوقە درابوون و بەهۆی توپبارانەوە گیانیان لەدەستدا .ئەمەش بەپێی گێرانەوەی ئەوانە بینەری ئەو ڕوداوانە بوونە.

بڕیاری ئێمە وەک وتم لە دوای ئەوەهات کاتێک ئێوارەی ٣٠ مانگ چەند کەسێک لە هەڵسوراوانی شوراکانی کەرکوک و چەند کەسی تر هاتن وتیان کەرکوک تەواو گیراوەتەوەو خەڵک هەمووی ئاوارە بوونەو شەریش گەیشتوتە دەوری هەولێر. هەروەها شەویش لەناو گەڕەکەکانی هەولێر تەقە دەبیسرا. دەیان وت کەسانی سەر بە ڕژێمن بۆ ترساندنی خەڵکی شار وا دەکەن تا شار چۆڵ بکەن. ئیتر ئێمەش ئەو شەوە تا سبەی لە لەگەڵ پاسەوان و هێزی چەکداری شوراکان لە بنکەی سەرەکی لە تەنیشت پاریزگا ماینەوە، بەڵام ئیتر بەیانی سەعات نزیک ٧ بڕیارماندا وەفدێک بنێرین بۆ لای بەرە. ئەو ئەندامانەی ئەو وەفدە بریتی بوون لە علی ئیسماعیل، کە سکرتیری شورا بوو، هەروەها محەد ئەحمەد و من بوین .بە داخەوە هاوڕێ محمد لە ڕوداوی ٣١ ئابی ٩٦ لە هەولێر لە لایەن بەعسەوە دەسگیر کراو پاش چەند ساڵێک بێ سەرو شوێنی تا ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕوخانی بەعس دەرکەوت کە لە ئەبو غریب لە سێدارە دراوە. ئەو هەتا بڵێی هاوڕێ و دۆستیکی دڵسۆزی من و زۆر کەسی تر بوو کە یادی هەمێشە زیندوە لامان. جا کە چوین چاومان بە کۆسرەت ڕەسوڵ و سەرباز ناوێک کەوت کە فەرماندەی سەربازی بەرە بوو .ئەو کەسەس لە شەری ناوخۆیی پارتی ویەکێتی کوژرا. کاتێك کەوتینە گفتوگۆ لەبارەی دانانی نەخشەیەک بۆ بەرگری ئەوان وتیان ئێمە لە قۆڵی قوشتەپەوە بەرگری دەکەین و هەندێک هێزیشمان لای مەخمورەوەیە. باشتر وایە ئێوەش لەو قۆڵەوە کە هێزی ئەوان کەمە بەرگری بکەین. ئێمەش کە گەڕاینەوە بۆ بنکەو لەگەڵ هاوڕێیانی تر نزیک سەعاتیک کەوتینە گفتوگۆ و بریارماندا بەرگری بکەین. کات گەییشتبووە سەعات نۆو هەر لەوێ بەرپرسی کاروباری چەکداری شوراکان کە هاوڕێ وەستا جەلال بوو بە کۆمەڵێک چەکدارەوە بەرەو ئەو قۆڵە بەڕێکەوت. هاوری وەستا جەلال تا ڕادەیەک ئەزمون و شارەزایی لە شەرو مەسەلەی چەکداری هەبوو، بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێک پێشمەرگەی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنسیت بوو.

بەڵام هەر لە کوران و ئەو گەڕەکانە توشی شەڕ بوو لەگەڵ سەربازانی ڕژێم. ئیتر ئەو هاوڕێیانە لەوێوە بۆیان دەرکەوتبو کە ناردنی ئێمە بۆ ئەو قۆڵە تەنها پلانێک بووە بۆ بە کوشت دانمان لە لایەن سەرانی بەرەوە. دیارە جگە لەشەر لەگەڵ سەربازەکان هاوکات لە ئاسمانیشەوە بۆردومانی بەردەوام هەبوو. ئیتر ناچار بوون پاشەکشە بکەن و زۆربەیان لەیەکتر دابڕێن هەتا ئێوارە. ئەو پێنج هاوڕێیەشمان هەر لەگەڵ ئەوان دابڕابوون و پاشان لە گەڕەکی عەینکاوە گیانیان بەختکرد.

ئیتر بۆ ئێوارەکەی دوای شەڕ زۆربەمان کەوتینە گەڕەکی شۆڕش کە ئەو کات تەقریبەن دوا گەڕەکی شار بوو بەلای مەسیفەوە. پاشان کە تاریکی داهات سەڕەرای تەقەو بۆردومانی زۆر بۆ ئەو گەڕەکانە، بەڵام هەر چۆنێک بوو دەربازبوین و بەرەو گوندێک چوین. لەوێشەوە هەر بەشەو تا بەرەبەیانی گەیشتینە نزیک بن شاخەکانی مەسیف سەلاحەدین. پاشان دوای ماندو بوون و برسێتی و تینوێتییەکی زۆر دەمەو نیوەرۆ گەییشتینە مەسیف و لەویش کۆمەڵێک هاوڕێی ترمان بینیوە. ئیتر لەویوە ڕۆژ دوای ڕۆژ کەوتینە کۆکردنەوەی زۆربەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە شارەکانی تریش و دانانی نەخشەو پلان بۆ کاروچالاکی داهاتو هەتا کۆتایی ئاوارەیی وگەرانەوەی زۆربەی خەڵک بۆ شارەکان بە تایبەتی دوای راگەیاندنی گفتوگۆی نێوان رژێم و بەرەی کوردایەتی.

ئەوەش بڵێم کە لەو بەرگریەدا هاورێیانی ڕێکخراوی رەوتی کۆمۆنیستیش کە هەندێکیان لێ بریندار بوو لە سلیمانی و هەولێر وەک عەبدوڵا سولەیمان “مەشخەڵ” و ئامانج و …هتد بۆ بەرگری مابونەوە، بەڵام کەمتر ئاگاداری یەکتر بووین.

بەم شێوەیە ئەمەش بوو بە ڕوداوو تاقیکردنەوەیەکی تر بۆ شکستەکانی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی کە نەک هەر بە فەرمی بەرگریان نەکرد، بەڵکو بە ئاشکرا ڕایان دەکرد.

یەک نمونەی تر باس بکەم، هەڵبەت من بەهۆی برینەکەمەوە نەمتوانی وەک هاوری یانی تر هەر زوو بچمە بەرەی پێشەوەی شەڕەکە، بەڵام لەبەردەم پارێزگا سەیتەرەیەکمان دانا لەگەڵ چەند هاوریتر. هێزێکی چەکداری بەرە کە بە ماشێنێکی زۆرەوە دەیان ویست بەرەو دەرەوەی شار بڕۆن. هەر لەوێ ڕیگامان لێگرتن و وتمان مادام ڕادەکەن دەبێت چەکەکانتان بدەن بە ئێمە تا بەرگری پێ بکەین. زۆربەیان ناچار بوون هەر لەشەرما چەکەکانیان دانێن. ڕەنگە لەوکاتە بیست چەکی جۆراوجۆرمان کۆ کردبێتەوە. ئێمەش دەماندا بەو هاوڕییانەی خۆمان کە بێ چەک بوون و دەمانەوە بۆ بەرگری. ڕاستییەکەی من و چەند هاوڕێیەک نزیک ئێوارەکەی لە گەڕەکی دواجن لە ڕاکردنی نێوان کۆڵانەکان نەمانزانی چۆن رزگارمان بوو لەبەر دەسڕێژی کۆپتەرو سەرباز. ئێستا کە ئاوڕێک لەو ڕۆژگارە سەختانە دەدەینەوە بیر دەکەینەوە کە چەند گیانی مرۆڤ لەو شوێن و ساتانە هەرزان و بێ نرخە بۆ ئەم ڕژێمە هارو درەندە قەومییە فاشیانە کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان ئامادەن زۆرینەی خەڵکی وڵاتێک کوشت و بڕ بکەن.

لە کۆتایی ئەم پرسیارەتان پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە ئێمە ئەگەر هێرش و گیرانەوەی هەولێریش نەبوایە لەلایەن ڕژێمەوە ئەوە هەر ڕووبەڕوی شەڕێک دەبوینەوە لەگەڵ بەرەی کوردایەتی. چونکە بەردەوام لە کێشەو ململانێدا بووین بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی چینایەتیمان لەهەموو ڕویەکەوە. ڕاستییەکەی دوو ڕۆژ پێش هێرشی ڕژێم بەرە دوو کەسی خۆیان کە دەمناسین ناردب و بۆ بنکەی شوراکان و پێیان وتین بەرە لە کۆبونەوەی خۆیدا بریاری داوە بەزۆر هەموو بنکەکانتان پێ دابخات چونکە ئێوە بوونەتە گرفتێکی گەورە لەهەمو ڕویەکەوە بۆ بەرەی کوردستانی.

هەڵبەت ئەو کەسانە کە دەمناسین بە وتەی خۆیان لە ڕوانگەی دڵسۆزییانەوە هاتن ئەو بڕیارەی بەرەیان بە ئێمە وت. جا ئیتر چەند ڕاستیان دەوت ئەوە شتێکی ترە، بەڵام هەر ئەوەی قسەیەکی وایان وت بۆخۆی ناوەرۆکی پەیام و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی بەرەی کوردایەتی بوو بۆ ئەم بزوتنەوە نوییە. ئێمە بەو کەسانەمان وت بە سەرانی بەرە بڵێن ئەوان کاتێک دەتوانن بێن بنکە بە ئێمە دابخەن کە بەسەر لاشەی مردوماندا بڕۆن. ئێمە ئەو ڕاستی یەشمان دەزانی کە بەرە هەر کات دەرفەتی بوو و بۆی موناسب بوو هێرش دەکاتە سەرمان. چونکە ئیتر بە ئاشکرا لەناو کۆمەڵگە لەهەموو ڕویەکەوە دیار بوو کە دوو بەرەی جیاوازی چەپ و راست، دژ بە یەک هەن. ئەمە ئیتر سەرەتای ئەو مێژوە بوو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کە جوڵانەوەی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی هەرگیز وا چاوەڕییان نەدەکرد لەدەرەوەی ڕیزی چینایەتی بۆرژوازی ئەوان بێتە جولانەوەیەکی تر بێتە گۆڕەپانی سیاسی و دژایەتییان بکات.

بۆپێشەوە: دوای بیست و حەوت ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر بەرگری شوراکان بە دژی گەڕانەوەی سوپای بەعسدا دەتانەوێت بڵێن چی…؟

موزەفەر عەبدوڵا: دوای تێپەڕبونی بیست و حەوت ساڵ لەم ڕوداوانە ئیتر ڕژێم و دەسەڵاتی قەومی فاشی سەرکوتگەری بەعس نەماوەو هەلومەرجەکە لەزۆر لایەنەوە گۆڕاوە. بەڵام لە جێگای ئەو دەسەڵاتێکی تری قەومی و خێڵەکی و میلیشایی هەیە. ئەگەر چی ئەم دەسەڵاتە بە بەهانەی حوکمی خۆیی و بە ڕواڵەت پشتبەست و بە هەڵبژاردن و پەرلەمان هەیە، بەڵام لە زۆربەی لایەنەوە هەمان دەسەڵاتی بەعسەو بە هێزی چەک خۆیان سەپاندوە بەسەر خەڵکدا.

لەم بیست و حەو ساڵە، بە تایبەتی لە ساڵەکانی نیوەی نەوەتەوە، هەمیشە ناڕەزایەتی خەڵکی ستەمدیدە قوڵپی داوە لە دژیان، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەم ناڕەزایەتییانە هەر چەند فراوانیش بووبێت، وەک ئەوەی ئەم ڕۆژانە لەسەراسەری کوردستان ڕودەدات، بەهۆی ناڕیکخراوی و نا یەکگرتویی و بێ ئاسۆ و ئامانج و بەدیلی ڕۆشنی چینایەتییەوە نەیتوانیوە ئەم دەسەڵاتە ڕاماڵێت.

بۆیە تاکە ڕێگا بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخە سیاسی یە گشتی یە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکە، دەسبردنە بۆ پێکهێنانی شوراکان لە شوێنی کارو ژیانی خەڵک خۆی. پێویستە جەماوەری کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، دەسفرۆشان و خوێنکاران، بە تایبەتی زانکۆ و پەیمانگاکان، تەنانەت بەشێکی هێزی چەکداری ئەم دەسەڵاتە کە پیشمەرگەن، دەتوانن خۆیان لە شوراکاندا ڕیکبخەن. کۆبونەوەی گشتی ساز بدەین و نوێنەرانی خۆیان بە پێی ڕێژەی بەشداربووان هەڵبژیرن تا لەڕێگای ئەم نوێنەرانەوە دەسەڵاتی خۆیان دامەزرینن هاوشانی دەسەڵاتی بەرەی سەرمایەدارانی کوردایەتی.

پەیام و بانگەوازی من وەک زۆر هەڵسوراوی تری شوراکانی ساڵی ١٩٩١ ئەوەیە کە جەماوەر لە پێشیانەوە هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنسیت پێویستە، شورای گەڕک و کارگەو شوێنەکانی تر پێکبینن، چونکە تاکە ڕێگاو ئامراز بۆ بەهێزبوون ڕێکخراوبوونە. وە بە ڕێکخراو بوون هەموو داواکاری و خواست و ئامانجەکان بەدی دێن .

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *